ڕاپۆرتی جیهانی

01:18 - 22/04/2020

موسڵمانەكان چۆن بواری پزیشكیان پێشخست؟‌

پەیسەر


لەزانستە ئاڵۆزەكان تێگەیشتوون، و بۆ جیهانیان شیكردۆتەوە بەبێ بەرامبەر، رەتیانكردۆتەوە لەبەرامبەردا پارە وەربگرن، دڵًەكانیان پڕبووە لە ئیمان، زۆرینەیان قورئانیان لەبەر بووە و فێری خەڵكیشیان كردووە، هەریەكێك لەوان سوربووە لەسەر ئەوەی دەستكەوتەكانی بۆ هەموو جیهان بگێرێتەوە، تائێستاش هەموو مرۆڤایەتی بە ئاینەجیاجیاكانەوە سود لەو زانستە دەبینن كە مرۆڤایەتی لەسەردەمی زێرینی ئیسلامیدا دروستیكرد.

پزیشكانی موسڵمان چۆن زانستی پزیشكیان پێشخست و بەبێ بەرامبەر بەخشیان؟
باوكی روحی نەشتەرگەری رۆژئاوایەكان پێی دەڵێن «Albucasis»
ئەبوقاسم خەلەف بن عەباس ئەلزەهراوی لەجیهاندا بە «Albucasis» ناسراوە، بە باوكی روحی نەشتەرگەری دادەنرێت لە جیهاندا، لەسەدەی 10ی زاینی لە ئەندەلوس ژیاوە، نازناوی " باوكی نەشتەرگەری" لێنراوە، یەكەم كەس بووە ریخۆڵەی ئاژەڵًی بۆ دروینەوەی نەشتەرگەری بەكارهێناوە، ئەو پزیشكە رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە شیكردنەوەی چۆنیەتی دەرهێنانی منداڵی مردوو لە رەحمی دایكدا.
ئەو پزیشكە موسڵمانە سەرباری نەشتەرگەری، چارەسەری رەشكێنەی چاوی كردووە، لەكاتێكدا زەهراوی بەو ئاستە بەرزە  نەشتەرگەری ئەنجامداوە، چارەنوسی نەخۆشەكان لە ئەوروپا لەو كاتەدا كەرەنتینەكردن و پەلەكردن بوو لەمردنیان.
زەهراوی لە زانستی پزیشكیدا هێڵێكی هەبووە كە تائێستاش پزیشكەكان لەجیهان لەسەری دەرۆن، دەستكەوتی لە چەند لقێكی تری پزیشكی هەبووە، یەكەم كەس بووە چارەسەری چەند نەخۆشیەكی پێستی كردووە لەوانەش نەخۆشی" چاوە ماسی" هەروەها زانیاریەكانی خۆی لەرێگەی كتێبێكەوە بەناوی "التصریف لمن عجز عن التألیف" بۆ نەوەكانی دوای خۆی جێهێشتووە كە هەزار و 500 لاپەرە پێكهاتووە، و بەیەكێك لەسەرچاوە پزیشكیەكان دادەنرێت لەجیهاندا و وەرگێردراوە بۆ چەند زمانێك، ئەو پزیشكە موسڵمانە مەترسی نەخۆشی شێرپەنجەی زانیوە و رایگەیاندووە، رێگای چارەسەری ئەو نەخۆشیە نەشتەرگەریە لەرێگەی بڕینی ئەو ئەندامەی جەستە كە دووچاری نەخۆشیەكە بووە.
گەورەترین پزیشكی مرۆڤانە
ئەبو بەكر محەمەد بن یەحیا بن زەكەریا رازی پزیشكێكی موسڵمانی فارس بووە، بەبێ بەرامبەر چارەسەری پزیشكی پێشكەش نەخۆشەكان كردووە بەوەش بووە بە هێمایەكی گەورەی پزیشكی و مامەڵەی مرۆڤانە، بەجۆرێك  رۆژهەڵات ناسێك بەناوی زیغرید هونكە بە  " گەورەترین پزیشكی مرۆڤانە" پێناسەی كردووە.
ئەو پزیشكە موسڵمانە تا تەمەنی چل ساڵی هەموو زانستەكانی بەیەكەوە خوێندووە و تا ئەو كاتە بڕیاری نەداوە تایبەتمەندی لە پزیشكی وەربگرێت، لەدوای ئەو تەمەنەوە بڕیاردەدات تایبەتمەندی لە پزیشكی وەربگرێت، تا گەیشتە ئەو ئاستەی جێ پەنجەی لەسەر ئەو زانستە جێهێشت.
رازی 200 كتێبی لەبوارەكانی پزیشكی و زانستەكانی تر نوسیوە، و زۆرینەیان بۆ زۆرێك لە زمانەگرنگەكانی جیهان وەرگێردراون.
رازی تەنها پزیشك نەبووە بەڵكو فەیلەسوفێك بووە كە حەزی لە مۆسیقا و ژیان بووە، و لە كاریگەری روح لەسەر جەستە تێگەیشتووە، بەپێشەنگی ئەو پزیشكانە دادەنرێت كە ئەو نەخۆشیە جەستەیانەیان ئاشكراكردووە كە بەهۆی كێشەی دەرونیەوە دروست دەبن.
رازی لەبنەرەتدا خەڵكی شاری رەی ئێران بووە، لەبەغداد خوێندویەتی و دواتر گەڕاوەتەوە شارەكەی خۆی و لەوێ یەكێك لە نەخۆشخانەكانی بەرێوەبردووە، و بەبێ بەرامبەر چارەسەری نەخۆشەكانی كردووە، وە پزیشكانی گەنج لەدەوری كۆبونەوە بۆ ئەوەی زانیاری لێوەفێربن، ساڵی 935 لەشارەكەی خۆی كۆچی دوای كردووە.
ئیبن سینا... منداڵێكی دانا
لەمنداڵیدا لەناو دانیشتوانی شارۆچكەكەی بە " منداڵێكی دانا" ناوبانگی دەركردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو زانست و زانیاریەی لەو تەمەنە كەمەدا فێری بووە، لەگەڵ تێپەڕبوونی كات ،ئەو منداڵە بووە بە هەرزەكارێكی پێگەیشتوو، كاتێك توانی ئەمیری شاری بوخارا چارەسەر بكات، لەكاتێكدا گەورە پزیشكەكان نەیانتوانی چارەسەری بكەن، ئەمیری شارەكە بەدەست نەخۆشی مەعیدە و قۆڵۆنەوە ناڵاندویەتی، ئەو پزیشكە منداڵە سیستمێكی خۆراكی بە چەند حەبێكی پزیشكیەوە بۆ ئەمیری شارەكە داناوە و بەهۆیەوە چاك بۆتەوە، رۆشنبیرەكانی ئەو كاتە كتێبخانەكانیان لەبەردەمیدا كردۆتەوە بۆ ئەوەی سود لەو عەقڵە گەورەیە وەربگرن، كە لەبەركردنی هەموو قورئان و رابەرایەتی زانستە پزیشكیەكانی كردووە پێش ئەوەش تەمەنی بگاتە 20 ساڵ.
ئیبن سینا ناوی تەواوی ئەبوعەلی حوسێن بن عەبدوڵا بن حەسەن بن عەلی بن سینا یە، ئەو پزیشكە زانستی فەلسەفە و پزیشكی بەیەكەوە كۆكردۆتەوە.
كتێبی یاسا لە پزیشكیدا بە موسوعەیەكی پزیشكی دادەنرێت، كە تێیدا كورتكراوەی زانستی یۆنانیەكان لە بواری پزیشكی و بۆچوونەكانی ئیبن سینا و تێبینی و دەستكەوتەكانی لەبواری پزیشكی بۆ زیادكراوە، و بۆچەندین زمان وەرگێردراوە.
ئیبن نەفیس
ئەبو حەسەن علاالدین عەلی بن ئەبی حزم خالدی المخزومی ناسراو بە ئیبن نەفیس، لەسەردەمی هەرزەكاریدا دووچاری نەخۆشیەكی قورس بووە و بەهۆیەوە لەسەر جێگا كەوتووە، پزیشكەكان هەوڵیانداوە نەخۆشیەكەی بدۆزنەوە و  چارەسەری بكەن، بەڵام هەر پزیشكێك چارەسەرێكی كیمیایی پێ دەدات و بەهۆیەوە توشی نەخۆشیەكی تر دەبێت، بەهۆی كاریگەریەلاوەكیەكانی چارەسەرەكانەوە، بەهۆیەوە بڕیاردەدات، خۆی خۆی چارەسەربكات و ئەو خواردنانە دەخوات كە خۆی بە باشی دەزانێت بەوشێوەی خۆی دەیەوێت پشوو وەردەگرێت، بەهۆیەوە هەست دەكات بەرەبەرە باش دەبێت، بەهۆی ئەو نارەحەتیەوە بووە یەكێك لە پزیشكەكانی جیهان، پێی وابووە هەموو پزیشكەكان كەسانی باش نین و زانیاریەكانیشان ورد نین، بۆیە بڕیار دەدات ببێت بە پزیشك، لەكاتی خوێندنی پزیشكی بەدوای وردی زانستی پزیشكانی پێش خۆی دەگەڕێت.
بەمانای ووشە ئیبن نەفیس حەز و خولیای زانستی هەبووە، بەبەردەوامی پێداگری لەسەر ئەوە كردووە كە ئەو زانستانە بگەنە نەوەكانی دواتر،چەندین زانیاری و بیردۆزی دەربارەی سوڕی خوێن و خوێنبەر و خوێنهێنەر لەدوو پەرتوكدا كورتكردۆتەوە كە ئەوانیش الشامل فی الصناعە الگبیە" «شرح تشریح قانون ابن سینا» لەو پەرتوكانەدا بەدووروودرێژی باسی زانستی شیكردنەوەی جەستەی مرۆڤ كراون، هەروەها ئەركی ئەندامەكانی جەستە ڕوونكراوەتەوە.
ئەگەرچی خۆی خەڵكی شاری دیمەشقی پایتەختی ئێستای سوریابووە، بەڵام میسریش وڵاتی دووەمی بووە بەوپێیەی نزیكەی 40 ساڵ تێیداژیاوە، و سەرۆكی نەخۆشخانەی مەنسوری بووە، لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتایەكی مەترسیداردا، تیمێكی پزیشكی دروستكردووە و بە شەو و رۆژ سەرقاڵی چارەسەر بووە تا ئەو كاتەی بەسەر پەتاكەدا زاڵ بووە و ژیانی ژمارەیەكی زۆری میسریەكانی رزگاركرد، بەهۆیەوە گەلی ئەو وڵاتە خۆشەویستی تایبەتیان بۆی هەبووە، بۆتە یەكێك لە بەناوبانگترین پزیشكەكانی میسر، دەوڵەمەندەكان لەپای خزمەتەكانی دیاریان بۆ بردووە و سوپاسیان كردووە، ئین نەفیس لەبەرامبەر چارەسەری نەخۆش هیچ پارەیەكی وەرنەگرتووە و بەبێ بەرامبەر ئەو كارەی كردووە.
ئیبن جەزار قەیرەوانی
ئەبوجەعفەر ئەحمەد بن ئیبراهیم ئەبو خالد قەیرەوانی ناسراوی بە ئیبن جەزار قەیرەوانی، لەسەردەمی گەنجیەتیدا بەهۆی هەڵەیەكی پزیشكی ئەوەوە ،مەنسوری ئەمیری تونس گیانی لەدەستدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی مامۆستاكانی پشتیوانیان كرد رێگەیان نەدا بەهۆی ئەو هەڵەیەوە بكوژرێت، ئەم هەڵەیە وای لێكرد هەوڵ بدات بۆ ئەوەی تایبەتمەندی لەبواری پزیشكی دابهێنێت، و زانستی پزیشكی دابەشی چەند لقێك بكرێت، بۆ ئەوەی پزیشك چارەسەری كەسێكی بەتەمەن لەگەڵ منداڵێك كە هەمان نەخۆشی هەیە تێكەڵ نەكات، پێی وابوو رێگای چارەسەر جیاوازە، لێرەوە تایبەتمەندی پزیشكی دەستی پێكرد، دواتر تەواوی جیهانی گرتەوە.
تائێستاش كتێبەكەی " زاد المسافر وقوت الحاچر" بەیەكێك لە گرنگترین كتێبە پزیشكیەكان دادەنرێت كە زانكۆكان پشتی پێ دەبەستن، هەروەها لە كتێبێكی تردا بەناوی " پزیشكی هەژاران" باشترین چارەسەری بەبێ بەرامبەری بۆ نەخۆشیەكان خستۆتەڕوو، لەئێستادا نوسخەیەكی ئەو كتێبە لە مۆزەخانەی بەریتانیا هەیە.
بەیتار
زیاالدین ئەبومحەمەد عەبدوڵا بن ئەحمەد ناسراو بە ئیبن بەیتار لە ئەندەلوس لەدایك بووە و لەبواری دەرمانی گیاییدا كاری كردووە،  بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر ڕووك و درەخت چەندین شار و وڵات گەراوە و چووە بۆ بەیروت و یۆنان و رۆم و شام، دواتر شاری دیمەشقی بۆ مانەوە هەڵبژاردووە، لێكۆڵینەوەی لەبواری ڕووەك ناسی كردووە و كتێبێكی بەناوی «الجامع لمفردات اڵادویە واڵاغژیە"  داناوە كە تێیدا 1400 چارەسەری خستۆتە ڕوو، 300 لەو چارەسەرانەش داهێنانی خۆی بووە، بە ئیبن بەیتار ناوی دەركردووە ئەوەش بەهۆی كاری خێزانەكەی كە لەبواری پزیشكی ئاژەڵان كاریان كردووە، ئەوەش یارمەتیداوە سود و زیانەكانی گیا و دار و درەختەكان بزانێت، ئیبن بەیتار پێنج كتێبی لەبواری پزیشكی دەرمانسازی نوسیوە و خۆشی كاری پزیشكی كردووە و چاودێری نەخۆشەكانیشی كردووە تا چاك بوونەتەوە.