ڕاپۆرتی جیهانی

01:22 - 05/06/2020

ئیخوانی بەریتانیا، ئیمبراتۆریەتی سێبەر‌

پەیسەر

هەر لە سەردەمی دامەزراندنیەوە تا ئێستا مشتومڕی زۆر لەبارەی پەیوەندییەكانی ئیخوان موسلمینەوە دەكرێت، لە هەرجێگەیەك قسەیەكیان لە بارەوە دەكرێت یەكسەر ئەو پرسیارە دروست دەبێت ئەمانە لە لایەن كێوە پشتیوانی دەكرێن؟ سەركردەكانیان گوێ لە كێ دەگرن؟

 

 تا ئێستاش وەڵامێكی قایلكەری ئەوتۆ نەدراوەتەوەو هێشتا پرسیارەكەش كۆن نەبووە، ئاخرئەو ڕێكخراوە كارەكانی بەنهێنی دەكات و لەگەڵ هەموو بارودۆخ و ژینگەیەكیشدا رەنگ و ڕوومای خۆی دەگۆڕێت، تایبەتمەندیەكی ئیخوان موسلمین ئەوەیە دەتوانێت لەنێو هەموو جۆرە ژینگەیەكدا بژی و لەگەڵ هەموو كۆمەڵگەیەكیش دەگونجێت، سەیرەكەش لەوەدایە سروشت دینیەكەشی لەدەست نادات.

لەمێژووی ئیخوان موسلمین دا پەیوەندی نێوان ئەو گرووپەو بەریتانیا تا ئێستاش جێگەی مشتومڕە، لەگەڵ ئەوەشدا كاتی خۆی بەریتانیا ئیمبراتۆریەتێك بوو خۆری لێ ئاوانەدەبوو، ئەوكات بەرژەوەندییان لەوەدا بوو كە پەیوەندییان لەگەڵ سەرجەم لایەن و دەوڵەتەكان هەبێت، یەكێك لە ئامانجەكانیش پاراستنی بەرژەوەندییە داگیركارییەكانی بوو، لەلایەكی دیكەشەوە بۆ ئەوەبوو كە سەرجەم ئەو دەرگایانەش دابخات كە نەیدەناسین و لەوە دەترسا لەوێوە هێرشیان بكرێتە سەر.

سەرچاوە مێژووییەكان باس لەوە دەكەن دامەزراندنی كۆمەڵی ئیخوان موسلمین لەكاتێكدا بووە كە كۆمپانیای بەریتانی سەرقاڵی هەڵكەندنی نۆكەندی سویس بووە بۆ ئەوەی ئاوی هەردوو دەریای سوورو دەریای سپی ناوەڕاست بەیەكەوە ببەستێتەوە.

رۆبێرت درایفۆس لە كتێبەكەیدا بەناوی – لعبة الشیطان- یەك بەشی تەواوی بۆ ئەو بابەتە تەرخان كردووە، تیایدا بەوردی باسی پەیوەندییەكانی نێوان ئیخوان موسلمین و بەریتانیای كردووە، ئەو نووسەرە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ماوەی دووسەد ساڵ زیاتر بووە كە توندڕەویی ئیسلامی كە تێكەڵكرابوو بە مەبەستی عەشایەری و بنەماڵەیی دەستی بەسەر گۆڕەپانی ئاینیدا گرتبووە بۆیە ویستوویانە پشتیوانی لە هاتنە پێشەوەی ئیخوان موسلمین بكەن لەبەر ئەوەی كە پێویست بوو گروپێك بێتە پێشەوە كە میانڕەویی ئیسلامی بخاتە كار بۆ ئەوەی شەپۆلی توندڕەوی ڕابگرێت.

گۆڤاری (المجلة) لە رۆژی 27 نیسان 2014 كە گەرمەی سەرهەڵدانی داعش بوو لە عێراق و شام ، راپۆرتێكی بڵاوكردووتەوەو تیایدا بەدرێژیی باسی لەسەرەتاكانی ئیخوان موسلمین كردووەو لەو میانەیەشدا ئاماژەی بە ڕۆڵی ئینگلیزەكان كردووە لە دروستكردنی ئیخوان موسلمین دا، لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە كە –كین لفنجستون- گەورەی شاری لەندەن لە ساڵی 2008 لەبەردەم دەیان رۆژنامەنووسدا باسی مەترسییەكانی كۆمەڵەو گرووپە ئیسلامیە توندڕەوەكانی كردووە بۆیان و گوتوویەتی: باشترین پەیوەندی هەیە لەگەڵ گەورەترین كۆمەڵەی ئیسلامی كە ئیخوان موسلمینە، ئەوگوتوشیەتی ئەو كۆمەڵەیە هەر لەسەرەتای دروستبوونیانەوە تا ئێستا هاوكاری مادییان دەكرێت.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین هەر لە پەنجاكانی سەدەی ڕابوردوەوە ئەندام و سەركردەكانی خۆیان ڕەوانەی ئەوروپا كردووە، لەناو ئەوانەشدا سەعید رەمەزان بووە كە لەساڵی 1961 دا ڕێگەی پێدراوە ناوەندێكی ئیسلامی گەورە لە جنێف دروست بكات، بۆ ئەوەی ئەو ناوەندە بكاتە شوێنی كۆبوونەوەی ئیخوانەكانی ئەوروپا، ئەوەش بە پێی ئەو زانیارییانەی كە لە كتێبی – التاريخ السري لتآمر بريطانيا مع الأصوليين- هاتووە و لە ساڵی 2014 وەرگێڕراوەتە سەر زمانی عەرەبی. لەو كتێبەدا هاتووە كە سویسرا هاوكاریی تەواوی سەعید رەمەزانی كردووە لەبەر ئەوەی دژایەتییەكی زۆری كۆمۆنیستەكانی كردووە.

بە پێی وتەكانی ئەو نووسەرە كۆمەڵی ئیخوان موسلمین بۆیە لە بەریتانیا ماونەتەوەو چوونكە بەریتانیایان بەشوێنێكی بێدەنگ و پەناو پەسێوێكی باشیان زانیوە هەر بۆیە كەمال هەلباوی گەورەترین ڕێكخراوی بەناوی – الرابطة الاسلامیة- دروستكردوەو ناوبراو بەرپرسی پێشووی ڕێكخستنی نێودەوڵەتی ئیخوان موسلمین یش بووە، ئەو ڕێكخراوە تەنها لە بەریتانیا 11 لقی هەبووە.
تا دێت تاڵەدەزووی پەیوەندی نێوان كۆمەڵی ئیخوان موسلمین و بەریتانیا دەردەكەوێت، ئیخوان موسلمین لەناو بەریتانیادا چالاكی زۆریان هەیەو لە هەمان كاتیشدا گومان دەكرێت پەیوەندی نێوان قەتەر و بەریتانیا ئیخوان موسلمین ناوەندگیرییان دەكات، ئەگەر سەرنجیش بدرێت لەنێو ئەو وڵاتەدا هیچ كۆمەڵێكی توندڕەوی ئیسلامی تێدا نیە و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئیخوان موسلمین چالاكی زۆریان لەو وڵاتەدا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا توندڕەوی ئیسلامی خەریك بوو باڵی بەسەر ئەوروپادا كێشاوە.

دوای ڕوداوی 11 سێبتەمبەری 2001 و دەركەوتنی مەترسی زیاتری ڕێكخراوە توندڕەوەكان و بەو پێیەی كە ئیخوان موسلمین نوێنەرایەتی ئسیلامی میانڕەو دەكات، زۆرترین كار ئاسانییان بۆ كرا، ڕێكخستنی نێو دەوڵەتی ئیخوان توانی ئەو هەلە بقۆزێتەوەو زۆرتر گەشە بكات و فراوانتر ببێت، چەندین ڕێكخراوو دامەزراوەی رۆشنبیریی و ئاینی دابمەزرێنن لەبەریتانیا.

لەم ڕوانگەیەوە پسیۆڕو شارەزای ڕێكخراوو بزووتنەوە ئیسلامیەكان – مونیر ئەدیب- باس لەوە دەكات لەدوای 11 سێبتەمبەرەوە لەندەن بووەتە پایتەختی ئیخوان موسلمینی میسریی، هەرچەندە میسر زادگەو پێگەی یەكەمی ئەو ڕێكخراوەیەو لەوێوە سەری هەڵداوەو گەشەی كردووە، بەڵام بەریتانیا بووەتە جێگرەوەی ڕێكخستنەكانی ئەو ڕێكخراوە، لەبەر ئەوەی لەناوخۆی میسر فشاری زۆریان لەسەرەو هەمان سیناریۆی بەریتانیا حەفتاكان دووبارە دەكەنەوە كاتێك هەڵس و كەوتیان لەگەڵ ڕێكخراوێكی نهێنی خۆیاندا دەكرد.

ئەدیب بە –حفریات- ی گوتووە: ئیخوانەكان كاتێك ئینكاری ئەوە دەكەن كە ڕێكخستنی نێودەوڵەتییان نییە، ڕاست ناكەن، دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە خۆیان لەیاساو لێپێچینەوە بدزنەوە، بۆ ئەوەیە نەخرێنە ژێر چاودێرییەوەو ڕووبەڕوویان نەبنەوە، بەریتانیاش خۆی دەزانێت چی دەكات و ڕۆڵەكەی چییە، ئەوان ئیخوانەكان وەك داردەست و گاڵۆك –گۆچان-ێك بەكار دەهێنن بۆ تەئدیبكردن و تەمبێ كردنی گروپ و دەستەو تاقمە ئیسلامیەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. دواجار لەبەرژەوەندی خۆیان دەشكێتەوە.

ئەم كارەش ناكرێت ئیخوانەكان ئاگاداری نەبن  و بە نائاگایی ڕەفتاری لەگەڵ بكەن، ئەوانیش هەلی نەرمی و شلكردنی پەتەكەیان بە هەل زانیوەو خەریكی كاری خۆیانن ، كارێك كە خۆیان باوەڕیان پێیەتی و لە یەكێك لە قۆناغەكاندا بەرژەوەندی هاوبەش پێكەوەی گرێداوون.

لەوانەیە فراونبوون و گەشەكردنی ئیخوانەكان لە ئەوروپا بە گشتی و لە بەریتانیا بەتایبەتی جێگەی سەرنج بێت، پێگەی ئەنتەرنێتی –البوابة- لە 23 مارتی 2017 بابەتێكی نوسیوە و تیایدا ئاماژەی بەوە كردووە كە دامەزراوەكانی ئیخوان موسلمین لە بەریتانیا 39 دامەزراوەی گەورەو بچووكن، لەوانەش (منتدى الشباب المسلم في أوروبا) كە لەلایەن -ابراهیم الزیات –ەوە بەڕێوە دەبرێت، بەڵام دواتر دەستی لەكار كێشاوەتەوە، ئەو مونتەدایەش سەرپەرشتی 42 ڕێكخراوی گەنجانە دەكات كە لە 26 وڵاتدا لقیان هەیە، مونتەداكە پەیوەندی زۆر بەهێزیان لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپی هەیە.

لە هەمان كاتدا 13 ڕێكخراوی خێرخوازییان هەیە كە لەبواریی داراییدا كاردەكەن و لە بەریتانیادا خاوەنی سەرمایەیەكی گەورەن، لە هەموو بوارە جیاوازەكانی كەرتی ئابووریدا كار دەكەن، وەك كاری جل و بەرگ، ئاڵوگۆڕیی دراو، هەروەها ڕێكخراوی فریاگوزاریی ئیسلامی - المنظمة الإسلامية للإغاثة –یان هەیە كە لەلایەن –عصام الحداد- ەوە بەڕێوە دەبرێت و لە ساڵی 1992 ەوە دامەزراوەو دوای ئەوەی محەمەد مورسی بووە سەرۆك كۆماری میسر حەداد وەك ڕاوێژكاری ئەو سەرۆكە دەست بەكار بوو.

لە هەمان كاتیشدا لەبواری ڕاگەیاندنیش دا چەندین كۆمپانیای ڕاگەیاندنیان هەیە، گۆڤاری –المجلة- ئاماژەی داوە بە چەند دانەیەكیان لەوانەش: (مؤسسة قرطبة للحوار العربى الأوروبي) كە لەلایەن ئەنەس تكریتی یەوە سەرپەرشتی دەكرێت و ناوبراو ئەندامی لیژنەی ئەنجومەنی ڕاوێژكاری رابیتەی ئیسلامی بەریتانیاشە، ئەم دامەزراوەیە بە گرنگترین ڕێكخراوە دیارەكانی ئیخوان موسلمین دادەنرێت لەبەریتانیا، ناوبراو بەرپرسی كەناڵی –الحوار-یشە كە سەربە ئیخوانەكانی بەریتانیایە.

هەرچی نوسینگەی فەرمی ئیخوانیشە لە بەریتانیا، لەلایەن ئیبراهیم مونیرەوە بەڕێوە دەبرێت، كە دوای ئەوەی بارودۆخی ئاسایشی وڵاتەكەیان –میسر- تێكچووە بەرەو بەریتانیا هەڵاتوون و ئێستە ئەو بەڕێوەی دەبات.

هەندێك لە ڕێكخراوەكانی ئیخوان موسلمین لە بەریتانیا وەك ئیمبراتۆریەتێكی سێبەر دەكەونە بەرچاو، ئەوانەش بریتین لەو سەركردە هەڵاتووانەی لە میسرەوە هاتووەنەتە ئەوروپا، هەندێكی تریشیان ئەوانەن كە پەیوەندی گوماناوییان هەیەو بەشداریی چەندین هاوپەیمانێنتی جۆراوجۆر دەكەن، بەشێك لەوانە لە لایەن قەتەرەوە پشتیوانی مادی دەكرێن و بەریتانیاش چاوپۆشییان لێدەكات، بە پێی ڕأپۆرتێكی پێگەی –مبتدأ- كە لە 23/1/2018 بڵاوكراوەتەوە: ئیبرهیم مونیر پەیوەندی بەهێوی لەگەڵ قەتەرییەكان هەیە، قەتەرییەكانیش لەڕووی داراییەوە هاوكاریی چەندین دامەزراوەی ئەوان دەكات لەوانەش دامەزراوەی –قرطبة- و كەناڵی الحوار و  -كۆمۆنیكەیشن لیمیتد-.

لەمانە سەرنج ڕاكێشتر ئەوەیە كە قەتەر بۆیە هاوكاریی ئیخوانەكان دەكات بۆ ئەوەیە كە ببێتە ئامرازێكی تایبەت بە دەستیانەوە، بەپێی ڕاپۆرتێكی  -الشرق-  لە بەرواری 23/6/2017 بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: 40 كەسایەتی بەریتانی كە نوێنەرایەتی ڕێكخراوە ئیسلامیەكانی  بەریتانی دەكەن و زۆرینەییان لە بواری كۆمەڵگەی ئیسلامی و كۆمەڵگەی مەدەنیدا كار دەكەن پشتیوانی لە قەتەر دەكەن لەبەرامبەر ئەو ئابڵۆقەیەی خراوتە سەری لە لایەن وڵاتانی كەنداوەوە، بەشێك لەوانەش ئەو كەسانەن كە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەناوەكانیان كراوە.

ئیخوان موسلمین ساڵی 2011 زۆرترین هێرشیان كراوەتە سەر لەلایەن دامەزراوە حكومی و ناحكومیەكانی بەریتانیاوە، ئەوەش دوای ئەوە هاتووە كە توێژینەوەكان دەریان خستووە ئیخوان موسلمین مەترسین بۆ سەر كۆمەڵگەی بەریتانی، لەگەڵ ئەوەشدا لە 2013 بەریتانیا ئاسانكاریی كردووە بۆ ژمارەیەك لە سەركردەكانیان كە وەك پەنابەر ڕوویان تێبكەن، لەبەر ئەوەی لەناو میسردا ئەو حكومەتەی گرتبوویانە دەست لەناوبراو هێرشیان كرایە سەر.

ئەم گۆڕانكارییە لە سیاسەتی بەریتانیدا جێگەی سەرنج و قسەو باسە، زۆرترین پرسیارەكانیش ڕووبەڕووی هەردوو وڵاتی بەریتانی و قەتەر دەبنەوە، وەك سەرچاوە فەرمیەكان ئاماژەی پێدەدەن وەبەرهێنانی قەتەر لەو ساڵەدا لە بەریتانیا 50 ملیار دۆلار بووە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانەی سەرەوە هێشتا دەرگا كراوەیە بۆ ئەوەی بپرسین كاتێك بەهاری عەرەبی لەمیسردا كاریگەریی خۆی دروست دەكات زۆرینەی ئیخوانەكان بۆچ ڕوو لە وڵاتی قەتەر دەكەن، یان ڕوو لە توركیا و بەریتانیا دەكەن، ئەگەر بمانەوێت بەدواداچوون بكەین بۆ سروشتی ئەو پەیوەندییانە دەبێت جارێكی  دیكە بەمێژووی پەیوەندییەكانی ئیخوان موسلمین و ئەو وڵاتانەدا بچینەوە، دیارترینیان سروشتی پەیوەندییەكانی نێوان ئیخوان و بەریتانیایە.

بۆ بینینی ئەم سەرچاوەی ئەم ڕاپۆرتە كلیك لێرە بكە.