ڕاپۆرتی جیهانی

04:51 - 17/05/2020

کارەساتی رەوە کوللـە سەری لە ئەمریکا شێواند‌

پەیسەر

لە ئێستادا رەوە كوللە لە ئەفەریقاوە بەرەو هیندستان بەڕێوەیەو بەشێك لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بە عێراق و ئێرانیشەوە دەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی مەترسیەكانی ڕێكخراوی فاو لەو ڕەوە كوللەیە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لە وڵاتان بكەونە خۆیان و تەنانەت ئێران سوپای وڵاتەكەی بخاتە ئامادەباشییەوە، دیاردەی رەوە كوللەی لەو جۆرە زۆر دەمێكە نەبووە، بەڵام مێژوو نوسان باس لەوە دەكەن كوللە لە هەندێك ویلایەتی ئەمەریكا كارەساتی گەورەی خولقاندووە.

لە سەرەتای حوزەیرانی ساڵی ١٨٧٤ جوتیارە ئەمریکییەکانی هەرێمی کانساس بەهۆی باشبوونی کەش و هەوا و باران بارینی زۆرەوە هیوایەکی زۆریان بە بەرهەمهێنانی ڕێژەیەکی زۆری گەنم و شۆفانهەبوو، لەو ساڵەدا زەویەکان بە پیتبوون و سەرچاوەیەکی خۆراکیی باشی مەڕ وماڵاتەکان بوون، بەڵام بەهۆی کارەساتێکی سروشتییەوە ئەو هیوایەی جووتیاران هەر زوو لەناوچوو.

لەو ماوەیەدا و لەکۆتایی بەهاری ساڵی ١٨٧٤دا وشکەساڵی ڕووی کردە ناوچەکانی نێبراسکا، کانساس و داکۆتای باکور و داکۆتای باشوور، ئایۆوا، تەکساس و کۆلۆرادۆ  و بووە هۆی خولقاندنی کارەساتێکی گەورە. ئەو کارەساتەش کەش و هەوایەکی گونجاوی بۆ رەوە کوللـەکانی شاخی ناوچەکە رەخساند تا ژمارەیان زیاد بکات و هێلکەکانیان لە تەواوی ناوچە کشتوکاڵییەکان دابنێن و ببنە هۆی شێواندنی زەوییەکان.
لە کۆتاییەکانی حوزەیرانی ١٨٧٤ ئاسمانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا لە ڕەنگی شینەوەبۆ ڕەنگی ڕەش بەهۆی ئەو سەدان ملیۆن ڕەوی کولانەوە بەسەر زەوی و زارەکانەوە. ئەو کولانە هێرشیان دەکردە سەر ناوچە سەوزاییەکان و دەیانشێواند. ژمارەیان بەرەو ملیاران زیادی کرد و پاشان لەدوای نەمانی سەرچاوەی خۆراک پەنایان دەبردە بەر تەختە و داری ماڵەکان جل و بەرگی دانیشتوان.

بەپێی ڕوونکردنەوە فەرمییەکانی نێبراسکا، هێرشی ڕەوە کوللـەکان بۆ سەر پەنجەرە و دەرگای ماڵی دانیشتوان و هێرشکردنە سەر سەرچاوە خۆراکییەکانیان خەڵکی ترساندبوو و بە کارەساتێکی مرۆییان هەژمار دەکرد. 

جوتیاران هەوڵیاندەدا بەشە زەوییەکانی خۆیان لەڕێیی داپۆشینیانەوە بە قوماش بپارێزن، بەڵام ئەمەلە وەستاندنی کوللـەکان ڕێگر نەبوو چونکە قوماشەکانیان کون دەکرد و دووبارە دەستیان بە وێرانکاری زەوییەکان دەکردەوە.

بەشێکی دیکەی جووتیاران هەوڵیاندەدا بە کردنەوەی ئاگر کۆتایی بە هێرشی ڕەوە کوللـەکان بهێنن، بەڵام خاوەن زەوییە کشتوکاڵییە گەورەکان نەیاندەتوانی هەمان رێگا بەکاربهێنن و هێرشەکان ڕوویان لە زیادبوون دەکرد.

ئەو زیانە ماددیەی لە هێرشی  ڕەوە کوللـەکان کەوتەوە بە دەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێ،  هەر بۆیە  ساڵی ١٨٧٤ بە ساڵی ڕەوە کوللـەکان ناسێنراوە. ئەمریکیا لیژنەیەکی تایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکە پێکهێننا و هێزێکی سەربازیی ئەمریکی بۆ ناوچەکە نارد تاکو یارمەتی مرۆیی دانیشتوانی ناوچەکە بدەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

لە زستانی ساڵی ١٨٧٥ هێزە ئەمریکییەکان ژمارەیەکی زۆری جل و بەرگ و پێڵاویان بەسەر دانیشتوانی ناوچەکەدا بەخشییەوە و هاوکات زیاد لە ملیۆنێک ژەمە خۆراکیان دابینکرد.

لە زستانی ساڵی ١٨٧٦ بەهۆی باهۆزێکی بەفرینی بەهێزەوە ڕەوە کوللـەکان لەناوچوون و ئەمریکا  تۆوی نوێی  پێشکەشی جوتیاران کرد تا دووبارە دەستبکەنەوە بە بەهێزکردنی زەوی و زارەکانیان.
لە سەدەی بیستەمدا و لە ساڵی ١٩٠٢ ئەو جۆرەی ڕەوە کوللـە بەیەکجاری کۆتاییان هات و دووبارە دەرنەکەوتنەوە.