ڕاپۆرتی جیهانی

02:14 - 06/05/2020

لە پاراستنی زیندانییانەوە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان‌

پەیسەر

زیندانەکان لە ئێستادا ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان، لە کاتێکدا پێشتر هەندێکیان بۆ ریگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمەکان دروستکرابوون. لە ئێستاشدا لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە،ژمارەیەکی زۆر  زیندانیی ئازادکراون.

لە زیندانەکاندا ڕێگای خۆپارێزیی دابڕانی کۆمەڵایەتی ئەستەمە

لە ئێستادا زیندانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکابەهۆی بڵاوبوونەوەیەکی زۆری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە هۆڵی زیندانەکاندا، بەشێک لە زیندانییەکانیان ئازادکردووە و گفتوگۆکانیش لەبارەی ئازادکردنی بەشێکی دیکەی زیندانییەکانبەردەوامن.
لە زیندانی شارەکان و زیندانەکانی دەوڵەتدا بە سەدان زیندانی و کارمەندی زیندانییەکان تووشی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ بوون. شاری نیویۆرک، کالیفۆرنیا و ئۆهایۆ لە یەکەمین شارەکان بوون ئەو زیندانییانەیان ئازادکرد کە سزای سوکیان هەبوو، پاشان شارەکانی دیکەش هەمان هەنگاویان هەڵگرت، چونکە تاکە ڕێگەی پاراستنی ژیانی زیندانیان بوو.

بە شێوەیەکی گشتی زیندانەکان کەموکوڕییان لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی پاکوخاوێنیی هەیەو خزمەتگوزاری تەندروستییان زۆر کەمە.

لە زیندانەکاندا ڕێگای خۆپارێزیی دابڕانی کۆمەڵایەتی ئەستەمە مەگەر لە زیندانی تاکەکەسیدا هەبێت، بەڵام ئەوەش زیانی دەروونیی و جەستەیی هەیە.

ئاشڵی ڕۆبن، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی هاوای، کە سەرقاڵی توێژینەوەیە لەبارەی زیندانەکانەوە، دەڵێت "زیندانە زۆر سەرەتاییەکانی ویلایەتە ئەمریکییەکان بەشێوەیەک دروستکرابوون کە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان بکەن، بەڵام لە ئێستادا سەنتەری بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکانن."

زیندانە ئەمریکییەکانی جاران
یەکەم بەندیخانە گەورەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدەرئەنجامی کاردانەوەی زۆربوونی توندوتیژیلە گرتوخانەکانی سەردەمی کۆڵۆنیالیزمەوە بوون. گرتوخانەکانی سەردەمی کۆڵۆنیالیزم بەوجۆرەی ئێستا نەبوون کە ئێمە تێیدەگەین: شوێنی سزادانی ماوە درێژی کەسانێک لەبەرامبەر تاوانێکدا کە ئەنجامیانداوە. ئەم جۆرە لە زیندان داهێنانێکی نوێیە و مێژوویان لە ئەمریکادا دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٨٠کان و ١٩٧٠کان لە دوای شۆڕشی ئەمریکی.

پێشووتر، ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا پشتیان بە لەسێدارەدان و  سزای جەستەیی دەبەست بۆ سزادانی تاوانباران.


گرتوخانەکانی ئەمریکا و ئینگلتەرا لەو ماوەیەدا مەڵبەندی سزادان نەبوون، قەرزارەکان لەوێدا دەگیران تا قەرزەکەیان دەگەڕاندەوە، دەربەدەرەکان دەگیران تا کارێکیان دەدۆدزییەوە. تاوانبارە تۆمەتبارەکانیش لە چاوەڕوانی دادگاییدا زیندانیی دەکران و تاوانبارە دانپێدانراوەکانیش لە چاوەڕوانی سزادا زیندانی دەکران یاخود تا ئەوکاتەی بڕی پارەی داواکراوی دادگایان دەدا.
بەشێوەیەکی گشتی گرتوخانە سەرەتاییەکان بە مەبەستی زیندانیکردنی درێژماوە دروستنەکرابوون، تەنانەت بۆ ئەو کەسانەشی مانگێک یان زیاتر دەمانەوە نالەبار بوون.
بونیادی دروستکردنی ئەم یەکانە زۆرجار لەلایەن کوێخای شارەوانی یاخود خەڵکی مەدەنییەوە ئامادەکرابوون، کە زۆرجار پێشکەشكردنی ژوورێک بوو لەبەرامبەر کرێی مانگانەدا. گرتوخانەکان هەندێکجار ژوورێکی سەربەخۆ بوون لەتەنیشت مەیخانەیەکی شارەوە یان باڵەخانەیەکی لە بەرد دروستکراو کە پەنجەرەکانی گیرابوون و هەندێک جاریش ژوورێکی ژێرزەمینی بوون.

 

نەخۆشی تەنها لەنێو گرتوخانەکەدا بڵاونابێتەوە بەڵکو پەلدەکێشێت بۆ دەرەوەش و ناو کۆمەڵگە

ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی
جۆن هاوارد، ئەرستۆکراتێکی بەریتانی کە بیرۆکەکانی کاریگەرییان لەسەر چاکسازی لە زیندانە ئەمریکییەکاندا هەبووە، نیگەرانی بارودۆخی ژیانکردنی خەڵکی گرتوخانەکان بوو، چونکە بڵاوبونەوەی نەخۆشی، توندوتیژی و چەوساندنەوە بەردەوام مەترسییەکی سەرەکی ناو ئەم گرتوخانانەبوون.
کاتێک بوو بە کوێخای شارەوانی لە کتێبەکەیدا بەناوی "دۆخی گرتوخانەکان"' باس لەوە دەکات کە ناچاربووە بۆنی سرکە بکات تاکو خۆی لە بۆنی ناخۆشی گرتوخانەکە بپارێزێت لەکاتی سەردانیکردنیدا.
هاوارد هۆشداری لەبارەی ئەوەشەوە داوە کە "نەخۆشی تەنها لەنێو گرتوخانەکەدا بڵاونابێتەوە بەڵکو پەلدەکێشێت بۆ دەرەوەش و ناو کۆمەڵگە."

هاوارد دۆخێک بە نموونە دەهێنێتەوە کە تێیدا زیندانییەک لە گرتوخانەکەوە بەرەو دادگا دەبرێت، لە ماوەی ٤٠ کاتژمێردا ٣٠٠ کەس کە لە دادگادا ئامادەبوون بە "تای زیندان" گیانیان لەدەستدابوو.

هەروەها لە کتێبەکەدا باسی لەو زیندانییانەکردووە کە دوای ئازادبوونیان گەڕاونەتەوە ماڵەوە و کەسانی ناوچەکەی خۆیان تووشی چەندین جۆری نەخۆشی جۆراوجۆرکردووە.
بەبڕوای هاوارد بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، هاوشێوەی کردەی بڵاوبوونەوەی تاوانکردنە، بەجۆرێک هەرزەکاری گرتوخانەکان کە منداڵی ئەوکەسانەبوون بۆ قەرز گیرابوون یان لە چاوەڕوانی دادگادا بوون،گوێبیستی چیرۆکە  توندوتیژ و سەرکێشییەکانی گەورەکان دەبوون و کاتێک گەورە دەبوون ئەوانیش دەبوون بە تاوانبار.

یەکەمین زیندانەکانی ئەمریکا
کاتێک هاوارد ڕوونیکردەوە  گرتوخانەکان هەڕەشەن بۆسەر  ژیانی کۆمەڵگا، بنیامین ڕەش، فیزیاناس و چالاکوانی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ وڵاتەکەی کە فیلادیلفیابوو، بیرۆکە و پێشنیارەکانی هاواردی پێشکەشی ئەمریکا کرد.
دوابەدوای خوێندنەوە و تێگەیشتنی کتێبەکەی هاوارد چاکسازانی بواری زیندانی ئەمریکا داوای جۆرێکی نوێی زیندانیان کرد کە هۆڵەکانی تایبەت بە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و تاوان دروستکرابن.
هاوارد پێشنیاری کردبوو یەکەکان هەواگۆڕکێیان هەبێت و ڕۆژانە پاکبکرێنەوە. جل و بەرگ و جێگە خەوەکان هەفتانە بگۆڕدرێن. هەروەها ستافێکی تەندروستی و پزیشک هەبێت کە ئاگاداری تەندروستی زیندانییان بێت.
هاوارد پێشنیاری ئەوەشی کردبوو " دەبێت تاوانبارانی پیاو لە تاوانبارانی ژن و  تاوانبارە گەنجەکان لە گەورەکان جیابکرێنەوە. قەرزارەکانیش لە تاوانبارە هەستیارەکان بە تەواوی جیابکرێنەوە."
داواشی کردبوو زیندانیانیش لە هۆڵەکاندا لەڕێگەی خانەی تایبەتەوە جیابکرێنەوە لەیەکتر و بەهیچ شێوەیەک قەرەباڵغی دروستنەکرێت. هەموو ئەمانە یارمەتیدەربوون لە بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان.
لە ساڵی ١٩٧٤ فیلادیلفیا یەکەم شاربوو بەگوێرەی کتێبەکەی هاوارد گۆڕانکاری لە زیندانی شارەکەیدا کرد، هەروەها یەکەم زیندانی دەوڵەت بووکە مۆدێلی ئەو زیندانە لە ئێستادالە سەرتاسەری جیهاندا کاری پێدەکرێت.

زیندانەکان چیتر شوێنێکی پارێزراو نین بۆ زیندانییان

خزمەتگوزاری تەندروستی لە زیندانەکانی ئەمڕۆی ئەمریکادا
ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە لە بنەمای زیندان کە شوێنی پارێزگاریکردنی کۆمەڵگە و زیندانییانە لایداوە. بەوپێیەی بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و زۆربوونەوەی ڕێژەی تاوانباران و زیندانی، لەسەر هەمان مۆدێلی زیندان هەوڵیداوە جێگای زیندانییان بکاتەوە. ئەمەش قەرەباڵغییەکی ئێجگار زۆری لە زیندانەکاندا دروستکردووە و چیتر شوێنێکی پارێزراو نین بۆ زیندانییان.

لە ساڵی ١٩٩٣ بڕیارێک لە دادگاوە بۆ ٤٠ ویلایەت دەرچوو کە دەبوو قەرەباڵغی زیندانەکانیان کەمبکەنەوە، ئەگەرنا ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبنەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دانیشتوانی زیندانەکان هەر لە زۆربووندا بوون.

لە ساڵی ٢٠١١ دادگای ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی زیندانییان و قەرەباڵغی زیندانەکانەوە، تەندروستی زیندانییان لە مەترسیدایە و چەندین کەیسی مردن و کوشتن ڕوویانداوە.

ئیستاش لە هەلومەرجی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا، هەمان کێشەی قەرەباڵغی و زۆری ڕێژەی زیندانییان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەیەکی بەرچاوی ڤایرۆسەکە و ژیانی زیندانییان و کۆمەڵگەش لە مەترسیدایە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییەکان ببێتە باسی سەرەکی بەرپرسانی وڵاتەکە.

کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنا پیشانیدا کە دیوارەکانی زیندان، زیندانییان و کۆمەڵگە لەیەکتر جیاناکاتەوە، بۆیە پێویستتی چاکسازییەکی دیکە بۆ زیندانەکان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی زیندانەکان لەدوای کۆتاییهاتنی ڤایرۆسەکە لە ئارادایە، ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ ئامۆژگارییەکانی هاوارد، دەبێت زیندانەکان قەرەباڵغ نەبن تاکو ژیانی زیندانیان و خەڵکی کۆمەڵگە پارێزراو بێت.