ڕاپۆرتی جیهانی

04:26 - 18/05/2020

هێرشە چەکدارییەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا‌

پەیسەر

کۆتایی ساڵی رابردوو ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چینەوە سەریهەڵدا و زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە، زیاتر لە چوار ملیۆن و 800 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە 317 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستدا. سەرەڕای ئەوەی هەموو جیهان سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە بوون، گروپە چەکدارییەکان بەردەوام بوون لە هێرشە چەکدارییەکانیان.

پەیمانگای لێکۆڵینەوەی سیستمە ژینگەییەکان، لە راپۆرتێکیدا باسی لەو هێرشانە کردووە کە لەنێوان 11ی ئازار تاکو 13ی ئایاری ئەمساڵ لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی جیهان ئەنجامدراون.

عێراق؛ هێرشە گەورەکە
هەمان ئەو رۆژەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، کۆرۆنا بووە بە پەتایەکی ترسناک و کوشندە، بنکەی سەربازی تاجی لە باکوری بەغدا کاتیۆشا باران کرا، بەم جۆرەش قۆناغێکی نوێ لە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و گروپە چەکدارییەکانی عێراق دەستیپێکرد.

لە هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی تاجی کە بە 17 کاتیۆشا ئەنجامدرا، سێ سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کوژران، کە دوانیان ئەمریکی (سەربازێک و سەربازێکی خانەنشین) و دانەیەکیان بەریتانی بوون. هەر لە هێرشەکەدا نزیکەی 15 سەربازی دیکە بریندار بوون.

لەگەڵ ئەوەی هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاند، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە چوون کە (كتائب حزب الله)ی عێراق ئەنجامیدابێت.

سێ رۆژ دواتر و لە 14ی ئازار، بنکەی سەربازی تاجی جارێکی دیکە بە 33 کاتیۆشا هێرشی کرایەوە سەر. لە هێرشەکەدا سێ ئەندامی هێزەکانی هاوپەیمانان و عێراق برینداربوون.

ئەمجارەش دیسان پەنجەی تۆمەت بۆ (كتائب حزب الله)ی عێراق و ئەو هێزە چەکدارانەی عێراق درێژکرایەوە، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

لەگەڵ ئەوەی عێراقییەکان سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هەموان لەژێر ترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکەدا بوون، گروپە چەکدارەکان بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان، ئەو رۆژەی دووەم هێرش کرایە سەر تاجی، دەیەم کەس لە عێراق بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

بۆکۆ حەرام لەگەڵ کۆرۆنا هاتەوە
هێرشە چەکدارییەکان تەنها لە عێراق بەردەوام نەبوون، لە 23ی ئازاردا گروپی (بۆکۆ حەرام) گەورەترین و درێژترین هێرشی بۆ سەر سوپای چاد ئەنجامدا.

چەکدارانی (بۆکۆ حەرام) هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سوپای چاد لە نیمچە دورگەی (بۆما) لە ناوچەی ئاویی چاد لەسەر سنوری نەیجیریا. لە هێرشەکەدا زیاتر لە 92 سەرباز و ئەفسەری سوپای چاد کوژران.

هێرشەکە ماوەی حەوت کاتژمێر بەردەوام بووە، 24 ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانک تێکشکێندراون، ئەو هێزانەشی بۆ هاوکاری و یارمەتی هێزەکان هاتوون رووبەڕووی هێرشی چەکدارانی (بۆکۆ حەرام) بوونەتەوە. ئەو چەکانەشی دەست چەکدارەکان کەوتوون بە بەلەم گواستراونەتەوە بۆ شوینێکی نادیار.

چەند رۆژێک دوای هێرشەکە و لە 30ی ئازار، (ئیدریس دیبی) سەرۆکی چاد، دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی بۆ سەر (بۆکۆ حەرام) بە ناوی (توڕەیی بۆما) راگەیاند. سەرۆکی چاد بەڵێنی تۆڵەکردنەوی دا و وتی، چەکدارانی (بۆکۆ حەرام) باجێکی هێندە قورس دەدەن لە مێژوودا تۆماربکرێت.

لە راوچییەوە بۆ نێچیر
لە هەمان رۆژ، واتە 23ی ئازار، هێزێکی سوپای نەیجیریا دەکەونە بۆسەیەکی چەکدارانی (بۆکۆ حەرام) و دەیان سەربازیان لێدەکوژرێت.

هێزێکی سەر بە سوپای نەیجیریا لە شاری (مایدوجوری)یەوە بەڕێدەکەون تاکو هێرش بکەنە سەر چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا، لە رێگادا دەکەونە بۆسەی چەکدارانی (بۆکۆ حەرام) و هێزەکە لە هێرشبەر و راوچییەوە دەبن و بە هێرش بۆکراو و نێچیر.

بۆسەکە لە گوندی (جۆرجی) لە ویلایەتی (بورنو) بووە، چەکدارانی (بۆکۆ حەرام) بە (ئاڕ بی جی) لە هێزەکەی سوپای نەیجیریایان داوە و لە ئەنجامدا 70 سەرباز کوژراون و دەیان سەربازی دیکەش برینداربوون و رفێندراون.

هێرشکردنە سەر پەرستگا
دوای دوو رۆژ و لە 25ی مانگی ئازار، چەکدارانی داعشی "ویلایەتی خوراسان"، هێرشیان کردە سەر پەرستگای (سیخ گواردوارا) لە شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان.

هێرشەکە ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بووە، لانی کەم 25 کەس کوژران کە لە نێویاندا، ژن و منداڵ هەبوون، چەند کەسێکی دیکە برینداربوون و دەیان کەسی دیکەش بە بارمتە گیران.

دوای پەلامارەکە (بزوتنەوەی تاڵیبان) بێبەریبوونی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و بڵاویکردەوە، کە دوور و نزیک پەیوەندییان بەو هێرشەوە نییە.

رفاندنی سەرکردەکەی ئۆپۆزسیۆن
رۆژێک دواتر و لە 26ی ئازار، چەند چەکدارێکی نەناسراو، (سومالا سیسیە) سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی (مالی)یان لە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەو وڵاتەدا رفاند.

بۆسەکە لە ناوچەیەکی باکوری وڵاتەکە ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا پاسەوانە تایبەتەکەی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن کوژرا و دوو پاسەوانی دیکەش بریندار بوون، دواتریش چەکدارەکان چوار رفێندراویان ئازادکرد.

لە سەرەتای مانگی نیسان حزبی (یەکێتی لەپێناو کۆمار و دیموکراسی) رایگەیاند، (سیسیە)ی تەمەن 70 ساڵ تەندروستی باشە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ رزگارکردنی و لەگەڵ چەکدارەکاندا لە گفتوگۆدان.

هێرشی چەقۆ
لە چواری نیسان، هاوڵاتییەکی سودانی بە ناوی (عەبدوڵا ئەحمەد عوسمان)، لە ناوچەی (رومان – سور –ئەیزەر) لە باشوری شاری لیۆن، بە چەقۆ هێرشێکی هەڕەمەکی ئەنجامدا و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون کە برینی سێ کەسیان قورس بوون.

دیسان بۆکۆ حەرام
رۆژیک دواتر دوو هێرشی خۆکوژی لە شاری (ئەمشیدی) نەیجیری ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا حەوت کەس کوژران، لەگەڵ ئەوەی هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاند، بەڵام (بۆکۆ حەرام) بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبارکرا.

بۆسەکەی (ئەبو سەیاف)
لە 17ی نیسان، ئەو کاتەی فلیپینییەکان سەرقاڵی جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی بوون لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، گروپی (ئەبو سەیاف) بۆسەیەکیان بۆ سوپای فلیپینی دانا، لە ئەنجامدا 11 سەرباز کوژران و 14ی دیکەش بریندابوون. بۆسەکە بوو بە خوێناویترین هێرش لە ماوەی ساڵی رابردوودا.

عەفرین هێرشێک بەبێ هێرشبەر
رۆژی 28ی نیسان، تەقینەوەیەکی بەهێز شاری عەفرینی لە رۆژئاوای کوردستان هەژاند. تەقینەوەکە بەهۆی تانکەرێکی بۆمبڕێژکرا ئەنجامدرا و بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 50 کەس کە 11 کەسیان منداڵ بوون.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی خۆجێی سوریا لە تەقینەوەکەدا نزیکەی 80 کەس کوژراون، بەڵام تورکیا ئەو ئامارانەی رەتکردەوە.

تاکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە، بەڵام وەزارەتی بەرگری تورکیا (هێزەکانی پاراستنی گەل) بە ئەنجامدەری تەقینەوەکە تۆمەتبارکردووە.

داعش لە عێراق
لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەکدارانی داعش لە عێراق چالاکییەکانیان لەدژی هێزە ئەمنییەکان و گروپە چەکدارییەکانی دیکە دەستپێکردەوە.

لە رۆژی دووی ئایار، چەکدارانی داعش لە ناوچەی (مەکیشیفیە) لە سەڵاحەدین هێرشیان کردە سەر چەکدارانی حەشدی شەعبی و لە ئەنجامدا 10 چەکدار کوژران.

گۆڕستانێکی خوێناوی
رۆژی 12ی ئایاری 2020، کەسێکی خۆکوژ لەکاتی ناشتنی تەرمی بەڕێوەبەری پۆلیس لە ویلایەتی (نەنکرکار)ی ئەفغناستان خۆی تەقاندەوە و لە ئەنجامدا 32 کەس کوژران و 132 کەسی دیکەش بریندار بوون.

دواتر "ویلایەتی خوراسان"ی سەربە رێکخراوی داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە راگەیاند.

کوشتنی کۆرپەکان
لە هەمان رۆژ چەند چەکدارێک کە گومان دەکرا سەر بە رێکخراوی داعش بن، هێرشیان کردە سەر بەشی منداڵبوونی نەخۆشاخانەیەکی شاری کابوڵی ئەفغانستان.

لە ئەنجامی هێرشەکەدا 24 کەسی مەدەنی کوژران کە دوانیان کۆرپە بوون و ژمارەیەکیشیان پزیشک و پەرستار بوون.

دوای وەڵامدانەوەی چەکدارەکان لەلایە هێزە ئەمنییەکانەوە کە ماوەی پێنج کاتژمێری خایاند، هەر سێ هێرشبەرەکە کوژران.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەکدارانی داعش لە عێراق و بەتایبەت لە ناوچە سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، چالاکییەکانیان چڕکردووەتەوە، بە دیاریکراویش لە مانگی نیسان و سەرەتای ئەم مانگەدا.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرقاڵبوونی هێزە ئەمنییەکان بە جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، دروستبوونی بۆشایی ئەمنیی، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکان، ئەو هۆکارانە بوون کە وایانکرد چەکدارانی داعش چالاک ببنەوە و هێرشەکانیان چربکەنەوە.