ڕاپۆرتی جیهانی

01:07 - 30/12/2018

خاكی زێر و ئاو.. بۆچی سودان برسییە؟‌

پشدەر بابەكر

لەكەناراوەكانی نیل و لەشاری خەرتوومی باكور كەبە خەرتوومی دەریایی ناسراوە و دەكەوێتە باكوری شاری خەرتوومی پایتەختی سودان، باڵەخانەیەكی گەورە كە لەشەش نهۆم پێكهاتووە، بە شوشەی شین دەوردراوە، باڵەخانەكە وەها دەردەكەوێت كە بینایەكی زنجیرە هۆتێلێكی جیهانیە، بەڵام لە راستیدا ئەو باڵەخانەیە یەكێكە لەنەخۆشخانە تایبەتەكانی سودان كە لەژێر ناوی ( یونیفیرسال سودان ) دروستكراوە.

نەخۆشخانەكە نەخۆشخانەیەكی ئاسایی نیە و لەو جۆرانەش نیە كە وەبەرهێنەری ئاسایی، كەرتی پزیشكی سودان خاوەنداریەتی دەكەن، بەڵكو ئەو نەخۆشخانەیە لەلایەن ئەندامە خانەنشینكراوەكانی كەرتی ئاسایش و هەواڵگری نیشتمانی سودانەوە بەرێوەدەبرێت، كەرەستەكانی ناو نەخۆشخانەكە لە پێشكەوتووترین ئامێر و كەلوپەلی پزیشكین، لەگەڵ ئەوەی دانانی ئامێری پێشكەوتوو لە نەخۆشخانەكان لەهەر وڵاتێكی خاوەن دارایی كارێكی ئاساییە، بەڵام كاتێك ئەو نەخۆشخانەیە لەوڵاتێكدا بێت كە كڕینی كەرەستەی پزیشكی لێ قەدەغەكراوە ئەگەر توانای داراییشی هەبێت، ئەوە ئامادەكردنی نەخۆشخانەیەك بەو هەموو ئامێرە پێشكەوتووە كارێكی نامۆیە، بەتایبەتیش كە نەخۆشخانەكە لەسەر خاكی سودان بونیاد نراوە، لەدۆخێكدا كە بەهۆی سزاكانی پێشووی ئەمریكاوە نەخۆشخانە حكومیەكان كە چەند كیلۆمەترێك لە یونفیرسالەوە دوورن بەهۆی سزاكانەوە بوونە شوێنی خێو .

دەستكەوتنی ئامێری پزیشكی كارێكی قورسە
بەپێی بەڵگەنامەیەك كەدەست ئاژانسی بلومبێرگ كەوتووە، كۆمپانیای "GE Health care"ی ئەمریكی كە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی بواری دروستكردنی ئامێری پزیشكییە" لە مانگی ئازاری ساڵی 2016 دا دەرخستەیەكی خستۆتە ڕوو بۆ دانانی ئامێرەكانی تیشك لەجۆری موگناتیسی و ئامێری تر بەبەهای 25 ملیۆن دۆلار بۆ نەخۆشخانەی یونیفرسالی سودان.

به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ بۆ نوسینگەی چاودێری پارەی وڵاتانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كە راسپێردراوە بە چاودێری و پێدانی مۆڵەت بە كۆمپانیا بیانیەكان بكات ره‌وانه‌كراوه‌.كاتێكیش پرسیار لەكۆمپانیا كراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و نوسینگه‌وه‌ كە ئایا ئاگاداری پەیوەندی نەخۆشخانەكەن بە كەمینەی دەسەڵاتداری سودانەوە، كۆمپانیاكە ئامادەنەبوو هیچ زانیاریەك بخاتەڕوو.

ئەوەش لەكاتێكدایە كەلوپەلەكانی ناو نەخۆشخانەكە لەبازاردا زۆر دەگمەنن و بەهاكەیان نزیكەی 20 ملیار دۆلاربوو، بەپێی بەڵگەنامەكان دەردەكەوێت كۆمپانیایەكی سویدی بواری دەرمانیش گرێبەستی لەگەڵ ئەو نەخۆشخانەیە واژۆكردووە بۆ دابینكردنی ئامێری پزیشكی لێزەر بۆ بەشی شێرپەنجەی نەخۆشخانەی یونیفرسال، بەڵام كۆمپانیاكە لەپێگەی ئەلیكترۆنی خۆیدا نوسیویەتی كە ئاگاداری پەیوەندی نێوان نەخۆشخانەكە و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی سودان نەبووە.

ئەو روداوە وێنەیەكی گرنگ پیشان دەدات بۆ ئەوەی كە بزانین چی به‌سه‌ر ئابوری سودان لەچەند ساڵی رابردوودا هاتووه‌، ئه‌و وێنەیه‌شمان بۆ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌رتی تایبه‌ت هی كێیه‌ و چۆن له‌لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدارانی سودانه‌وه‌ كۆنترۆڵكراوه‌.
بەڵام رووداوه‌ هاوشێوه‌كان هه‌وێنی هه‌ڵگیرساندنی ئەو نارەزایەتیانەی لەم رۆژانەدا سەریان هەڵدا نیه‌، كه‌ لەشارەكانی وەك خەرتووم و عەتبەرە و قەزارف و ئوم درمان و باكوری كەردفان و ناوچەكانی تر سه‌ری هه‌ڵدا، بەڵكو ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانە، بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین و نانەوە دەستی پێكرد.

ئابوری سودان بۆماوەی 20 ساڵ لەژێر سزادابوو، دۆخی دارایی سودان بەیەكێك لە ئابوریە لاوازەكانی كیشوەرەكەی خۆی دادەنرێت و 40 ملیۆن كه‌س له‌ كوله‌مه‌رگیدا ژیانیان ده‌كه‌ن،  بۆیە پێشبینی كراوبوو كە ڕووبەڕووی كێشەیەكی ئابوری و دارایی قورس ببنەوە و كاریگەریەكەشی بۆماوەیەكی دوورودرێژ به‌رده‌وام بێت و ببێتە هۆی نارەزایەتی فراوان، بەڵام بەسەیركردنی تێروانینی بەرێوەبردن لەدیدی كەمینەی دەسەڵاتدارەوە، دەكرێت خاڵی گرنگ ئاشكرا بكرێن بۆ وێنەكێشانی نارەزایەتیەكانی ئێًستا و ئایندەی ئەو نارەزایەتیانە.


خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان مێژویه‌كیان هه‌یه‌

بەپێی رێككەوتنی ئاشتی ساڵی 2005 ویلایەتی باشوری سودان جیابۆوە و كۆماری باشوری سودان لەساڵی 2011 راگەیەندرا، ئەو هەنگاوە شۆكی ئابوری جۆراوجۆری لەدوای خۆی جێهێشت، لەسەرووی هەموویانەوە لەدەستدانی سێ لەسەرچواری نەوت، كەزیاتر لەنیوەی داهاتی حكومەتی سودانی پێكدەهێنا، بەوەش گەشەی ئابوری دابەزی و ئاستی هەڵاوسان بەرزبۆوە، بەهۆیەوە بەناچاری نرخی سوتەمەنیش بەرزبۆوە و ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی نارەزایەتیەكانی سالًی 2013 كە هێزە ئەمنیەكان رووبەرووی خۆپیشاندەران بوونەوە و ژمارەیەكیان كوشت و ژمارەیەكیشیان لێ دەستگیركردن.

ئەو ڕوداوە زۆر لە دیمەنەكانی ئیًستا جیاواز نەبوو، جیابونەوەی باشور و ئەو كێشانەی لەسەر كێڵگەنەوتیە سنورییەكان بەدوای خۆیدا هێنا، هەروەها شكستی پلانی دابەشكردنی قازانج كە پێشتر هەردوولا لەسەری رێككەوتبوون، ئەوەش بەرێگەدانی باكور بەرۆیشتنی نەوتی باشور لەرێَگەی بۆریەكانیەوە، بەهۆی سەرهەڵدانی شەری ناوخۆ لەباشوری سودان ئەو رێككەوتنەش شكستی هێنا، هەموو ئەمانە وەك دیاردەی سەرەكی خراپبوونی ئابوری دادەنرێن لە جیابونەوەی باشورەوە تا ئێستا، بەڵام یەكێك لە هۆكارەسەرەكیەكانی خراپ بوونی ئابوری رەنگە لەدۆخی ئەو وێنەیە جیاواز بێت.

لەگەڵ رێككەوتنی گشتگیری ئاشتی ساڵی 2005 و تا بریاری مافی چارەی خۆنوسین كە بەجیابوونەوەی باشوری سودان كۆتایی هات و ئەو قۆناغەش بە ترۆپكی بەرهەم هێنانی نەوتی سودان دادەنرێت، لەگەڵ هاتنی ملیاران دۆلاری كاش، پارەی نەوت توانی كاریگەری مام ناوەندی لە بەرهەمی راستەقینەی ناوخۆی دابەزێنێت بۆ 7.9% لەنێوان ساڵانی 2004 -2008 ئەوەش بووە هۆی كەلێنی گەورە لە گەشەی ئابوری دروست بێت. قۆناغی جیابونەوەی باشوری سودانیش كەموكوڕیەكانی ئابوری ئه‌و وڵاته‌ی باشتر ده‌رخست و راستیەك دەركەوت كە بریتی بوو له‌وه‌ی ئابوری سودان لەسەر فشەڵۆك بوونیادنراوە.

نه‌خۆشی هۆڵه‌ندا
 دوای ئه‌م رووداوانه‌ نەخۆشیەكی نوێ رووبەڕووی ئابوری سودان بوه‌وە كە ئابوری ناسەكان بەنەخۆشی هۆڵندی ناوی دەبەن، بەجۆرێك هاتنی رێژەیەكی زۆری دۆلار لەقۆناغی سەرەتادا كە بۆوە هۆی بەرزبونەوەی نرخی دراوی سودان بەرامبەر دۆلار، بەوەش تێچووی هەناردەی نانەوتی سودان بەرزبۆوە، دوای ماوەیەك نەیتوانی كێبركێ لەگەڵ كەلوپەلی وڵاتانی تر بكات، ئەوەش لەكاتێكدایە نرخی هەناردەی وڵاتان بۆ سودان زیادی كرد، بەوەش پیشەسازیە ناوخۆیە نا نەوتیەكانی سودان داتەپین، بەوەش وڵات بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی بەنەوت بەست بەبێ ئەوەی هیچ جێگرەوەیەكی هەبێت.

چاوەڕوان دەكرا حكومەتی سودان لەسەروبەندی رێككەوتنی ساڵی 2005 پلانێك بۆ فرەچەشن كردنی سەرچاوەكانی داهات دابڕێژێت، كە وەڵامدەرەوەی ئامۆژگاری دامەزراوە نێودەوڵەتیەكان بداتەوە لەسەرووی هەمووشیانەوە بانكی نێودەوڵەتی، بەوەی پێویستە فرەچەشنی لەسەرچاوەكانی داهات دروست بكات و هاتنی ئەو بڕە زۆرەی دۆلار بقۆزێتەوە بۆ بونیادنانی ژێرخانێكی ئابوری بەهێز، ئەوەش لەرێگەی پەرەپێدانی پیشەسازی و گۆرانكاری و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و گرنگی دان بەخەرجیەكانی بواری كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگە، ئەوەش وەك ئامادەكاری بۆ رزگاركردنی ئابوری لەهەژمونی نەوت و پشت بەستن بە داهاتی بەرهەمە نا نەوتی، بەڵام هەموو ئەو شتانەی بەرێوەچوون تەنانەت جیابونەوەی باشوری سودانیش پێچەوانەی ئەوشتانەبوو.

 كەواتا ئەوە سەرچاوەی سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ئابوریە و شكستی سودان و برسیبوونی خه‌ڵك، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كەمینەی فەرمانرەوای سودان داهاتی نەوتیان بۆخۆیان برد و زۆرینەی كەرتە پیشەسازی و كشتوكاڵیەكانیان پشتگوێ خست، ئابوریەك كە لەدوای وشكبوونی سەرچاوەكەی كە نەوتە، نەیتوانی رووبەرووی ئەو ئاڵنگاریانە ببێتەوە كە بەهۆی جیابونەوەی باشوری سودان ڕووبەڕووی بوه‌وە.


لەگەڵ ئەوەی ئەو كەمینە سەردەستە شەش ساڵ پێش رێككەوتنی ئاشتی، دەیانزانی باشور جیادەبێتەوە، هەربۆیە لە مانگی كانونی دووەمی ساڵی یەكەمی بەهاری عەرەبی سودانیەكان بەجۆشەوە دەنگیان بۆ جیابونەوە بەرزدەكردەوە.
بەهۆی پشتگوێ خستنی كەرتەكان لەلایەن حكومەت بۆماوەی چەندین ساڵ، هه‌روه‌ها بونیادنەنانی ژێرخانێكی بەهێزی بەرهەم لەچەند ساڵی رابردوودا و بەتایبەتیش لەدوو ساڵی رابردوودا، كێشەیەكی تر سەری هەڵدا، ئەویش كورتهێنانی تەرازووی بازرگانی بوو، بەهۆی زۆر بوونی هاوردە لەناویشیاندا خۆراك، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە عەرەبیە خاوەنی 50 ملیۆن فدانی گونجاو بۆ كشتوكاڵە( هەر فدانێك 4200 مەترە) هەروەها درێژترین ڕووباریشی پێدا تێیەردەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەناردە بەراورد بە هاوردە زۆر كەمیكردووە.

بەپێی ئامارەكانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو كە لەراپۆرتی كۆمسیۆنی ئەوروپا دەربارەی بازرگانیكردن لەگەڵ سودان بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە كورتهێنانی تەرازووی بازرگانی لە ساڵی 2017 دا  3 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بووە، ئەوەش فشاری لەسەر یەدەگی دۆلاری سودان دروستكرد كە هەر لەبنەرەتەوە بەهۆی كۆتایی هاتنی سەردەمی نەوت كەم بۆتەوە، بەوەش قۆناغی درامانی ئابوری بەدڵنیاییەوە روودەدات.

دارمانی ئابوری
لەگەڵ ئابوریەك كە دراوی قورسی كەمە و پارەداركردنی داهاتەكانیش قورسە، بۆیە ئابوری رژێمەكەی بەشیر لەبەردەم دوو رێگادایە:
یان قەرزكردنی پارەیەكی زۆر بەبێ وەستان، یان كەمكردنەوەی نرخی دراوی سودان، هەردوو رێگاكەش گرەنتی چۆك پێدادانی سیستمێكی ئابوری گەشەكردوون، بەڵام بانكی ناوەندی سودان هیچ رێگایەكی تری لەبەردەم نیە بۆیە بڕیاریداوە هەردوو رێگاكە بگرێتە بەر، لەلایەك 200 ملیۆن دۆلاری لە سێ بانك قەرزكردووە ئەوەش لەپێناوی پاڵپشتیكردنی هێنانی بەرهەمە نەوتیەكان و دەرمان و گەنم، هەروەها لەكۆتایی مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو بۆ جاری دووەم بانكی ناوەندی بڕیاریدا بەكەمكردنەوەی بەهای جونەیهی سودان بۆ مامەڵكردن لەگەڵ بانكە بازرگانیەكان بەرێژەی 60% بەوەش بەشێوەیەكی فەرمی 29% بۆ47.5%بەهای جونەیهی بەرامبەر دۆلار دابەزێندرا.

هەروەها سەپاندنی مەرج بەسەر راكێشانی پارە، لەگەڵ بوونی هێرشی بازاری رەش بۆ سەر جونەیهی و زیادبوونی بازاری رەش، گەشەیەكی زۆری ئەو بازارە بەجۆرێك حكومەتی سودان خۆی ناچاربوو ببێتە بەشێك لەبازاری رەش.
دۆلاری ئەمریكی دەتوانێت ئاستی خێرای ئابوری داتەپیوی سودان دیاری بكات، چەند ساڵێك پێش ئێستا و سەرباری سزاكانی ئەمریكا ئەو كاتە نرخی دۆلار كەمتر بوو لە چوار جونەیهی سودان، بەڵام بەرەبەرە نرخی جونەیهی بەشێوەیەكی بەرچاو داتەپی تا گەیشتە ئەوەی ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی یەك دۆلار له‌لای حكومه‌ت بەرامبەر بە 47 جونیهی و نیوە، به‌ڵام لەبازاڕی رەشدا یەك دۆلار بەزیاتر لە 63 جونەیهیە.

لەگەل دروستبوونی كێشەیەكی نوێ كە پێشتر نەبووە، ئەویش نەبوونی پارە لە ئامێرەئەلیكترۆنیەكانی بانكه‌كان، بەجۆرێك لە چەند هەفتەی رابردوودا خەڵك سەرەی دوورودرێژی دەگرت لەبەردەم بانكە بازرگانیەكان بۆ وەرگرتنی پارە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بانكی ناوەندی سودان بۆیەكەم جار دراوی 100 جونەیهی دەربكات، ئەوەش دوای ئەوەی توانای كڕین بەدراوی 50 جونەیهی دووچاری هەڵاوسان بویەوە، ئەو هەنگاوە ئاستی هەڵاوسانی بۆ زیاتر لە 68% بەرزكردەوە ئەوەش بەرزترین ئاستی هەڵاوسانە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا، هەروەها لەبەرزترین ئاستەكانی هەڵاوسانە لەسەرتاسەری جیهان، لەگەڵ ئەوەشدا موچەی فەرمانبەران بەشێوەیەكی گونجاو زیادنەكرا، ئەوەش بووە هۆی بڵاوبونەوەی توڕەی و نارەزایەتی گەلی سودان كە بەدەست كەمی خۆراك و دەرمانەوە دەناڵێنێت، كه‌ له‌ رابردوویه‌كی دووردا  یه‌كێك بووه‌ لە وڵاتانه‌ی به‌شێكی خۆراكی جیهانی دابینده‌كرد.

سیاسه‌تی كه‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سودان كارێكی وایكردووه‌، خێزانە هەژارەكان ناچاربوون ژەمەخۆراكی رۆژانە هەڵوەشێننەوە تەنها لەبەر ئەوەی لەژیاندا بمێننەوە، پاشان دۆخەكە گۆرانی بەسەرداهات بەجۆرێك بەشێك لە سودانیەكان بۆ پەیداكردنی خۆراك پەنایان بۆ بەكارهێنانی توند و تیژی برد، پێش ئەوەی دۆخەكە وەك ئەوەی ئێستا هەیە بتەقێتەوە.

ئاماره‌ ترسناكه‌كه‌
لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دەزگای ناوەندی ئاماری سودان ئەنجامی رێژەی هەژاری ساڵانی 2014 و 2015ی بڵاوكردەوە بەجۆرێك رێژەی هەژاری گەیشتۆتە 36%.
بەهۆی ئەوەی لەدوای ئەو بەروارەوە دۆخەكە خراپتربووە بۆیە ئاماژەكانی برسیەتی جیهانی فرەرەهەند بۆ ساڵی 2018 كە رێژەی هەژاری لەرێگەی 10 ئاماژەی فەرعیەوە پیشان دەدات و بەهاوكاری پرۆگرامی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان و دەستپێشخەری ئۆكسفۆرد بۆ هەژاری و گەشەی مرۆیی ئامادەكراوە، تێیدا سودان زۆرترین رێژەی هەژاری هەیە لەناو تەواوی وڵاتانی عەرەبیدا.

بەپێی ئامارەكان لەسودان 20 ملیۆن برسی هەیە، بەوەش دەردەكەوێت نیوەی دانیشتوانی سودان بەبێ رەچاوكردنی رێژەی هەژاریەكەیان برسین، ئەو ئامارە دەری دەخات كە رێژەی برسیەتی لە سودان لە36% وە بۆ 50% بەرزبۆتەوە.
جگە لەبرسیەتی نیوەی دانیشتوانەكەی ، تا ئێستا سودان بەدەست قەرزە دەرەكیەكانەوە دەناڵێنێت، بەجۆرێك قەرزی دەرەكی لەسەر ئەو وڵاتە دەگاتە 56 ملیار دۆلار و لەو برەش 85% دانەوەیان دواكەوتووە لەگەڵ دواكەوتنەكەی بۆ ماوەی دوودرێژ وایكردووە لەلای گروپی بانكی نێودەوڵەتی وەك قەرزی بەدەست نەهاتووەوە لەساڵی 1994  ئەژمار بكرێن، ئەمەش وادەكات، سودان توانای وەرگرتنی قەرزی تری لە دامەزراوەكانی بانكی نێودەوڵەتی وەك بانكی بونیادنان و ئاوەدانكردنەوە و كۆڕبەندی وڵاتان بۆ گەشپێدان نەبێت، بۆیە بانكی نێودەوڵەتی بۆ پارەداركردنی پرۆژەی سنورداركردنی برسیەتی پەنای بۆ سندوقی گەشەپێدانی تواناكان و هاوبەشی جۆراوجۆر و بودجەی بانكی نێودەوڵەتی برد.

چاوەرێكردنی جۆدۆ
لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لەسەرەتادا باسمانكرد، بەڵام رژێمی سودان دەتوانێت لەرێگەیەكی تری پارەداركردنەوە رزگاری بێت ئەویش وەبەرهێنانی بیانی راستەوخۆ، سەرچاوەیەك كە دەتوانێت ئەو برە پێویستەی دۆلار بهێنێت كە ئابوری سودان پێویستی پێی هەیە. لەماوەی ئەم یەك ساڵەی كە گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر سودان هەڵگیراون ئوسامە فەیسەڵ وەزیری پێشووی وەبەرهێنان ژمارەیەك گەشتی بۆ وڵاتە گەورەكانی وەك ئەڵمانیا تا دەگاتە بەحرەین ئەنجام دا، بۆ راكێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران، بەئامانجی ئەوەی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی ساڵانە لەسودان دەست بخات.

بۆئەمەش دەرفەتی وەبەرهێنانی لەكەرتەكانی كشتوكاڵ و وزە و كانزاكاری خستەڕوو، بەبێ رەچاوكردنی ئەو پارەیەی كە وه‌زیری ئەو كاتە هەوڵی بۆ دەدا، بەڵام كارەكە بەوشێوەیەش ئاسان نیە، لەكاتی سەردانی فەیسەڵ بۆ لەندەن كە سەرقاڵی بانگەشەكردن بوو بۆ وەبەرهێنان، وەبەرهێنەرەكان داوای گرەنتیان دەكرد بۆ ئەوەی بتوانن پارەكانیان بەئازادانە بگەرێننەوە بۆ وڵاتەكانیان، بەهۆیەوە فەیسەڵ ناچاربوو گەشتەكەی رابگرێت و بگەرێتەوە بۆ وڵاتەكەی و بەمەبەستی گەیاندنی پەیامێك كەناوەرۆكەكەی ئەوەبوو كە سەرەتا چاككردنی ژینگەی كار پاشان سەردانیكردنی دەرەوە، ئەوەش ئەو و وانەیە بوو كە كەمینەی فەرمانرەوای سودان تا بەئەمرۆ دەگات لێی تێنەگەیشتن.

بازاڕی سودان بەیەكێك لەناشیرینترین بازارەكانی كار دادەنرێت لەسەرئاستی ئەفریقا و جیهان، بۆیە شتێكی نامۆنیە كە هاتنی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ سودان لەدووساڵی رابردوودا زۆر كەمیكردووە، ئەوەش زیاتر ڕوون دەبێتەوە بەسەیركردنی راپۆرتی چالاكی كاری ساڵی 2018 كە لەلایەن بانكی نێودەوڵەتیەوە بڵاوكراوەتەوە و تێیدا 11 پێوەری حكومی دانراوە لەكاری كۆمپانیاكان بۆ دیاریكردنی ئاستی ئاسانكاری لەلایەن حكومەتەوە، بەڵام دەبینین سودان لە پلەی 170 دێت لەكۆی 190 وڵات لەسەرتاسەری جیهان، بەوردبوونەوە لە راپۆرتەكە دەبینین كە داواكاریەكانی  رژێمی سودان و حكومەتەكەی بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی لەساڵی رابردوودا جگە لەبانگەشە هیچی ترنەبووە لەكاتی سەیركردنی چاكسازیەكان بۆ كاری بازرگانی و وەبەرهێنان، كەچی راپۆرتەكە توشی شۆكمان دەكات كاتێك دەبینین سودان دوو رێكاری گرتۆتەبەر كە كاری بازرگانی و وەبەرهێنان قورس دەكەن، یەكەمیان لەكاتی دەستپێكردنی كاری بازرگانی و كە پارەیەكی زیاتری پێویستە و كارەكانی كۆمپانیاكان قۆناغ بەقۆناغ قورستر دەكات، رێكاری دووەم پەیوەندی بەپاراستنی وەبەرهێنەرانی پێكهاتە كەمینەیەكانەوە هەیە، ئەویش لەرێگەی دادگایكردنی بەرێوەبەری كۆمپانیاكانەوە، لەكاتی ئەنجامدانی كارێكی زیانبەخش، هەروەها هاوبەشە سودانیەكان هیچ رۆڵێكیان لەبریارە سەرەكیەكاندا نابێت، و دەتواندرێت پێكهاتەكەی كۆمپانیاكە خاوەنداریەتیەكەی بگۆڕدرێت. 

لەبەرامبەردا هیچ كار ئاسانیەك بۆكاری وەبەرهێنان لەسەر خاكی سودان نەكراوە، ئەوەش تەنها وەبەرهێنانی كەرتی تایبەتی نەگرتۆتەوە بەڵكو رێككەوتنەكانی بواری وەبەرهێنان كە لەسەر ئاستی سەرۆكەكانیش كراون  رووبەڕووی هەمان كێشەبوونەوە، مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی سودانی كرد، یەكەم سەردانی سەرۆكی توركیا بوو، تێیدا 12 رێككەوتنی دوو قۆڵی لەنێوان سەرۆكی توركیا و سەرۆكی سودان واژۆ كرا، رێككەوتنەكان لەبواری كەرتەكانی كشتوكاڵ و ئابوری و سەربازی و ئەمنی بوون دوای  تێپەربوونی شەش مانگ بەسەر واژۆكردنی ئەو رێككەوتننامەیەدا شكستیان هێنا، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەنكەرە سەركۆنەی بیرۆكراتیەت و رۆتیناتی سودانی كرد، كە بوونە بەربەستی بەردەم جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننامەیە،  دواتر پێگەی ئەفریكا ئینتلجنس بڵاویكردەوە، ئەو هەنگاوە بۆتە هۆی ئەوەی حكومەتی سودان سوربێت لەسەر چاككردنی دامەزراوە و سیستمی وەبەرهێنان بۆ راكێشانی سەرمایەی بیانی.
كەواتا چاوەروانكردنی وەبەرهێنانی كاریگەر و رێكخراو لەسەر خاكی سودان وەك ئەوە وایە چاوەڕێی جۆدۆ بكەیت، ئەوەش بەهۆی بوونی بیرۆكراتیەت و رێگریەكانی رژێمەكەی بەشیر و دارودەستەكەی، ئەو بیرۆقراتیەتە وەك چەكێكی  دەستی مرۆڤێكی  نابینا وایە جیاوازی  لەنێوان دۆست و دووژمن ناكات، لەبەردەم هەموواندا دەوەستێت.
بەڵام بیرۆكراتیەت و ئاستەنگە كارگێریەكان و هەژاری دووژمنی یەكەم نین، بەڵكو لە پلەی یەكەمدان بەبەردەوامی لەتەواوی وڵاتانی عەرەبی بەبێ جیاوازی.

گەندەڵی لە سودان
لەمانگی نیسانی ئەم ساڵدا عومەرحەسەن بەشیر سەرۆكی سودان لەرێگەی ژمارەیەك وتاری ئاگرین لەژێر ناوی (شەڕی دژی گەندەڵی ) رایگەیاند، هەوڵ دەدات بۆ بوژاندنەوەی ئابوری، پێشبینیش دەكرێت مەبەستی سەرۆك دەزگای ئاسایش و هەواڵگری نیشتمانی بێت، بەتایبەتیش كاتێك رژێمی سودان رایگەیاند بازرگانانی دراوە بیانیەكان و قاچاخچیەكان زیانیان بەئابوری سودان گەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا 16 خاوەن كار و 3 ئەفسەری ئاسایش و دوو بازرگانی ئاڵوگۆڕی دراو دەستگیركران.
بەرهەم هێنانی زێر لەسودان

سودان لەپلەی سێیەمدایە لەكیشوەری ئەفریقا بۆ بەرهەم هێنانی زێر ئەویش دوای غانا و ئەفریقای باشور، سەرچاوەیەك كەحكومەت بۆ نەهێشتنی كەمی دراوی بیانی بەپێی توانا بەكاری دەهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی سنورەكانی سودان لەڕووی ئەمنیەوە نائارامن، هەروەها بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ناوەندگەرایی سودان، پرۆسەی بەقاچاخبردنی زێر بۆ دەرەوە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە بەجۆرێك بەرهەمی سودان لەنیوەی یەكەمی ئەم ساڵدا 63 تۆن و 300 كیلۆ بووە، لەبەرامبەردا 48 تۆن و 800 كیلۆ زێر دیارنەماوە، بەپێی راپۆرتی وەزارەتی كانزاكانی سودان رێژەكە 77%ی بەرهەمی ناوخۆی زیاترە.

لەگەڵ ئەوەی ئەو وڵاتە بە كانزای بەنرخ دەوڵەمەندە، بەڵام تائێستاش بانكی ناوەندی سودان سورە لەسەر كڕینی زێر بەپێی نرخی دۆلار، ئەوەش بەپێی نرخی بازار پاشان قاچاخچیەكان بەهۆی بەرزی نرخەكەیەوە و زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار دەیبەنەدەرەوە، بەوەش گەنجینەی گشتی سودان لە سەدان ملیۆن دۆلار و برێكی زۆر زێر ببێ بەش دەبێت.

عومەربەشیر بەردەوامە لەسەر پرۆسەكەی بۆیەكەم جاریشە سەرۆك دەیەوێت دادگایەكی تایبەتمەند بۆ كاروباری گەندەڵی دابنێت.

بەڵام دیارنیە كە ئەو دادگایە دەتوانێت لێكۆڵینەوە لەچینی كەمینەی فەرمانڕەواش بكات، تەنانەت سەرۆكی وڵاتیش ئەگەرپێویستی كرد بەتایبەتیش كە پێگەی ویكیلیكس مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2010 بڵاویكردەوە كە گفتوگۆ لەنێوان لویس ئۆكامبۆ داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و سۆزان رایس باڵیۆزی ئەوكاتەی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەلیخاندرۆ والف باڵیۆزی ئەمریكا لەمانگی ئازاری ساڵی 2009 كراوە، بەپێی بەڵگەنامەكانی ویكیلێكس ئەو گفتوگۆیانە دوای ماوەیەكی كەم بوون لە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی بۆ دەستگیركردنی عومەرحەسەن بەشر بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەڵگەنامەكان ئاماژەیان بەوەكردووە كە چەند كەسێك لەدەسەڵات 9 ملیار دۆلاریان لەپارەی فرۆشتنی نەوتی سودان لە بانكەكانی لەندەن داناوە.
سودان بەپێی راپۆرتی كۆمپانیای ( غان) بۆ لێكۆڵینەوە بەیەكێك لە گەندەڵ ترین وڵاتەكانی جیهان دادەنرێت، و بەجۆرێك كە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بەشێوەی ئاشكرا داوای وەرگرتنی بەرتیل دەكەن لەبەرامبەر كارێك كە دەبێت بەبێ بەرامبەر بۆ هاوڵاتیان و كۆمپانیاكان ئەنجامی بدەن، هەروەها بەرپرسە حكومییەكان بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشكیان لەژمارەیەكی زۆری كۆمپانیاكان هەیە و بەشداری ژمارەیەك كاری گەندەڵی دەكەن بەبێ ئەوەی سزابدرێن، بەپێی ئاماژەكانی دیاردەی گەندەڵی لە ساڵی 2017 دا كە پێوانەی گەندەڵی لەكەرتی گشتیدا كراوە ، سودان لەپلەی 175 دێت لەكۆی 180 وڵات كە راپۆرتەكە ئاماژەی پێكردوون.


تەنها لێرەوە دەتوانین شیكردنەوە بۆ ئەوە بكەین كە چۆن نەخۆشخانەی یونیفرسالی سەر بە دەزگای ئاسایشی سودان توانی پێشكەوتووترین ئامێرە پزیشكیەكان دابین بكات، لەكاتێكدا نەخۆشخانە حكومیەكان بەتاڵن، بەلێكۆڵینەوەیەكی كەم دەردەكەوێت كە نەخۆشخانە حكومیەكانی سەر بە كەمینەی دەسەڵاتدار دەتوانن ئامێری پزیشكی پێشكەوتوو و دەرمان بەنرخی بەرز بكرن و پاشانیش  بە نرخی بەرز خزمەتگوزاری پزیشكی دابین بكەن.

كەرتی پزیشكی بەیەكێك لەو كەرتانە دادەنرێت كە كەمینەی دەسەڵاتدار هەژمونی خۆی بەسەرداسەپاندووە، ئەویش لەرێگەی ژمارەیەك نەخۆشخانەی كەرتی تایبەت لە شاری خەرتوومی پایتەخت كە خاوەنداریەتیەكەیان بۆ بەرپرسانی سەربازی و پۆلیس و هێزی ئاسایش و حزبی كۆنگرەی نیشتمانی فەرمانرەوا دەگەرێتەوە، ئەوان سود لەكەمی خزمەتگوزاریە تەندروستیەكانی نەخۆشخانە حكومیەكان وەردەگرن.

نەخۆشخانەی زەیتونە بەیەكێك لەو نمونانە دادەنرێت، ئەو نەخۆشخانەیە بە پێشكەوتووترین ئامێرە پزیشكیەكانی وڵاتانی ژاپۆن و سویسرا ئامادەكراوە و خاوەنداریەتیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مامون حەمیدە وەزیری تەندروستی، نەخۆشخانەی زەیتونە گرێبەستی لەگەڵ نەخۆشخانە حكومیە نزیكەكان كردووە كە نەخۆشەكانیان بۆ پشكنین رەوانەی نەخۆشخانەكە بكەن لەبەرامبەر وەرگرتنی كرێی پشكین، بەوەش دەردەكەوێت وەزیری تەندروستی بەشێوەی ناراستەوخۆ سودمەندە لە داتەپینی كەرتی تەندروستی حكومی.
وا دەردەكەوێت كە ئەم جۆرە حاڵەتانە دەگەرێتەوە بۆ سزاكانی ئەمریكا كە ماوەی دوو دەیەی خایاند و تاكۆتایی ساڵی رابردوو بەردەوام بوون.

دوای چەندین ساڵ لە دابڕانی ئابوری رێگە بە سودان درا بێتە ناو ئابوری جیهانی كاتێك ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند كۆتایی دەهێنن بەگەمارۆكانی سەر سودان، ئیدارەی كۆشكی سپی راشیگەیاند گەمارۆكان سەركەوتوو بوون لەسزادان و پەراوێزخستنی كەمینەی فەرمانرەوای سودان كە بەرپرسیاربوون لە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، بەڵام لە راستیدا پێچەوانەی ئەوە ڕوویدا.

سیستمی دژایەتی ئەمریكا دژی سودان وەك سزای ئەمریكا دژی وڵاتانی ترنەبوو، سەبارەت بە لەپەراوێزخستنی بەرپرسان بەڵكو بەپێچەوانەوە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر سودان بووە هۆی ئەوەی كەمینەی دەسەڵاتدار سیستمی ئەمنی خۆیان لەسەر شانی قورسای سەر گەل بچەسپێنن.


هیچ سودانیەك لەو سزایانە بەدەرنەكرا، سزاكان ژمارەیەكی زۆری ئاژانس و دامەزراوەی حكومیان كردەئامانج كە خزمەتگوزاری گشتی پێشكەشی هاوڵاتیان دەكرد، وەك دامەزراوەی هێڵی ئاسن و دامەزراوەی نیشتمانی كارەبا و كۆمپانیای لۆكەی سودان و چەندین كۆمپانیای تر، ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئەوەی ئەندامانی حزبی فەرمانرەوا و ئەندامانی دەزگای ئاسایشی سودان كۆمپانیای كەرتی تایبەت دابمەزرێنن بۆ خۆدزینەوە لەسزاكانی ئەمریكا.

بەو پێیەی ئەو كۆمپانیایانە خاوەنداریەتیەكەیان دەگەرایەوە بۆ كەمینەی دەسەڵاتدار بەهۆیەوە بەشێوەیەكی باش دەستیان دەگەیشت بە دراوی قورس و لەباجی گەورەش دەبەخشران سەرباری ئەوەی گرێبەستی حكومی بەبەردەوامی تەنها بۆ ئەوان بوو،  بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان بۆ پێكەشكرنی خزمەتگوزاری، ئەو سیستمە بووە هۆی خنكاندنی كۆمپانیا مام ناوەند و بچوكەكان، بەوەش ئەو پرۆسەیە بە ئەنجامێكی حەتمی كۆتایی دێت كە فراوان بوونی جیاوازی داهاتی تاكەكان و زۆربوونی ژمارەی هەژارەكانی سودان بوو.

لەكۆتایدا ئەو فەرمانگانانەی سود و داهاتیان هەبوو لەگەڵ تەواوی دەروازەكانی ئابوری سودان كەوتنە دەست چینی كەمینەی سەردەستەی حوكمران و زۆرینەی سودانیەكانیش  هیچ شتێكیان بۆ نەمایەوە، لەدوای سەرهەڵدانەوەی نارەزایەتیەكان لەم دوایانەدا كە توند و تیژی زیاتریان تێدا رویدا و داوای گۆرانكاری ریشەیی دەكەن، ئەزمونەكانی رابردوو رەنگە بەس بێت بۆ تێروانینی لەو جوڵانەوەیە، بەجۆرێك دەبینین كەمینەكەیەكی گەندەڵ و زۆرینەیەیەك كە پێویستیان بە پێداویستیە سەرەكیەكانی ژیان هەیە، ئەوەی بەدڵنیاییەوە و بەبێ رەچاوكردنی كۆتایی ئەوەی روودەدات كە ئایە ئەو نارەزایەتیانە بەگۆرانكاری گشتگیر یان كەمێك گۆڕانكاری كۆتاییان دێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە ئابوری سودان بە سزاوە یان بەبێ سزا پێویستی بە چاكسازی دووردرێژ و كاریگەرهەیە، بۆئەوەی سودان رزگاربكات لەدوای جیابونەوەی باشور لە داتەپین و خراپی دۆخی ژیان كە بەردەوامە و كۆتایی نیە..

سه‌رچاوه‌: مه‌یدان

وه‌رگێرانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: پشده‌ر بابه‌كر