ڕاپۆرتی جیهانی

04:17 - 31/05/2020

ئەو وانانەی لە ئەنفلۆنزای ئیسپانییەوە فێریان دەبین؟‌

پەیسەر

مێژووی ڤایرۆس و پەتاکان نوێ نین، بەڵام هەرکاتێک ڤایرۆسێکی نوێ سەرهەڵدەدات، دیسان مرۆڤایەتیی ترسی لێدەنیشێت، وەک ئەوەی یەکەم جار بێت رووبەڕووی مەترسییەکی لەم جۆرە ببێتەوە. سەد ساڵ پێش ئێستا ئەنفلۆنزای ئیسپانی بەشێکی زۆری جیهانی گرتەوە، لە ئێستاداش بۆ کۆتاییهێنان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە گیانی لە سەدان هەزار کەس وەرگرتووەتەوە، چی وانەیەک لە ئەنفلۆنزای ئیسپانی وەردەگرین؟

لە ساڵی 1918 و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم، ئەنفلۆنزای ئیسپانی بە درێژایی دوو ساڵ و لە سێ شەپۆلی یەک بە دوای یەکدا، بەشێکی زۆری جیهانی گرتەوە و کاریگەری کردە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی 50 ملیۆن کەس.

سەرەڕای پێشکەوتنە پزیشکییەکان و هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ ئەوەی سەد ساڵ تێدەپەڕێت، بەڵام دەکرێت وانەی گرنگ لە شێوازی رووبەڕووبوونەوەی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگیرێت و سودی لێوەربگیردرێت.

ئەنفلۆنزای ئیسپانی لە ئازاری 1918 سەریهەڵدا، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی شەش مانگدا بە شێوەیەکی مەترسیدار بڵاوبووەوە و بەشێکی زۆری جیهانی گرتەوە، لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا و بەهۆی گرتنەبەری رێکارەکان، لە مانگی کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا و لە کۆتا رۆژەکانی 2018 کۆنترۆڵ کرا.

سەرهەڵدانەوە

کاتێک هەموان پێیان وابوو ئەنفلۆنزای ئیسپانی کۆنترۆڵ کراوە و کۆتایی پێهاتووە، بەهۆی ساردبوونەوەی خەڵک و حکومەتەکان لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان لە بەشێک لە وڵاتەکان، شەپۆلێکی دیکەی ئەنفلۆنزاکە سەریهەڵدایەوە کە بە شەپۆلی سێیەم ناودەبرێت.

شەپۆلی سێییەم کە دەرئەنجامی شلکردنەوەی رێکارە تەندروستیی و خۆپارێزیەکان بوو، بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەسی تر و ئەنفلۆنزاکەش تاکو ساڵی 1920 بەردەوام بوو.

ئەنفلۆنزای ئیسپانی لە کوێ سەریهەڵدا؟

لەگەڵ ئەوەی پێی دەوترێت ئەنفلۆنزای ئیسپانی، بەڵام یەکەم حاڵەتی ئەنفلۆنزاکە لە چواری ئازاری 1918 لە شاری کانساسی ئەمریکا تۆمارکرا.

لە کەمپی (Fuston)ی شارەکە چێشلێنەرێک بە ناوی (Albert Gitchel) بەهۆی سەرهەڵدانی نیشانەکانی تا، سەرێشە و کۆکە سەردانی پزیشک دەکات.

لە ماوەی سێ هەفتەدا لە کەمپەکەدا هەزار و 100 سەرباز برانە نەخۆشخانە و هەزارانی دیکەش تووشی نەخۆشییەکە بوون بەبێ ئەوەی بچنە نەخۆشخانە.

ئەنفلۆنزای ئیسپانی بە خێراییەکی زۆر دەپەڕێتەوە بۆ وڵاتانی ناو شەڕی جەنگی جیهانیی یەکەم (فەڕەنسا، بەریتانیا و ئیتاڵیا) و لە ئیسپانیاش بڵاوبووەوە.

لە بەهاری 1918 سێ لەسەر چواری سەربازانی فەڕەنسا و نیوەی سەربازانی بەریتانیا تووشی ئەنفلۆنزاکە بوون. لە مانگی ئایاردا گەیشتە باکوری ئەفریقا و دوای ماوەیەکی کەمیش گەیشتە شارە قەرەباڵخەکەی بۆمبای هیندستان. لە مانگی حوزەیران ئەنفلۆنزاکە دەگاتە چین و مانگی تەموزیش یەکەم حاڵەت لە ئوسترالیا تۆمار کرا.

لە شەپۆلی یەکەمدا ئەنفلۆنزاکە  نیشانەکانی سوک بوون و کاتەکەشی کەم بووە، رێژەی مردنیش لەچاو ژمارەی تووشبووان کەم بووە و زۆر بە جیاواز لە ئەنفلۆنزای ئاسایی نەبینراوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بە جددی وەرنەگیراوە و رێکاری توند نەگیراوەتەبەر.

لە مانگی ئابی 1918 ئەنفلۆنزاکە بە شێوەیەکی کوشندە و وەک شەپۆلی دووەم و بەشێوەیەکی کوشندە و قورس تەشەنەی سەندەوە. ئەم شەپۆلە بە بەندەرەکانی ئەمریکا، ئەورووپا و ئەفریقادا و دواتریش بە ناو بنکە سەربازییەکانی ئەورووپادا دیسان بڵاوبووەوە.

شەپۆلی دووەم کە ماوەی شەش هەفتەی خایاند، بە باکور، ناوەڕاست و باشوری ئەمریکادا بڵاوبووەوە، لە مانگی ئەیلولدا لە رۆژئاوا و باشوری ئەفریقا و بەشێکی زۆری ئەورووپا بڵاوبووەوە. لێرەشەوە ئەنفلۆنزاکە پەڕییەوە بۆ رووسیا و لەوێشەوە بۆ باکوری ئاسیا. مانگی تشرینی یەکەمیش شەپۆلی دووەم دەگاتە چین.

لە زۆر وڵاتدا کە ئەنفلۆنزاکەی تێدا بڵاوبووەوە، کەرەنتینەی توند، پاکوخاوێنی و رێکارەکان پەیڕەوکران. لە مانگی کانونی یەکەمی 2018 و لە کۆتا رۆژەکاندا وا دەرکەوت ئەنلفلۆنزاکە لە جیهاندا کۆتاییهاتووە.

ئەو کاتەی ئوسترالیا لە سەرەتای 2019 رێکارەکانی خاوکردەوە و کەرەنتینەشی ئاسان کرد، هۆکارێک بوو تاکو ئەنفلۆنزاکە دیسان سەرهەڵبداتەوە و بە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵاوببێتەوە.
پاریس و نیویۆرک کە شوێنی گفتوگۆکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم بوون، بوون بە شوێنی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزاکە و خەڵکێکی زۆر تووشبوونەوە.

لەگەڵ ئەوەی لە ئەم شەپۆلەدا ژمارەیەکی کەمتر خەڵک تووشی ئەنفلۆنزاکە بوون، بەڵام کوشندەییەکەی بە هەمان ئاست بەردەوام بوو.

لە مانگی ئایاری 2019 کاتێک کۆتایی پەتا گشتییەکەی ئەنفلۆنزای ئیسپانی راگەیەندرا و رێکارەکان خاوکرانەوە، پەتاکە لە ژاپۆنەوە سەرهەڵدەداتەوە و تاکو ساڵی 1920 بەردەوام دەبێت.

زانیارییە هەڵەکان لەسەر ئەنفلۆنزای ئیسپانی

ئەنفلۆنزای ئیسپانی کاریگەری لەسەر هەموو تەمەنەکان هەبوو، بەڵام زیاتر  و بەشێوەیەکی کوشندە کاریگەری لەسەر منداڵ و بەتەمەنەکان هەبوو.

لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری وڵاتەکان ژمارەی حاڵەتەکان و مردووانیان دەشاردەوە و ئاشکرایان نەدەکرد، بە وردی نەدەزانرا ئاستی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزاکە و کوشندەییەکەی چەندە.

شاردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بوونە هۆی ئەوەی تاکو ساڵی1930 نەزانرێت چی ڤایرۆسێک هۆکار بووە بۆ دروستبوونی و لە ساڵی 1933 توانرا لە تاقیگەکاندا ڤایرۆسەکە بە تەواوی دیاریبکرێت و جیابکرێتەوە.

تەنانەت ناونانی ئەنفلۆنزاکە بە (ئەنفلۆنزای ئیسپانی) لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە بووە. ئیسپانیاش لەبەرئەوەی بێلایەن بوو لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ئازاد لە وڵاتانی دیکەی شەڕەکە زانیارییەکانی لەبارەی ئەنفلۆنزاکەوە بڵاودەکردەوە.

رۆژنامەکانی وڵاتەکە لەسەر پەڕەی رۆژنامەکان ناوی ئەو کەسانەیان دەنووسی کە بەهۆی ئەنفلۆنزاکەوە گیانیان لەدەستدەدا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کە بڵاوکردنەوەی ئازادانە و ئاشکرای حاڵەت و مردووانی ئەنفلۆنزاکە بوو، لە زۆر وڵاتدا وەها گومان دەکرا کە ئەنفلۆنزاکە لە ئیسپانیاوە سەریهەڵداوە و ئیتر ناوی لێنرا ئەنفلۆنزای ئیسپانی.

رێکار؛ کلیلی نەبوونی ڤاکسین

وەک ئەوەی تاکو ئێستا (31ی ئایاری 2020) هیچ ڤاکسینێک بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای ئیسپانیشدا هیچ ڤاکسین و چارەسرێک نەبوو، تەنها کلیلی چارەسەر بریتی بوو لە جێبەجێکردنی رێکارەکان بە شێوەیەکی جددی.

هۆکارێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای ئیسپانی ئەوە بوو کە دوای شەش مانگ لە بڵاوبوونەوەی و لە مانگی ئابی 1918 بە شێوەیەکی فەرمیی و رێکخراو دەست بە جێبەجێکردنی رێکار و رێنماییەکان کرا. لە بەشێک لە وڵاتە ئەورووپییەکاندا بەهۆی زیاتر بڵاوبوونەوەیەوە، قوتابخانە، بەشە ناوخۆییەکان و دامەزراوە حکومییەکان خرانە ژێر چاودێرییەوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 1918، لە بەشێک لە وڵاتە ئەورووپییەکان رێکارەکان توند کرانەوە و تەنانەت رێکاری نوێشیان بۆ زیادکرا.

شوێنەکانی پەرستن و قەرەباڵغی دروستکردن قەدەغەکران.

لە زۆر وڵاتدا پەرستشە ئاینییەکان لە کڵێساکان یان قەدەغە کران یان سنوردار کران.

هێزە ئەمنییەکان رێگەیان بە کۆبوونەوەی خەڵک نەدەدا و دوکان و هۆیەکانی گواستنەوەی گشتیش قەدەغە کران، گەنجینە، سینەما و هۆڵەکانی شانۆ پاککرانەوە.

بەرپرسانی تەندروستی سابوون و ئاوی خاوێنی بێبەرامبەریان بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشدەکرد کە دۆخی ئابووریان خراپ بوو، گرنگییەکی زۆر بە پاکوخاوینی شتومەک و کەلوپەل دەدرا تف کردنە زەویش قەدەغەکرا.

لەو شوێنانەی وڵاتانی ئەورووپا کە بەشێوەیەکی چڕ  ئەنفلۆنزاکەی تێدا بڵاوبوویەوە، پرسە گێران قەدەغە کرا.

بەهۆی نەبوونی تۆماری دیاریکراو، بە تەواوی و وردیی نازانرێت رێکارەکان تا چەند کاریگەرییان هەبووە، بەڵام دەتوانرێت بوترێت ئەم رێکارانە بەشداربوون لە زوو دیاریکردنی حاڵەتەکان و چاودێریکردنیان.

گرتنەوەی بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان بەم ئەنفلۆنزایە کە دوو ساڵی خایاند و ملیۆنان کەس گیانیان لەدەستدا، وانەی زۆری تێدایە بۆ مرۆڤایەتی، ئەو کاتەی رووبەڕووی پەتا و ڤایرۆسی نوێ دەبێتەوە.

پەروەردەی و فێرکاریی تەندروستی، پاکوخاوێنیی، کەرەنتینە و چاودێریکردنی حاڵەت و تووشبووەکان، بۆ رێگرتن لەو پەتا و ئەنفلۆنزایانەی بڵاودەبنەوە گرنگترین وانەکانن.

هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بە سێ شەپۆلی لەسەر یەک، وازهێنان و خاوکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی بووە بەر لە کاتی خۆی، کە باجێکی قورسی درا و ژیانی ملیۆنان کەسی کردە قوربانی.