ڕاپۆرتی جیهانی

04:42 - 26/04/2020

قەیرانێکی خۆراکی جیهانی بەڕێوەیە‌

پەیسەر

شارەزایان باس لەوە دەكەن هەرگیز جیهان دووچاری قەیرانی لەمجۆرە نەبۆتەوە. ئەگەری هەیە ژمارەی ئەو کەسانەی دووچاری برسێتی دەبنەوە دووهێندە ببێت و لەکۆتایی ئەمساڵدا بگاتە ٢٦٥ ملیۆن کەس. ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە لەو قەیرانەتراژیدییە دەکات کە زۆرینەی دانیشتوانی جیهان پێوەی دەناڵێنن، کە ئەویش برسێتییە.


نایرۆبی گەورەترین ناوچەی هەژارنشینی پایتەختی کینیایە، ئێوارەیەک خەڵکی لە بێچارەییدا پەلاماری ئارد و زەیتی دابەشکراو دەدەن و ئەوەش بووەتە هۆی برینداربوونی دەیان کەس و مردنی دوو کەسی لێکەوتوەتەوە.
لە هیندستان، هەزاران کرێکار دوو جار لە ڕۆژێکدا سەرە دەبەستن بۆ وەرگرتنی نان و خۆراكی ئامادەکراو تاکو خۆیان لە برسێتی بپارێزن.  هەروەها لە هەموو  کۆڵۆمبیادا خێزانە هەژارەکان لە باڵەكۆن و پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە ئاڵای سوور هەڵدەکەن، وەک ئاماژەدان بە برسێتییان.
پاولین کاروشی، دانیشتوی نایرۆبییە لەناوچەی کیبریا، لە ماڵێکی دوو ژوویدا لەگەڵ دوو منداڵەکەی و چوار خزمی دیکەیدا دەژی و بەم دواییانە کارەکەی لەدەستداوە، گوتی " هیچ پارەیەکمان نییە و پێویستمان بە مانەوەیە لە ژیاندا، ئەمەش بەو مانایە دێت کە دەبێت زۆر کەمتر بخۆین لە جاران."
ڤایرۆسی کۆرۆنا ملیۆنان هاوڵاتی جیهانی دوچاری برسێتی کردۆتەوە، بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەرییەوە وایکردووە خەڵکی کارەکانیان لەدەست بدەن و هیچ داهاتێکیان نەبێت. لە ئێستادا ملیۆنان هاوڵاتی لە خەمی ئەوەدان چۆن بەشی مانەوەیان لە ژیاندا خۆراک دەستبخەن.

ڤایرۆسێكی دادپەروەر

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن خەڵکەوە بە "ڤایرۆسی دادپەروەریی" ناوزەند دەکرێت، بەوپێیەی دەوڵەمەندان و هەژارانیش تووشی دەبن، بەڵام دواجار ئەوە شارە هەژارنشینەکانن کە لە کارەساتەکاندا ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە بەڵام دەوڵەمەندەكات ئەو كێشەیەیان نییە.  

ئاشا جەعفەر، کە خۆبەخشێکەو لەنایرۆبی خواردن بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکات گوتی " ڤایرۆسی کۆرۆنا پەردەی سەر هەبوونی جیاکاریی چینایەتی لادا و دەریخست کە ئەم شارە چەند نایەکسانە."

عارف حسێن بەرپرسی ئابوری لە پرۆگرامی جیهانی خۆراکی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان(FAO) ئاماژەی پێدا کە تا ئێستا ١٣٥ ملیۆن کەس دوچاری قەیرانی كەمی خۆراک بوونەتەوە، بەڵام ئێستا و بەهۆی ڤایرۆسەکەوە  ئەگەری هەیە لەساڵی ٢٠٢٠ دا ١٣٠ ملیۆنی دیکە زیاد بکات.

قەیرانێکی جیهانی

شارەزایان دەڵێن ئەم قەیرانی برسێتییە جیهانییەو بەهۆی چەند فاکتەرێکی پەیوەندیدار بەڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتووەتە بوون. وەک:
1-لەناکاو لەدەستدانی سەرچاوەی داهاتی ملیۆنان کەس کە خۆیان لە خۆیاندا دۆخی ژیانیان کەمدەرامەتی بووە.
2-داڕمان ونزمبوونەوەی نرخی نەوت.
3-کورتهێنانی بەرفراوانی دراو لە ئەنجامی نەمانی گەشتیاریایدا.
4-نەمانی داهاتی کرێکارانی دورەوڵات تا بینێرنەوە بۆ خێزانەکانیان
هەروەها کێشە بەردەوامەکانی وەک گۆڕانی کەش و هەوا، توندوتیژیی، ناجێگیریی دانیشتوان و کارەساتە مرۆییەکان.
هەر لە هۆندۆراسەوە بۆ ئەفریقای باشوور و بۆ هیندستان، ناڕەزایان بەرامبەر قەدە‌غەی هاتوچۆی سەرتاسەریی هاتوونەتە دەنگ و ترسی خۆیان لەمەڕ برسێتیی خستووەتەڕوو. ئێستا کە خوێندنگەکان داخراون، زیاد لە ٣٦٨ منداڵ بێبەشبوون لەو ژەمە خۆراکانەی لە خوێندنگەکانیان وەریاندەگرت و سەرچاوەی پڕۆتینیان بوو .
جۆن سوینەن، بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی پلاندانانی خۆراکی لە واشنتۆن گوتی "هێشتا کورتهێنانی خۆراک قەیرانێکی جیهانی نییە بەهۆی کارەساتەکەوە، بەڵام کێشە لۆجیستیکەکانی کشتوکاڵ کردن و هەناردە و هاوردەکردنی خۆراک، وڵاتە هەژارنشینەکان دوچاری ئەم قەیرانە دەکاتەوە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی پشتیان بە هاوردەکردن بەستووە."

ئەو چینەی زۆرترین زیانی پێدەگات

گەر بێتو  گۆڕانێکی گەورە لە نرخی خۆراکدا نەکرێت، ئەگەری زۆرە دۆخی ئاسایشی خۆراک بۆ چینی هەژار لەسەرانسەری جیهاندا بەرەو خراپی بڕوات. ئەمە بەتایبەت بۆ ئابوری وڵاتانی وەک سودان و زیمباوی ڕاستە، چونکە لەپێش کارەساتەکەشەوە لە ململانێدابوو، ئێرانیش کە بەشێوەیەکی بەربڵاو داهاتی نەوتی بۆ تەمویلکردنی کەرەستەی خۆراکی و دەرمان بەکاردەهێنا.

باستاردۆی ٢٥ ساڵ کە چاودێرێکی ئەمنییە نیگەرانی خۆی لەمەڕ دۆخەکە دەربڕیی و گوتی " خەریکین ئەو کەرەستانە دەفرۆشین کە لەماڵەوە بەکاری ناهێنین تا بتوانین بیدەین بە خۆراک."
سەدان کرێکاری کۆچبەر کە لە شاری نیودەلهی بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە گیریان خواردبوو، ناچاربوون لەژێر سێبەری پردێکدا دابنیشن و چاوەڕوانی گەیشتنی خۆراک بکەن. سەرەرای ئەوەش حکومەتی دەلهی چێشتخانەی تایبەتی بە ئامادەکردنی شۆربا کردۆتەوە، کرێکاران هێشتا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.

هاوڵاتییەک بەناوی سینگ، کە لەچاوەڕوانی یەکەم ژەمدا بوو لەڕۆژەکەدا گوتی "لەبریی ڤایرۆسی کۆرۆنا، برسێتی دەمانکوێت." هەروەها گوتیشی کە شەرمدەکات بۆ خواردن بپاڕێتەوە، بەڵام هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەی نییە " قەدەغەی هاتوچۆ  پێ بەسەر کەرامەتماندا دەنێت."
پەنابەران و ئەو کەسانەی لە ناوچە پڕ ململانێکاندا دەژین، بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و ڕێکارەکانی خۆپارێزییەوە، خۆراکی پێویستیان پێناگات و زیاتر ئەگەری دوچاربوون بەبرسێتیان هەیە.
کۆرت جۆزێم، جێگری سەرۆکی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا گوتی " کاریگەریی ڕێکارە تەندروستییەکان زیاتر لە خودی ڤایرۆسەکە زیانی هەبووە."

بەشێکی ئاوارەکانی ئیدلیب دەڵێن: خۆیان ناونوس کردووە و بەڵێنی وەرگرتنی خۆراکیان پێدراوە بەڵام هیچیان بەدەست نەگەیشتووە، بەبۆچوونی ئەوان گەر دۆخەکە بەوجۆرە بەردەوام بێت، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی شەپۆلێکی برسێتی گەورە بکەن.

ڕێكارەکانی کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانی خۆراک

لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم کارەساتە گەورەیە، هەندێک لە دەوڵەتەکان نرخ لەسەر خۆراک جێگیر دەکەن، خۆراک دەگەیەنن و پلان بۆ ناردنی پارە بۆ ماڵە هەژارەکان دادەنێن. كەچی هێشتا لە چەندین کۆمەڵگەدا خەڵکی هەژار لەلایەن دەوڵەتەكانیانەوە هیچیان بەدەستناگات، بۆیە هاونیشتیمانیان خۆیان لەڕێگەی کاری خێرخوازییەوە پارە بۆ خێزانە هەژارەکان کۆدەکەنەوە و بۆیان دەدەن بە خۆراک.

لە سەردانێکی ئاشا جەعفەردا  لەگەڵ کۆمەڵێک خۆبەخش بۆ کیبریا، کە پێداویستی وەک شەکر، ئارد، برنج و پێداویستی ژنانەیان بۆ چەند خێزانێک دابینکردووە. جەعفەر گوتی: ئەو سەردانەی لەدوای بیستنی ئەو چیرۆکانەوە بوو کە لەلایەن خێزانە هەژارنشینەکانەوە دەیبیست لەبارەی کەم دەرامەتی و برسێتییانەوە.
ئاماژەی بەوەش  كردووە كە گەیاندنی خواردن تا ئێستا بۆ ٥٠٠ خێزان بووە. بەڵام ئەو بڕە تەنها دڵۆپێکە لە ڕووبارێک.