ڕاپۆرتی جیهانی

02:40 - 05/05/2020

لە چوار سیناریۆدا: شێوەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ٢٠٢١دا چۆن دەبێت؟‌

پەیسەر

بڵاوبوونەوەی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە سەرتاسەری جیهاندا، بووەتە هۆی ئەوەی توێژەران و سیاسەتمەداران پێشبینی شێوازی ژیانکردنی دوای کۆتاییهاتنی ڤایرۆسەکە بکەن و داهاتووی جیهان لەسەر چەند ئەگەر و سیناریۆیەک بخەنەڕوو.

کێسینا سیڤیتلۆنا، نووسەر و سیاسەتمەداری ئیسرائیلی لە ١٨ی ئازاردا گوتی "لە دەرئەنجامی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ دروستدەبێت." گوتیشی "گومانی تێدانییە دوای ڤایرۆسەکە گۆڕانکاری گەورە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت، سیستمە سیاسییەکان دەکەون، بناغەیان تێکدەشکێت و ناڕەزایەتییەکان دەستپێدەکەنەوە."

دوای ڤایرۆسەکە گۆڕانکاری گەورە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت، سیستمە سیاسییەکان دەکەون، بناغەیان تێکدەشکێت و ناڕەزایەتییەکان دەستپێدەکەنەوە."

هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی دەربارەی سەردەمی دوای کۆرۆنا دەڵێت "کۆرۆنا جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەگۆڕێت، بەهیوام ئەم گۆڕانکارییە بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا بێت. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسلامییە میانڕەوەکان بەهێزتردەکەین."

کۆتا شیکارییەکان لەلایەن ئیتای برۆن، سەرۆکی پێشووی بەشی توێژینەوەکانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە پێشکەشکراوە، کە لە ڕاپۆرتێکی بارەگای توێژینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەییدا،  پێشبینی چوار سیناریۆ بۆ جیهان و ناوچەکە دەکات لە ساڵی ٢٠٢١دا و دوای کۆتاییهاتنی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سیناریۆی یەکەم: بەردەوامیی دۆخی پێشوو
بەپێی ئەم سیناریۆیە، زۆرینەی وڵاتەکان هەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دەتوانن کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بکەن، بەشێکی ئابوورییە گەورەکان دەکەونەوە کار و هاوشێوەی جاران بەردەوام دەبن.

ئابووری چین لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا، دەکەوێتەوە کار، ئابووری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵەوە دەکەوێتەوە کار و ئابووری ئەوروپا لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا.

کەرتی فڕۆکەوانی، گەشتیاری و خواردنەگان گەورەترین زەرەرمەند دەبن، بەڵام بازرگانی دیکە سەرپێدەخرێت و تیشک دەخرێتە سەر خزمەتگوزارییەکانی گەیاندن و کارکردنی دوور لەیەکتر.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا ژیان بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ دەگەڕێتەوە باری ئاسایی و لەگەڵیدا گرتنەبەری ڕێگا سەرەتاییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە بەرەوام دەبێت.

بەپێی ئەم سیناریۆیە سیستمی جیهانی ناگۆڕێت و ئاڕاستە نێودەوڵەتییەکانی پێش کارەساتەکە کە خاوەن هێزبوون، کۆنترۆڵی خۆیان دەکەن

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  تیشک دەخاتە سەرئەوەی لە تشرینی دووەمی داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجامبدات، بە ئەگەریزۆریشەوە دۆناڵد ترەمپ لە تۆمەتبارکردنی چین بەرامبەر کارەساتەکە، بەردەوامبێت.

ئەگەری ئەوەش هەیە ترەمپ هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، سوریا و ئەفغانستان بکشێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی زۆربوونی ژمارەی هەڕەشەکان و دوژمنەکانی لەو ناوچانەدا.

لە هەمان چوارچێوەدا، وڵاتی چین یارمەتی وزانیاری پێشکەشی وڵاتانی ئەوروپی، ئەفریقی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لەپێناو تێپەڕاندنی کارەساتەکەدا، هەوروەها هەوڵدەدات لەڕێگەی وەبەرهێنانە ستراتیژییەکانەوە کاریگەری خۆی جێگیربکاتەوە.

وڵاتی ڕووسیاش هەلەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەقۆزێتەوە، بەتایبەتی لە سوریا و ناوچەکانی دیکە، لەپێناو جێگریکردنی هەژموونی خۆی لەو ناوچانە.

وڵاتە ئەوروپییەکان هەوڵدەدەن بەسەر زیانە گەورەکانی کارەساتەکەدا سەرکەون و لە هەمانکاتدا ڕەخنەی توند ئاڕاستەی یەکێتی ئەوروپا دەکەن

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەورەترین زیانەکانیڤایرۆسی کۆرۆنا بریتی دەبن لەمانە: بێکاری، گەندەڵی، نایەکسانی، پشتبەستن بە نەوت، یارمەتییە دەرەکییەکان و هەمان سیستمی سیاسیش لەسەر دەسەڵات دەبن.

ئەگەری هەیە ئیسرائیل لە ساڵی داهاتوودا ئاڵۆزیی و شەڕی زیاتری لە سوریا، لوبنان و  کەرتی غەزەدا هەبێت. هەروەها ئێران لەسەر هەمان سیاسەت و ستراتیژی پێشووی بەردەوام دەبێت، تاکو هەژموونی نەتەوەیی خۆی بەسەر پرۆگرامی چەکە ئەتۆمییەکەیدا زاڵبکات.

سیناریۆی دووەم: سەرکەوتنی چین
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و بەردەوامی قەیرانەکەدا، سیناریۆی دووەم ئەگەری ڕوودانی هەیە کە ئەویش پێشبینی دەکرێ چین بەڕێوەبردنی جیهان بگرێتە دەست.

ڕێکارەکانی خۆپارێزی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ و ڕەنگە بۆ زیاتریش بەردەوام دەبێت، بەهۆی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا و شکستهێنانی زۆرینەی وڵاتەکان لەهەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆدا، کە لەپێناو زیاتر بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسەکە و کەمکرنەوەی ڕێژەی مردووان سەرپێخراوە.

لە سێبەری ئەم دۆخەدا، ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەی زۆرکەس لە جیهاندا دەگۆڕێت،لە ڕێگەی جۆری ژیانکردنی ئێستاوە لە سایەی قەدەغەی هاتوچۆ، دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و کارکردن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە.

باری ئابووری ئەمریکا تا چارەکی دووەمی ساڵی داهاتوو سەرپێ ناکەوێتەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش ئەگەرێکی کەمی هەیە، ئەگەر ئەنجامیش بدرێت گومانێکی زۆر لە دەرئەنجامەکانی دەکرێت و شەرعییەتی دەرئەنجامەکەی لەدادگای باڵادا، فێڵ و فێڵکاری تێدا دەبێت.

ڕێکارەکانی وڵاتی چین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە گونجاوترین  ڕێگەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیناریۆیەدا.

چین  پەیوەندییەکی نێوەدەوڵەتی فراوان پێکدەهێنێت و لە  جەنگی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنادا، خۆی وەک ڕابەری جیهان دەناسێنێت

بەپێی ئەم سیناریۆیە، ئەگەر هەیە چین خاڵی لاوازی ئەمریکا لەپێناو سیاسەتێکی نوێدا بقۆزێتەوە،کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام دەبێت و سەردەکێشێت بەرەو سیستمێکی جیهانی نالیبراڵی لەسەر بنەمایەکی سەربەخۆ و بەهێزی دەوڵەت-نەتەوە، کە هەر دەوڵەتێک شوناسی خۆی دەبێت.

لەم سیستمە نالیبراڵییەدا، لەپێناو پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و بونیادنانی پەیوەندی ئابووری، هەر دەوڵەوتێک دەبێت ڕێز لە شوناسی دراوسێکەی بگرێت.

ئەم سیستمە نوێیە بیرۆکەی مافە کەسی و مەدەنییەکان، هەروەها سیاسەتەکانی سەرسنوور و ئاڵوگۆڕی کەلتووریی ڕەتدەکاتەوە و ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کەمدەبنەوە.

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پووتین پاڵپشتی ئەم سیستمە جیهانییە دەکات و تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە تۆڕی جیهانی جیادەکرێتەوە، ئەویش بەڕێککەوتن لەگەڵ چیندا.

چین ستراتیژی یارمەتیدان و وەبەرهێنان لە وڵاتە جیاوازەکاندا سەرپێدەخات، ئەوەش لەپێناو دەستکەوتنی زانیاری ئەمنی و بازرگانی.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێران، میسر، ئەردەن و عێراق سیستمی هێزی ئەمنییان بۆ پارێزگاریکردن بەکاردەهێنن، بە یارمەتی وڵاتی چینیش سەرکەوتووتر دەبن لە سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسەکەدا.

لە ناوچەکانی وەک یەمەن، لیبیا و سوریا کە جەنگیان تێدایە، ئەگەری زۆر هەیە قەیرانێکی مرۆڤایەتی گەورە سەرهەڵبدات.

لەم سیناریۆیەدا، بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاسانترە چاو لە هەنگاوەکانی ئێران لە بەرەوپێشبردنی چەکی ئەتۆمیدا بپۆشێت.

سیناریۆی سێیەم: لە کۆنتڕۆڵدەرچوونی ڤایرۆسەکە
لە سیناریۆی سێیەمدا، ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنترۆڵ ناکرێت، تاکو پێکوتەیەکی تایبەت بە ڤایرۆسەکە بەرهەم نەهێنرێت، کە ئەوەش ماوەی ١٨ مانگ بۆ دوو ساڵ دەخایەنێت.

لەم دۆخەدا، ئابووری وڵاتە گەورەکان زیانی گەورەی بەردەکەوێت وبە ئەگەری زۆرەوە تا ساڵی ٢٠٢٥ ناگاتەوە دۆخی جارانی.

ویلایەتە یەکگرتووەکان پێگەی جیهانیی خۆی لەدەستدەدات و خەڵکیی گومان لە چالاکی سیستمی فیدراڵی ئەمریکی دەکەن.

چین و ڕووسیاش بەهەمان شێوە لە چارەسەرکردنی کارەساتەکە شکست دەهێنن، بەتایبەت ئەگەر بێت و دەرکەوێت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زۆر زیاتربووە لەو ژمارەیەی ڕاگەیەندراوە.

قەیرانێکی خۆراکی جیهانیی و شەپۆلێکی گەورەی توندوتیژی لە چەندین وڵاتی جیهاندا، تەنانەت لە ناوەڕاستی ئەوروپاشدا ڕوودەدات.

میکانیزمەکانی هاریکاری نێودەوڵەتی، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەی ئەوروپی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆتاییان پێدێت

ئەگەری هەیە ئەم سیناریۆیە ببێتە سەرچاوەی شەپۆلێکی نوێی پێکدادانی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  ڕووخانی سیستمی پاشایەتی، هاوکات سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورەی مرۆڤایەتی.

لەم دۆخەشدا ئەگەری ئەوە هەیە جەنگینوێ بەجۆری جیاواز لە سوریا ڕووبدات، یان لەدوای ڕوخانی میکانیزمەکانی دەوڵەت، حیزبوڵا دەست بەسەر لوبناندا بگرێت.

هەروەها پێکدادانی توندوتیژ لەنێوان خەڵکی ئێران و دەسەڵاتدا ڕوودەدات، هەروەک لە ساڵی ٢٠٠٩دا ڕوویدا، ئەگەریش هەیە لە ناوچەی غەزە پێکدادان هەبێ و دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ یەکەی لۆکاڵی سەربەخۆ دابەش ببێت.

لە بەرامبەردا، ڕێکخراوە جیهادییەکانی وەک داعش و قاعیدە دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە و دەست بەسەر چەندین ناوچەی فراوانی عێراق، سوریا، میسر، لیبیا، یەمەن و سعودیەدا دەگرن.

سیناریۆی چوارەم: دووبارە بونیادنانەوە
سیناریۆی چوارەم پێشبینی ئەوە دەکات، ڕێکارەکانی خۆپارێزی و چارەسەرکردنی ڤایرۆسەکە لەسەرتاسەری جیهاندا، بە ئاستی جیاجیا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠بەردوەام بن.

لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و ئەیلولی ٢٠٢٠دا، ئەو راپۆرتانە ئاشکرا دەبن کە چین لەبارەی چەندێتی مەترسیداری ڤایرۆسەکە و ڕێژەی مردوانەوە بە نهێنی هەڵیگرتوون و ئاشکرای نەکردوون. ئەم ڕاپۆرتانە دەبنە هۆی ڕوودانی قەیرانی سیاسی لە پەکین و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی چین، شی جین بینگ و هاوەڵەکانی.

لە هەمان کاتدا، چەندین وڵات بڕیاردەدەن خۆیان لە پشتبەستن بە چین وەک سەنتەری بەرهەمهێنانی جیهانیی ئازادبکەن

پێشەنگی ئەم سیناریۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانە. کاندیدە دیموکراتەکان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدەهێنن لە هەڵبژاردنەکاندا. مانگێک لەدوای هەڵبژاردنەکان، ئیدارەی خۆراک و دەرمانەکانی ئەمریکا پێکوتەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ڤایرۆسەکە بەرهەمدەهێنێت.

لە کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١دا، واشنتن لەگەڵ وڵاتە دیموکراتییە ڕۆژئاواییەکان، هەوڵێکی هاوبەش بۆ یارمەتیدانی جیهان دەدەن،لە چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرکەوتن بەسەر قەیرانی ئابووری و پاراستنی سیستمی لیبراڵی.

بۆیە هەڵبژاردنەکانی ساڵ٢٠٢٠ هەلێک دەبێت بۆ ئەمریکا، تاکو پەرە بە ڕابەرایەتی نوێی خۆی بدات لەسەر سیستمی دیموکراتی لیبراڵی.

بەپێی ئەم سیناریۆیە، یارمەتی پێشکەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت و گفتوگۆ لەبارەی ڕێککەوتنی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا دەکرێت. داواش لە دامەزراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکە دەکرێت بەرەو دیموکراسییەت هەنگاو بنێن.