ڕاپۆرتی جیهانی

03:29 - 12/05/2020

ئەشكەنجە سزای نەیاران و جێبەجێكردنی شەرع‌

پەیسەر

ئەشكەنجە شێوازێكی توندی سزا، یان ناچاركردنی مرۆڤە كە لە نێو زۆر كۆمەڵگەو سیستەمە فەرمانڕەواییەتیەكاندا پەیڕەویی لێكراوە، كاتێكیش ئەو ئەشكەنجەیە لەنێوكۆمەڵگەدا پشتیوانی ئایینی و ئایدۆلۆژیی بۆ پەیدا دەبێت ئیتر لێرەوە دەبێتە بابەتێكی زیندوو، باسكردن لە ئەشكەنجەو سزا زۆرترین قسەو باسی لەبارەوە دەكرێت و ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و پەیڕەوی نێوخۆی كۆمەڵەو ڕێكخراوەكان داگیر دەكات.

 
ئەشکەنجە لە شارستانییەتە کۆنەکاندا
دەسەڵاتدارانی شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی کۆن، بەتایبەتی میصر، ڤینیسیا، بابیلۆن، ئاشوور و فارسی کۆن، چەندین فۆڕمی جیاوازی ئەشکەنجەدانیان بەرامبەر دوژمنەکانیان پەیڕەوکردووە. هەروەها لەڕێی بەستنەوەی توندوتیژی بە بەهای کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی ئەوسەردەمەوە ئەشکەنجەدانیان بە یاسایی کردووە.

بۆ نمونە لە زۆرینەی بەسەرهاتەکانی کتێبی پیرۆزی کۆن و لە قورئانیشدا باس لە چەندین ئەشکەنجەی جۆراوجۆر دەکەن کە فیرعەون لە میصر ئەنجامیداوە. فیرعەون خۆی لە جێی خودا داناوە و چەندین جۆری توندوتیژی بەرامبەرنەوەی ئیسرائیل ئەنجامداوە، هەر بە هۆکاری ئەو توندوتژیی و ئەشکەنجانەش بوو کە جولەکەکان لە مصر  ڕۆیشتن و جێیانهێشت.

هەروەها لە کتێبی بەسەرهاتەکانی پاشاکاندا باس لەو وەحشی گەرێتییە کراوە کە نەبوخەز نەسری پاشای بابل بەرامبەر بە بەنی ئیسرائیل ئەنجامیداون لەدوای ئەوەی دەستی بەسەر مەملەکەتەکەیاندا گرتووە.

فَأَخَذُوا الْمَلِكَ وَأَصْعَدُوهُ إِلَى مَلِكِ بَابِلَ إِلَى رَبْلَةَ وَكَلَّمُوهُ بِالْقَضَاءِ عَلَيْهِ، وَقَتَلُوا بَنِي صِدْقِيَّا أَمَامَ عَيْنَيْهِ، وَقَلَعُوا عَيْنَيْ صِدْقِيَّا وَقَيَّدُوهُ بِسِلْسِلَتَيْنِ مِنْ نُحَاسٍ، وَجَاءُوا بِهِ إِلَى بَابِل".
ئەم پراکتیزە قێزەونانە لە دەرهێنانی چاو و  هەڵواسین لە شوێنە گشتیەكاندا بەشێوەیەکی بەرچاو و باو لە ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکانی خواروودا ڕوویاندەدا. بەتایبەتیش لەبەرئەوەی پیشاندانی هێز و چەوساندنەوەی خەڵک یەکێکبوو لەڕێگا باو و کاریگەرەکانی بەدەستهێنانی هەیمەنەو چەسپاندنی دەسەڵات.

هەربۆیە کاتێک مێژوو لەبارەی ئەشکەنجەکانی ئاشوورییەكان و فارسی کۆنەوە بۆمان دەدوێت و باس لە ئەشكەنجەگەلی وەک سووتاندن بە ئاگر، ڕژاندنی مس بەسەر سەری ئاشکەنجەدراواندا، بڕینی دەست و قاچ و کوێرکردنی چاوەکانیان دەکات، شتێکی نامۆ نییە.

لە بەری ئەوبەری کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست، هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە شارەکانی یۆناندا جیاوازبوو. تێیدا دۆخی ئەشکەنجەدان زۆر لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی خواروو کەمتربوو. برایان ئینز لە کتێبەکەیدا بەناوی "مێژووی ئەشکەنجەدان"دەنووسێت "کاتێک شۆڕشی سەر نیارخوسی ستەمکار شکستی هێنا و زینۆن ئیلیای فەیلەسوف کە بەشداری ئەو شۆڕشەری کردبوو، دەستی بەسەردا گیرا، کەوتە ژێر ئەشکەنجەیەکی قورس تاکو زانیاری لەبارەی هاوبەشەکانی بدات و ئەویش رەتیدەکردەوە. کاتێکیش لە نیارخوس نزیکبوەوە بە ددانەکانی گوێچکەی قرتاند."

زۆرینەی ئیمپراتۆریەتە ڕۆمانییەکان، بە ئەشکەنجەدەرانی نەیارانیان ناوبانگیان دەرکردبوو. لە دیارترینیان ئیمپراتۆر تیبیریۆۆس بوو، بەوە ناسرابوو لەڕێی دەرخوارد دانی شەرابی زۆرەوە بە قوربانییەکانی و بەستنەوەیان پێکەوە و ئازاردانی جومگەکانیان ئەشکەنجەی خەڵکی دەدا. هەروەها کالیگگۆلای کوڕی گۆشتی نەیارانی خۆی بە شمشێر دەبڕی و دەرخواردی ئاژەڵە دڕندەکانی مەیدانی یارییە جەنگییەکانی خۆی دەدا.

لەنێوان سزا و ئەشکەنجەدا
هاوکات لەگەڵ دروستبوونی یەکەمین دەوڵەتی ئیسلامیدا کە لە ساڵی یەکەمی کۆچیی لە مەدینە دامەزرا، سیستمێکی سزادان لە ئیسلامدا پەیدابوو کە بە ناوی سزای شەرعی ناسراوە.
بەشی زۆری ئەو سزایانەپەیوەندی بە ئەشکەنجە و ئازاری جەستەییەوە هەبوو و لە چەند دۆخێکدا جێبەجێدەکران وەک: جەڵد لێدان(شوڵکاری) لە دۆخی زیناکردن و خواردنەوەی کحولدا، دەستبڕین لەکاتی دزیکردندا و هەڵواسین لەدۆخی ناکۆکیدا کە پەیوەندیدار بێت بە خیانەتی خوێنییەوە.

بەشێکی ئەو سزایانە هاوشێوەی بەیاننامەکەی موسایە لە تەوراتدا  کە جولەکەکان پەیرەویان دەکرد و زۆرینەی ئەشکەنجەکان لەپێش ئیسلامەوە لەنێو هۆز و عەرەبەکاندا ئەشکەنجەی دیار و باو بوون.

لەڕاستدا ناتوانین نکۆڵی لە تایبەتمەندێتی ئەشکەنجەدان لە شەریعەی ئیسلامیدا بکەین، وەک لە ئایەتێكی سورەتی 'نور"دا هاتووە کە جەڵد لە زیناکارەکان بدرێت تاکو ئازارەکەیان لەلایەن موسوڵمانانەوە ببینرێت "وليشهد عذابهما طائفةٌ من المؤمنين".


یەکێک لە ئامانجەکانی هەبوونی ئەشکەنجە لە سزای شەرعیدا وەک جۆرێک لە سزابووە بەرامبەر تاوانباران. بەبڕوای بەشێک لە زانا ئایینییەکان سزای شەریعەت لەپێناو باشترکردنی دنیا و لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەدایە.

مەنزومەی فیقهی ئەشکەنجەدان ڕەتدەکاتەەوە
ئاڕاستەی بیركردنەوەی موسڵمانانی سەردەمی زوو، کە ئەشکەنجەدان وەک سزایەک بۆ وەڵامی تاوانکاری بەکاردەهێنێت بە زوویی لەدوای فراوانبوونی دەوڵەتی ئیسلامی دۆگۆڕێت و دەست بەسەر عێراق و شام و میصر و شارە فارسەکاندا دەگرێت و ئەشکەنجەدان دەبێتە ئامرازێکی دەسەڵات لە دەستی خەلیفە و شازادەکاندا کە بۆ ئازاردان و چەوساندنەوەی نەیارانیان بەکاریان هێناوە.

سەرەڕای چەندین نمونەی مێژوویی دیکە، عومەری کوری خەتاب دەگێڕێتەوە کەوا گوێی لە پێغەمبەری خودا بووە گوتوویەتی "خەڵک ئازارمەدەن، ئەوانەی لە دنیادا خەڵکی ئازاردەدەن، خودا لە ڕۆژی دواییدا ئازاریان دەداتەوە."بۆیە لێرەوە بەشێکی زۆری نووسراوە فیقهییەکان لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی ئەشکەنجەدان نووسراون.

ئەبو وەلید ئیبن روشد، قازی و فەیلەسوفی ئەندەلووسی گوتویەتی "نابێت کەس ئەشکەنجە بدرێت، جگە لە سزای جەڵد و زیندانیکردن هەر وەک لە قورئاندا هاتووە. ئەشکەنجەدانی کەسێک بەدەر لەو دوو ئەشكەنجەیە بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە."

ئەوەی بە مەنزومەی فیقهی ئیسلامی ناسراوە، بە تەواوی رەتیدەکاتەوە ئەشکەنجەدان لەپێناو بەدەستهێنانی هێزو دەسەڵات یاخود لەپێناو مامەڵە سیاسییەکاندا بەکاربهێنرێت. هەروەها بایی ئەوەندە نەرمی نواندووە کە ڕێگە بە کۆمەڵگە دەدات دەستوورەکەی لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دنیای مۆدێرنەدا بگۆڕێت و بگونجێنێت.

ئەشكەنجە شێوازێكی توندی سزا، یان ناچاركردنی مرۆڤە كە لە نێو زۆر كۆمەڵگەو سیستەمە فەرمانڕەواییەتیەكاندا پەیڕەویی لێكراوە، كاتێكیش ئەو ئەشكەنجەیە لەنێوكۆمەڵگەدا پشتیوانی ئایینی و ئایدۆلۆژیی بۆ پەیدا دەبێت ئیتر لێرەوە ئەشكەجە دەبێتە بابەتێكی زیندوو، زۆرترین قسەو باسی لەبارەوە دەكرێت و ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و پەیڕەوی نێوخۆی كۆمەڵەو ڕێكخراوەكان داگیر دەكات.