ڕاپۆرتی جیهانی

01:39 - 24/05/2020

شەرم چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟‌

پەیسەر

یەکێک لەو کێشانەی لە بەشێک لە مرۆڤەکاندا هەیە و بەردەوام رووبەڕووی نیگەرانییان دەکاتەوە شەرمکردنە. کەسانی شەرمن کاتێک دەچن بۆ ئاهەنگێک یان کۆبوونەوەیەکی قەرەباڵغ، خۆیان لە ناسینی کەسانی نوێ بەدوور دەگرن و شەرم دەکەن، یان کاتێک دەیانەوێت وتارێک پێشکەش بکەن، ئارەقە دەکەنەوە و دەلەرزن، هۆکارەکان چین و چۆن چارەسەر دەبن؟
شەرمن؛ قوربانیی خێزان.


بەشێک لەو کەسانەی شەرمنن چەند هۆکارێک بۆ شەرمنیی و داخراوییان باس دەکەن، یەکێک لەو هۆکارە سەرەکیانە ئەوەیە دەڵێن" ئێمە لە خێزانێکی سارد و سڕ و کەمدووەوە هاتووین و هیچ کەسێک گرنگی پێنەداوین."

تالیا ئیلە پڕۆفیسۆری تایبەتمەند لە بواری بۆماوەزانی و رەفتار لە کۆلێژی کینگس لە شاری لەندەن پێی وایە ئەم بۆچوونە تا ئاستێک راستە، لەگەڵ ئەوەشدا شەرمکردن رەنگدانەوەی تەیبەتمەندی خووەکانی کەسێتی مرۆڤە و رەنگدانەوەی کەسێتییەتی. بۆ نموونە کاتێک چەند منداڵیک لەگەڵ کەسێکی گەورەدا قسە دەکەن کە نایناسن، کاردانەوە و شێوەی قسەکردنی هەریەکەیان لەگەڵ کەسە گەورەکەدا جیاواز دەبێت. ئەمەش جیاوازیی تایبەتمەندیی کەسێتی و خووی مرۆڤەکانە.

ئیلە باس لەوەش دەکات، شەرمکردن تەنها لە 30٪ پەیوەندی بە بۆماوەییەوە هەیە و ئەوەی دەمێنێتەوە پەیوەندی بە کاریگەرییەکانی ژینگەی دەورووبەرەوە هەیە.

ژینگەی دەورووبەر رۆڵێکی گرنگی لە شەرمکردندا هەیە.سەرەڕای هۆکار و کاریگەرییەکانی دەورووبەریش، بۆماوەییوا دەکات ئەو خوانەمان زیاتر دەربکەوێت کە هەمانە.

بۆ نموونە منداڵێکی شەرمن، لە پارکێکدا لەبری یاریکردن لەگەڵ منداڵانی دیکەدا، سەیریان دەکات و ئەمەش بە ئاشکرا لە منداڵەکەدا دەردەکەوێت.

 توێژینەوەکان دەیسەلمێنن ئەم منداڵە شەرمنانە کاتێک ئاسودەن کە بە تەنیا بنو ئەمەش بەشێکی پەیوەندی بە هۆکاری بۆماوەیی و کەسێتی خۆیەوە هەیە.

ئەم پڕۆفیسۆرە پێی وایە ناکرێت تەنها باس لە هۆکاری ژینگەی دەوروبەر یان بۆماوەیی بکەین، چونکە هەردووکیان پێکەوە و بە ئاستی جیاواز کاریگەرییان لەسەر شەرمکردن هەیە، واتە ئەمە سیستمێکی دینامیکییە، بۆیە لە رێگەی چارەسەری دەروونییەوە دەکرێت بگۆڕدرێت و چارەسەر ببێت.

شەرمکردن شتێکی خراپە؟

بەشێک لە توێژەران پێیان وایە شەرمکردن نەک کێشە نییە، بەڵکو تایبەتمەندییەکی ئاساییە و تا ئەو کاتەی نەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەی دیکە بۆ ئەو کەسە،نابێت گەورە بکرێت.

کڵۆی فۆستەر چارەسەرکارێکی دەروونییە و لە یەکێک لە ناوەندەکانی چارەسەری دەروونی لە لەندەن کار دەکات، دەربارەی شەرمکردن دەڵێت، شەرمکردن دۆخێکی زۆر ئاسایی و بەربڵاوە.تا ئەو کاتەشی نەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ بۆ مرۆڤ،ئاساییە و کێشەی دیکەی بۆ دروستناکات.

فۆستەر پێی وایە، کاتێک کەسێک لە ژمارەیەکی زۆر لەو کارانەی کە پێویستە ئەنجامیان بدات خۆی بە دوورگرت و نەیکردن، ئەوا پێویستی بە چارەسەرە. ئەم کەسانە زۆر جار ناتوانن بە شێوەیەکی رێکخراو لەگەڵ هاوڕێکانیاندا گفتوگۆ بکەن، لە دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دووچاری ناڕەحەتی دەبنەوە و هەست دەکەن لەلایەن دەورووبەرەوە بەردەوام لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

هۆکارەکانی پەیوەست بە گەشەکردن

تالیا ئیلە دەربارەی کاریگەری گەشەکردنی جەستەیی و کەسێتی  لەسەر شەرمکردن دەڵێت، دەکرێت لە پشت دروستبوونی و زۆرتربوونی شەمکردنەوە لە مرۆڤێکدا، هۆکارەکانی پەیوەست بە گەشەکردن هەبن.

ئیلە باس لەوە دەکات، وەک چۆن بوونی کەسانی کراوە کە دەیانەوێت بۆ دۆزینەوەی شتێکی نوێ بچنە دەرەوە و کەسانی دیکە بناسن گرنگن، ئەو کەسانەشی داخراون و خۆیان لە مەترسیی و سەرکەشییەکان دەپارێزن و دەیانەوێت لە ماڵەوە ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت گرنگ و پێویستن بۆ کۆمەڵگا.


یەکێک لە چاەسەرە گونجاوەکان بۆ شەرمکردن چارەسەری رەفتاریی زانینە. لەم چارەسەرەدا هەوڵدەدرێت شێوازی بیرکردنەوە و رەفتاری کەسەکە بگۆڕدرێت.

لەم چارەسەرەدا سەرەتابیرکردنەوە نەرێنییەکانی کەسی شەرمن دەستنیشان دەکرێت و کاریان لەسەر دەکرێت.

ئەگەر بەردەوام پێش ئەوەی قسەیەک بکەیت خۆت ئامادە بکەیت و بترسیت، لە قسەکانت وردبیتەوە و سەیری چاوی بەرامبەر بکەیت، هۆکارە بۆ ئەوەی زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ، نائارامیی و شەرمکردن ببیتەوە.

کێشەی سەرەکی ئەو کەسانەی بەهۆی شەرمکردنەوە ناتوانن قسە بۆ گروپێک کەس بکەن و وتارێک یان سیمینارێک پێشکەش بکەن ئەوەیە، کۆمەڵێک ئاست و ستاندارتی بەرزیان بۆ خۆیان داناوە تاکو لە قسەکردندا پەیڕەوی بکەن، ئەگەرنا ئەو کەسانە کەمێک خۆیان ئارام بکەنەوە و یەک دوو هەناسەی قوڵ بدەن، لەو دڵەڕاوکێ و شەرمکردنە رزگاریان دەبێت.

کەسی شەرمن، لەبری بیرکردنەوە لەو کێشانەی بەهۆی دڵەڕاوکێوە بۆی دروستبووەباشترە سەرنج بخاتە سەر رووداوەکانی دەورووبەری. ئەو کەسانە ئەگەر لەبری خۆیان سەرنج بخەنە سەر قسەکانی بەرامبەر، لە ترس ودڵەڕاوکێی "هەڵە قسەکردن" رزگاریان دەبێت و بە ئارامیی قسە لەگەڵ بەرامبەردا دەکەن.

کەسی شەرمن دەبێت بە دیاریکراوی بزانێت لە چی شتێک دەترسێت و شەرم دەکات؟ لەوە دەترسێت قسەیەکی هەڵە بکات یان چی؟ چونکە مرۆڤ چەند زیاتر دەربارەی هۆکاری دڵەڕاوکێکەی بزانێت، ئەوەندە زیاتر دەتوانێت سەربکەوێت بەسەریدا.

بەشێوەیەکی گشتی کەسە شەرمنەکان مرۆڤی داخراون، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت مرۆڤی کراوە بن، بەڵام بەهۆی دڵەڕاوکێکانیانەوە ناتوانن کۆمەڵایەتیی بن و تێکەڵی دەورووبەر بن.

مرۆڤێکی شەرمن هەوڵ بدات کراوە دەربکەوێت چی بەسەر دێت؟

جێسی سەن خاوە بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری (دەرووناسیی کەسێتی) لە زانکۆی داڤیسی کالیفۆرنیا تاقیکردنەوەیەکی یەک هەفتەیی ئەنجامدا.لە تاقیکردنەوەکەدا داوا لە بەشداربووان کرا لە سروشتی ئاسایی خۆیان زیاتر کراوە رەفتار بکەن، کۆمەڵایەتیی بن، قسە بکەن، چالاک بن، بوێر و مکوڕ بن. ئەو بەشداربووانەی خۆیان بە سروشتیی کەسی کراوەن، لە تاقیکردنەوەکەدا زیاتر هەستیان بە ئاسودەیی و هەستی ئەرێنی کردووە، ئەو کەسانەشی خۆیان داخراو بوون، گۆڕانێکی ئەرێنی بەرچاویان تێدا رووی نەداوە و ئەو بەشداربووانەشی کەسانی گۆشەگیر و  زۆر داخراوبوون، تەنانەت بەم تاقیکردنەوەیە هەستیان بە ماندوویەتی و هەستی بێزاریی زیاتر کردووە.

بەپێی هەندێک توێژینەوەی دەروونناسیی، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەسانی کراوە لە کەسانی داخراو زیاتر پەسەندکراون، لە کاتێکدا لە ژاپۆن، چین و زۆربەی وڵاتانی ئاسیا کەسانی بێدەنگ، داخراو و کەمدوو زیاتر پەسەندکراون.

بەپێی بەشێکی بەرچاو لە توێژینەوەکان، کەسانی کراوە لە زۆربەی کەلتورەکاندا دڵخۆشترن لە کەسانی شەرمنو  داخراو، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کەسانی شەرمن دڵخۆش نەبن.

سوزەن کەینلە کتێبەکەیدا بە ناوی (بێدەنگیی؛ هێزی گۆشەگیرەکان لە دونیایەکی پڕ لە قسەدا) دەنووسێت؛ پێتان وا نەبێت گۆشەگیریی پێویستی بە چارەسەرە، ئەو کەسانەی زۆر قسە دەکەن، ئەم زۆر قسەکردنەیان هێندەی گەردێک پەیوەندیی بە باش بیرکردنەوەیانەوە نییە.