ڕاپۆرتی جیهانی

04:14 - 02/06/2020

بەڕێوەبەرێکی ئاسایش بۆ دۆناڵد ترەمپ: دەمت داخە‌

پەیسەر

لە ئەمریکا ناڕەزایەتییەکان دژی گیانلەدەستدانی جۆرج فلیۆد و رەگەزپەرستی بەردەوامە، بەهۆی رەخنەکانی ترەمپیش لە خۆپیشاندەران و کەسانی ناڕازی، لە ئێستادا لەژێر فشاری میدیا و چالاکواناندایە، دواین جاریش بەڕێوەبەرێکی ئاسایش پێی دەڵێت "دەمت داخە"

ترەمپ بۆ پۆلیس و بەرپرسان: زۆربەتان لاوازن
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەر لە سەرەتای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانەوە، بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایشیشی بە "نەرمونیانی و لاوازیی" تۆمەتبار کردووە.

بەپێی تۆمارێکی دەنگی کە هەردوو کەناڵی (سی ئێن ئێن) و (سی بی ئێس) بڵاویان کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ هێرش دەکاتە سەر بەرپرس و پۆلیسی شارەکان و داوایان لێدەکات لەگەڵ خۆپیشاندەران توندوتیژتر بن.

ترەمپ لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت، " زۆربەتان لاوازن، ئاوا وەستاون و سەیری خۆپیشاندەران دەکەن، دەبێت دەستگیریان بکەن. ئەگەر بیانگرن و ١٠ ساڵ بیانخەنە زیندان جارێکی دیکە شتی وەها رووناداتەوە. کە نەتوانن سەقامگیری شارەکان بپارێزن هیچ نین جگە لە مشتێک لە کەسانی بێمێشک. کاتێک خۆپیشاندەران ئاگریان لە بنکەکانی پۆلیس بەردا، هەموو جیهان بە ئێمە پێکەنی، ئەگەر کۆنترۆڵی دۆخەکە نەکەن، هەموو شتێک خراپتر دەبێت."

"ترەمپ دەمت داخە"
(Art Acevado) بەرێوەبەری ئاسایشی گەورە شاری هۆستۆن لە ویلایەتی تەکساس لە بەرنامەکەی رۆژنامەنووسی بەناوبانگ (Christiane Amanpour) بە توندی رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ گرت و تی، "بە ناوی هەموو بەڕێوەبەرانی ئاسایش لە سەرجەم شارەکانی ئەمریکا، دەمەوێت بە دۆناڵد ترەمپ بڵێم، ئەگەر قسەیەکی بەسود و بونیدنەرانەت نییە بۆ وتن، تکایە دەمت داخە، چونکە تۆ بەم قسانەت ژیانی کوڕ و کچە 20 ساڵانەکانمان دەخەیتە مەترسییەوە. بابەتەکە سەپاندنی دەسەڵات نییە، بەڵکو بەدەستهێنانی دڵیانە.

"'ئێرە هۆڵیوود نییە"
بەڕێوەبەری ئاسایشی هۆستۆن لە درێژەی قسەکانیدا بەردەوام دەبێت لە رەخنەگرتن لە ترەمپ و دەڵێت، " نابێت بە نەفامییەوە ئەوەش لەدەست بدەین کە لەم شارەدا هەمانە، چونکە هەم هاوڵاتیان بریندارن و زیانیان بەرکەوتووە، هەم کارمەندانی پۆلیس، ئەمە (Apprentice) نییە (Apprentice ئەو پڕۆگرامە بوو کە دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠٠٤ تاکو ٢٠١٥ کە بوو بە بەربژێری سەرۆکایەتی ئەمریکا پێشکەشی دەکرد)، ئێستا کاتی ئەوەیە وەک سەرۆکی وڵات مامەڵە بکەیت، ئێرە هۆڵیوود نییە، ئێرە شوێنی ژیانی ئاساییە و ژیانی خەڵک لەژێر مەترسیدایە."

سوپا بڵاودەکەمەوە
لە بەرامبەر زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان، سوتاندنی بنکەکانی پۆلیس و بەشێک لە شوێنە گشتیی و تایبەتەکان، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز و بڵاوکردنەوەی سوپا لە شارەکان دەکات.

دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، پلانی خێرا دەگرنە بەر بۆ وەستاندنی توندوتیژی و رێگە بە زیادبوونی توندوتیژییەکان نادەن. سوپاش لەو شوێنانە بڵاودەکەنەوە کە توندوتیژیان تێدایە و ویلایەتەکان رەتیدەکەنەوە کۆتایی بە توندوتیژییەکان بهێنن. بەردەوامیش دەبن لە بڵاوکردنەوەی هێزەکان لە واشنتۆن بۆ راگرتنی توندوتیژییەکان و سوتاندنی شوێنە حکومییەکان. ئەمانە خۆپیشاندانی ئاشتیانە نین و "تیرۆری ناوخۆییە."

ترەمپ پەنا بۆ ئینجیل دەبات
دوای وتارەکەی لە کۆشکی سپی، ترەمپ لەگەڵ وەزیرانی داد و بەرگری رووی لەو کڵێسایە کرد کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنرا، ترەمپ لە کڵێساکەدا ئینجیلی بەرزکردەوە و بە ئاشکرا هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کرد.

ناڕزایەتییەکان بەردەوامن
لە واشنتۆنی پایتەخت دەسەڵاتداران بۆ ماوەی دوو رۆژ قەدەغەی هاتووچۆیان راگەیاندووە و سەرۆکی شارەونیش رایگەیاند، ژمارەیەک لە شوێنە بازرگانییەکان زیانیان بەرکەوتووە و تاڵان کراون.

حاکمی نیویۆرکیش لە ئیوارەی دوو شەممە تاکو بەیانی سێشەممە قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاند، ئەوەش دوای زیادبوونی توندوتیژییەکان لە شارەکەدا.

شاری مینیاپۆلیس کە گەرمترین شوێنی خۆپیشاندانەکان بوو بەرەو هێوربوونەوە دەچێت، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسانی شارەکە لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران کۆبوونەوە بۆ ئەوەی توندوتیژییەکان کەمبکرێنەوە و کۆتای بێت.

رەشپێستەکان؛ قوربانیانی ژێر ئەژنۆ
بەپێی زانیاریییەکانی کەناڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی کە دەربارەی مامەڵەی پۆلیسی شاری مینیاپۆلیس بڵاویکردووەتەوە، لە هەر سێ قوربانییەکی دەستی پۆلیس دوانیان رەشپێستن.

لە راپۆرتەکە هاتووە، لە ساڵی (٢٠١٢)وە تاکو ئێستا، لە هەر سێ کەسێک کە ملی کەتووەتە ژێر ئەژنۆی هێزەکانی پۆلیسی شاری مینیاپۆلیس دوانیان رەشپێست بوون، ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی رەشپێستەکان لەو شارەدا یەک لەسەر سێی شارەکەش نابن و تەنها ١٩٪ی هاوڵاتیانی شارەکە رەشپێستن.

لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا پۆلیسی شارەکە ٤٢٨ کەسی گرتووە و لە شێوەی جۆرج فلیۆد ئەژنۆیان خستووەتە سەر ملیان، لەو ژمارەیەش ٢٨٠ کەسیان رەشپێست بوون.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، لەو ژمارەیە ٥٨ کەسیان کە دەکاتە ١٤٪ هۆشیاریی و ئاگاییان لەدەستداوە و دوو لەسەر سێی ئەو رێژەیەش لە رەشپێستەکانی شارەکە بوون.

٢٥ی ئایاری رابردوو جۆرج فلیۆد کە رەشپێستێکی شارەکە بوو، لەلایەن چەند پۆلیسێکەوە دەستگیرکرا، وەک لە ڤیدیۆکاندا دەرکەوت یەکێک لە پۆلیسەکان ئەژنۆی خستووەتە سەر ملی فلۆید و ئەوەش دواتر بووە هۆی گیانلەدەستدانی

دوای گیانلەدەستدانی فلۆید، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی زۆر لەو وڵاتە سەریهەڵدا و تاکو ئێستاش بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکی، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تاکو شەوی شەممە ٧٩٠ کەس دەستبەسەرکراون.