ڕاپۆرتی جیهانی

03:35 - 01/06/2020

ئەنتیفا، گروپێكی چەپ و نادیار، ترامپیان هێناوەتە لەرزە‌

پەیسەر

سەرۆکی ئەمریکی دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی یەکشەمە گروپێکی چەپی توندڕەوی ئەمریکای کە بزووتنەوەیەکی دژ بەفاشیزمن، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لەقەڵەمدا. لە تویتێکیدا ترەمپ دەنووسێت " ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنتیما وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە قەڵەمدەدات." ئەم لێدوانەی ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە.

ئەنتیفا کورتکراوە "بزووتنەوەی دژ بە فاشیزمە" و لەژێر کاریگەری شەپۆلی ناوەڕاستی سەدەی بیستەمی چەپەکانی ئەوروپادان. لە دژی ڕاستڕەوەکان و سیستمی سەرمایەداریی دەوەستنەوە.
ئەم گروپە لەکاتی چالاکی و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە فاشیزم چالاکییەکانیان دەردەکەوێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی جیاواز جیاواز و خوازراوەوە خۆیان ناساندووە.

چالاکوانان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەندامانی گروپەکە و هاوەڵانیان لە ئەوروپا بەشداریی ململانێ جیهانییەکان دەکەن، تەنانەت لەگەڵ کوردە چەپەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا کە دەکاتە پارتی کرێکارانی کوردستان، هاوکارن.

لەگەڵ هاتنی ترەمپ بۆسەر دەسەڵات چالاکییەکانی گروپەکە زیادیانکرد و کاریگەرتربوون، بەوپێیەی ترەمپ پاڵپشتی دەسەڵاتە ڕاستڕەوەکانی هەیە و لەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ لە بەڕێوەبردندا هاوکاریدەکەن.

ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ لەدوای ناڕەزایەتییە توندڕەوەکانی سەرتاسەری وڵاتەکەوە بوو کە بەهۆی کوشتنی ڕەشپێستێک بەدەستی پۆلیسێک، ناڕەزایەتیی بەرفراوانیان دەربڕی و دڕندەیی پۆلیسەکانیان ڕەتدەکردەوە.

ڕۆژی شەممە، ویلیام بار وەزیری دادی ئەمریکا گوتی "ناڕازییە گێرەشێوێنەکان خەریکن دۆخەکە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆیان دەقۆزنەوە و توندوتیژی بەکاردەهێنن." لە ناڕەزایەتییەکاندا هیچ ئەندامێکی گروپی ئەنتیفا بەدینەکراون، بەڵام ڕاستڕەوەکان و پاڵپشتانی ترەمپ گشت توندوتیژییەکانی ناڕەزایەتییەکان بۆ ئەو گروپە دەگەڕێننەوە.

هەروەها جۆن هارینگتۆن، بەڕێوبەری یەندروستی گشتی مینیسۆتا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی" لە %٢٠ی دەستبەسەرداگیراوەکانی ڕۆژی شەممە، ئەو کەسانە بوون کە لەدەرەوەی وڵاتەوە، یان لە شارەو ویلایەتەكانی دیكەوە هاتبوون."

ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ ئەو گروپە بە گروپێکی تیرۆرستی ناودەبات. هەروەها سیاسەتمەدارانی ویلایەتەکانی دیکەش هەمان لێدوانیان لەبارەی ئەو گروپەوە داوە.
هێشتا ڕوون نییە ئایا ترەمپ بەشێوەیەکی فەرمی گروپی ئەنتیفا دەخاتە کاتیگۆری تیرۆرستانەوە یان نا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بی بی سی هەنگاوەکانی ئەنتیفا بە بەراورد بە گروپە چەپەکانی دیکە زۆر تودڕەوانەترن و لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا چەقۆ، دار، داری كارەبایی و سپرای توون –بیبەر- هەڵدەگرن، زۆرینەیان جلی ڕەش لەبەر دەكەن و دەمامك دەكەن بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە لە هەمان كاتشدا شەبقەش لەسەر دەكەن، ئەم گرووپە بە نهێنی كارەكانیان دەكەن و زۆربەی كات لە كاتی خۆپیشانداندا دەردەكەون، كاتێك میدیاكان باسیان لە هەڵگرتنی ئەو ئامێرانە كردووە ئەوان لە وەڵامدا گووتوویانە بۆ بەرگریی كردنە لە خۆیان.