ڕاپۆرتی جیهانی

12:40 - 06/05/2020

ئینجیرلیک؛ پردە رزیوەکەی نێوان ئەمریکا و تورکیا‌

پەیسەر

زیاتر لە نیو سەدەیە بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک رۆڵێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکادا دەگێڕێت. ھەرکاتێک ئاڵۆزیی و کێشە  دەکەوێتە نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، تورکیا بە داخستنی ئینجیرلیک ھەڕەشە لە ئەمریکا دەکات، بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بە دوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت کە زیاتر لێی دڵنیا بێت و کار لە چالاکییە سەربازییەکانی نەکات لە ناوچەکەدا. لە ئێستادا ھەولێر و ئەردەن دوو شوێنگرەوەی ئارام و دڵنیان بۆ ھێزەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک
بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک ساڵی ١٩٥٤ لە شارۆچکەی ئنجیرلیک کراوەتەوە، کە دەکەوێتە سنوری پارێزگای ئەدەنە. بنکەکە کەوتووەتە ناو شارەوانی ئینجیرلیکی سەر بە شاری ئەدەنە. بنکەکە هەشت کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری ئەدەنە و 56 کیلۆمەتریش لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە دوورە.

بنکەکە لە کۆتایی ساڵی 1943 و لە کۆنفرانسی دووەمی قاهیرە بڕیاری دروستکردنی درا، بەڵام بونیادنانی بۆ دوای جەنگی دووەمی جیهانی دواکەوت.

بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک لە ساڵی ١٩٥١ دروستکراوە، کە دەکاتە ساڵێک پێش ئەوەی وڵاتی تورکیا لە رێکخراوی ناتۆ ببێتە ئەندام. ئەم بنکە سەربازییە لە ساڵی ١٩٥٤ کرایەوە و گروپێکی ئەندازیارانی سەر بە سوپای ئەمریکا سەرپەرشتی دروستکردنیان کردووە.

لە دوای 1980 چەند گۆڕانکارییەک لە بنکەکەدا ئەنجامدرا و هەندێک چاکسازیی تێدا کرا.

ئامانجەکانی دروستکردنی بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک
بنکەی ئینجیرلیک لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا و ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت و یەکێکە لەو شەش بنکەیەی ناتۆ لە ئەوروپا کە چەکە ئەتۆمییە تەکتیکییەکانی تێدایە.

سەرەتا هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بەمەبەستی نیشتنەوەی فڕۆکەکانیان لە کاتی دۆخی نائاسایی و چاودێریکردنی ئەو فڕۆکانەی لە بەرزایی مامناوەند و بەرزدا بۆردومان دەکەن بەکاریانهێناوە.

ناوی ئینجیرلیک
ئینجیرلیک ناوی ئەو شارۆچکەیە کە لە نزیک بنکە سەربازییەکەدایە. لە 21ی شوباتی 1955 بنەکەکە ناو نرا (بنکەی ئاسمانی ئەدەنە). وەک پێگە و شوێینیش فیلۆسی 7216. بنکەی ئاسمانی.

لە 28ی شوباتی 1958 ناوی بنکەکە گۆڕدرا بۆ (بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک).

کێ لە بنکەی ئینجیرلیکە؟
بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمریکا، لە کۆتایی 2019، نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک بوونیان هەبووە.

بنکەکە لەلایەن رێکخراوی ناتۆوە بەکاردەهێنرێت و فڕۆکەکانیان بۆ چالاکی و ئۆپراسیۆنەکانیان بەکاریدەهێنن.

سوپای ئەڵمانیا یەکێکە لەو سوپایانەی کە بنەکەکە بەکاردەهینێت و ٢٠٠ سەربازی لە بنکەکەدا هەیە.

لەگەڵ ئەوەی بنەکەیەکی سەربازییە  بەڵام بەشێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەکەش بۆ هەندێک کاری ئاسایی و پێداویستی رۆژانەی خۆیان دەتوانن بەکاربهێنن و ریگە پێدراون، بەڵام تەنها ئەو کەسانە دەتوانن بچنە ناو بنەکەکەوە کە مۆڵەتی تایبەتیان هەیە.

لە بنکەکەدا دەیان هەزار دانیشتوو هەیە کە بەشێکیان خێزانی سەربازەکانی بنەکەکەن، جگە لەوەی زنجیرەی چەند رێستۆرانتێکی ئەمریکی، سۆپەرمارکێتێکی فرۆشتنی بەرهەمە ئەمریکییەکان و یاریگای باسکەشی لەخۆگرتووە.

لە بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیکدا فێرگەی سەربازی، ناوەندیی فەرماندارێتیی و چەند خاڵێکی سەربازیی جۆراوجۆری هەن.

لەبارەی دۆخی یاسایی بنکەکەوە، تاکو ئێستا پێنج پەیماننامە و رێککەوتنی جیاوازی نێودەوڵەتی واژۆکراون.

یەکێک لەو پەیماننامە گرنگ و دیارانە، پەیماننامەیەکی واژۆکراوە بە ناوی (پەیماننامەی هەماهەنگی ئابوری و سەربازی) لەنێوان تورکیا و ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٠.

بنکەی ئینجیرلیک؛ پردە رزیوەکەی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە
ئەمریکا و تورکیا دەیان بەرژەوەندی و دۆسیەی هاوبەش بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، بەڵام یەکێک لەو بابەتە گرنگانە بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیکە، کە مێژوویەکی درێژ و ناسەقامگیری هەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات. کاتێک ئەمریکا گرفتێک بۆ تورکیا دروستبکات و فشار بخاتە سەر ئەنقەرە، تورکیا بە داخستنی بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک هەڕەشەی لێدەکات.

لەگەڵ ئەوەی بنکەکە زیاتر وەک بنکەیەکی ناتۆ سەیر دەکرێت، بەڵام ئەمریکا لە زۆر کاتدا بۆ چالاکییەکانی خۆی بەکاریهێناوە.

لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٧٠، ئەو کاتەی ئەمریکا زنجیرەیەک ئابڵوقەی سەربازی و چەکیی خستە سەر ئەنقەرە، دەسەڵاتدارانی تورکیا دیسان بە داخستنی ئینجیرلیک بە رووی هێزی ئاسمانی ئەمریکا هەڕەشەیان لە واشنتۆن کردەوە.

تورکیا ئەم جارەیان تەنها بە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا لە ئاستی لێدواندا نەوەستا و هەموو ئەو بنکانەی ناو وڵاتەکەی داخست، کە هێزە ئەمریکییەکان بەکاریان دەهێنا، دواتر سەرجەم بنکەکانی بە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دا.

بڕیارەکەی ئەنقەرە چەند ساڵێک درێژەی کێشا و تاکو ساڵی ١٩٧٨ کاتێک کۆنگرێسی ئەمریکا ئابڵوقەی چەکی لەسەر تورکیا هەڵگرت و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئەو وڵاتە دەستپێکردەوە، جارێکی دیکە بنکەکە بە ڕووی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا کرانەوە.

پاراستنی هەرێمی کوردستان
دوای ئەوەی شەڕی کەنداو کۆتایییهات، هاوڵاتیان و خاکی هەرێمی کوردستان هێشتا لە بەردەم هەڕەشەی هێزەکانی رژیمی سەدام حسێندا بوون.  فڕۆکەکانی سوپای ئەمریکا بنکەی ئینجیرلیکیان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی هاوکارییەکان بەکاردەهێنا. بەم جۆرەش لە بنکەی ئینجیرلیکەوە پارێزگاری لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و خاکەکەی کرا.

چاوی ئینجیرلیک بەرەو کەنداو
ئاستی بەکارهێنانی بنکەی ئینجیرلیک لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا فراوانتر بوو، بەم جۆرەش بنکەکە جارێکی دیکە گرنگییە سەربازیی و جوگرافییەکەی پەیدا کردەوە، بە تایبەت بۆ هێزە ئاسمانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لە جەنگی یەکەمی کەنداوی دژ بە دەوڵەتی عێراق، لە ساڵانی ١٩٩٠-١٩٩١، بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەکارهێنرایەوە.

بەشێکی زۆر لە ئۆپراسیۆنەکان لە رێگەی خاکی هەرێمەوە ئەنجامدەدران و 140 فڕۆکەی ئەمریکی لە بنکەی ئینجیرلیکەوە هاوکاری هێزە وشکانییەکانی ئەمریکایان دەکرد لە شارەکانی هەرێم، بەم جۆرەش هێزەکانی رژێمی عێراق لەنێوان ناوچەکانی باشور و باکوردا لێکدابڕن، ئەمەش وای کرد هێزە عێراقییەکان لە کاتێکی کەمدا تێکبشکیندرێن و نەتوانن خۆیان رابگرن.

رژێمی سەدام حسێن خاوەن موشەکی سکۆدی روسی بووە و دواتر خۆی پەرەی پێداوە. ئەمریکا پێی وابووە ئەگەر هەیە سەدام حسێن بەم موشەکە  هێرش بکاتە سەر بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک، بۆیە سیستەمی بەرگری پاتریۆتی لە بنکەکە جێگیرکرد.

ئەمریکا لە ئینجیرلیک چی دەکات؟
بنکەی ئینجیرلیک بە دریژایی مێژووە ئاڵۆز و ناسەقامگیرەکەی، بۆ بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرنگ بووە، بەتایبەت لە دوای ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە ناوچەیەکی گرنگ، ئاڵۆز و شوێنی ململانێکانی نێوان زلهێزەکان، لەنێویشیاندا ئەمریکا و روسیا.

بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک لە ئۆپراسیۆنەکاندا لە بەشێک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بودجەیەکی زۆر بۆ سوپای ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە، چونکە شوێنە جوگرافییەکەی بنکەکە وەهای کردووە، فڕۆکەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان بە ماوەیەکی کەم بگەنە هەر شوێنێکی ناوچەکە.


ئەمریکا لە ئینجیرلیکەوە بۆ هەولێر
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرەتای دامەزراندن و دروستکردنی بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیکەوە تاکو ئێستا، ملیۆنان دۆلاری لە بنکەکەدا خەرج کردووە، هەزاران سەرباز و دەیان تۆن چەکی بۆ بنەکەکە گواستووەتەوە، لە بەرامبەردا لە دەیان ئۆپراسیۆن و هێرشی سوپاکەیدا سودی لێوەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا پنتاگۆن هەمیشە بە دوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت، چونکە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە وای کردووە، بنکەکە نەبێت بە شوێنێکی جێگیر و دڵنیا بۆ فڕۆکەکانی پنتاگۆن کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە شوێنێکیان هەیە هێرشی بکەنە سەر.

ئەم نادڵنیاییە لە دۆخی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و پێکدادانی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە، وای لە ئەمریکا کردووە، پەنا بۆ شوێنێکی دیکە ببات، کە لە رووی جوگرافییەوە هەمان گرنگی هەبێت، لە رووی پەیوەندیییەوە جێگیرتر بێت و لە رووی هەژموونیشەوە، زیاتر لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت.

ئەمریکا چاوی لە هەرێمی کوردستان و ئەردەن بوو، دوای ماوەیەکیش هەردوو شوێنەکە تاکو ئاستیکی زۆر بوون بە دوو شوێنگرەوەی ئینجیرلیک بۆ ئەمریکا.

دوای ئەوەی تورکیا لە جەنگی ئەمریکا دژ بە عێراق لە 2003دا رێگەی بە پنتاگۆن نەدا بنەکەکە بەکاربهێنێت و لە شەڕی دژ بە داعشیشدا لەبری ئینجیرلیک هەولێر بەکارهێنرا، ئیدی تاکو ئاستێک دەتوانرێت بوترێت ئەمریکا لە ئنجیرلیکەوە رووی لە هەولێر کرد.

هەولێر پێگەیەکی گرنگی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان هەبوو لە شەڕی داعشدا، فڕۆکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەولێریان کرد بە بنکە و ناوەندی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان، کە ئەمەش وای کرد تورکیا زیاتر لە ئەمریکا نیگەران ببێت و پەیوەندییەکانی ئاڵۆزی زیاتری تێبکەوێت.

سەرەڕای ئاڵۆزی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتۆن، بەرپرسانی ئەنقەرە هەوڵ دەدەن ئەمریکا لە بنکەی ئینجیرلیک بمینێتەوە، چونکە بەشێکی زۆر لە گرنگیی بنکەکە پەیوەستە بە بوونی سوپای ئەمریکا تێیدا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کاتانەی ئاڵۆزیی دەکەوێتە نێوان پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا، تورکیا دیسان هەڕەشەی داخستنی بنکەی ئینجیرلیک دەکات، ئەمەش ئەمریکا لە بوونی لە بنکەکەدا دەخاتەوە گومانەوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و بەهۆی بوونی شوێنگرەوەکانی وەک هەولێر و ئەردەن، ئەم هەڕەشانە وەک جاران گرنگیان لای ئەمریکا نەماوە.

بەرپرسانی ئەمریکا هەمیشە هەڕەشەی داخستنی ئینجیرلیکیان کردووە و نوێترین و دیاترینیشیان ئەو کاتە بوو، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسای کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی پەسەند کرد، پاش چەند کاتژمێرێک رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی داخستنی بنکەی ئینجیرلیکی کردەوە.

ئینجیرلیک؛ بنکەی چەکە ئەتۆمییەکانە؟
تاکو ئێستا ناتۆ، ئەمریکا و تورکیاش خۆیان لە بابەتی بوونی چەکی ئەتۆمی لە بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک دەپارێزن و لەو بارەیەوە بە شێوەی فەرمی لێدوان نادەن. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە پسپۆرانی سەربازی چەند جارێک باسیان لە بوونی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی رێکخراوی ناتۆ کردووە لە بنکەکە.

هانس م. کریستێنسن بەڕێوەبەری پڕۆژەی زانیاریی چەکە ئەتۆمییەکان لە فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، لەژێر بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیکدا، دەورووبەری ٥٠ بۆمبی هایدرۆجینی جۆری B-61 دانراوە و پارێزراوە.

لە ساڵی ٢٠١٦شدا رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە، لە بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک ١٨٠ دانە لە جۆری بۆمبی هایدرۆجینی B-61 بوونی هەیە، کە سەرجەمیان هی وڵاتانی بەلجیکا، هۆڵەندا و ئەڵمانیان.

دوای چەند رۆژێکیش لە هەوڵی کودەتا سەرنەگرتووەکەی ١٥ی تەموزی 2016، گۆڤاری نیۆرکیس لە هەواڵێکدا باسی لەوە کردبوو، بنکەی ئینجیرلیک گەورەترین شوێنی هەڵگرتن و پاراستنی چەکە ئەتۆمییەکانی ناتۆیە.

هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموز لە ئینجیرلیکەوە سەرپەرشتی کرا؟
دوای هەوڵی کودەتای 15ی تەموزی 2016 لە تورکیا، چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگریی و بەشێک لە میدیا ناوخۆی و بیانییەکانیش، باسیان لە رۆڵی بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک لە هەوڵی کودەتاکەدا کرد. تەنانەت بە تۆمەتی هاوکاریکردنی هەوڵی کودەتاکە، بەکر ئەرجان ڤان کە یەکێک بوو لە فەرماندە باڵاکانی بنکەکە دەستگیرکرا.

دواتر رۆژنامەی نیو یۆرک تایمز ئاشکرایکرد، ئەو فەرماندەیە پێش دەستگیرکردنی داوای پەنادانی لە ئەمریکا کردووە، بەڵام رەتکراوەتەوە.

هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کرد، کودەتا سەرنەگرتووەکەی 15ی تەموز کە بەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغاندا کرا، لە بنکەی ئینجیرلیکەوە و بە هاوکاری ئەمریکا پلانی بۆ دانراوە، پاش هەوڵی کودەتاکەش بەشێک لە میدیا نزیکەکان لە پارتی داد و گەشەپێدان باسیان لەوە دەکرد، ئەمریکا لە رێگەی بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیکەوە هاوکاری رێکخەرانی هەوڵی کودەتاکەی کردووە، بەڵام ئەمریکا چەند جارێک و بە شێوەی فەرمی و نافەرمی ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.