ڕاپۆرتی جیهانی

01:13 - 21/05/2020

بۆچی موسڵمانان لە دیاریكردنی رەمەزان و جەژندا ناکۆکن؟‌

پەیسەر پرێس

موسڵمانانی هەموو جیهان چاوەڕوانی بڕیاری لیژنە فەتواكان و لیژنەكانی بینیی مانگن، بۆ ئەوەی بەڕۆژوو ببن و بچنە ناو مانگی ڕەمەزان، لە هەمان كاتیشدا لە كۆتاییەوە دیسانەوە دەبێت چاوەڕێ بكەنەوە بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتاییهاتنی ڕەمەزان بدەن و بیكەن بە جەژن، ئەوەش جێگەی قسەوباسی فەقیهو شارەزایانی گەردوون بووە، لەوانەیە بۆ ئەو كەسانەی كە شارەزای رۆژ ژمێر و ساڵنامەی عەرەبی نەبن سەیر بێت بەڵام لە راستیدا سەیر نییە و بەپێی ئەو ساڵنامەیەی كە وڵاتانی عەرەبی پەیڕەوی دەكەن بۆ مەراسیمە ئایینییەكانیان شتێكی ئاساییە.

ڕۆژژمێری كۆچی (مانگیی) پشت بە پێوەری سوڕانەوەی مانگ دەبەستێت بەدەوری زەویدا، مانگی كۆچیش تەواو دەبێت ئەو كاتەی مانگ سوڕانەوەكەی تەواو دەكات، ئەمەش بە پێچەوانەی ڕۆژژمێری زاینی كە پشت دەبەستێت بە سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا.

سەرەتا و كۆتایی مانگی كۆچیش بە بینینی مانگ دیاری دەكرێت، بۆیە ڕۆژەكانی مانگی كۆچیی دیاریكراو نین، ئەمەش پێچەوانەی ڕۆژژمێری زاینی (هەتاوی)، بەڵام زۆر جار ڕۆژەكانی مانگی كۆچیی لە نێوان (29 بۆ 30) ڕۆژدایە.

ساڵانەش مانگی كۆچی 11 ڕۆژ دێتە پێشەوە بەراود بە مانگی زاینی، بۆیە بۆنە و ڕێوڕەسمە ئایینییەكانی تایبەت بە ئیسلام دەكەوێتە هەمو مانگەكانی ساڵ و كاتی جیاوازەوە.

كێشەی بینین و نەبینینی مانگ بەتایبەتی لە كاتی بۆنە ئاینییەكان دەبێتە هۆی ناكۆكی و ناتەبایی گەلانی موسڵمان، بەشێك لە زانایان و موفتیەكانیش بە شتێكی ئاسایی وەردەگرن و خەڵكی هەر وڵات و ناوچەیەك پابەند دەكەن  بە سنووری وڵاتەكەی خۆیانەوە.

لەوانەیە بگوترێـت لە مێژووی موسڵماناندا (لەدوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلامی)یەوە هیچ ساڵێك نەبێت سەرجەم موسڵمانان لەسەر رۆژی بۆنەكان كۆك بوبن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەویش ئەوەیە زۆرینەی ڕەهای جیهانی ئیسلامی رۆژی هەینی 24 نیسان 2020 كرایە یەكەم رۆژی رەمەزان و دواتر دەركەوت كە دروستبووە و ئەو رۆژە بە یەكەم رۆژی رەمەزانی ئەمساڵ بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاینزا –مەزهەبی شیعە- ئەو رۆژەیان وەك یەكەم رۆژی رەمەزان نەناساند و  25ی نیسانیان وەك یەكەم رۆژ پەیڕەوكرد، ئەوەش دووبارە بوویەوە هۆی ناكۆكی نێو موسڵمانانی جیهان.

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان بەشێكی زۆری وڵاتانی ئیسلامی رۆژی هەینی 22 ئایار2020  دووبارە دادەنیشنەوە بۆ بینینی مانگی شەوال، بۆ ئەوەی بزانن كەی كۆتا رۆژی ڕەمەزانە و یەكەم رۆژی مانگی شەوالە.

مانگ هەڵهاتن و ئاوابوونی هەیە بەڵام مانگ هەموو كاتێك بە شەو هەڵنایەت و بە ڕۆژ ئاوابێت، وەك هەندێك لێی گەیشتووە ! هەموو ڕۆژێك مانگ هەڵدێت لەو كاتەی كە پەیوەستە بە ئەو قۆناغەی كە تێیدایە ،كاتێك مانگ لە باری پەناگرتندا دەبێت لەگەڵ خۆردا هەڵدێت و لەگەڵیدا ئاوا دەبێت بە نزیكی ،و كاتێك لە باری دووجای یەكەمدا دەبێت لە نیوەڕۆدا هەڵدێت و لە نیوەشەودا ئاوا دەبێت بە نزیكی ،و لە كاتێكدا مانگ لە باری چواردەشەویدایە لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا هەڵدێت و لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا ئاوا دەبێت و كاتێك دەگاتە قۆناغی دەمەداسی كەم بوو یان نوێ‌ ئەوا مانگ هەڵدێت پاش كەمێك لە هەڵهاتنی خۆر و ئاوا دەبێت پاش ئاوابوونی خۆر بە كەمێك. بۆ بینینی دەمەداسی مانگی نوێ‌ لە خۆرئاوای ئاسماندا ئێمە وا ڕاهاتوین كە لە ڕۆژی 29 ی مانگی كۆچی ( عەرەبی ) بە دواییدا دەگەڕێین، بۆ ئەوەش دوو مەرج پێویستە كە بە نەمانی مەرجێكیان زۆر ئەستەمە مانگ ببینرێت لەو ڕۆژەدا كە ئەو دوو مەرجەش ئەمانەن؛  
یەكەم : دەبێت مانگ گەیشتبێتە قۆناغی پەناگرتنی پێش خۆرئاوابوون چونكە ئێمە بە دوای دەمەداسدا دەگەڕێین كە ئەویش بە دوای پەناگرتندا دێت، خۆ ئەگەر مانگ نەگەیشتبێتە قۆناغی پەناگرتنی ئەوا بینینی ئەستەم دەبێت .

دووەم : مانگ ئاواببێت پاش ئاوابوونی خۆر، چونكە گەڕان بە دوای دەمەداسدا یەكسەر لە ڕۆژی تازەی كۆچی یان عەرەبیدا دەست پێدەكات لە كاتی خۆرئاوابووندا ،خۆ ئەگەر مانگ ئاوا بێت پێش خۆرئاوابوون یان لەگەڵ خۆرئاوابوون ئەوا مانای وایە كە دەمەداسی مانگ لە ئاسماندا نیە و پێویست ناكات بە دوواییدا بگەڕێین
 .
ئەگەر یەكێك لەو دوومەرجانە بەدی نەهاتن ئەوا بینینی مانگ كارێكی ئەستەم دەبێت، بەڵام ڕوودانی پەناگرتن پێش خۆرئاوابوون و ئاوابوونی مانگ دوای خۆرئاوابوون بەس نابێت تا دەمەداسی مانگ ببینرێت.

ئایا دەكرێت مانگ ببینرێت ئەگەر بە چەند خولەكێك پاش خۆرئاوابوون ئەویش ئاوا ببێت ؟
بیگومان نەخێر لەبەر چەند هۆیەك لەوانە
 :
یەكەم :ئاوابوونی مانگ پاش ئاوابوونی خۆر بە ماوەیەكی زۆر كەم مانای وایە كە هێشتا مانگ نزیكە لە پەپكەی خۆرەوە و كاتی پەناگرتنی مانگ كەمێك پێش خۆرئاوابوون بووە، بۆیە لەكاتی خۆرئاوابووندا مانگ ئەوەندە لە پەپكەی خۆر دوور نەكەوتۆتەوە تا بتوانرێت لە ئاسماندا ببینرێت لەبەر كەمی ڕووناكیەكەی .

دووەم : لەكاتی خۆرئاوابووندا كە سەیری خۆرئاوا دەكەین ڕووناكی توندی خۆر دەبینین لەو ناوچەیەدا، كە ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونی شەوقی مانگ و لەویشەوە نەبینینی .

سێیەم : نزیكی پەپكەی مانگ لە پەپكەی خۆرەوە لەكاتی خۆرئاوابووندا مانای نزیكی مانگە لە ئاسۆوە، كە ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونی ڕووناكی مانگ و نەبینینی بە ئاسان،ی هەروەك چۆن ڕووناكی خۆر كەمیكردووە كە لە ئاسۆدا بێت و ئێمە دەتوانین سەیری بكەین، لە كاتێكدا ناتوانین لە نیوەڕواندا سەیری پەپكەی خۆر بكەین .

لەوانەی پێشوەوە بۆمان دەردەكەوێت كە پێویستە مانگ لە بەرزاییەكی دیاریكراودا بێت لە ئاسۆوە و ماوەیەكی دیاریكراو لە پەپكەی خۆر دووركەوتبێتەوە، تا توندی ڕووناكیكەی ئەوەندە ببێت بتوانرێت بە ڕوونی بە چاو ببینرێت .

خۆ ئەگەر باری پەناگرتن پێش خۆرئاوابوون ڕوویدا و مانگ ئاوابوو پاش خۆرئاوابوون بەڵام نەتوانرا مانگ ببینرێت لەبەر یەكێك لەو هۆیانەی پێشەوە، ئەوا بینینی دەمەداسی مانگ زۆر ئەستەم دەبێت واتە هەرگیز نابینرێت !.

هۆكانی جیاوازیبوون لە وڵاتە ئیسلامییەكاندا :

وڵاتە ئیسلامییەكان لە دیاركردنی سەرەتای مانگە كۆچیەكاندا و بەتایبەتی مانگی ڕەمەزان و مانگی شەوال بۆ دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز جیاواز دەبن، ئەوەش لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە :
1- هەندێك لە وڵاتە ئیسلامییەكان خۆیان بانگەشەی هاوڵاتیان دەكەن كە بە دوای بینینی مانگدا بگەڕێن، هەركەس بڕوات و سوێند بخوات كە مانگی دیوە، ئەوە ئیتر ڕەمەزانە، هەرچەندە هەژماردنە گەردوونیەكانیش جەخت لە سەر ئەستەمی بینینی مانگ بكەنەوە !ئەوە ئێستا لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامیەكاندا ڕوودەدات.

2-  لە هەندێك لە وڵاتە ئیسلامییەكان شایەتی بینەر ڕەت دەكرێتەوە، ئەگەر بینینی مانگ ئەستەم بێت، بەڵام شایەتییەكە وەرگیراو دەبێت ئەگەر بینینەكەش زۆر زەحمەت بێــــــــــت ( واتە لەوانەیە ببینرێت و ئەستەم نەبێت بینینی ) بۆ نمونە وڵاتی سعودیە كە لە ساڵی 1419 كۆچیەوە كار بەوە دەكات
.
3-  هەندێك وڵاتی ئیسلامی دیكە پشت بە بینینی مانگ نابەستن ئەوەندەی پشت بە هەندێك هەژماردنی گەردوونی دەبەستن، بۆ نمونە لیبیا كە لای ئەوان مانگی نوێی عەرەبی دەستپێدەكات ئەگەر باری پەناگرتن پێش گزنگ ڕوویدا .

4-  هەندێك لە وڵاتە ئیسلامییەكانی تر بە شێوەی فەڕمی بە دوای بینینی مانگدا ناگەڕێن، بەڵكو داوا لە هاوڵاتیان دەكرێت كە بە دوای بینینی مانگدا بگەڕێن، بۆ نمونە وڵاتی مەغریب كە بۆ بینینی هەموو مانگە كۆچییەكان هەمان شێواز بەكار دەهێنن، نەك تەنها هاوڵاتیان بەڵكو هەتا هێزی سەربازیش بەشداری دەكات لەو گەڕانە و لە نزیكەی 270 شوێن كە بەسەر هەموو وڵاتی مەغریبدا دابەش بوون، بە دوای بینینی مانگدا دەگەڕێن، لە وڵاتی عومانیش هەمان شێواز بەكاردێت بەڵام ئەوەی مەغریب پێشكەوتووترە .

 لەوانەیە پشتبەستن بە بینینی مانگ و شایەتیدانی بینەر زۆر وورد نەبێت، چونكە زۆر جار ئەو بینەرە هەر تەنێكی ئاسمانی لەو كاتانەدا ببینێت وابزانێت مانگە و واش نەبێت، ئەوەش ببێتە هۆی سەرلێ تێكدانی خەڵك، وەك ئەوەی لە سعودیە ڕوویدا لە ساڵی 1984 كە 28 ڕۆژ ڕەمەزان بوو چونكە یەكێك لە شایەتەكان هەسارەی (عوتارد یان زوهرە)ی لێ‌ ببوە مانگ، بۆیە لەوانەیە بینینی مانگ بە شێوەی كۆمەڵی پێویست بێت تا دڵنیابن لەوەی كە ئەوەی بینیویانە مانگە .

5-  هەندێك لە وڵاتانی دی پشتدەبەستن بە هەمان كاتی دەركەوتنی دەمەداسی مانگی نوێی كۆچی لە یەكێك لە وڵاتەكاندا، واتە ئەگەر زانییان وڵاتێك ڕایگەیاند كە مانگ لای ئەوان بینراوە، ئیتر ئەوانیش یەكسەر بینینی مانگ لای خۆیان ڕادەگەیەنن، ئیتر بەبێ‌ ئەوەی دڵنیابن لەوەی كە مانگ لای ئەوان یان لای خۆیان بە دڵنیایی بینراوە، بۆ نمونە ئەردەن و وڵاتانی دیكەش، لە بەرامبەردا وڵاتانی دیكە هەن كە لەسەر بنچینەی جیاوازی كاتی دەركەوتنی مانگ دەڕۆن و هاتنی مانگی ڕەمەزان ڕاناگەیەنن تا لە ناو وڵاتی خۆیانەوە مانگ نەبینن، وەك وڵاتی سعودیە.

بۆ نمونە لە ڕۆژی 7/ 12 / 1999 وڵاتی یەمەن بە شایەتیدانی چەند كەسێك كە لە نێویاندا ئەهلی مزگەوت هەبوو، ڕایانگەیاند كە مانگیان دیوە بۆیە ڕۆژی 8 / 12 / 1999 دەبێتە یەكەم ڕۆژی رەمەزان، بەڵام سعودیە گوێی بەو دراوسێیەی نـــــــــــــــەداو ڕۆژی 9 / 12 /1999 ی كرد بە ڕەمەزان. هەمان دیاردە لە ساڵی 1424 ك ڕوویدایەوە كە ڕۆژی 26/10/2003 یەكەم ڕۆژی ڕەمەزان بوو لە یەمەن، ئەردەن، فەڵەستین و میسر بەڵام سعودیە ڕۆژی دواتری كرد بە ڕەمەزان واتـــــــــــــــــە 27 /10/2003 .

بۆچوونە فیقهیەكان :
1- بەشێك لەو فەقیهانە ڕێگەیان داوە بە پستبەستن بە هەژماردنی گەردوونی تەنها لە كاتی نەرێنیدا ( نفی )، بە مانایەكی دی ئەگەر كەسێك هات و شایەتی بینینی مانگی دا، بەڵام بە پێی هەژماردنی گەردوونی بینینی مانگ ئەستەم بوو، ئەوا لەو بارەدا ئەو شایەتیە ڕەت دەكرێتەوە. لە بەناوبانگترینی ئەو فەقیهانەی ئەو بۆچوونەی هەیە( تقی الدین السبطی) كە لە فەقیهە شافیعییەكانە و لە نیوەی یەكەمی سەدەی هەشتەمی كۆچیدا ژیاوە، ئەو لەو بارەوە دەڵێت: بۆ دادوەر هەیە كە چاو بخشێنێتەوە بە شایەتیدانێك بۆ هەر پرسێك و ئەگەر بینی كە هەست و بینین بەدرۆی دەخاتەوە، بۆی هەیە ڕەتی بكاتەوە بێ‌ هیچ سڵەمینەوەیەك !هەروەها دەڵێت: مەرجی بەڵگە ئەوەیە كە ئەوەی شایەتی لەسەر دراوە شیاوبێت لە ڕووی هەستكردن، ژیری و شەرعەوە، خۆ ئەگەر بەڵگەی هەژماركردنە گەردوونیەكە بینینەكەی بە ئەستەم دانا، ئەوا لەڕووی شەرعیشەوە ئەوە ئەستەم دەبێت و شایەتیدانەكە ڕەتدەكاتەوە، چونكە شەرع لە سەر ئەستەمەكان (ناشیاوەكان ) دانامەزرێت، شایەتیدان شیاوی هەڵە، درۆ و خەیاڵە.

ئەوانەی پشتگیری ئەو بۆچوونە دەكەن لە زانایانی ئەم دوواییانە :

(موحەمەد مستەفا المراغی )كە شێخی ئەزهەر بووە و ( شێخ علی تەنتاوی)، لە كۆنەكانیش( ئیبن تەیمیە)، (ئیبن قەیم)، (فیراقی) و(ئیبن ڕوشد) هەمان بۆچوونیان هەبووە .

2-  هەندێكی تر لە فەقیهەكان ڕێگایان داوە بە پشتبەستن بە هەژماردنە گەردوونیەكان لە ئەرێتی و نەرێتیدا و جیاوازی ئەمان لەگەڵ گروپی پێشوودا تەنها لەوەدایە كە ئەمان ئەگەر بە پێی هەژماردنە گەردوونییەكان بشێت كە مانگ ببینرێت لەو ئێوارەدا، ئەوا ئیتر ڕۆژی دوایی دەبێتە یەكەم ڕۆژی مانگی نوێی كۆچی بەبێ‌ ئەوەی كەس مانگی دیبێت، لەوانەی كە پشتگیری ئەو بۆچوونە دەكەن لە كۆندا ( مترەف كوڕی عەبدوڵا ) و ( ئەبو عەباس كوڕی سریج ) كە لە گەورە شافیعییەكانە کە لە سەدەی سێ‌ی كۆچیدا ژیاوە و ( ئیبن قوتەیبەی دەینوری )، بەڵام لە ئێستادا ( شێخ ئەحمەد شاكر، شێخ مستەفا زەرقا  و دكتۆر یوسف قەرزاوی ) هەمان بۆچوونیان هەیە .

3-  گروپێكی تر لە فەقیهەكان بە هیچ جۆرێك ڕێگا نادەن بە پشتبەستن بە هەژماردنە گەردوونیەكان نە لە نەرێیدا و نە لە ئەرێیدا، تەنها لای ئەوان پشت دەبەسترێت بە شایەتیدانی بینەر بەوەی كە مانگی دیوە، هەتا ئەگەر بە پێی هەژماردنی گەردوونی ئەو بینینە شیاو نەبێت، هۆی ئەوەش دەگێڕنەوە بۆ ناوردی هەژماردنە گەردوونییەكان یان تێكەڵبوونی ئەو زانستە لەگەڵ ئەستێرەوانی یان هەردووكیان. لەوانەی ئەو بۆچوونەیان هەیە ( شێخ ئیبن باز)ی موفتی عەرەبستانی سعودییە.

4- هەندێكی تر لە فەقیهەكان پشتگیریی هەژماردنی گەردوونی دەكەن، خۆ ئەگەر بینیان مانگ ئاوا دەبێت پاش خۆرئاوابوون، هەتا ئەگەر بە یەك خولەكیش بێت و باری پەناگرتنیش ڕوویداوە پێش،خۆرئاوابوون، با بە یەك خولەكیش بێت، ئیتر ئەوە بەسە بۆ ئەوەی ڕۆژی دادێت ببێتە سەرەتای مانگی نوێی كۆچی، بۆ ئەوەش دەگەڕێنەوە بۆ بۆچوونی ئەوانەی كە ڕێگایان داوە بە پشتبەستن بە هەژماردنی گەردوونی لە ئەرێی و نەرێیدا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو گەڕانەوەیەی ئەوانە ڕاست نییە، چونكە ئەوانەی ئەو ڕێگایەیان داوە بۆ پشتبەستن بە هەژماردنە گەردوونیەكان، ئەوە بۆ ئەو كاتەیە كە مانگ لەدایكبووبێت، واتە دەمەداسی مانگ (هلال) نەك مانگ لە قۆناغی پەناگرتندا بێت، چونكە ڕوودانی پەناگرتن مەرج نییە بۆ لەدایكبوونی هیلال! مانگ پێویستی بە 12 تا 18 كاتژمێر دەبێت تا لە قۆناغی پەناگرتنەوە بچێتە قۆناغی دەمەداسیەوە (هلال)، لە ڕاستیدا هیچ فەقیهێك سەرەتای مانگی كۆچی نەبەستووەتەوە بە تەنها ڕوودانی پەناگرتنەوە، چونكە مانگەكانی كۆچی بەندن بە بینینی هیلالەوە.

هەژماردنی گەردوونی یان بینین؟
لە كۆتایدا پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە كە ئایا ئێمە لە دیاریكردنی سەرەتای مانگە كۆچییەكاندا دوای بینینی مانگ بكەوین، یان بەپێی هەژماردنە گەردونییەكان بڕۆین؟

ئەگەر مەبەست لە بینینی مانگ (هلال) ئەوە بێت كە هەر كەس هات و شایەتی دا  كە مانگی دیوە، لە كاتێكدا بە دڵنیایی نادروستی ئەو شایەتیدانە ڕوون بێت وەك ئەوەی لە 28 ی یەكێك لە مانگە كۆچییەكانی ساڵی 1984 دا لە سعودیە ڕوویدا ، ئەوە بۆ خۆی پێچەوانەی فەرموودەی پەیامبەری ئیسلامە كە دەفەرموێت : (لا تصوموا حتی تروا الهلال، ولا تفطروا حتی تروه  فإن غُمّ علیكم فاقدروا له) واتە بەڕۆژوو مەبن تا مانگ نەبینن و چەژن مەكەن تا نەیبیننەوە، خۆ ئەگەر هەور بوو ئەوا خۆتان مەزەندەی بكەن. واتە بینینەكە مەرجە بۆ سەرەتای مانگی كۆچی، خۆ ئەگەر ئەو بینینە ئەستەم بوو، ئەوا ئیتر مەرجەكە بەتاڵ دەبێتەوە و ئەو شایەتیەش ڕەتدەكرێتەوە، دوورنییە كەسی بینەر هەسارەیەكی وەك زوهرە یان عەتاردی نەبینیبێت !

لە بەرامبەر ئەوەدا چۆن دەبێت پشتببەسترێت بە هەژماردنە گەردوونییەكان كە ڕوودانی پەناگرتن دادەنێت بە سەرەتا بۆ مانگە كۆچییەكان، لەكاتێكدا خوای گەورە كاتی موسڵمانەكان دەبەستێتەوە بە (هلال)ەوە نەك پەناگرتن! لێرەوە گرنگی پەیوەندی نێوان بینین و هەژماردنە گەردوونییەكان دەردەكەوێت، كە ناكرێت لێكجیابكرێنەوە. چۆن دەبێت شایەتی كەسێك وەربگیرێت بۆ بینینی مانگ، لە كاتێكدا مانگ پێش خۆرئاوابوون ئاوا بووە؟ چۆن سەرەتای مانگی كۆچی دیاری دەكرێت لە كاتێكدا مانگ نەبینراوە لە هیچ شوێنێك؟

بۆ ئەوەی ئەو هەڵانە ڕوونەدا پێویستە چی بكرێت؟
1-پرۆسەی گەڕان بە دوای دەمەداسی مانگ پرۆسەیەكی فەرمی كۆمەڵیی بێت، میری (حكومەت- لایەنی پەیوەندیدار كە لە هەرێمی كوردستان وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەی بینینی مانگی پارێزگاكانە) چەند ناوچەیەكی جیا جیا دیاری بكات لە وڵاتەكەدا و كۆمەڵێك شارەزا تایبەت بكات بە گەڕان بە دوای مانگدا. لەو ناوچانەوە كە هەر كۆمەڵە و كەسێكی شارەزایان لەگەڵدا بێت، كە شارەزابێت لە چۆنیییەتی گەڕان بە دوای مانگ و هەژماردنە گەردوونییەكان، تا ژمارەی ئەو كۆمەڵانەش زۆرتر بێت، ئەگەری هەڵە كەمتر دەبێت، بۆ نموونە لە كۆماری باشوری ئەفەریقا نزیكەی 3000 كەس هاوبەشی دەكەن لەو گەڕانەدا.

2-كاتێك كەسێك شایەتی بینینی مانگ دەدات، وا باشە هەندێك پرسیاری ئاڕاستە بكرێت بۆ دڵنیا بوون لە ڕاستی شایەتیدانەكەی، وەك كات و شوێنی بینینەكە، ئاڕاستەی دەمەداسەكە، بەرزی لە ئاسۆوە، چۆنییەتی جوڵەی مانگەكە لە كاتی چاودێریكردنیدا و ….هتد ئەوانە پرسیاری سادە و ساكارن، زیاتر دڵنیامان دەكات لە ڕاستی شایەتیدانەكە، چونكە ئەمڕۆ وەك سەردەمی پەیامبەر نییە و زانستی گەردوونی زۆر پێشكەوتووە یارمەتیمان دەدات بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی شایەتیدانەكە.

بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، تا ئێستاش زۆرینەی زانایان كۆكن لەسەر ئەوەی بینینی مانگ هەر دەبێت بە چاوی سەر بێت و بە هیچ شێوەیەك پشت بە زانست، تەكنۆلۆژیای نوێ و ئامێرە پێشكەوتووەكان نابەستن، لەكاتێكدا پێچەوانەی ڕاستەوخۆی بنەما شەرعییەكانە، ئەگەر پشت بە زانستی سەردەم نەبەسترێت.

سەرچاوەكان /
گۆڤاری هەیڤ، جەمال محمد امی، ئەویش پشتی بەستووە بەم سەرچاوانەی خوارەوە:
 - قضاة، شرف 1999. ثبوت الشهر القمری بین الحدیث النبوي والعلم الحدیث. دراسات، علوم الشریعة والقانون 26. 447-458.
– منیع، عبد الله 2004. التحدید الفلكی ڵاوائل الشهور القمریة. (http://www.islamtoday.net/ ).
– إسلام أون لاین 2004. الحساب الفلكی وإثبات الصیام والفطر. http://www.islamonline.net ).