ڕاپۆرتی جیهانی

12:20 - 08/05/2020

تالاسیما نەخۆشییەكی درێژخایەن، لە باوانەوە دەگوازرێتەوە‌‌

پەیسەر


رۆژی 8/ئایاری هەموو ساڵێك دیاریكراوە بۆ رۆژی تالاسیما و لەو رۆژەدا خەڵك و حكومەتەكان و دەزگا تەندروستیەكان جیاواز لە رۆژانی تر، گرنگی زیاتر بە نەخۆشەكان دەدەن، چەندین چالاكی تێدا ئەنجام دەدرێت و دیارترینیان بەخشینی خوێنە، لەبەر ئەوەی نەخۆشەكانی تالاسیما بەردەوام پێویستیان پێیەتی.
 
تالاسیما كە بە كەم خوێنیش بەناوبانگە یەكێكە لەو نەخۆشییە درێژخایەنانەی كە بەهۆی بۆماییەوە مرۆڤ توشی دەبێت، پزیشكانی پسپۆڕیش ئاماژە بەوە دەكەن چاكبوونەوەیان نیەو تەنها دەبێت مامەڵەی تەندروست و بەبەرنامەی لەگەڵ بكرێت.
لەڕووی تەندروستیەوە تالاسیما دەبێتە هۆی کەم خوێنی لەو کەسەدا و نەبوونی ماددەی هیمۆگڵۆبینە لەناو خرۆکە سورەکانی خوێندا، کە بەرپرسە لە گواستنەوەی ئۆکسجین و خۆراك بەناو لەشدا، هاوکات ده‌بێته‌ هۆى شكاندنی هيمۆگلۆبين و شيكردنه‌وه‌ى له‌ كاتێكی زوودا كه‌ ده‌بێته‌ هۆى كه‌م خوێنيه‌كی توند.
نەخۆشیەكە بۆماوەییە، لە دایك و باوكەوە بۆ منداڵان دەگوازرێتەوە، لە ڕوانگە زانستیەكەیەوە هەر كۆرپەلەیەكی ئاسایی لە سكی دایكدا خڕۆكە سورەكانی بە جۆری F دادەنرێت، كاتێك لە دایك دەبێت دەگۆڕێت بۆ جۆری A، بەڵام لە منداڵانی توشبووی تالاسیمیا جۆری F دەمێنێتەوە و ناگۆڕێت بۆ جۆری پاش لەدایكبوون.
نیشانەكانی نەخۆشی تالاسیما:
1-هیلاك و بێهێزبوونی زۆر.
2-تێكچوونی ڕەنگ و زەرد هەڵگەڕانی پێست.
3-گەشەی ئێسكەكانی دەموچاو بە شێوەیەكی ناسروشتی.
4-لاوازی گەشە و ئاوسانی سك.
5-تێربوونی ڕەنگی میز.
پاش لەدایكبوون منداڵانی توشبووی تالاسیما پێویستە بەردەوام خوێنیان تێبكرێت، كەسی گیرۆدە ئەگەری ئەوەی هەیە هەڵگربێت، ئەگەری ئەوەشی هەیە توشبووبێت.
چۆنیەتی چارەسەركردنی نەخۆشی تالاسیما:
1-پێدانی خوێن.
2-پێدانی مۆخی ئێسك
3-چارەسەری دەرمانی
4-نەشتەرگەری لابردنی سپڵ و زراو.
كەسی توشبوو تەنها لە پشكنیندا دەردەكەوێت كە تالاسیمای هەبێت و ئەگەری ئەوەشی هەیە كەمخوێنییەكی كەمی هەبێت، بەڵام تالاسیمای قورس لە شەش مانگی سەرەتای ژیانیەوە دەردەكەوێت و بۆ هەموو ژیانی پێویستی بە خوێن دەبێت. 
نيشانه‌كانی نادیارەكان تالاسیما چین؟
هەندێک کەس هێندە نیشانەکانی تێدا دەرناکەوێت و ئاساییە، كاتى پشكنينى خوێن دەردەکەوێت، لەتەمەنی دوو بۆ چوار ساڵی هەستی پێ دەکرێ و ئەم نیشانانەی تێدا دەردەكەون.
1-  بەردەوام کەم خوێنە و پێویستی بە پێدانی خوێن هەیە لە نەخۆشخانە.
2- زوو ماندوو دەبێت و هەست بە شەکەتی و کرژبوونی گیانی دەکات
3-  سەری گێژ دەخوات و بێ هۆش دەبێت.
4- هەندێک کات جگه‌ر و سپڵی هەڵدەئاوسێت و جەستەی تەواو بێزار دەبێت و تووشی زه‌ردوى دەبێت.
5- خێرای لێدانی دڵی کەمدەبێتەوە و خواردن کەم دەخوات.
6- گەشەکردنی خاو دەبێتەوە بەتایبەتی لەڕووی باڵا و کێشەوە.
7-ڕەنگی میز دەگۆرێت.
8-هەندێکجار لەشی نەخۆشەکە زیاد لە سنوری خۆی خڕۆکەی سور دروستدەکات.
9-بەهۆی پێویستی (ئێسک و جگەر و سپڵ)، ئەمەش زیانی هەیە و دەبێتە هۆی  گۆرانى ئێسكه‌كانى لەش.
10هەوکردنی بەگشتی زیاد دەکات، بەهۆی زۆری خوێن وەرگرتنەوە ڕەنگە تووشی نەخۆشی خراپتر ببێت.
بەگشتی چارەسەری تەواوەتی نییە، بەڵام جۆرەکانی تالاسیما دەگۆڕێت هەندێکیان قورس نییە و پێکهاتووە لە سێ جۆر تالاسیمیای بچوک و مامناوەند و گەورە، کە لە ڕێگای پێدانی خوێن، چاندنی مۆخی ئێسک، بەکارهێنانی چەند جۆرێکی دەرمان، نەشتەرگەریی لابردنی سپڵ و زراو چارەسەردەکرێت.

گرنگە هەردوو ڕەگەز پێش پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری پشکینین ئەنجام بدەن، چونکە هەندێک کەس هەڵگری نەخۆشیەکەن بەڵام دەرناکەوێت بەتایبەتی ئەگەر ئەو دوو کەسە خزمی یەکتری بن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە بکەن.