ڕاپۆرتی جیهانی

05:34 - 22/05/2020

ئەو کەسانەی کە پێیانوایە کۆرۆنا بەرهەمی تاقیگەیە، لەزیادبووندان‌

پەیسەر

دوای ئەوەی ئاشکرابوو وڵاتانی جیهان ناتوانن ڤاکسینێک یان دەرمانێک بۆ بنەبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بدۆزنەوە و هەموو ڕۆژێک بە هەزاران کەس تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و گیان لەدەستدەدەن، ئەو بۆچوونە لە لای هەندێک وڵات، پارت و گروپ و کەسەکان دروستبووە کە ئەم ڤایرۆسە بەرهەم تاقیگەیە و پیلانگێڕیەکی مەترسیدارە بۆ لەناوبردنی مرۆڤ.

 پیرس کۆربین برای جێرمی کۆربین سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکاری بەریتانیا کە لە هەمانکاتدا پسپۆڕێکی دیاری بواری کیمیایە دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیوەندیەکی زۆری لەگەڵ تەکنەلۆژیای (٥جی)ەوە هەیە.


پێرس کۆربینی تەمەنی ٧٣ ساڵ کە ئەزموونێکی زۆری لە بواری کیمیایدا هەیە پێی وایە، گۆڕانکاری کەشوهەوا هیچ پەیوەندیەکی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە و ئەوەش بە تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی مرۆڤەکانە. بۆچوونەکانی کێربی لە میدیای بەریتانیادا گرنگیەکی زۆری پێدراوە و زۆر کەسیش بۆچوونەکەی پەسەند دەکەن.


زاناکان: گۆڕانکاری کەشوهەوا پەیوەندی بە کۆرۆناوە نییە
لە وڵاتی سویسراش ئەو بۆچوونە لەلای زۆر کەس دروست بووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستکردی مرۆڤە و لەو بارەیەوە تۆماس بیندەر پسپۆڕی دڵ و دەمار کە لە ڕابردوودا بەهۆی بانگەوازی بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەت دەستگیرکرابوو، هەمان بۆچوونی هەیە.


تۆماس بیندەر وەک کۆربین پێی وایە، ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیوەندی بە تەکنەلۆژیای (٥ جی) ەوە هەیە و دەڵێت، "هەندێک گروپ بە ئەنقەست ئەم نەخۆشیانە بڵادەکەنەوە و دەیانەوێت دەست بەسەر دەوڵەتەکاندا بگرن و بۆیەش پێویستە مرۆڤایەتی بە زوترین کات ڤاکسین و دەرمانی ڤایرۆسەکە بدۆزێتەوە.


لە ئەمریکاش بە شێوەیەکی ئاشکرا سەرۆک و بەرپرسانی ئەو وڵاتە باس لەوە دەکەن کە گۆمانیان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە و دەڵێن، پێدەچێت، دەستکردنی تاقیگاکان بێت.


دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کابینەکەی بە بەردەوامی ئەو پرسیارە دەکەن، ئایا لە وەرزی هاویندا ڤایرۆسەکە نامێنێت، ئایا هەندێک وڵات ژمارەی قوربانیەکانیان دەشارنەوە، ئایا چین بە ئەنقەست ئەم ڤایرۆسەی لە جیهاندا بڵاوکردووەتەوە؟ بەڵام تا ئێستا ترەمپ و دەوڵەتی ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکیان لەبارەی دروستکردنی ڤایرۆسەکە و بڵاوکردنەوەکەی ئاشکرا نەکردووە.


ئیسرائیل: ڤایرۆسەکە وەک چەک لەدژی یەهۆدیەکان بەکاردەهێنرێت
لە لایەکی ترەوە وەزارەتی کاروباری ستراتیژی ئەمریکا لەبارەی ڤایرۆسەکەوە ڕایگەیاندووە، لە سەردەمی ڤایرۆسەکەدا توندوتیژی بەرانبەر گروپە یەهۆدیەکان لە جیهاندا زیادیان کردووە و ڤایرۆسەکە وەک چەکێک لەدژیان بەکاردەهێنیرێت و ئەوانیش باس لە تیئۆری پیڵانگێڕی دەکەن.


لە ئێرانیش ئەو بۆچوونە زۆر بڵاوبووەتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستکردنی ئەمریکا و ئیسرائیلە و ئامانجەکەشی ئەوەیە کە لە بارزانی ئێران و چین بدرێت و لاوازیان بکەن. ئەم بۆچوونە هەموو ڕۆژی هەینیەک لە مزگەوتەکاندا وەبیری خەڵکی دەهێنرێتەوە.


لە وڵاتانی عەرەبیش بە تایبەتی لە عێراق، میسر و لوبنان هەندێک لایەنی شیعە و ئیخوان موسلمین، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڤایرۆسەکە لە لایەن ئەمریکاوە دروستکراوە و دەیەوێت لەم رێگایەوە گورزی گەورە لە ئابوری لە لایەنە ناکۆکەکانی بدات و ئابوریان داتەپێنێت.


چەپەکان وڵایە زلهێزەکان وەک بەرپرسیار دەبینن
لە ئەمریکای باشووریش کە ڕەوتی چەپی کۆمۆنیزمی تێیایدا بەهێزە، زۆربەی وڵات و گروپەکان پێیان وایە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمی کردەوەکانی وڵاتە کاپیتالیستەکانە و هەندێکشیان پێیان وایە کە لە تاقیگەدا بەرهەم هێنراوە.


ئەرنێستۆ ئارایژۆ وەزیری دەرەوەی بەڕازیل پێی وایە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆچوونێکی دژی وڵاتە زلهێزەکان دروست کردووە و ئەوەش مەترسی ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە هزری چەپ و کۆمۆنیزم لە جیهاندا ڕوو لەزیادبوون بکات.


ئارایژۆ بڵاوبوونەوی هزری چەپی وەک (مۆتەکەی کۆمۆنیزم) لەقەڵەمدەدات و دەڵێت، پێویستە ڕێگری لە مۆتەکەی کۆمۆنیزم بکرێت.


لە فەڕەنسا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیاش ڕەوتە چەپەکان بانگەشەی زۆر دەکەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە زیاتر لەو وڵاتانە بڵاوبووەتەوە، بەرهەمی هەندێک وڵاتی ترە وەک ئەمریکا و ئەوەش وایکردووە کە ڕەوتە چەپەکانی ئەوروپا جارێکیتر بە شێوەیەکی بەهێز بێنەوە گۆڕەپانی سیاسەتەوە.