ڕاپۆرتی جیهانی

06:39 - 17/05/2020

کۆرۆنا گەیشتە کەمپی ئاوارە موسڵمانەکانی رۆهینگا‌

پەیسەر

سەرەڕای سەرجەم رێکارەکان و گرتنەبەری هەموو رێگاکان، دواجار ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە گەورەترین کەمپی پەنابەرانی جیهان کە کەمپی ئاوارە موسڵمانەکانی میانمارە لە وڵاتی بەنگلادیش.

گەورەترین کەمپی جیهان
سەرەڕای گرتنەبەری سەرجەم رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کەمپی (Kutupalong)ی بەنگلادش کە ئاوارە موسڵمانەکانی رۆهینگای تێدایە، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرسی کۆرۆنا تۆمارکرا.

(Kutupalong)گەورەترین کەمپی ئاوارەی جیهانە و 855 هەزار ئاوارەی تێدایە، لە سەرەتای مانگی نیسانەوە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەرگای کەمپەکە بە رووی جیهانی دەرەوەدا داخرا. تەنها بۆ حاڵەتی زۆر پێویست و لەناکاو رێگا بە چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوەی دانیشتوانەکەی دراوە.

کۆمیتەی فریاگوزاری جیهانی و چەند رێکخراوێکی دیکە بەردەوام لە هەوڵی پاراستنی کەمپەکەدا بوون، بەپێی ئاماری رێکخراوەکە چەند نەخۆشخانە و یەکەیەکی فریاگوزاری دروستکراون و هەوڵەکانیشیان بەردەوامە بۆ پاراستنی ئاوارەکان.

تۆمارکردنی یەکەم حاڵەت
چەند رۆژێک پێش ئێستا یەکێک لە ئاوارەکان هەست بە نەخۆشیی دەکات و دوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

دوای دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکە، سەرجەم ئەندامانی خێزانی تووشبووەکە خرایە کەرەنتینەوە.

رێکخراوەکان و حکومەتی بەنگلادیش ئاماژە بەوە دەکەن، لەژێر کارکردن و هەوڵێکی قورسدان تاکو بتوانن کەمپەکە لە کۆرۆنا دووربخەنەوە و ئاوارەکان پارێزراو بن لەم ڤایرۆسە.

ئەوەی مایەی هەڕەشەیە، لە دەورووبەری کەمپەکەشدا 440 هەزار کەس دەژین و لەژێر هەڕەشەدان، چونکە حکومەتی بەنگلادیش رایگەیاندووە لە ناوچەکانی دەرەوەی کەمپەکەدا چەند کەسێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

هاوکاری خێرا
کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی کارەساتێکی گەورە روونەدات و رێگربن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێویستە هاوکاری زیاتر بکرێن، چونکە توانا تەندروستییەکان سنوردارن و تیمە تەندروستییەکان فریای چارەسەری ئاوارەکان ناکەون.

رێکخراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دۆخی تەندروستی کەمپەکە خراپە، چونکە پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش کەمپەکە کێشەی تەندروستیی و کەمپی پێداویستی و کارمەندی تەندروستی هەبووە.

تەنانەت بەهۆی قەرەباڵغی کەمپەکەوە، تیمە تەندروستییەکان ناتوانن کۆنترۆڵی دانیشتوانەکەی بکەن و بۆشایی لەنێوانیاندا دروستبکەن.

(Manish Agrawal) بەڕێوەبەری کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات، ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپەکەدا بڵاو ببێتەوە، خێرایی بڵاوبوونەوەی چوار هێندەی بڵاوبوونەوەیەتی لە شاری وهان.

ئاماژەبەوەش دەکات، سەرەڕای ئەوەی بە چەندین زمانی جیاواز رێنماییەکان بڵاوکراونەتەوە، بەڵام تاکو ئێستا لەلایەن ئاوارەکانەوە بەپێی پێویست جێبەجێنەکراون.

سەبارەت بە هۆکاری ئەمەش دەڵێت، نەبوون و خراپی هێڵەکانی ئینتەرنێت وای کردووە رێنماییەکان بەپێی پێویست و خێرا نەگەن بە دەستی ئاوارەکان تاکو لە ترسناکی ڤایرۆسەکە تێبگەن و خۆیان بپارێزن.

سەرجەم ئەو رێکخراوانەی لە کەمپەکەدا کاردەکەن، داوا لە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی دەکەن بۆ بەرگرتن لە روودانی کارەسات، هاوکاری تەندروستی و ماددیان بکەن.

مانگی ئابی ٢٠١٧ سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکەی مرۆیی بوو، ئەوەش کاتێک سوپای رزگاری ئاراکان چوونە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ویلایەتی راخین، دواتر سوپای میانمار هێرشیان کردە سەر موسڵمانانی ناوچەی رۆهینگا.

بەهۆی هێرشەکانی سوپای میانماروە زیاتر لە ملیۆنێک لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارە بوون و روویان کردە بەنگلادش.

دوای ماوەیەک نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکانی سوپای میانماری بە هەوڵی کۆمەڵکوژی ناساند و بڵاویکردەوە کە دەبێت بەرپرسە تێوەگلاوەکان دادگایی بکرێن.

هەر دوای رووداوەکان ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند، ئەو هێرشە سەربازییانەی سوپای میانمار لە ویلایەتی راخین ئەنجامی داون و بوونەتە هۆی ئەوەی 620 هەزار رۆهینگی ئاوارەی ناوچەکانی بەنگلادیش بن، گەیشتووەتە ئاستی " پاكتاوی نەژادی".

تاکو ئێستا مسوڵمانانی رۆهینگا کە زۆرینەی خەڵکەکەی بوزین، وەک کەمینەیەک لە وڵاتەکەیاندا دانیان پێدا نەنراوە  و چەند جارێک رووبەڕووی ستەم و ئازاردان بوونەتەوە.