ڕاپۆرتی جیهانی

03:52 - 02/06/2020

جیهان هەمیشە پێویستی بە ڕزگارکەرێکە‌

پەیسەر

فیلمی The Platformیان "سەکۆ" فیلمێکی ئیسپانییە لە دەرهێنانی گالدێر گارسێلیۆ ئۆرتیا. ساڵی ٢٠١٩ بەرهەمهاتووە. پلۆتی فیلمەکە باس لە ڕێکخراوێکی نەناسراو دەکات کە شوێنێکی وەک زیندانێکی ستوونییە بەناوی "چاڵ" و زیندانییەکانی ناوی بە نۆرە سزا دەدرێن. هەر جارەو دەگوازرێنەوە بۆ نهۆمێکی جیاواز. زیندانییەکان هەر مانگێک لە نهۆمێکی جیاواز بەخەبەردێن بەبێ ئەوەی بزانن ڕێکاری گواستنەوەکانیان چۆن ئەنجامدەدرێت.

 دامەزراوەکە لەسەر مێزێکی جوڵاوی چوارگۆشە خۆراک بۆ زیندانییەکان دابیندەکات و ڕۆژی یەکجار بە درێژایی نهۆمەکاندا دەینێرێتە خوارەوە. ئەمەش وادەکات ئەوانەی لە نهۆمی یەکەم زیندانیکراون مێزە خۆراکەکەیان بە پڕی بەردەست بکەوێت و بەرە بەرە تا دەچێتە خوارەوە خۆراکەکان کەمدەبنەوە تا دەگاتە ئەوەی تیای نامێنێت و تەنها پاشەڕۆی بە مەبەست تێکراوی نهۆمەکانی سەرەوە دەمێنێتەوە. بەو جۆرەش بۆ ماوەی مانگێک هیچ خۆراکێک بەر زیندانیانی نهۆمەکانی خوارەوە ناکەوێت.

کەسێک بەناوی گۆرینگ، بە خواستی خۆی بڕیاردەدات بێتە زیندانییەکە، بەڵام ئەو پێشتر پێینەوتراوە هەلومەرجی زیندانییەکە بەوجۆرەیە. ئەو دێت تاکو لەڕێیەوە شێوازی ژیانی خۆی باشتر بکات: واز لە جگەرە بهێنێت و دڵخوازترین کتێبی خۆی دەهێنێت لەو ماوەیەدا بیخوێنێتەوە. کاتێک بەر بە ڕووداوە سامناکەکانی زیندانییەکە دەکەوێت پرسیاری زۆری لەلا دروستدەبێت و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات.

بیرۆکەی فیلمەکە
فیلمی The Platformلەڕێی چیرۆکێکی سادەوە پرسیارگەلی ورد و قوڵ دەوروژێنێت و لەڕێی یەک دامەزراوەی زیندانییەوە ڕەخنەی سیستم دەکات. بەجۆرێک کە کۆمەڵگەی بە سەر چەند چینێکی جیاواز بەشکردووە، بەڵام سەرەڕای ئەو دابەشکارییە کرۆکی فیلمەکە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە خودی مرۆڤەکان وەک هەلێک بۆ بەرژەوەندی نەرجسیانەی دابەشکارییە چینایەتییەکەی خۆیان دەقۆزنەوە .

 فیلمەکە بەمجۆرە دەستپێدەکات: "کۆمەلگە لە سێ جۆر مرۆڤ پێکدێت: ئەوانەی لە چینی سەرەوەن، ئەوانەی لە چینی خوارەوەن و ئەوانەشی دەکەونە خوارەوە."
سادەیی و ساکاری فیلمەکە وایکردووە هەمووکەس زۆر بە ئاسانی ئەو تیۆرە دێرینەی مارکسی بۆ شیببێتەوە کە لەبارەی دابەشکاری چینایەتی کۆمەڵگەوە دەدوێت و باس لەوە دەکات کۆمەڵگە بەسەر سێ چیندا دابەشبووە.

پرسیاری فیلمەکە
دیارترین پرسیار کە فیلمەکە دەیوروژێنێت لەبارەی سروشتی مرۆڤ و ئەخلاقەوەیە، ئایا تا کوێ مرۆڤ لە بەها ئەخلاقییەکانی خۆی لادەدات؟ ئایا ئینسان  بە سروشتی خۆی مەڕە یاخود گورگ ؟
بنەمای فیلمەکە کە گۆرینگی  پاڵەوان دەیدۆزێتەوە، ئەوەیە کە ئەوانەی چینی سەرەوە زۆرترین ڕێژەی خۆراکیان بەردەکەوێت، هەر بۆیە دەتوانن بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەو خۆراکەدا بکەن کە بۆ هەموو ئەوانەی خوارەوە بڕبکات. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوانەی سەرەوە سەرەڕای بەوەی بە جۆرێکی ناشرین نانەکە دەخۆن و زیادەرەویەکی ئێجگار زۆر دەکەن، پاشەڕۆی خۆشیان تێکەڵی خۆراکەکە دەکەن.

بەڵام ئەوەی قورسە لێرەدا، ئیشکردنە لەسەر گۆڕینی بیروڕاو سروشتی مرۆڤەکان وەک لە گۆڕینی سیستم و دامەزراوەکە.
فەیلەسوفی ئەڵمانی ئێرنست فیشەر لە کتێبەکەیدا بەناوی "جەهەری مرۆڤ"ەوە دەڵێت "مرۆڤ لە سروشتدا مەڕە یان گورگە لە هەمان پرسیار و فیکری فەلسەفی و ئایینی و ڕۆژئاواییەوە سەرهەڵدەدات کە دەڵێت مرۆڤ لە بنەڕەتدا باش و بونیادنەرە یان خراپ و تێکدەرە."

لە وەڵامی ئەوەدا فەیلەسوفی ئینگلیزی تۆماس هۆبز دەنووسێت " دۆخی سەرەتایی مرۆڤ، دۆخی دەسەڵاتی هاوبەشە، کە تاکەکان لەخۆی دەگرێت و ڕێگریان لێدەکات مافی یەکتری بخۆن، ئەم هەلومەرجەی ئێستاش وەک هەڵگیرساندنی جەنگە و هەموان دژ بەیەکترن واتە هەر مرۆڤێک دوژمنی مرۆڤێکی دیکەیە."

جیهان هەمیشە پێویستی بە ڕزگارکەرێکە
بیرۆکەی ڕزگارکردن، هەرگیز لەلای گشت کۆمەڵگەوە نایەت و ئەگەر فیلمەکە بە نمونە وەربگرین هیچ کەسێک لە سەرەوە متمانە بەوەی خوارەوە ناکات و بە پێچەوانەشەوە، سەرەرای ئەوەی خەمی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. هیچ بوارێک بۆ بیرکردنەوە لەوانی دی نییە تاکو خەمیان بخۆیت لەکاتێکدا ژیانی خۆت لە مەترسیدا بێت. فیلمەکە دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت کە "کەس ڕزگاری نابێت، تاکو هەموان ڕزگاریان نەبێت."

دۆخی زیندانیانی فیلمەکە بۆ هەمیشە بەوشێوەیە نامێنێتەوە، واتە ئەوانەی چینی سەرەوە ڕۆژێک دێت دەکەونەوە خوارەوە هەمان دەردەسەری ئەوانەی چینی خوارەوە دەکێشن، ئەوانەی خوارەوەش دەچنەوە سەرەوە و ماوەیەک بە شاهانەیی دەژین. واتە ژیانی کەس جێگیر نییە. لێرەدا کۆمەڵگە پێویستی بە ڕزگارکەرێکە تا هەموان لەو دۆخە دەربهێنێت و جێی متمانەیان بێت.
لە فیلمەکەدا کەسێک هەڵدەستێت بە پێشکەشکردنی پێشنیار و بیروڕای خۆی بەڵام کەس گوێی لێناگرێت. خاڵی بەهێزی فیلمەکە لەوەدایە کە گۆرینگ بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن لەپێناو بیرۆکەکەیدا و ڕێگەچارەی دیکە دەگرێتە بەر. یەکێک لەو ڕێگەچارانە بەکارهێنانی توندوتیژییە لەپێناو ڕزگارییدا.


بەوپێیەی فیلمەکە یەکێکە لەو فیلمە گرنگانەی کە گوزارشت لە بارودۆخی ئێستەی کۆمەڵگە و مرۆڤ دەکات کە چۆن لەناو سیستەمدا قەتیس بووە و هیچ دەرچەیەکی دەربازبوونی بۆ نەماوەتەوە. ئەو چارەسەرەی پێشکەشی دەکات و لە پەیامی گشتی فیلمەکەیا دەیبینین کە لەڕێی مناڵێکی نهۆمی کۆتایی فیلمەکەوە پیشانمان دەدرێ و تەنها ئەو ڕزگاردەکرێ، بریتییە لەوەی کە پەروەردەیەکی نوێ باشترین چارەسەرە. ئەو پەروەردەیەش بە ئێمە دەکرێت، واتە دەبێت گرنگی بە نەوەی داهاتوو بدەین و بە جۆرێک پەروەردەیان بکەین مرۆڤدۆستانە لە ژیان بڕوانن.