ڕاپۆرتی جیهانی

03:12 - 29/05/2020

مۆبایل جێگه‌ى سیخوڕه‌كانی گرته‌وه‌، له‌مپه‌ڕ بۆ ئه‌وپه‌ڕى جیهان‌

پەیسەر پرێس

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى هه‌وڵى سیخوڕیكردنى به‌سه‌ر دوو چالاكوانى ئۆپۆزسیۆنى مه‌غریبییه‌وه‌ ئاشكرا كرد، كه‌ هه‌ریبه‌ك له‌ "معه‌تى مه‌نجه‌ب، مێژوونووس و توێژه‌رى ئه‌كادیمى به‌ناوبانگ و عه‌بدولسادق بوشتاوى، پارێزه‌ر و چالاكى مافه‌كانى مرۆڤ بوون"، ئه‌وه‌ش نوێترین هه‌وڵى سیخوڕیكردن بوو له‌رێگه‌ى مۆبایل و ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ په‌نجه‌ى تۆمه‌ت بۆ كۆمپانیاى زه‌به‌لاحى بوارى ته‌كنه‌لۆژیا (NSO) راده‌كێشرێت كه‌ كۆمپانیایه‌كى ئای تى ئیسرائیلییه‌وه‌ و تۆمه‌تباره‌ به‌وه‌ى له‌ سه‌رانسه‌رى جیهاندا سیخوڕى به‌سه‌ر ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندیكردن و مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان و تابلێت و كۆمپیوته‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئیسرائیل.

كۆمپانیاى (NSO GROUP) چ كاره‌یه‌؟
كۆمپانیاى (NSO GROUP) كه‌ به‌ دایكى ژماره‌یه‌ك كۆمپانیاى بوارى ته‌كنه‌لۆژیاى ئیسرائیلى داده‌نرێت له‌ به‌یاننامه‌ى فه‌رمى كۆمپانیاكه‌یاندا له‌ ناساندنى خۆیاندا ده‌ڵێن "گروپى NSO هه‌ڵده‌ستێت به‌ دابینكردن و په‌ره‌پێدانى ته‌كنه‌لۆژیا بۆ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان و هه‌وڵ ده‌دات بۆ تێكشكاندنى موئامه‌ره‌ و بیرى تیرۆر و رێگرى ده‌كات له‌ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان بۆ سودمه‌ندبونیان له‌ ته‌كنه‌لۆژیا به‌ ئامانجى زیان گه‌یاندن"، هه‌روه‌ك له‌ به‌شێكى دیكه‌ى به‌یاننامه‌ى فه‌رمى و خۆناساندنیاندا گروپى NSO ده‌ڵێن "كاركردنى گروپى كۆمپانیاكانمان پشت به‌ یاسا كارپێكراوه‌كان ده‌به‌ستێت و پابه‌ندین به‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌".
به‌ڵام به‌مدواییانه‌ ناوى (NSO) له‌پاڵ به‌شێك له‌ پێشێلكاریى و تاوانه‌ جیهانییه‌كاندا ده‌هێنرێت به‌تایبه‌ت له‌ 3 ساڵى رابردوودا و به‌دیاریكراوى دواى كوشتنى "جه‌مال خاشقچى" رۆژنامه‌نوس و چالاكى سیاسى سعودی كه‌ به‌پێى سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كان له‌ باڵیۆزخانه‌ى سعودیه‌ له‌ توركیا كوژرا و لاشه‌كه‌ى به‌ پارچه‌ پارچه‌كراوى بزركرا، له‌و سه‌روبه‌نده‌ و له‌ پێشتر و له‌ پاشتریش ناوى (NSO) وه‌ك مۆته‌كه‌ى ناو دونیاى ئه‌لیكترۆنى ده‌بیسترا.

(NSO) كۆمپانیایه‌كى زه‌به‌لاحى بوارى ئاى تى ئیسرائیلییه‌، سه‌پۆرتى زۆرێك له‌ پرۆگرامه‌ مۆدێرنه‌كانى مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان و تابلێت و به‌شێك له‌ به‌رنامه‌كانى كۆمپیوته‌ر ده‌كات، له‌ سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ به‌رنامه‌ى (پیگاسۆس) كه‌ به‌رنامه‌یه‌كه‌ خاوه‌نى ناوبانگێكى خراپه‌ له‌بوارى سیخوڕیكردن و ده‌ستنیشانكردنى لۆكه‌یشن و دزه‌پێكردنى داتا تایبه‌ته‌كانى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌رێگه‌ى ئه‌م به‌رنامه‌یه‌وه‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج.

ئه‌گه‌رچى كۆمپانیاكه‌ به‌رده‌وام ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ى ده‌كرێن و له‌ وه‌ڵامدا هه‌میشه‌ ده‌ڵێت كه‌ ئه‌وان له‌پێناو پاراستنى مرۆڤایه‌تى له‌ جیهاندا كارده‌كه‌ن و ته‌نها دژى تیرۆرن، به‌ڵام له‌ زیاتر له‌ ناوه‌ندێك و له‌ زیاتر له‌ راپۆرتێك و له‌ زیاتر له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ (پیگاسۆس) له‌ توندوتیژى و سه‌ركوتكارى چالاكان و كه‌سانى سه‌ربه‌خۆ و ئۆپۆزسیۆندا به‌كارهێنراوه‌ و ئه‌و كۆمپانیایه‌شى كه‌ به‌رهه‌مى هێناوه‌ وه‌ك تێوه‌گلاو له‌ سه‌ركوتكارى و جاسوسیكردن ته‌ماشا ده‌كرێت، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى كۆمپانیاى گوگڵ كۆمپانیاى (NSO) و پرۆگرامى (پیگاسۆس)ى خستووه‌ته‌ لیستى هۆشدارییه‌كانى و هه‌رچى زیاتره‌ هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و پرۆگرامه‌ و كۆمپانیاكه‌ى پشتى پرۆگرامه‌كه‌ ده‌ستى نه‌گات به‌و مۆبایل و تابلێته‌ زیره‌كانه‌ى كه‌ به‌ سیستمى (ئه‌ندرۆید) كارده‌كه‌ن و له‌لایه‌ن كۆمپانیاى گوگڵه‌وه‌ سه‌پۆرت ده‌كرێن به‌ڵام تا هه‌نوكه‌ هه‌وڵه‌كانى بێئه‌نجام بووه‌ و (NSO) مۆبایل و تابلێت و ئیمه‌یڵی هه‌ركه‌سێكى كردبێته‌ ئامانج ئه‌وا زانیارییه‌كانى دزه‌پێكردووه‌ جا هه‌ر جۆرێك بوبێت و له‌سه‌ر هه‌ر سیستمێك بوبێت.

(NSO) چۆن دامه‌زرا، گه‌نجێك چۆن بووه‌ مۆته‌كه‌ بۆ جیهان؟
به‌پێى ده‌ستور و یاساكانى ئیسرائیل، خزمه‌تى سه‌ربازى خزمه‌تێكى زۆره‌ملێیه‌ و گه‌نجان له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان به‌ ته‌مه‌نى 18 ساڵ پێویسته‌ خزمه‌تى سه‌ربازى بكه‌ن، له‌ سه‌روبه‌ندى خزمه‌تى سه‌ربازیدا گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 18 ساڵ به‌ناوى "شیلیف هۆلیو" هاوشێوه‌ى هه‌زاران گه‌نجى هاوته‌مه‌نى خۆى له‌ یه‌كێك له‌ سه‌ربازگه‌ ئیسرائیلییه‌كان خرایه‌ خزمه‌ته‌وه‌ به‌ڵام له‌ماوه‌یه‌كى كورتدا دواى ته‌واوكردنى خزمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى ناوى هۆلیو له‌ سه‌ربازێكه‌وه‌ گۆڕدرا بۆ سه‌رمایه‌دارێكى گه‌وره‌ى ئیسرائیل و هاوپیشكى گه‌وره‌ كۆمپانیایه‌كى ئه‌منى.

هۆلیو له‌ چیرۆكى ژیانى خۆیدا كه‌ رۆژنامه‌ى یه‌دیعوت ئه‌حرانۆتى ئیسرائیلى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ و وه‌ك نمونه‌ى گه‌نجێكى سه‌ركه‌وتووى ئیسرائیل ناساندویه‌تى ده‌ڵێت، له‌ سه‌ربازیدا خولیام ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌بوارى بازرگانى ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كاندا كاربكه‌م، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم، هه‌روه‌ك خولیام ئه‌وه‌ بوو كارگه‌یه‌كى دروستكردنى پارچه‌كانى ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان دابمه‌زرێنم له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم، دواجار له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێم به‌ ناوه‌كانى "نیف كارمى" و "عه‌مرى لیفنى" كه‌ پێكه‌وه‌ له‌ خزمه‌تى سه‌ربازى بوین بڕیارماندا كۆمپانیایه‌كى ئه‌لیكترۆنى تایبه‌ت به‌ بوارى ئه‌منى دروستبكه‌ین و كۆمپانیایه‌كى تایبه‌تمه‌ندمان دروستكرد و ناومان نا "NSO GROUP" كه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ له‌ بوارى پاراستنى ئاسایشدا له‌رێگه‌ى ته‌كنه‌لۆژیاوه‌.

"له‌ داونلۆده‌رێكى ئاساییه‌وه‌ بۆ سیخوڕیكردن به‌سه‌ر ته‌واوى دانیشتوانى سه‌رزه‌وى"
هۆلیو له‌ درێژه‌ى چیرۆكى ژیانى خۆیدا ده‌ڵێت، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم كه‌ بڕیارماندا كۆمپانیایه‌كى ئه‌لیكترۆنى دروستبكه‌ین، كۆمپانیایه‌كمان دروستكرد به‌ناوى (Communi Tech) كه‌ كۆمپانیایه‌كى بچوك بوو و ئامانجى خێراكردنى پرۆسه‌ى دابه‌زاندن و به‌كارخستنى پرۆگرامه‌كانى تایبه‌ت به‌ مۆبایل و تابلێته‌كان بوو، به‌جۆرێك كارى ئه‌م كۆمپانیایه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌كارهێنه‌رێك له‌برى ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌ به‌ به‌رنامه‌ به‌دوایدا بگه‌ڕێ و دایببه‌زێنێته‌ سه‌ر مۆبایل یان تابلێته‌كه‌ى و به‌كارى بخات و كێشه‌ى توش ببێت، ئه‌وا ده‌یتوانى له‌ كۆمپانیاى (Communi Tech) لینكێك وه‌ربگرێت و ته‌نها به‌ كلیكێك له‌ لینكه‌كه‌ ته‌واوى به‌رنامه‌كانى به‌بێ كێشه‌ له‌سه‌ر ئامێره‌كه‌ى بۆ داونلۆد بكرێت، به‌ڵام دواتر پرۆژه‌كه‌ فراوانكرا تا گه‌یشت به‌ (NSO) و سه‌رجه‌م پرۆگرام و كۆمپانیاكانى ترمان له‌ ناو (NSO)دا توانده‌وه‌.

"پیگاسۆس، سیخوڕێك كه‌ له‌مپه‌ڕ بۆ ئه‌وپه‌ڕى جیهان رێگه‌ى لێناگیرێت" 
پیگاسۆس (Pegasus) ناوێكى ئاشناى ناو دونیاى هه‌واڵگرى و سیخوڕیكردنه‌، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ به‌رهه‌مى سه‌ره‌كى كۆمپانیاى (NSO)یه‌، تواناى ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كه‌ كه‌ هه‌ر مۆبایل یان تابلێتێك یان كۆمپیوته‌ر و ئامێرێكى ئه‌لیكترۆنى له‌ هه‌ركوێیه‌كى جیهان بكاته‌ ئامانج، ده‌توانێت دزه‌بكاته‌ ناوى و داتا تایبه‌ت و شاراوه‌كان بۆ سه‌رچاوه‌كه‌ى بنێرێت، هاوكات زۆر به‌ ئاسانى ده‌توانێت شوێنى به‌كارهێنه‌ران ده‌ستنیشان بكات و زۆر ئاسانیش ده‌توانێت له‌ته‌واوى فیلته‌ره‌كانى پاراستنى ته‌كنه‌لۆژیا تێپه‌ڕێت و هیچ پرۆگرام یان فلته‌رێكى ئاسایشى له‌مپه‌ڕى دونیا تا ئه‌وپه‌ڕى ناتوانێت رێگاى لێبگرێت.
ئه‌گه‌رچى ناوى پیگاسۆس بۆ هه‌ندێك جێگه‌ى مه‌ترسى و بۆ هه‌ندێك ناوێكى بێزاركه‌ر و نه‌خوازراوه‌، به‌ڵام بۆ كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌ى ئه‌منى ئیسرائیل ناوێكى جێگه‌ى شانازییه‌و به‌رده‌وام ده‌ڵێن پیگاسۆس پیلانه‌ مه‌ترسیداره‌كان دژى مرۆڤایه‌تى پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان ناتوانن ئامانجه‌كانیان بپێكن به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌رزوو زانیارییه‌كانیان له‌رێگه‌ى پیگاسۆسه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت.

پیگاسۆس چۆن كارده‌كات؟
پیگاسۆس هاوشێوه‌ى هه‌ر پرۆگرامێكى ترى ته‌كنه‌لۆژى به‌ كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندى و تواناى دیاریكراو ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى كات په‌ره‌ى پێدراوه‌ و له‌ ئێستادا تواناكانى به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك نه‌توانێت رێگرى لێبكات.

سه‌ره‌تا پیگاسۆس له‌ مه‌كسیك تاقیكرایه‌وه‌ و له‌ رێگه‌یه‌وه‌ چه‌ند بازرگانێكى گه‌وره‌ى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان كرانه‌ ئامانج، سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ گواستنه‌وه‌ى نامه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كانیاندا، به‌ڵام ئێستا پیگاسۆس جگه‌ له‌ نامه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كان، ته‌واوى داتا شاراوه‌كانى ناو مۆبایل و تابلێت و كۆمپیوته‌ره‌كان ره‌وانه‌ ده‌كات، هاوكات كامێرا و مایكرۆفۆنى ئه‌و ئامێره‌ى كراوه‌ته‌ ئامانج ده‌كاته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى خاوه‌نه‌كه‌ى هه‌ستى پێبكات و نه‌ك ته‌نها نامه‌ و ئیمه‌یل و وێنه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌، به‌ڵكو ته‌واوى گفتوگۆ و شوێن و گرته‌ى ڤیدیۆیى و وێنه‌ى ئه‌و شوێنه‌ش ده‌گوازێته‌وه‌ كه‌ ئامێره‌ به‌ئامانجكراوه‌كانى تێدایه‌.

هاوكات به‌شێك له‌ راپۆرته‌كان حكومه‌ته‌كانى سعودیه‌ و ئیماراتى عه‌ره‌بى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ به‌هاوكارى ئیسرائیل سودمه‌ند بوون له‌م پرۆگرامه‌ و ته‌واوى ئۆپۆزسیۆن و ره‌خنه‌گرانیان خستووه‌ته‌ ژێر چاودێرى خۆیانه‌وه‌ له‌ ناوخۆ و له‌ ده‌ره‌وه‌ى خاكى خۆیان هه‌روه‌ك نمونه‌ به‌ ئاشكراكردنى داتاكان و رفاندنى ئه‌حمه‌د مه‌نسور، چالاكى مافى مرۆڤ و ئۆپۆزسیۆنى ئیماراتى له‌ ساڵى 2016 و رفاندن و كوشتنى جه‌مال خاشقچى، رۆژنامه‌نوس و ئۆپۆزسیۆنى سعودى ده‌هێنرێته‌وه‌ و له‌ هه‌ردوو پرۆسه‌كه‌دا ده‌وترێت پیگاسۆس رۆڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌بووه‌.

له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م كابوس و هه‌م سه‌رچاوه‌ى دارایى
ئێستا "پیگاسۆس" له‌وه‌ ده‌رچووه‌ ته‌نها به‌رنامه‌یه‌كى ته‌كنه‌لۆژى بێت هاوشێوه‌ى به‌رنامه‌كانى تر، به‌ڵكو له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو ورده‌كارییه‌ مه‌ترسیداره‌ى له‌بوارى هه‌واڵگرى و سیخوڕیكردندا ئه‌نجامى ده‌دات، هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كى دارایى زه‌به‌لاحه‌ و ملیۆنه‌ها دۆلار بۆ كۆمپانیاكه‌ى و وڵاته‌كه‌ى خۆى كه‌ ئیسرائیله‌ په‌یدا ده‌كات، چونكه‌ هیچ پرۆسه‌یه‌ك بێ به‌رامبه‌ر ئه‌نجام نادات ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌زه‌پێكردنێكى بێ ئه‌ژمارى زانیارى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئیسرائیل، هه‌ر به‌م دواییانه‌ش پیگاسۆس توانى ده‌ست بۆ هه‌ستیارترین و به‌هێزترین تۆڕى په‌یوه‌ندیكردن به‌رێت و دزه‌ بكاته‌ ناویه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویس تۆڕى (وه‌تس ئاپ) بوو كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاى فه‌یسبوكه‌وه‌ خاوه‌ندارێتى و سه‌پۆرت ده‌كرێت و كۆمپانیاى (وه‌تس ئاپ) دانى نا به‌وه‌ى كه‌ هه‌ژماره‌ى ملیۆنه‌ها به‌كاربه‌ریان له‌ سه‌رانسه‌رى جیهان ئیختیراق كراوه‌، به‌ڵام زیانه‌كانى ئاشكرا نه‌كرد.

هه‌روه‌ك هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ده‌ڵێن كه‌ پیگاسۆس توانیویه‌تى بگات به‌ هه‌ژمارى بانكى زۆرێك له‌ بانكه‌ زۆر به‌هێزه‌كانى جیهان و ته‌نانه‌ت سیستمى ئاسایشى بانكه‌كانیش نه‌یانتوانیوه‌ رێگه‌ له‌م كابوسه‌ بگرن كه‌ خه‌وى له‌ چاوى زۆرێك له‌ مرۆڤه‌كان زڕاندووه‌.
"خراپترینى ناو خراپه‌كان"

ره‌نگه‌ پێشتر ته‌نها ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان یان به‌شێك له‌ چالاكان و كۆمپانیاكانى په‌یوه‌ندى و شاره‌زایانى ته‌كنه‌لۆژیا ئاگادارى مه‌ترسییه‌كانى پیگاسۆس بوبن، به‌ڵام له‌ ساڵى 2016 به‌دواوه‌ پیگاسۆس كه‌وته‌ به‌رده‌م به‌دواداچوونێكى جیهانى و گروپه‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كان و دامه‌زراوه‌ هه‌واڵگرییه‌كان كه‌وتنه‌ سۆراغكردن و گه‌ڕان به‌دوای زانیارییه‌كانیدا به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ساڵى 2016دا پیگاسۆس دزه‌ى كرده‌ ناو یه‌كێك له‌ پارێزراوترین تۆڕه‌كانى په‌یوه‌ندیكردن له‌ كه‌نه‌دا و له‌وێ توانى دزه‌ به‌ نامه‌یه‌كى زۆر هه‌ستیار و تایبه‌تى چالاكى ئیماراتى ئه‌حمه‌د مه‌نسور بكات و نامه‌كه‌ له‌ هێڵه‌ پارێزراوه‌كه‌ى خۆى ده‌ربهێنێت و بیگوازێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئیمارات، به‌وه‌ش كه‌نه‌دا تا ئاستێكى به‌رز نیگه‌ران و توڕه‌بوو له‌ پیگاسۆس و تیمى تایبه‌تى پێكهێنا بۆ سۆراغكردنى ئه‌م مۆته‌كه‌ جیهانییه‌، به‌دواشیدا له‌ سه‌رانسه‌رى جیهان كۆمپانیا و گروپه‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كان كه‌وتنه‌ شوێنپێهه‌ڵگرتن و رۆیشتن به‌دواى پیگاسۆسدا و سه‌ره‌نجام ئاشكرابوو كه‌ ئه‌م پرۆگرامه‌ خراپترینى ناو پرۆگرامه‌ خراپه‌كانى سیخوڕیكردن و مه‌ترسیدارترینیانه‌ و له‌ 45 وڵاتى جیهاندا ده‌سه‌ڵاتداران به‌كارى ده‌هێنن بۆ چاودێرى و راوه‌دونانى ئۆپۆزسیۆن و ره‌خنه‌گرانى خۆیان.

هه‌ر له‌ سه‌روبه‌ندى به‌دواداچوونى پیگاسۆس، مایكل شۆلۆڤ، پسپۆڕى ئایتى جیهانى رایگه‌یاند، كه‌ پیگاسۆس له‌لایه‌ن تیمێكى زۆر ورده‌وه‌ دروستكراوه‌ و ئه‌ندازیاره‌كانى پشتى ئه‌م پرۆگرامه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك زیره‌كن كه‌ باش ده‌زانن بۆشاییه‌كانى ئامێره‌ ته‌كنه‌لۆژى و مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان بدۆزنه‌وه‌ و دزه‌ بكه‌نه‌ ناویه‌وه‌.

هاوكات وتیشى به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى هیچ كه‌سێك له‌ دونیادا له‌ پیگاسۆس سودمه‌ند نییه‌ سوپاى ئیسرائیل نه‌بێت و هه‌ركه‌سێكیش ئه‌گه‌ر بۆ جارێك سوودى لێوه‌رگرتبێت ئه‌وا ده‌یان جار به‌دوایدا زیانى لێكردووه‌ و ته‌واوى داتا شاراوه‌كانى خۆى پێشكه‌شى پیگاسۆس كردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر چه‌ند داتایه‌كى كه‌س یان گروپێكى دیاریكراودا.

پیگاسۆس له‌ پرۆگرامه‌وه‌ بۆ چه‌ك
ئه‌گه‌رچى له‌ دونیاى سیاسه‌تدا هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌ك جا وزه‌ بێت یان دارایى یان ته‌كنه‌لۆژى ده‌كرێت بخرێته‌ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى وڵاتێك یان سیستم یان گروپێكى ده‌سه‌ڵاتدار، به‌ڵام پیگاسۆس له‌وه‌ زیاتر سه‌ریكێشاوه‌ و ئاماده‌گییه‌كى ته‌واوى هه‌یه‌ هه‌م له‌ دۆستایه‌تى، هه‌م له‌ ململانێكانى ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه‌ و له‌گه‌ڵ جیهان.

هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پیگاسۆس خزمه‌تێكى گه‌وره‌ى هاوپه‌یمانى شاراوه‌ى سعودیه‌ و ئیمارات و ئیسرائیلى كردووه‌ و لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و سێ وڵاته‌ى پێكه‌وه‌ پاراستووه‌ و له‌مپه‌ڕى جیهان بۆ ئه‌وپه‌ڕى جیهان ئه‌گه‌ر نه‌یارێكیان هه‌بێت پیگاسۆس خستویه‌تییه‌ به‌رده‌ستیان، هاوكات به‌شێك له‌ راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێستا پیگاسۆس چه‌كێكى ئه‌لیكترۆنى مه‌ترسیداره‌ و نمونه‌ به‌ ململانێكانى تاران و ته‌لئه‌بیب ده‌هێننه‌وه‌ و به‌ دورى نازانن كه‌ پیگاسۆس سیخوڕێكى وردى سه‌ر هاوڵاتیانى ئێرانى و پرۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى كۆمارى ئیسلامى بێت.

رووبه‌رى خۆڵه‌مێشى
رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى دواى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى له‌باره‌ى مه‌ترسیدارترین پرۆگرامى سیخوڕیكردن له‌ جیهان و تێوه‌گلانى (NSO) له‌ چه‌ند دۆسێیه‌كى چاودێریكردن و سه‌ركوتكردنى كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ربه‌خۆ و چالااكه‌كانى جیهان بڕیاریدا كه‌ داواى یاسایى له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیا ئیسرائیلییه‌ تۆماربكات و سروشتى داواكه‌ش وابوو كه‌ پێویستبوو له‌ دادگایه‌كى ناوخۆیى ئیسرائیل به‌ڕێوه‌بچێت، بۆ ئه‌وه‌ش رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ستى كرد به‌ كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌و گروپ و رێكخراو و كه‌سایه‌تییانه‌ى كه‌ به‌هۆى (NSO) زیانمه‌ند بوون یان مه‌ترسییان هه‌بوو كه‌ سیخوڕییان به‌سه‌ره‌وه‌ بكرێت تا له‌ داواكه‌دا پشتیوانى بن و زانیارى و به‌ڵگه‌ بۆ دادگاكه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌، سه‌ره‌نجام له‌ مانگى ئایارى رابردوودا له‌ ته‌لئه‌بیب پرۆسه‌ى دادگایكردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام كاتێك نوێنه‌رى (NSO) هاته‌ دادگا هه‌مووانى توشى شۆك كرد و سه‌رله‌به‌رى پرۆسه‌كه‌ى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان گۆڕى، چونكه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى پێشتر رابگه‌یه‌ندرێت كۆمپانیاى (NSO) پشكدارى به‌ به‌هاى 8 ملیار دۆلار له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆكپانیایه‌كى ته‌كنه‌لۆژى ئیسرائیلیدا ئه‌نجامدابوو كه‌ هه‌موو كۆمپانیاكان بوبوونه‌ هاوپشك و بۆ ئه‌وه‌ش سوودى له‌ یاساكانى پشكدارى جیهانى وه‌رگرتبوو و به‌ رێگه‌یه‌كى ته‌واو یاسایى وریایانه‌ كاره‌كه‌ كرابوو، به‌وه‌ش ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى كه‌ (NSO) بۆخۆى دروستیكردبوو زۆر به‌هێزتربوو له‌وانه‌ى داوایان له‌سه‌ر تۆماركردبوو و دادگا به‌ڵگه‌كانى رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى نادیده‌ گرت.

هه‌رچۆنێك بێت ئێستا (NSO) ته‌نها ناوى كۆمپانیایه‌كى ئاسایى بوارى ته‌كنه‌لۆژیا نییه‌، هه‌روه‌ك ته‌نها كۆمپانیایه‌كیش نییه‌ كه‌ به‌هاى پشكه‌كانى ملیاره‌ها دۆلار بێت، به‌ڵكو یه‌كێكه‌ له‌ كاریگه‌ره‌ترین دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانى ئیسرائیل و هه‌ر له‌ مۆبایله‌ كه‌سییه‌كانه‌وه‌ تا بانك و سیستمه‌ به‌رگرى و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانیشى كۆنترۆڵكردووه‌، به‌له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و بۆچونه‌ى ئیسرائیل كه‌ پێیوایه‌ "ده‌شێ هاوڕێكانى ئه‌مرۆ دوژمنه‌كانى سبه‌ینێ بن"، ئێستا (NSO) له‌ خزمه‌تى ته‌نها دۆسته‌كاندا نییه‌ دژى نه‌یاره‌كان، به‌ڵكو ئاماده‌یه‌ له‌ هه‌ر چركه‌یه‌كدا ئه‌و دۆستانه‌ش كۆتایى پێبهێنێت كه‌ ئێستا پارێزگارى له‌ كۆمپانیاكه‌ و سیستمه‌ سیخوڕییه‌كه‌ى ده‌كه‌ن.