ڕاپۆرتی جیهانی

01:30 - 18/04/2020

ئایا ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تاقیگەكانی چینەوە دزەی كردووە؟‌

پەیسەر

شەڕی ڕاگەیاندنی نێوان ئەمەریكیەكان و چینیەكان بۆ بڵاوەپێكردنی ڤایرۆسی كۆرنای نوێ بووتە جێگەی مشت و مڕی میدیاكان، ئایا بەڕاست ئەو ڤایرۆسە لە تاقیگەكانی وهانەوە دزەی كردووە، یان ئەوە بیانوویەكی ئەمەریكیەكانەو دەیانەوێت ئۆباڵی ئەو ڤایرۆسە بخەنە ئەستۆی ئەو وڵاتەی كە خەریكە لە ڕووی ئابوورییەوە پێشی ئەوان دەداتەوە؟ پرسیارێكەو پێویستی بە وەڵامە.

بروسكەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بەرپرسانی دیبلۆماسی واشنتۆنی نیگەران كردووە، سەبارەت بەرێكارەكانی خۆپارێزیی لەیەكێك لە تاقیگەكانی شاری ووهانی چین، كە تێیدا ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ سەریهەڵدا.

ناوەرۆكی بروسكەكان چیە؟
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردەوە كە ئەو بروسكە دیبلۆماسیانەی دەستكەوتووە، و تێیاندا هاتووە لەساڵی 2018دا دیبلۆماتكارە زاناكانی ئەمریكا لە سەردانە چەندجارەكانیان بۆ دامەزراوەكانی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لەچین، هۆشدارییان بۆ واشنتۆن ناردووە سەبارەت بەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لەو تاقیگە چینیانە لە ئاستی پێویستدا نین، رۆژنامەكە دەڵێت بەرپرسان نیگەران بوون لە لاوازی رێكارەكانی خۆپارێزیی و بەرێوەبردنی ناوەندی ووهان بۆ زانستی ڤایرۆسی، داوای هاوكاری زیاتریان كردووە.

واشنتۆن پۆست دەڵێت: دیبلۆماتكارەكانی ئەمریكا نیگەران بوون لە لێكۆڵینەوەیەكی تاقیگەكە سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر شەمشەمەكوێرەو ترسیان هەبووە كە دەبێتە پەتایەكی نوێی هاوشێوەی سارس، ئەم بروسكانە پشتیوانی ئەو گفتوگۆیانە دەكەن كە ئێستا لەناوحكومەت دەكرێن سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی ناوەندی ووهان بۆ زانستی ڤایرۆسی یان تاقیگەیەكی تری شارەكە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە بن، كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمریكی راپۆرتێكی بڵاوكردەوە كە ئەو بیردۆزە بەهێزدەكات كە پێی وایە ئەو ڤایرۆسە لەیەكێك لەو تاقیگانە گەشەی كردووە.

ڤایرۆسی كۆڤید 19 كۆتایی ساڵی رابردوو بڵاوبۆوە و حاڵەتەكانی سەرەتای پەیوەندیدار بوو بە بازاری خواردەمەنیەكان لە ووهان.
لەگەڵ هەندێك دەنگۆ لەسەر ئینتەرنێت بەڵام هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەر ئەوەی ڤایرۆسی سارس یان كۆڤید 19 بەرێگەی هەڵەوە لەیەكێك لە تاقیگەكان دزەی كردبیت.

رێكارەكانی خۆپارێزی لە تاقیگە چین؟
ئەو تاقیگانەی كە لێكۆڵینەوە لەسەر ڤایرۆس و بەكتریا دەكەن، سیستمێك پەیرەودەكەن كە ئاستی ستانداردی خۆپارێزیە، لەسەر چوار ئاست بۆ جۆرەها زیندەوەری بایەلۆجی كە لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكرێت،كە پشت بە خۆپارێزی تەواو و دابڕان دەبەستێت، ئاستی یەكەم ئاستی نزمترین خۆپارێزی دێت كە لەو تاقیگانە پەیرەودەكرێت كە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو ڤایرۆس و بەكتریایانە دەكرێت كە بەتەواوەتی ناسراون و هیچ مەترسیەك بۆ سەر مرۆڤ دروست ناكەن.
رێكارەكانی خۆپارێزی پلە بەپلە بەرزدەكرێنەوە تا دەگاتە ئاستی چوار، كە بە بەرزترین ئاستی خۆپارێزی دادەنرێت، و لە تاقیگەكاندا مامەڵە لەگەڵ مەترسیدارترین هۆكارەكانی نەخۆشی دەكرێت كەهیچ چارەسەر و ڤاكسینێكیان نیە، وەك ئیبۆلا و ڤایرۆسی ماربۆرگ و ڤایرۆسی پێست ( دوو ناوەند هەن لەجیهاندا لێكۆڵینەوە لەڤایرۆسی پێست بكەن یەكێكیان لەئەمریكایە و ئەوی تریش لە روسیا).

رێكخراوی تەندروستی جیهانی ژمارەیەك رێكاری بڵاوكردۆتەوە بۆ خۆپارێزی لە ئاستە جیاوازەكان، بەڵام هیچ رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی نیە ئەوە بەسەر وڵاتاندا بسەپێنێت.
ئەو كێشانە چین كە بروسكەكان باسیان كردوون؟

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست باسی ئەوەی نەكردووە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی چەند رێگایەك هەن بۆ تێكشكاندنی رێكارەكانی خۆپارێزی لەو تاقیگانەی مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆس و بەكتریا كان دەكەن.

دكتۆرە فیلیبا لینتزوس شارەزای رێكارەكانی خۆپارێزی لە زانكۆی لەندەن كۆلیدج دەڵێت " ئەو رێكارانە چوونە ناو تاقیگە و راهێنان و خول و چالاكی زاناكان و تەكنیك كاران، و رێكارەكانی پاراستنی تۆمارەكان و لیستی ئەوشتانەی لەتاقیگەكەن هەن، هەروەها ئاگاداركردنەوە لەروداوەكان و فریاگوزاری" دەگرێتەوە.

ئاستی خۆپارێزی لە تاقیگەكان، لەساڵی 2014 دا چەندین ڤایرۆسی نەخۆشی پێست لە سندوقێكی كارتۆنی لەناوەندی لێكۆڵینەوەی شاری واشنتۆن دانرابوون.
لەساڵی 2015 دا سوپای ئەمریكا بە هەڵە لەبری ڤایرۆسی مردوو، ڤایرۆسی زیندوو بۆ نۆ تاقیگەی سەربازی لە ئەمریكا و كۆریای باشور نارد، چەند روداوێكی تریش كە نەگەیشتوونەتە راگەیاندنەكان.

ژمارەیەكی كەمی تاقیگەكان ئاستی چوارەمی خۆپارێزی بەكاردەهێنن، ویكیبیدیا دەڵێت زیاترن لە پەنجا تاقیگە لەسەرتاسەری جیهان و تاقیگەی شاری ووهان یەكێك نیە لەو تاقیگانە.
پێویستە ئەو تاقیگانە بەپێی تایبەتمەندی بەرز دروست بكرێن، چونكە مامەڵە لەگەڵ هۆكارەكانی مەترسیدارترین نەخۆشیەكان دەكەن، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی رێكاری خۆپارێزی باشیان هەیە، هەر مەترسیەكیش دەربارەی رێكارەكانی خۆپارێزی لەیەكێك لەو تاقیگانە پێویستە گرنگی پێ بدرێت.

ئایادەنگۆی دزەكردنی ڤایرۆسەكە لە تاقیگە پێشتر هەبووە؟
لەگەڵ زانینی دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گریمانە هەبوو دەربارەی سەرچاوەكەی، یەكێك لە گریمانەكانی كە بەشێوەیەكی فراوان لەمانگی كانونی دووەم لە ئینتەرنێت بڵاوبۆوە، ئاماژە بەوەدەكات كە ڤایرۆسەكە لە تاقیگە دروستكراوە وەك چەكێكی بایەلۆجی، بەڵام ئەو بانگەشانە لەلایەن زاناكانەوە بە ناراست لەقەڵەم دران و ئەوان ئاماژەیان بەو لێكۆڵینەوانە كرد كەدەڵێن سەرەتای ڤایرۆسەكە بۆ ئاژەڵ و باڵدارەكان و بەدیاریكراویش شەمشەمەكوێرە دەگەرێتەوە.

هەروەك دەكرێت ڤایرۆس بۆ لێكۆڵینەوە دروست بكرێت، بەڵام ئەو لێكۆڵینەوەیەی لەمانگی ئازار سەبارەت بە جینەكانی ڤایرۆسەكە بڵاوكرایەوە ئاماژە بەوە دەكات كە هیچ نیشانەیەك نیە كە ڤایرۆسەكە دروستكراوبێت.

كریستیان ئەندرسون یەكێك لە بەشداربووەكانی لێكۆڵینەوەكە دەڵێت تیمی لێكۆڵینەوەی سكربس لە كالیفۆرنیا لەرێگەی بەراوردكردنی جیناتی ڤایرۆسەكە لەگەڵ ڤایرۆسە تاجیەكانی تر كە پێشتر ناسراون، دەتوانین تاكید لەوە بكەینەوە كە سارس- كۆڤید 2 بەشێوەیەكی سروشتی گەشەی كردووە.

دەنگۆی ئەوەش هەیە كە ڤایرۆسەكە بەشێوەیەكی بێ مەبەست دزەی كردووە لەیەكێك لە تاقیگەكان، ئەوەی پشتیوانی ئەو دەنگۆیانە دەكات نزیكی بازاری خواردنە دەریاییەكانی شاری ووهانە لە دوو ناوەندی لێكۆڵینەوە.

بەڵام دەبێت ئەوە بزاندرێت كە پرسی لێكۆڵینەوە لە زانستی ڤایرۆس لەشاری ووهان دەربارەی كۆرۆنا لەسەرجەستەی شەمشەمەكوێرە كارێكی زاندراوە و ئەو لێكۆڵینەوەیە زانستی و یاساییە ولە گۆڤارە نێودەوڵەتیەكان بڵاوكراوەتەوە.

لینتزوس دەڵێت پرسیار دەربارەی سەرەتای ڤایرۆسەكە پرسیارێكی قورسی بەهێزە، گفتوگۆی زۆر لەپشت پەردەوە دەكرێن، لەناو ناوەندە شارەزاكانی بواری خۆپارێزی بایەلۆجی و گومان لەسەر بنەرەتی ڤایرۆسەكە هەیە، و ئەوەی لە بازاری خواردنە دەریایەكانەوە هاتبێت گریمانەیەكە كە چین زۆر بانگەشەی بۆ كرد، لەگەڵ ئەوەشدا لەئێستادا هیچ بەڵگەیەك نیە كە سەرچاوەی ڤایرۆسەكە ناوەندی لێكۆڵینەوەی شاری ووهان بووبێت.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو چاولی جن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەكرد كە بەرپرسانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی چەندین جار ئاماژەیان بەوەكردووە كە هیچ بەڵگەیەك نیە كە ئەو ڤایرۆسە لە تاقیگەدا دروستكرابێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە ئیدارەكەی ڕووبەڕووی رەخنە بۆتەوە بەهۆی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆرۆنا رایگەیاند، واشنتۆن لێكۆڵینەوە دەكات لەگریمانەی دەرچوونی ئەو ڤایرۆسە لەتاقیگە.

چین كە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە بوو بەوە تۆمەتبار دەكرێت لەقۆناغەكانی سەرەتای بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكە بەشێوەیەكی ناشەفاف مامەڵەی كردووە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند " پێویستە چین ئەوە ئاشكرا بكات كە دەیزانێت"، لەگەڵ بەردەوامی شەرە قسەی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەوڵی زاناكان بەردەوامە بۆ زانینی سەرەتای ڤایرۆسەكە.

ئەم بابەتە لەماڵپەری بی بی سی بەزمانی عەرەبی بڵاوكراوەتەوە و پەیسەر كردویەتی بەكوردی