ڕاپۆرتی جیهانی

11:24 - 29/05/2020

ئه‌وروپا رێكاره‌كانى خۆپارێزى شل ده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

له‌گه‌ڵ كه‌م بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی توشبووان به‌ كۆرۆنا رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌وروپی كه‌م ده‌كرێنه‌وه‌ و بازار و جوڵه‌ی بازرگانی به‌ره‌و ئاسایی بوونه‌وه‌ ده‌چن.

ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌تایبه‌تیش وڵاتانی رۆژئاوای ئه‌وروپا رایانگه‌یاند رێكاره‌كانی كه‌ره‌نتینه‌ و خۆپارێزی له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی توشبووان به‌ ڤایرۆسی كۆڤید 19 قۆناغ به‌قۆ‌ناغ كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئیسپانیا
رۆژی پێنج شه‌ممه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسپانیا رایانگه‌یاند، رێكاره‌كانی خۆپارێزی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ ده‌دات به‌ 70%ی هاوڵاتیان كه‌ له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتووه‌وه‌  بچنه‌ چێشتخانه‌ و مه‌له‌وانگه‌ و بازاڕه‌كان.

لای خۆیه‌وه‌ فرناندوسیمون سه‌رۆكی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌ندروستی و فریاكه‌وتن له ‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رۆژی پێنج شه‌ممه‌ رایگه‌یاند"ژماره‌ی نوێی توش بووان تاراده‌یه‌ك گونجاوه‌".

له ‌ئیسپانیا له‌مانگی ئازاری رابردووه‌وه‌، رێكاری توند بۆ خۆپارێزی له‌ڤایرۆسی كۆڤید 19 گیرانه‌به‌ر و له‌ 11ی ئایاره‌وه‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی كه‌مكرانه‌وه‌، له‌و وڵاته‌ 27 هه‌زار كه‌س به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌ی توش بووانیش گه‌یشته‌ 238 هه‌زار كه‌س.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسپانیا به‌رده‌وام ده‌بن له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزی تا كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو، به‌ڵام له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتووه‌وه‌ رێگه‌ به‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌نده‌لوس و ڤالنسیا و دورگه‌كانی بلیار و كناری ده‌درێت مه‌له‌وانگه‌كان بكه‌نه‌وه‌، له ‌به‌رامبه‌ر ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی خه‌ڵك، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌ كه‌ناراوه‌كان پارێزگاری له‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی بكرێت و دووری نێوان دووكه‌س له‌ دوو مه‌تر كه‌متر نه‌بێت.

به‌ڵام بازاره‌كان رێگه‌یان پێده‌ده‌رێت به‌رێژه‌ی 40% ی تواناكانیان كار بكه‌ن، هه‌روه‌ها رێگه‌ به‌چێشتخانه‌كان ده‌درێت له‌شوێنی داخراو خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی سه‌ردانیكه‌ره‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م رێكارانه‌ دانیشتوانی دوو ناوچه‌ی هه‌ره‌ زه‌ره‌رمه‌ندی ئیسپانیا ناگرێته‌وه،‌ كه‌بریتین له‌ مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه‌ و تائێستاش دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ك قۆناغی سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌ژین و په‌یڕه‌وی رێكاره‌كان ده‌كه‌ن.

فه‌ره‌نسا
له‌ فه‌ره‌نسا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ئیدوار فیلیپ له‌په‌یامێكی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند قۆناغی داهاتوو كه‌مكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كانی كه‌ره‌نتینه‌كردن ده‌بێت، گوتیشی له‌رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتووه‌وه‌ رێگه‌ به‌چێشتخانه‌ و شوێنه‌كانی مه‌یفرۆشی و قاوه‌خانه‌كان ده‌ده‌رێت ده‌رگاكانیان بكه‌نه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێكاری زیاتر له‌شاری پاریس گیراوه‌ته‌به‌ر به‌راورد به‌ شوێنه‌كانی تر، هه‌روه‌ها حكومه‌ت رێكاره‌كانی سه‌ر گه‌شتكردن لاده‌بات و كه‌ناراوه‌كان له‌هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ ده‌كرێنه‌وه‌.

فیلیپ جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كۆتوبه‌ندی سه‌ر سنور له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌ی شنگن لاده‌به‌ن له‌ 15ی حوزه‌یرانی داهاتووه‌وه‌.
سه‌رۆك وه‌زیرانی فه‌ره‌نسا جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه،‌ كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌جۆرێك سست بووه‌ كه‌ پێشبینی نه‌كراوبوو، ده‌شڵێت چیتر پاریس ناوچه‌ی سور نیه‌ بۆ كۆڤید 19 به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌ترسیه‌كه‌ ماوه‌ و نابێت كه‌مته‌رخه‌می بكرێت.

له‌فه‌ره‌نسا 28 هه‌زار و 500 كه‌س به‌هۆی كۆڤید 19 وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش كه‌متر له‌ 100 كه‌سیان رۆژی چوارشه‌ممه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا، به‌وه‌ش بۆ حه‌وته‌م رۆژ له‌سه‌ریه‌ك ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن له‌ خوار 100 كه‌سه‌وه‌بووه‌.

به‌ریتانیا
بۆریس جونسون سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا رۆژی پێنج شه‌ممه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ ئه‌و رێكارانه‌ كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ بۆ خۆپارێزی له‌كۆرۆنا له‌ وڵاته‌كه‌ی گیراونه‌ته‌به‌ر.

جونسون رایگه‌یاند رێگه‌ به‌كۆبوونه‌وه‌ی تا 6 كه‌س ده‌درێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كانیان، هه‌روه‌ك له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتووه‌وه‌ قۆناغ به‌قۆناغ خوێندنگاكان ده‌كرێنه‌وه‌، كۆمپانیاكانی دابه‌شكاری و پێشه‌نگای ئۆتۆمبێل ده‌كرێنه‌وه‌، هۆشداریشی دا له‌وه‌ی ئه‌م گۆڕانكارییه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی بچوكه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌.

لای خۆیانه‌وه‌ شاره‌زایانی ته‌ندروستی له‌ به‌ریتانیا رایانگه‌یاند، دۆخه‌كه‌ هاوسه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی توشبوونیان به‌كۆرۆنا پشت راستده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌خێرایی دۆخه‌كه‌ باش نابێت.