ڕاپۆرتی جیهانی

10:09 - 21/05/2020

کچێکی حەڤدەساڵانی سویدی لەلایەن گەنجێکی كوردەوە دەکوژرێت‌

پەیسەر

چەند رۆژێكە میدیاكانی جیهان و سۆشیاڵ میدیا سەرقاڵی بڵاوبوونەوەی هەواڵێكی كۆمەڵایەتی ناخۆشن كە بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی كچێكی 17 ساڵان و سەرجەم گومانەكانیش بۆ یەكێك لە كەسە نزیكەكانی دەچێت كە كوڕێكی 23 ساڵان بووە .

زۆرینەی میدیاكانی جیهان بڵاویان كردووەتەوە كە - ویلما ئەندرسن- ی سویدی  دوای ئەوەی لە گەڵ خۆشەویستە ٢٣ ساڵەکەی ناكۆكی دەكەوێـتە نێوانیان و جیادەبێتەوە، دەکوژرێت.

ویلما و تیشکۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پەیوەندیدا بوون و پێکەوە لە ماڵێکدا ژیاون، لە ١٤ی تشرینی دووەمی پار ساڵ، پاش کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکەیان و دوای ئەوەی سەردانی ماڵی خۆشەویستەکەی دەکات تاکو کەل و پەلەکانی خۆی کۆبکاتەوە، ئێلما دیارنامێنێت.

پاشان پۆلیس ماڵی خۆشەویستەکەی دەگەڕێن و شوێنپێی خوێن لە ماڵەکەدا دەدۆزنەوە و دوای گەڕانێکی زۆر لە ٢٨ی تشرینی دووەم ڕایدەگەیەنن کە سەری ئێلما للێکراوەتەوە و لە جاتایەکدا شاردراوەتەوە و بە تیپ قایمکراوەو هەر لە ماڵەكەشدایە، بەڵام جەستەی دیار نەبووە. تا دواتر لە شوێنێكی دیكە دەیدۆزنەوە.

تیشکۆ لەسەرەتاوە  نکۆڵی كردووە كە  ئێلمای کوشتبێت و ڕایگەیاندووە کە ئێلمای خۆشویستووە و دەڵێت "ئەگەر من بمکوشتایە، سەریم نەدەبڕی"، بەڵام دواجار رۆژانی 16 و 17ی ئەم مانگە، دادگایی تیشکو بەڕێوەچوو، دادوەر و دەستەی دادوەران و شایەتحاڵ و کەسوکاری ویلما ئامادەی دانیشتنەکەبوون، دوای 27 خولەک لە بێدەنگی، کوڕە کوردەکە داوای کرد بچێتە توالێت، کە گەڕایەوە وێنەی کچە سوێدییەکەیان بە پارچەپارچەکراوی پیشاندا، ئەو کوڕە کوردە تەنیا گوتی:  قێزەونە.."

 کە پرسیاریان لێی کردووە بۆچی سەری کچەکەی بڕیوە و دواییش خستوویەتییە نێو جانتاکە، لە وەڵامدا گوتوویەتی: لەخۆشەویستیم بۆ کچەکە وامکردووە !!."

دوای بەدوادا چوونی ورد لە نێو دۆسیەی پۆلیس دا دەركەوتووە ، پۆلیس هەمانشەوە ئەنجامدانی تاوانەكە تیشکۆی لەسەر شەقامێک بە شڵەژاوی و سەرگەردانی بینیوە، خوێنیشی پێوەبووەو گوتوویەتی شەڕی کردووە.

پۆلیس ڕایگەیاندووە کە خوێنی ئێلما و جێپەنجەی تیشکۆ لەسەر چەقۆی چێشتخانەی ماڵەکەدا هەبوون، كە دایكی ئیلما بە دیاری بۆ تیشكۆی كڕیبوو. هەروەها جێپەنجەشی لەسە ئەو تیپە هەبووە کە سەری لاشەکەی پێ قایمکراوە لەناو جانتاكەدا.

لیندا ئەندرسن، دایکی قوربانییەکەیەو کاتێک زانیویەتی ئێلما ون بووە چوەتە ماڵی کوڕەکەو زۆری زەنگ لێداوە، پاشان تیشکۆ دەرگاکەی کردوەتەوە و گوتویەتی کەوا دەمەقاڵێیەکی بچووکیان بووە و ئێلما لە ماڵ ڕایکردووە. ئەمەش لە کاتێکدا کە هێشتا چاکەت و جانتا دەستییەکەی ئێلما لە ماڵەکەدا بوون. لیندا گوتی "ئێلما هەرگیز بەبێ جانتاکەی ماڵ جێناهێڵێت."

پۆلیس دەڵێت، ویلما لە ئێوارەی 14ی نۆڤەمبەری 2019 کوژراوە، دراوسێکانی ئەو کچ و کوڕە شایەتی لەسەر ئەوەدەدەن ئەو دوانە پێشتر چەندینجار دەمەقاڵیان بووە و بەسەر یەکدیدا هاواریان کردووە. هەر ئەو ئێوارەیەی شەڕەکەروویداوە، دراوسێکان گوێیان لە قیژەی کچەکە بووە و دوای چەند خولەکێک دەنگی کچەکە نەماوە.

کوڕەکە ناوی تیشکۆ ئەحمەد شابازە و خەڵکی باشووری کوردستانە ، ئێستا دەستگیرکراوە و بەتۆمەتی کوشتن دادگایی كراوەو تەنها ئەوەندە ماوەتەوە كە لە چەندرۆژی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی دادگاییەكەی بخوێنرێتەوە. كە وا چاوەڕێ دەكرێت زیندانی هەمیشەیی یان 20 ساڵی بۆ دیاریی بكرێت. گەرچی تاوانی كوشتن لەنێو سەرجەم چین و توێژەكانی جیهاندا بوونی هەیە، بەڵام كوشتنی بەو شێوە دڕندانە بووەتە جێگە سەرنجی میدیاكان، لەنێو رەوەندی كوردیش لە ئەوروپا چەند جارێك كاری لەوشێوەیە ڕوویداوەو بووتە مایەی نیگەرانی ڕەوندەكە بە گشتی.

سەرچاوە: میدیاكان