ڕاپۆرتی جیهانی

05:16 - 07/06/2020

کوشتنی فیلێکی دووگیان لە رێگەی تەقینەوەی ناو میوە هندستان دەهەژێنێت‌

پەیسەر

زۆرن ئەو کەسانەی باس لە دڕندەیی و مەترسیی مرۆڤ لەسەر خۆشیان و ئاژەڵان دەکەن، ھەر جارێک و رووداوێکی دڵتەزێن مەترسیداریی و کاری بێبەزەییانەی بەشێک لە مرۆڤەکانمان پیشان دەدەنەوە. دواین کاری بێبەزەییانەی مرۆڤ کوشتنی فێیلێکی دووگیانە لە ھندستان، کە ناڕەزاییەتییەکی زۆری بە دوای خۆیدا ھێناوە.

میوەی مەرگ
لە ویلایەتی کیرالای ھندستان تەقینەوە دەخرێتە ناو میوەوە و دەدرێت بە فیلێکی دایک و دواتر لەناو دەمیدا دەتەقێتەوە، ئەم کارە دڕندانەیەش چارەنووسی فیلەکە و بێچووەکەی سکی بەرەو مەرگێکی پڕ ئازار دەبات و خەڵکی ھندستان و بەشێکی جیھانیش توڕە و خەمبار دەکات.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) کارمەندێکی باخچەی ئاژەڵان لە ٢٣ی ئایاردا، لەناو کەناری رووبارێکدا فیلەکەی بە برینداری دۆزیوەتەوە، دوای چوار رۆژ و لە ٢٧ی ئایار فیلەکە بە مردووی لەناو ئاوەکەدا دۆزراوەتەوە.

دوای ئەنجامدانی توێکاری دەرکەوتووە لەناو دەمی فیلەکەدا تەقینەوە روویداوە.

تاکو ئێستا ھیچ کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی کارەکە دەستگیرنەکراوە و روونیش نییە ھۆکاری تەقینەوەکە بە تەواوی چی بووە.

فیلەکە دووگیان بووە و کۆرپەکەی سکی یەک مانگ بووە.

کوشتن بە تامی میوە
سورێندرا کومار بەرپرسی لێژنەی تایبەت بە ئاژەڵانی ویلایەتەکە رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان دەربارەی رووداوەکە دەستیان پێکردووە.

کومار دەربارەی ئەم رووداوە و رووداوی ھاوشێوە دەڵێت، جوتیارانی ناوچەکە تەقینەوە دەخەنە ناو ئەناناس و میوەی دیکە، دەیدەن بە بەرازە کێویییەکان و بەو جۆرە دەیانکوژن، ئەوەش لەپێناو ئەوەی نەچنە ناو کێڵگەکانیان و زیانیان لێنەدەن.

مردن بە ئازارەوە
کومار لەبارەی مردنی دایکە فیلەکەوە دەڵێت، بەھۆی تەقینەوەکەوە برینێکی زۆر لە دەمی فیلەکەدا دروستبووە و ئێسقانەکانی شکاندووە، بەم ھۆیەشەوە نەیتوانیوە و خورادن بخوات و گیانی لەدەستداوە.

کارمەندەکەی باخچەی ئاژەڵان کە ناوی ئاشک عەلییە بەم جۆرە باسی رۆژەکانی پێش مردنی فیلەکە دەکات، چوار رۆژ پێش مردنی لەناو ئاوەکەدا بە برینداریی دۆزرایەوە، کارمەندانی باخچەی ئاژەڵان و دکتۆرێکی ڤێرتێرنەری ویستیان بەنجی بکەن و چارەسەری بکەن، بەڵام لەبەرئەوەی لەناو ئاوەکەدا بوو ترسیان لەوە بوو لەکاتی بەنجەکەدا لەناو ئاوەکەدا بخنکێت.

ئاشک عەلی دەڵێت، دوو رۆژ دواتر فیلەکەیان دیوە لەناو ئاوەکەدا لەسەر پێیەکانی وەستاوە. بەپێی قسەکانی ئاشک دوو فیلیان ھێناوە تاکو فیلە دایکەکە دەربھێنن بەڵام فیلەکە بەرگری کردووە و بەم جۆرەش تاکو مردن لەناو ئاوەکەدا ماوەتەوە.

ناڕەزایەتییەکانی دوای مردنی فیلە دووگیانەکە
کە بە "کوشتن" ناودەبرێت، ناڕەزایەتییەکی زۆر لە ھندستان سەریھەڵداوە و لە چەند شوێنێکیش خۆپیشاندان ئەنجامدراوە.

پراکاش جاڤاداکار وەزیری ژینگەی ھندستان رایگەیاند، "حکومەت بە جددیەوە کار لەسەر ئەم رووداوە دەکات و تۆمەتباران دەدۆزینەوە، لە کەلتوری ئێمەدا شتی وا نییە تەقینەوە بە ئاژەڵان بدرێت و بکوژرێن."