ڕاپۆرتی جیهانی

12:06 - 28/04/2020

خەرجیی سەربازیی ئەمەریكا دەگاتە لوتکە‌

پەیسەر

وەك شارەزایان باسی دەكەن کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری جیهان هەبووە و ئەو کاریگەرییانەش لەسەر خەرجی سەربازی جیهانی ڕەنگیداوەتەوە. بە پێی وتەی شارەزایان لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە خەرجی سەربازی لە ساڵی ٢٠١٩  دا گەیشتوەتە بەرزترین ئاست و ئەمریکاش بە پلەی یەکەم دێت لە ڕیزبەندی وڵاتەكانی جیهاندا، ئەگەر ئەو پارەیەی ئەمەریكا بۆ بواری سەربازیی تەرخانی كردووە بەسەر دانیشتوانی سەر زەویدا دابەش بكرێت هەریەكەی 249 دۆلاری بەر دەكەوێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگەی سیبری نێودەوڵەتی لە ستۆکهۆڵم  تایبەت بە توێژینەوەی ئاشتیی جیهانی، خەرجی گشتی سەربازی بۆ ساڵی 2019بەرزترین ئاستی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە تێپەڕاند و ئەمریکا لە ڕیزبەندی یەکەمدایە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە تێچووی سەربازی ساڵی 2018 بڕی ( 1917ترلیۆن) دۆلار بووە و بە ڕێژەی  3.6 % بەرز بوەتەوە. ئاماژەشی بەوە داوە ئەو بڕە هاوتایە لەگەڵ 2.2 % ی کۆی دەرئەنجامی جیهانی. ئەگەر ئەو بڕە پارەیە دابەش بكرێت بەسەر خەڵكی سەرزەویدا هەرتاكێك 249 دۆلاری بەردەكەوێت.

هەروەها توێژەرانی پەیمانگاکە ڕونیان کردوە کە خەرجییەکە گەیشتوەتە لووتكە و ئاماژەیان بەوەش دا ئەو کاردانەوە ئابورییە گەورانە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بووەو دەبێتە هۆی دووبارە پێداچوونەوە بەخەرجییە سەربازییەكاندا. 

نیان تیات، یەکێک لە توێژەرانی پەیمانگەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی ئەڵمانیا گوتویەتی "ناجێگیریی دۆخی ئابووری لە دەرئەنجامی کارەساتەکەوە، کاریگەریی لەسەر بوودجەی دەوڵەت و گشت خەرجییەکانی ساڵی 2020دەبێت."

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕیزبەندی دەوڵەتەکاندا لە لوتکەدا بووە، کە لە ساڵی ڕابردوودا 732ملیار دۆلاری خەرجکردووە. چین بە پلەی دووەم و هیندستان بە پلەی سێیەم دێت. ئەمەش بۆ یەکەم جارە لە وڵاتێکی كیشوەری ئاسیا لە ڕیزبەندی یەكەم تا سێیەمی لیستەکەدا بێت.
ئەو بودجەیەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ هێزی چەکداریی تەرخانیکردوە، ٧٣٢ ملیار دۆلار دا زیادیکردووە كە دەكاتە ڕێژەی 5.3% لە ساڵی 2019دا ، کە دەکاتە38% ی كۆی خەرجی جیهانی.
(نیان) گوتیشی "خەرجی سەربازی وڵاتی چین لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا هاوشانی گەشەی ئابوری وڵاتەکە بووەو وەبەرهێنانەکان ویستی وڵاتی چین بۆ پێکهێنانی سوپایەک بە مۆدێلێکی جیهانی و پێشكەوتوو پیشاندەدات."
هاوکات ل

لیستەکەدا ڕوسیا بە پلەی چوارەم هاتووە، دەوڵەتی سعودیە بە پلەی پێنجەم و هەریەک لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەڕیتانیا، یابان و کۆریای باشوور لە ڕیزبەندی شەشەمەوە بۆ دەیەم هاتوون.
پەیمانگەی سیبری ڕونیشیکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕێژەیەکی خەیاڵی خەرجی سەربازی هەبووە كە 38%ی خەرجی جیهانی دەکات و بە نزیکەی کۆی خەرجی هەر دە دەوڵەتەکەی دیکەیە لە لیستەکەدا.

پەیمانگەی ستۆکهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ئاشتی SIPRI، پەیمانگەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتییە، تایبەتە بە توێژینەوە لە بوارەکانی جەنگ، لە پێدان و چاودێری و سەندنەوەی چەکدا كاردەكات. پەیمانگەکە ساڵی ١٩٦٦ لە سوید دامەزراوە و بارەگای سەرەکی دەکەوێتە شاری سولنا، بە پشتبەستن بە سەرچاوە بەردەستەکان داتا و شیکار و پێشنیاز بۆ توێژەران و میدیا فەرمییەکان دابیندەکات و لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیش پشت بە زانیاریی و داتاكانی دەبەسترێت.