ڕاپۆرتی جیهانی

04:17 - 27/04/2020

مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نێو كەمپەكاندا كارەسات دروست دەكات‌

پەیسەر

تەنها کارمەندانی کەرتی تەندروستی و ئابوریناسان نین کە لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەنگیان هەیە، بەڵکو ڤایرۆسەکە بوەتە مایەی کارەساتێکی هێندە گەورە، کە هونەرمەندانیش لە سەرانسەری جیهاندا قسەی لەسەر دەکەن و داواکارییان هەیە، ئەنجیلینا جولی ئەكتەری بەناوبانگی هۆلیۆد و چالاكی بواری كارە خێرخوازییەكان لە بواری منداڵ و ئاوارەكاندا باس لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەكات لەناو كەمپی ئاوارەكاندا.

کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی لەسەر منداڵانی جیهان هەبووە. ئەنجیلینا جولی ئەکتەری دیار و بەناوبانگی ئەمریکا کە نوێنەری لیژنەی باڵای پەنابەرانە UNHCR لە بەرنامەیەکدا بە ناوی سەد وشە باسی لەسەر تەوەری "دۆزینەوەی هیوا" قسەیکرد.

سەد وشە بەرنامەیەکی تایبەتی ماڵپەڕی تایمە و سەرکردە بەناوبانگەکانی جیهان بۆ گفتوگۆکردنی باسەکانی پەیوەندیدار بە کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشداری تێدا دەکەنو ئەنجییلینا جولییش کە خۆی دەستەی نووسەری ماڵپەڕەکەیە، بەشداریکرد.


جولی گوتی "ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆی ئاشکرابوونی تەواوی درز و کەلێنەکانی سیستمەکەمانلە سەرانسەری جیهاندا." لەبارەی داتاکانەوە ئەو دەڵێت کە لەپێش کارەساتەکەوە ٢٥٨ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا لە خوێندنگە دوورخرابوونەوە، ٣٠ ملیۆن ئاوارە بوون و بەتەنها لە ئەمریکا زیاد لە ١١ ملیۆن منداڵ دوچاری برسێتییەکی زۆر بوونەتەوە. لە ئێستاشدا کە ڤایرۆسەکە بووەتە هۆی داخستنی خوێندنگەکان و خەڵکی لە ماڵەکانیان دەمێننەوە، بووەتە هۆکاری کورتهێنانی ئابوری و منداڵان بە دەرەجەی یەک بوونەتە قوربانی.
لە ڕونکردنەوەکانیدا جولی گوتی "بۆ زۆرینەی منداڵان خوێندنگە تەنها شوێنێک نییە بۆ فێربوون، بەڵکو تێیدا خۆراکە پڕۆتینییەکانی ڕۆژەکەیان و پاڵپشتیی کەسانی خەمخۆریان دەستدەکەوێت و بەهۆیەوە لە ژینگەی ناتەندروستی ماڵەوەیان دووردەکەونەوە."

بۆ  ئەو منداڵانەشی لە ماڵەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، خوێندنگە ئەو شوێنەیە کە تێیدا جێ برینەکانیان ئاشکرا دەبێت و یارمەتیدەدرێن، بەڵام کاتێک خوێندنگە نەبێت، منداڵان ڕووبەڕووی زۆرترین توندوتیژی خێزانی دەبنەوە بەبێ ئەوەی ئاشکرا ببێت.

بە هەزاران هاوڕێی جولی، لە ئێستا و لەکاتی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە بەرەی پێشەوەی کەمپی ئاوارەکاندا کاردەکەن، شارەزایان باس لەوە دەکەن ئەگەر ڤایرۆسەکە بگاتە کامپەکان، ئەوا بە خێراییەکی زۆر و بێشومار بڵاودەبێتەوە. جولی ئاماژەشی پێدا کە ئەمە مەترسیدارە.

بەڵام سەرەڕای ئەوەش جولی بڕوای وایە کە جیهان دەتوانێت دەست لەناودەست ئەم کارەساتە تێپەڕێنێت و گوتی " هیوا و متمانەم بە مرۆڤایەتی هەیە. پێم وایە کاتێک خەڵکی هۆشیار بن و ڕێنیشاندەرییان هەبێت لەوەی چۆنیارمەتی یەکتر و خەڵکی بدەن، ئەوا دەیکەن." گوتیشی "ئێستا کاتی دەنگ هەڵبڕینە، بە خاتری بەدەستهێنانی گۆڕانکاری لە سەرانسەری جیهاندا."