ڕاپۆرتی جیهانی

01:38 - 25/04/2020

بۆچی ئەمریكا هێزی نوێ دەنێرێتە عێراق؟‌

كوردستان ئەحمەد

هەرچەندە لەماوەی رابردوودا ئەمریكا زۆربەی بنكە و بارەگاكانی لە عێراقدا كۆردەوە و بڕیارییدا تەنها لە دوو بنكە هێز و سەرباز و پێدوایستی سەربازی بهێڵێتەوە، ئەوەش دوای ئەوە هات كە هێزەكان ئەمریكا لە عێراق توشی چەندین هێرشی موشەكی و پەلامار بونەوە، بۆ ئەو مەبەستەش  ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هێزەكانی لە عێراق كۆكردەوە و چەندین هێزیشی بردە دەرەوەی عێراق، بەڵام لە ئێستادا لە لایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریكاوە بڕیار دراوە ژمارەیەكی دیكەی هێزی ئەمریكا رەوانەی عێراق بكرێن.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای ئەمەریکا، هاوینی داهاتوو، لە ماوەی شەش بۆ 13مانگ، واشنتن هێزی زیاتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە و لەو هێزانەش ژمارەیەكیان ئەو هێزانەن كە دەنێردرێنە عێراق و ئەركی نوێیان پێدەبەخشرێت لە رووبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش و یارمەتیدانی سوپای عێراق و هەر گۆرانكاریەكی دیكەی ریشەیی  كە لەناوچەكەدا رووبدات.

ئاماژە بەوەشكراوە، هێزێکی شەڕکەر لە لیوای دووی فیرقەی 82 لە فۆرت براگ لە ویلایەتی نۆرس کارۆلایناوە بۆ عێراق دەنێردرێت، ھەروەھا لیوای چواری پشتیوانیش لە ناوچەی فۆر کارسۆن لە کۆلۆرادۆوە رەوانەی ئەفغانستان دەکرێت، هێزێکی دیکەش لە کوێت جێگیردەکرێت.

چۆن ئەمریكا هێزیی نوێ دەنێرێتە عێراق
بەگوێرەی زانیاریەكان سوپایی ئەمریكا، ئەو هێزانەی كە ئەمریكا دەیانێرێتە عێراق  بەمەبەستی ئاڵوگۆریی هێزەكانی خۆی لەم وڵاتەدا  دادەنێت و ئەو هێزەش بۆ ئەویە كە بتوانێت شوێنی هێزە كۆنەكانی ئەمریكا لە عێراقدا بگرنەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە كە ئەمریكا هێزی پێویستی خۆی لە خاكی عێراقدا هەیە  بەڵام بەپێی زانیارییە نوێیەكان  بەشێك لەو هێزانەی كە رەوانەی عێراق دەكرێن هێزی نوێن نەوەك  هێزێك بێت كە بۆ ئاڵوگۆریی هێزەكانی عێراق دابنرێن.

ئەركی نوێی هێزەكانی ئەمریكا چییە؟
ئەو هێزانەی ئەمریكا رەوانەی ئێراقیان دەكات ئەركیان چاودێری كردنی دۆخی عێراق و پارێزگاریی كردن لە بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەروەها چاودێری كردنی جموجۆڵەكانی ئێران و گروپە چەكدارییە نوێیەكانی ئەمریكا لە عێراق بەتایبەتی چەكدارانی حزبوڵا و  حەشدی شەعبی دەكەن.

ئەم هێزە یەكێك دەبێت لە راهێنراوترین هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە دەتوانێت رووبەرووی هەر ئەركێك و ئەگەرێكی قورس ببێتەوە لە هەركاتێكدا بكرێتە سەر هێزەكانی وڵاتەكە یاخود ئەركدار بكرێن لە هەر كارێكی  تایبەتمەند لە رووبەرووبونەوەی تیرۆردا.

هێزەنوێكان لە كوێ جێگیر دەكرێن؟
ئێستا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە عێراقدا تەنها لە دوو بنكە جێگیر كراون ئەوانیش بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار كە یەكێكە لە گەورەترین بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەروەها بنكەی سەربازی هەریر لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوە لەكاتێكدایە  هەردوو بنكەكەش لە لایەن سیستمی پاتریۆتی دژەموشەكی ئەمریكیەوە چاودێری دەكرێن بۆ ئەوەی دوربن لە هەر هەرەشە و هێرشێك  كە لەماوەی رابردوودا دەكرایە سەر هێزەكانیان.

بەپێی زانیاریەكان ئێستا ئەمریكا نیازی نییە بنكەیەی نوێ لە عێراقدا بكاتەوە و هەروەها هێزیی نوێش بباتە ئەو شوێنە نوێیەوە بەڵكو ئەو هێزەنوێیانەی كە ئەمریكا رەوانەی عێراقیان دەكات  لە عەین ئەسەد و هەریر دادەنرێن و چاودێریی دۆخەكەی پێدەكەن و لەگەڵ سەربازەكانی دیكەی ئەمریكادا دەمێننەوە.

ئێران و هێزەنوێیەكەی ئەمریكا

لە 19ی نیسانی ئەمساڵدا، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا، هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پرۆتۆکۆلی دەریاوانی لە کەنداو و دەریای عەممان بپارێزن و خۆی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بپارێزێت، ئەمە لە وەڵامی بەیاننامەی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکایە لە ناوچەکە و وەکو کاردانەوەیەکە بەرامبەر لێدوانی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە.

ئەوە لەكاتێكدایە چەند رۆژێک پێش تریش  هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند:چەند بەلەمێکی ئێرانی لە کەنداو لە کەشتییەکانی ئەمریکا نزیکبوونەتەوە و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەیان بە خێرایی، بۆ چەند خولەکێک لەو کەشتییانە نزیکبوونەتەوە، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، کەشتییە ئەمریکییەکان گرفتیان بۆ کەشتییەکی ئێرانی دروستکردووە و دواتر رێگەی بۆ کراوەتەوە.

هەر لەسەروبەندی ئەو بابەتانەدا سوپای پاسداران هۆشداری داوەتە هێزی دەریایی ئەمریکا دەڵێ، هەڵسوکەوتی مەترسیداری بێگانەکان لە ناوچەکەدا بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی و هێڵی سوور دەزانن و وەڵامی هەر جۆرە هەڵەیەک بە تووندی دەدەنەوە، هاوکات داوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای ئاسیا دەکەن.
ئەوە مەترسیەكی گەورە بووە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا و هەروەها هەموو جوڵەكانی دیكەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و هتد بوەتە هۆی ئەوەی كە كە ئەمریكا دووبارە وەك هەرەشەیەكی نوێ بروانێتە ئێران و هێز و چاودێریی نوێیان بۆ تۆمار بكات، بۆیە مەترسی ئەوە هەیە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا  و لە كەنداودا رووبەرویی هەر مەترسیەكی دیكە ببنەوە.

ترەمپ هۆشداریی دەداتە ئێران
هەر لەسەروبەندی ئەو ئاڵۆزیانەدا كە لە دوایی كۆرۆناوە تازە سەریی هەڵداوەتەوە سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی تووند دەداتە سوپای پاسدارانی ئێران لە ئەگەری نزیکبوونەوەی بەلەمە سەربازییەکانی لە سوپای ئەمریکا لە کەنداو.

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، لە توویتێکدا دەڵێ: فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کردووە تەقە لە هەر بەلەمێکی ئێرانی بکەن و تێکیبشکێنن کە چەکی لەسەرە ئەگەر گێچەڵ بە کەشتییەکانی ئەمریکا بکەن.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هیچ رووداوێک نەکردووە، بەڵام چوارشەممەی رابردوو 15ی نیسان ژمارەیەک لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەلایەن هەندێک بەلەمی ئێرانییەوە لە کەنداو گێچەڵیان پێ کرا؛ سوپای ئەمریکا رایگەیاند، 11 بەلەمی ئێرانی بەشێوەیەکی مەترسیدار لە کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا نزیکبوونەتەوە و گێچەڵیان پێ کردوون.

كۆی گشتی جوڵەكانی ئەمریكا و ئێران دژی یەكتر لە ناوچەكەدا بووەتە هۆی ئەوەی كە بە شێوەیەكی گشتی چاو لە دۆخە بكرێت و هێنانی هێزیی نوێی و چاودێری نوێ لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراستتداببێتە هۆی ئەوەی كە ئاڵۆزیەكان لە عێراق كە لەنێوان ئێران و ئەمریكادایە  دۆخێكی نوێ وەربگرێت.

زیاتر لە دوو ساڵە ئاڵۆزیەكی زۆر لە نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و كۆماریی ئیسلامی ئێراندا هەیە و ئەگەریی ئەوە هەیە لە هەركاتێكیشدا ئەو دوو وڵاتە بەگژ یەكدا بچن.