ڕاپۆرتی جیهانی

04:58 - 01/06/2020

سەرچاوەکانی تووشبوون بە خەمۆکی و چارەسەرەکانی‌

پەیسەر

خەمۆکی نەخۆشییەکی دەروونیی قورس و بڵاوە، ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ لە قۆناغێکی ژیانیاندا تووشی دەبن، خەمۆکی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە، رەفتار و سەرجەم بوارەکانی ژیانی کەسەکە هەیە و تەنانەت کار دەکاتە سەر راپەڕاندنی ئەرکە رۆژانەییەکانی.

خەمۆکیی
کاتێک کەسێک تووشی خەمۆکی دەبێت، ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی کارەکانی راپەڕێنێت و کار دەکاتە سەر سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەورووبەر و ناخی خۆشیدا.

خەمۆکی بەپێی ژن و پیاو، باری خێزانیی، ژینگەی خێزان، شوێنی نیشتەجێبوون و  تەمەنە جیاوازەکان دەگۆڕێت و جیاوازی هەیە. تەنانەت لە یەک کەسدا لە کات و تەمەنێکەوە بۆ کات و تەمەنێکی دیکە دەگۆڕێت.

خەمۆکی لای ژنان
خەمۆکی لای ژن و پیاو وەک یەک نییە. لای ژنانیش بەپێی تەمەن و باری خێزانییان دەگۆڕێت و وەک یەک نییە.

کچان لە تەمەنی هەرزەکاریی و باڵغ بووندا دۆخی دەرونییان تووشی گۆڕانکاریی دەبێت، ئەوەش چەند هۆکارێکی هەیە، وەک ئەو گۆڕانکارییە هۆرمۆنییانەی تێیاندا سەرهەڵدەدات، گەڕان بە دوای ناسنامەی خۆیدا، کێشەکانی لەگەڵ خێزان و دەورووبەر، فشارەکانی خێزان، دەورووبەر، خوێندن و کۆمەڵگا.

دوای قۆناغی باڵغبوونیش ژنان لە پیاوان زیاتر تووشی خەمۆکیی دەبن، چونکە ژنان لە تەمەنێکی زووتردا باڵغ دەبن، ئەمەش یارمەتییان دەدات لەنێوان 25 بۆ 44 ساڵی سودی لێوەربگرن لە رووی دەروونیی و جەستەییشەوە.

خەمۆکی کار دەکاتە سەر ئەو هۆرمۆنانەی کار دەکەنە سەر ئاڕاستەکردنی رەفتارەکانی رۆژانەی مرۆڤ و باری دەروونی کەسەکە.

ئەو فشارە دەروونییانەی بۆ ژنان دروستدەبێت چەند رۆژیک پێش سوڕی مانگانە و کار لە باری دەروونییان دەکات، نیشانەی کاریگەریی قورس و گەورەی خەمۆکین لەسەر هۆڕمۆنەکان و دەروونی ئەو کەسە، بەپێچەوانەشەوە دەکرێت خەمۆکی خۆی دەرئەنجامی ئەو گۆڕانە هۆرمۆنییانە بن.

شاردنەوەی خەمۆکی
 بەشێک لە توێژەران پێیان وایە، پیاوان خەمۆکییەکانیان دەشارنەوە ناوی وەک (توڕەیی، فشار و توندوتیژی) لێدەنێن. بەشێکی زۆری پیاوانیش کە تووشی خەمۆکی دەبن داوای هاوکاریی ناکەن و سەردانی پزیشکی دەروونییش ناکەن، بەڵام ژنان ئەو کاتەی هەست بە خەمۆکیی و کێشە دەکەن، ئاسانتر داوای هاوکاریی دەکەن.

خەمۆکی و وەرزەکان
بەپێی بەشێک لە توێژینەوەکان ئاستی خەمۆکی بەپێی وەرزەکان و پلەکانی گەرماش گۆڕانی بەسەردادێت.

بەشێک لەو کەسانەی تووشی خەمۆکی دەبن باس لەوە دەکەن لە هەندێک وەرزدا ئاستی خەمۆکییان زۆر بەرزدەبێتەوە و ئەمەش جۆرێکە لە خەمۆکی کە ئاستی قورسییەکەی بەپێی وەرزەکان دەگۆرێت.

ئەم جۆرە لە خەمۆکی لە کاتێکی دیاریکراوی وەرزێکدا دەستپێدەکات و لە کاتێکی دیاریکراویشدا کۆتایی دێت. ئەم جۆرە خەمۆکییە لای ژنان چوار هێندەی پیاوان زیاتر دروستدەبێت.

تاکو ئێستا روون نییە بۆچی ژنان زیاتر تووشی ئەم جۆرە خەمۆکییە دەبن، بەڵام بەشێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، تیشکی خۆر رێژەی (سیرۆتۆنین) کەمدەکاتەوە کە دەبێتە هۆی دەردانی هۆڕمۆنی (ئێسترۆجین) کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەم جۆرە لە خەمۆکی لای ژنان.

فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان
توێژینەوە کۆمەڵایەتی-دەروونییەکان دەریانخستووە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوونی ژنان بە خەمۆکی.

ژنان بەردەوام ئەگەر هەیە رووبەڕووی دەستدریژیی رەگەزی، توندوتیژی خێزانی و سوکایەتیپێکردن ببنەوە، ئەمانەش لەو هۆکارە سەرەکییانەن کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی خەمۆکی لای ژنان.

 یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی خەمۆکی لای ژنان، بریتییە لە خراپیی دۆخی ئابووریی. نەبوونی سەرچاوەی داهاتی سەربەخۆ، هەژاری و خراپیی باری ئابووری ژنان هۆکارە بۆ سەرهەڵدانی خەمۆکی قورس، چونکە ناچارن پابەند و بەستراوە بن بە کەسانی دیکەوە.

دووگیانی و خەمۆکی
پەیوەندی راستەوخۆ هەیە لەنێوان دووگیانی و خەمۆکیدا و بوونی خەمۆکی لە کاتی دووگیانیدا حاڵەتیکی ئاسایی و سروشتییە، ئەگەر نەگات بە حاڵەتی قورس.
هەستەکانی دڵخۆشیی، دڵەڕاوکێ، ترس و سەختیی لە خەوتندا ئەو نیشانە دیارانەن لە ژنانی دووگیاندا دەردەکەون و کار دەکەنە سەر بارە دەروونییەکەی، کە ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانە هۆرمۆنیانەوە دروست دەبن کە بەهۆی دوو گیانییەوە سەرهەڵدەدەن. کاتێک ژن لەم قۆناغەدا پشتیوانی نەبێت و هەست بە نەبوونی سۆز بکات، خەمۆکییەکەی قورستر دەبێت.

چارەسەری خەمۆکی
 خەمۆکی حاڵەتێکە دەکرێت ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت و دەشکرێت ماوەیەکی کەم بخایەنێت، بەڵام لە قۆناغێکدا کۆتایی دێت و بۆ هەمیشەیی بەردەوام نابێت.

چارەسەری خەمۆکی ژنانیش لە پیاوان جیاواز نییە. یەکەم رێگا و قۆناغی چارەسەریش ئەوەیە کەسەکە دان بە بوونی خەمۆکیی و بوونی کێشەکەیدا بنێت.

لە قۆناغێکی دیکەدا دەبێت ئەو کەسە بە دوای پشتیوانی و هاوکاریی دەروونیی و کۆمەڵایەتییدا بگەڕێت.

کەسانی تووشبوو بە خەمۆکیی پێویستە لەو بیرکردنەوە هەڵانە دووربکەونەوە کە دەربارەی خەمۆکی هەن و ئەمانەش هۆکارن بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکیی بە رێژەی 65٪ بۆ 85٪.

پزیشکان ئامۆژگاری ئەوە دەکەن کە دەبێت یەکێک لە رێگاکانی چارەسەر چارەسەری قسەکردن بێت، واتە قسەکردن لەگەڵ کەسی خەمۆک کە چەند دانیشتنێکی چارەسەرە و کەسەکە قسە بۆ پزیشکە دەروونییەکەی دەکات و باسی حاڵەتەکەی دەکات.

چارەسەرێکی دیکە چارەسەری دەروونیی دینامیکییە کە پشت بە نەستیی نەخۆشەکە دەبەسترێت، کە پەیوەندی بە رەفتارەکانی ئێستایەوە هەیە و پزیشکەکە لەرێگەی نەستی نەخۆشەکەوە هەوڵی چارەسەر دەدات.

چارەسەری دەروونیی-رەفتاریش یەکێکە لە رێگاکانی چارەسەر و هەوڵی چاککردنەوەی رەفتارەکانی نەخۆشەکە دەدات.

واتە تەنها یەک جۆر چارەسەری دیاریکراو نییە و بەڵکو پزیشک بەپێی حاڵەتەکە بە چەند رێگایەک هەوڵی چارەسەرکردنی نەخۆشەکە دەدات.

بۆ نموونە ژنانی دووگیان بە هۆی ئەوەی کار نەکاتە سەر کۆرپەکەیان، ناتوانن دەرمانی خەمۆکی بخۆن، بۆیە چارەسەری گونجاو و بەسود بۆیان بەکارهێنانی کارەباییە (لێدانی کارەبایی پزیشکیی ورد).