ڕاپۆرتی جیهانی

03:07 - 19/04/2020

هۆکاری پشت دروستبوونی ڤایرۆسەکان، تێکدانی سروشتە‌

پەیسەر

بەشێک لە زاناکان لەو بڕوایەدان مرۆڤ هۆکاری سەرەکیە بۆ بڵابوونەوە و دروستبوونی ڤایرۆسە کوشندەکان و دەڵێن، مرۆڤ دەستی لە هەموو ڕووەکانی سروشت وەرداوە و هیچ گۆڕەپانێکی ئازادی بێ مرۆڤ بۆ زیندەوەرە کێویەکان نەماوە.

یەکەمجار لە ساڵەکانی ١٩٨٠ دا زاناکان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە زۆربەی ڤایرۆسە کوشندەکان لە ئاژەڵەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و ٧٠٪ ئەو ئاژەڵانەش، کێوین. نمونەی ئەوەش ڤایرۆسی وەک ئیبۆلا، ئایدز، ئەنفلۆنزای بەراز و باڵندە و ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

 

ڤایرۆسی کۆڤید١٩ کە بە شێوەیەکی زۆر خێرا لەناو مرۆڤدا بڵادەبێتەوە، مرۆڤایەتی تووشی سەرسوڕمان کردووە، بەڵام لە لای زاناکان ئەوە شتێکی نوێ نییە و دەمێکە باسی مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کوشندە دەکەن.

جواشیم سپانگینبێرگ زانا لە ئینیستیتوی لێکۆلینەوەی زیندەوەرزانی ئەوروپی بۆ ماڵپەڕی دویچەڤێلا ڕایگەیاندووە، تێکچوونی سیستمی سروشت وایکردووە ئەو ڤایرۆسەی لە ئاژەڵەکاندا هەیە بۆ مرۆڤەکان بگوازرێتەوە و دەڵێت، "تاوانبار مرۆڤە نەک ئاژەڵ."

لە لایەکی ترەوە پڕۆفیسۆر یان خانگ زانا لە زانکۆی لێکۆلینەوەی تەندروستی تەکساسیش ئاماژە بەوەدەکات، "مرۆڤ ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دارستانەکان لەناو دەبات و جێگە بە سروشت لەق دەکات. ئەمەش وا دەکات مرۆڤ زیاتر لە ئاژەڵە کێویەکان نزیک ببێتەوە و ئەوەش وا دەکات بەرکەوتن لەنێوان مرۆڤ و هەندێک ئاژەڵی مەترسیدار دروست ببێت و ڤایرۆسەکانیان بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.

بە بۆچوونی ئەو زانایە، ژمارەی دانیشتووانی جیهان زۆر بووە، مرۆڤ و ئاژەڵە ماڵیەکان ڕۆژ بە ڕۆژ، جێگای ئاژەڵە کێوی و سروشت تەنگ دەکەن و هەندێک جار ئاژەڵە کێویەکانیش ماڵی دەکرێن و گوێ بە تەندروستیش نادرێت و ئەوەش میکرۆب و ڤایرۆسی ئەو ئاژەڵە کێویانە بۆ ئاژەڵە ماڵی و مرۆڤ دەگوازێتەوە.

دەیڤید هایمان پزیشک لە بەشی نەخۆشیە گوێزەرەکان و ڤایرۆسەکان لە زانکۆی ماسسی نیوزلەنداش پێی وایە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا مرۆڤ ڕێژەیەکی زۆری سروشت و ئاژەڵەکان و دار و گژوگیای لەناوبردووە کە هەندێک لە گژوگیا و دارستانانە، هۆکارێکن بۆ لەناوبردنی نەخۆشی و گازە کوشندەکان کە لە ئێستادا نەماون و هیچ بەرگریەک بۆ پاراستنی ژینگە لە بەرانبەر نەخۆشیەکان نەماوە و ئەوەش هۆکارێکە کە بە ئاسانی نەخۆشی و ڤایرۆسە کوشندەکان مرۆڤەکان بگرنەوە و لە جیهاندا بڵاوببنەوە.

 

هۆکارێکی تری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بازاری فرۆشتنی ئاژەڵە کێویەکانە. زاناکان بازاری ئاژەڵە کێویەکانی شاری ووهان وەک نمونە دەهێننەوە کە گۆمانێکی زۆر دەکرێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو بازارەوە سەریهەڵداوە و لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

لەسەر ئەم بابەتە ئێلیزابێز ماروما سەرۆکی ناوەندی بیۆلۆژی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو جۆرە بازارانە کە ڕیوشوێنی تەندروستی تێیایاندا ڕەچاو ناکرێت، مەترسیەکی زۆر لەسەر مرۆڤەکان دروست دەکەن.

باسی ئەوەش دەکات، هەژاری، نەبوونی کار، ژیانی هەندێک مرۆڤ لە شوێنە دووردەستەکان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بژێوی وایکردووە کە بازارەکانی ئاژەڵی کێوی کۆنتڕۆڵ نەکرێت و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیەکی نزیک لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ دروست ببێت و ڤایرۆسەکانیش دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و کارەسات دەستپێدەکات.

زاناکان بە گشتی پێیان وایە سیستمی سەرمایەداری و گوێنەدان بە ژینگە هۆکاری سەرەکییە کە نەخۆشیە کوشندەکان بڵاوببنەوە و هوشداری ئەوە دەدەن، ئەگەر وەبەرهێنانی زیاتر لەسەر خواست کەمنەکرێتەوە و وێستگە ئەتۆمی و کانە کانزاکان بەم شێوەیە بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن، جیهان لە داهاتوودا ڕووبەڕووی مەترسی گەورەتر لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەبێتەوە.

 

هەروەها دەڵێن، ئەگەر وانەیەک لە ڤایرۆسی کۆرۆنا فێر نەبین، ئەگەری زۆرە ژیانی مرۆڤ بەرەو کۆتایی هەنگاو بنێت.

 

بۆیەش ئەمە هوشیاریەکی سروشتە و سروشت تۆڵە لە مرۆڤ دەکاتەوە و جیهان پێویستە ئەم هوشداریە لەبەرچاو بگرێت.