ڕاپۆرتی جیهانی

02:09 - 28/05/2020

خوێندن و پەروەردە لەسایەی سیستمی سەرمایەداریدا‌

پەیسەر

خوێندن و پەروەردە لە سایەی سیستمی سەرمایەدارییدا تەواو جیاوازە لە خوێندن و پەروەردە لەسایەی هەر سیستمێکی دیکەدا.  لەژێر ئەم سیستمە بەردەستەی ئێستادا کوالیتی خوێندن و پەروەردە تەواو لەلایەن دەوڵەتانی سەرمایەدارەوە بەرنامەڕێژیی بۆ کراوە، بەجۆرێک خوێندکاران بەجۆرێك پەروەردە دەکات کە لەبەرژەوەندی خودی خۆیدا بێت.

سەرمایەداریی بەو سیستمە پێناسەکراوە کە  لەناو سیستمەكانی دیكەدا باشترینە. لە سایەی ئەو سیستمەدا خوێندنگە ئاینییەکان وانە تیۆرییە مێتافیزیکییەکانی مێژوو دەڵێنەوە و خوێندکارانێک بە ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە پەروەردە دەکەن کە خزمەت بە ئایینەکەیان دەکات.

هەروەها لەو خوێندنگانەدا دۆگمایی ئاینی مەسیحییەت بەسەر خوێندکارەکاندا دەسەپێنرێت. خوێندنی باڵا داوا لە خوێندکاران دەکات لەژێر قەرزی بانکیدا خۆیان بخنکێنن و ڕێگە دەدات زانکۆ و پەیمانگاکان نرخی لەڕادەبەدەر لەسەر خوێندنەكانیان دابنێن. هەروەها پەروەردە لە ژیانی خوێندکاردا وەک کایەیەکی کاتیی و تێپەڕ هەژمار دەکرێت، کە بۆ چەند ساڵێکی کورت وەریدەگرێت و پاشان لەپێناو دەستکەوتنی پیشەیەکدا دەست لە خوێندن هەڵدەگیرێت.

خوێندکاران هەر لە  قۆناغەکانی سەرەتاییەوە تا تەواوکردنی زانکۆ فێردەکرێن ببنە خزمەتکاری دەستەمۆی چینی سەرمایەداران و ببنە  تایەیەک بۆ بەردەوامیدان بۆ بازاڕی ئازاد. بیرکردنەوەی ئازاد، وەک  ئەوەی لەلایەن لیبراڵ ئاڕتەوە بە وانە دەوترێتەوە، لە ئاست ڕێگە لۆژیکییەکانی بیرکردنەوەدا سست کراوە کە هیچ ڕەخنەیان نییە بەرامبەر ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژین.

لە خوێندن و پەروەردەدا گرنگییەکی زۆر بە وانەزانستییەکان دەدرێت و فەرامۆشکردنێکی بەرچاو لە بواری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا هەیە، لێرەدا مەبەستەکە ئەوەنییە کەوا بابەتە زانستییەکان گرنگ نین، لە ڕاستیدا گرنگن؛ مەبەستەکە ئەوەیە خوێندنگەی( لیبراڵ ئاڕت*) لە ئاست بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا سست و لاواز کراوە و لەجێگەی ئەوەدا وانە زانستییەکان بەسەر خوێندکارەکاندا فەرزکراون و کراونەتە بابەتی سەرەکی.

لەژێر سیستمی خوێندنی لیبڕاڵ ئاڕتیشدا کە باسی لێوەکرا هەر ڕێگایەکی جێگرەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە سواغ دراوە و خوێندکاران هەرگیز فێرنەکراون ڕەخنە لە سیستەم بگرن و بە ئازادی بیربکەنەوە.

دواجار چۆن دەتوانرێت ڕەخنەی سیستیەم لەکۆمەڵگەیەکدا بکرێت کە لەلایەن دەسەڵاتێکی سیاسیەوە کۆنتڕۆڵکرکرابێت کە خزمەتی چینێکی بەڕێوبەری سەپێنەر دەکات و تاکە ئامانجی ئەوەیە پێگەی کەسیی خۆی بپارێزێت و بهێڵێتەوە، نەک کۆمەڵگە بەرەوپێشببات لەپێناوی ئەوەی هەموو کەس ژیانێکی شیاو و خۆشگوزەرانیان هەبێت.

سیستمی پەروەردە لە تەواوی جیهاندا ئاراستەیەکی لادەری وەرگرتووە و چارەنووسی هەمووان بریتی دەبێت لە بوون بە خزمەتکاری سیستەم و کۆیلەی چینی سەرمایەداران.

ئەو مەرجانەی کۆمپانیاکان بۆ فەرمانبەرانی دادەنێن  بە وردی پەیڕەو دەکرێت و خوێندکارانیش بەدرێژایی کاتەکان ڕاهێنانیان پێدەکرێت و تێیدا فێر دەکرێن چۆن بە باشترین شێوە خۆیان لەگەڵ داواکاری سەرۆک کارەکان بگونجێنن.

ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پپێشەوە بریتییە لەوەی ئایا ئەمە بوو ئەو خوێندن و پەروەردەیەی خوێندکارانی سەرتاسەری جیهان شایانی بوون؟ یاخود سیستمێکی جێگرەوە هەیە کە خوێندکاران لە سایەیدا هەست بە بوون و پێگەیشتنی خۆیان بکەن؟

* سیستمی پەروەردەیی "لیبراڵ ئاڕت" بەشێکە لە پرۆگرامی خوێندنی باڵای ڕۆژئاوا کە چوار بەشی سەرەکی لەخۆ دەگرێت: زانستی سروشتیی، زانستی کۆمەڵایەتی، زانستە ھونەرییەکان و زانستە مرۆییەکان

سەرچاوە: ئەنگڵ فایەر