ڕاپۆرتی جیهانی

05:10 - 17/05/2020

ئەڵمانیا گەورەترین فروشیاری چەکە بە لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا‌

پەیسەر

دەوڵەتی ئەڵمانیا چوار مانگ لەمەوبەر لە بەرلین کۆبوونەوەی لوتکەی لیبیای بەڕێوەبرد و ڕایگەیاند کە پێویستە کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی لیبیا بهێنرێت کە دەوڵەتانی جیهانیش بەشداریان تێدا کردووە، بەڵام ئاشکرا بوو کە تا ئێستادا بە بەهای ٣٣١ ملیۆن یۆرۆ چەک و کەلوپەلی شەڕی بە لایەنەکانی شەڕی لیبیا فرۆشتووە.

سەڤیم داغدەلەن پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا پڕۆژە ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە و پیشکەشی وەزارەتی دارایی حکومەتی ئەڵمانیا کرد کە تێیایدا باس لەوەدەکات، لە ٢٠ی کانونی دووەمەوە تا ٣ی ئازار بە بەهای ٣٣١ ملیۆن یۆرۆ چەکی بە لایەنەکانی شەڕی لیبیا فرۆشتووە لە کاتێکدا کە چەندین جار داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە کردووە.

 

ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەکات کە حکومەتی ئەڵمانیا لەو ماوەیەدا بە تەنها بە بەهای ١٥ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلار چەکی بە دەوڵەتی تورکیا فروشتووە. هەروەها بە بەهای چەندین ملیۆن یۆرۆش چەکی بە سعودیە و میسر داوە.

دوای ڕووخانی دەسەڵاتی موعەمەر قەزافی لە ساڵی ٢٠١٤دا لیبیا ڕووبەڕووی شەڕی ناوخۆیی بووەوە. لەو ساڵەوە لە لیبیا دوو حکومەت هەیە کە یەکێکیان حکومەتی فەیاز سەراچە بە ناوی حکومەتی هاوپەیمانی نیشتیمانی کە ئیتاڵیا، قەتەر و تورکیا پشتگیری لێدەکەن و حکومەتێکی تریش، حکومەتی خەلیفە حەفتارە کە فەڕەنسا، سعودیە، ئیمارات، میسر و ڕووسیا پشتگیری لێدەکەن.

کۆنفڕانسی بەرلین
ڕۆژی ٢٠ی کانونی دووەمی ئەمساڵ بە بەشداری سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپا، ڕوسیا، تورکیا، ئەمه‌ریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکانی لیبیا، لوتکەی بەرلین بۆ چارەسەری قەیرانی لیبیا کۆتاییهات، بەڵام نەیانتوانی چارەسەرێکی خێرا بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەو وڵاتە بدۆزنەوە،هەریەک لە فایز سەراج، سەرۆکی حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی لیبیا و فەرماندە خەلیفە حەفتەر لە لوتکەی بەرلیندا بەبێ دیاریکردنی هیچ وادەیەک، بەڵێنیاندابوو گەمارۆی سەر دامەزراوە نیشتمانییەکانی لیبیا هەڵگرن و ئاگربەست ڕابگەیەنن، بەڵام هیچ بڕیارێکی ئەو کۆنفڕانسە جێبەجێ نەکرا و شەڕ توندتڕ بوو.

 

ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کە وڵاتەکەی میوانداری کۆنفڕانسەکەی دەکرد، دووپاتیکردەوە، کێشەی لیبیا بە ڕێگه‌ی سیاسی چارەسەر دەبێت نەک سەربازی و داوای کردبوو، کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت، بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەی کە سەڤیم داغدەلەن پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا کە بڵاویکردووەتەوە، ئەڵمانیا لە ژێرەوە چەکی بە لایەنەکان فرۆشتووە و قازانجێکی زۆری مادی کردووە.

ساڵی ڕابردوو ئەڵمانیا بە بەهای زیاتر لە ملیارێک یۆرۆ چەکی فروشتووە
ڕۆژی ٥ی ئایار وەزارەتی دارایی ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی ساڵی ٢٠١٩ بە بەهای ملیارێک و ١٠٠ ملیۆن دۆلار چەکی فروشتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٧ بە بەهای ٢ ملیار و ٦٥٠ ملیۆن یۆرۆ و لە ساڵی ٢٠١٦دا بە بەهای دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ چەکی فروشتبوو.

 

بە پێیەش ئەڵمانیا بە پێی ساڵەکانی ڕابردوو، فروشتنی چەکی بە ڕێژەی یەک لەسەر دوو کەمیکردووە و پێدەچێت، بە خۆشکردنی ئاگری شەری لیبیا و وڵاتانی تر بیەوێت ئەو کەمهێنانەی قەڕەبوو بکاتەوە.

تورکیا بۆ کڕینی چەک لە پلەی یەکەمدایە
بە پێی ئەو زانیاریانەی لە ڕاپۆڕتێکی ماڵپەڕی دوێچەڤێلای ئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە، تورکیا، بەریتانیا، کوەیت، لیتڤانیا و سەنگاپور زیاترین چەک لە ئەڵمانیا دەکڕن و لەوانەش تورکیا بە پلەی یەکەم دێت، بەهۆی ئەوەی لە ناوخۆ، لە سوریا لە هەرێمی کوردستان، لە لیبیا و یەمەن لەناو شەڕدایە.

سەڤیم داغدەلەن پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا لە ڕاپۆڕتەکەیدا باس لەوە دەکات کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ناتۆش وەک نەمسا، سویسرا و هەندێک وڵاتی تری وەک ژاپۆن و ئیسرائیلیش چەك لە ئەڵمانیا دەکڕن، بەڵام بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکانیان بە شێوەیەکی شاراوە ئەنجام دەدەن، بڕی ئەو پارەیەکی کە بۆ کڕینی چەک لە لایەن ئەو وڵاتانەوە تەرخان دەکرێت، نازانرێت.