ڕاپۆرتی جیهانی

05:18 - 25/05/2020

چاویلکەیەکی دەستکردی منداڵێکی یەمەنی دەبێتە مۆدێلێکی نوێی جیهانی‌

پەیسەر

هەندێكجار بیرۆكەی سادەو ساكار دەبێـتە داهێنانێكی سەرنج ڕاكێش، گەلەك جاریش دەبێتە هۆكاری ئاڵوگۆڕی گەورە لە ژیانی كەسەكاندا، خۆ ئەگەر بیرۆكەكە هی منداڵێكی ئاوارەی سادەو ساكار بێت و ئامانجەكەشی ڕوون و دیاربێت و بیەوێت لەو ڕێگەیەوە خەونێكی خۆشی منداڵانەی بەدی بهێنێت چەندەی تر سەرنج ڕاكێش دەبێت .

 
محەمەد منداڵێکی ئاوارەی یەمەنی یە، لە ئاسنی نەرم (تەل) چاویلکەیەک دروست دەکات و لەدوای ئەوەی لە مەزاد(فرۆشتن)ێکی ئەلیکترۆنیدا پەخشکرا، بووبە چیرۆکێکی سەرنجڕاكێشی مرۆیی و ئیلهام بەخش بۆ بەکابەرانی تۆڕە کۆمەلایەتییەکان.


محەمەد، ئەو منداڵە ئاوارەیەیە کە لەگەڵ خێزانەکەی بەهۆی جەنگی میلیشیا حوسییەکان لەكۆتایی ساڵی ٢٠١٤ دا ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی یەمەن بووە. ئەو چاویلکەیەكی ئاسایی دروستی کردووە ، بەڵام لەبەر ئەوەی بە دەستوپەنجەیەکی منداڵانە دروستكراوە ، وایکردووە دەنگبداتەوە و زۆرترین نرخی بچێتە سەر.

عەبدوڵا جەرادی وێنەگری ڕۆژنامەوانی و بەڕەگەز یەمەنی، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨/٥/٢٠٢٠ چاویلکەکەی محەمەدی لە تۆڕی ئەلیکترۆنی بۆ فرۆشتن بڵاوکردەوە و ئامانج لێی یارمەتیدانی محەمەد بوو تا لەڕێی پارەی چاویلکەکەوە بتوانێت جل و بەرگ و پێداویستییەکانی جەژن بکڕێت.

جەرادی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی "محەمەد بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بووە و ئەمڕۆ لەکاتی سەردانیکردنیدا بەنرخترین شتی خۆی کە چاویلکە دەستکردەکەی بوو لەلای هاوڕێکانی شانازی پێوەدەکرد، کردە دیاری ئێمە و لە بەرامبەردا دەیویست وێنەی بگرین."

هەروەها نوسیویەتی "بیرۆکەی فرۆشتنی چاویلکەکە بە ئامانجی یارمەتیدانی محەمەد و دوان لە هاوڕێکانییەتی تا بتوانن بە پارەی چاویلکەکە جل و بەرگی جەژن بکڕن."


لەدوای ٢٧ کاتژمێر لە بڵاوکردنەوەی چاویلکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایتەییەکاندا، نرخی فرۆشتنەکەی گەیشتە دوو ملیۆن و نیو ریالی یەمەنی کە دەکاتە ٤ هەزار دۆلاری ئەمریکی.

پرسیار ئەوەیە ئاخۆ دڵخۆش كردنی محەمەد و هاوڕێكانی لەم رۆژانەی جەژندا لە چ ئاستێكدا بێت كە بە جل و بەرگی منداڵانەوە دەربكەون و پڕ بە گەروویان پێبكەنن و نەهامەتیەكانی ئاوارەیی و كارەساتەكانی جەنگی وڵاتەكەیان بۆ ساتێكی كەمیش بێت لە بیر ببنەوە؟