ڕاپۆرتی جیهانی

01:37 - 13/06/2020

بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە ئەوروپا و گریمانەی هەڵە‌

پەیسەر

بنكەسەربازیەكانی ئەمریكا لە ئەوروپا بە بەردەوامی پشتیوانی بەدیهێنانی هەژمونی ئەمریكایان كردووە زیاتر لەوەی كە بەرگریكردن بێت لەو وڵاتەی میوانداری كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەفتەی رابردوو بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایانگەیاند بڕیاریانداوە كە نابێت ژمارەی هێزەجێگیرەكانیان لە ئەڵمانیا لە 25 هەزار سەرباز زیاتر بێت، ئەوەش واتای گواستنەوەی 9500 سەرباز كە ئێستا لەئەڵمانیا جێگیرین.

باس لەوە دەكرێت هەنگاوەكەی واشنتۆن وەك سزایەكە دژی بەرلین بەوپێیەی خەرجی تەواوەتی بەرگری كردنی نەداوە، پێشتریش ترەمپ بەبەردەوامی ئەوەی لەدژی هاوپەیمانەكانی بەكارهێناوە كە خەرجی پێویستی بەرگریكردن نادەن، لەراستیدا ئەوە خراپ تێگەیشتنێكە بۆ هەڵوێستی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەوروپا، و پشت بەسێ گریمانەی هەڵە دەبەستێت ئەگەرچی ئەو گریمانانە زۆر باون:

 یەكەمیان: سوپای ئەمریكا لەئەڵمانیا تەنها لەبەرژەوەندی دەوڵەتی میواندارە.
دووەم: ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا دیدگای هاوبەشیان هەیە بۆ بوونی هەرەشەی هاوبەش.
سێیەم: ئەو گفتوگۆیانەی دەربارەی خەرجی سەربازی هەن لەكۆتاییدا پەیوەندیان بە پابەندكردنی وڵاتانەوە هەیە بۆ خەرجكردنی 2%ی داهاتی ناوخۆی لە بواری بەرگریدا، پێویستە ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا ئەو هەڵانە راست بكاتەوە ئەگەر دەیەوێت پارێزگاری لە هێزی ویلایەتەیەكگرتووەكان بكات لە ئەوروپا.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو دەردەكەوێت دامەزراندنی بنكەی سەربازیی دەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1943 كاتێك پلاندارێژەرە سەربازیەكان لە وەزارەتی جەنگ بڕیاریاندا بۆ پارێزگاریكردن لەو هەژمون و دەستكەوتانەی ئەمریكا لە زەریای ئارام و ئەتڵەسی بەردەست هاتوون بهێڵدرێنەوە، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ئەوەی پێی دەگوترێت ( بۆردومانی ستراتیژیەتی ماوە دوور، و پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی) ئەمەش پاڵی بە پلاندارێژەرەكانی ئەمریكاوە نا گریمانەی ئەوە باس بكەن كە لەداهاتوودا دوژمنەكانی ئەمریكا خاكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆردومان دەكەن بەمەبەستی وێرانكردنی ژێرخانی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریكا، لەسەر ئەو بنەمایە رێگە بە بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا دەدرێت لەدەرەوە هێرش بكەنە سەر هەر وڵاتێك، و رێگەش دەدرێت لەكاتی ئاشتیدا هێزی ئەمریكا لە دەرەوەی خاكی وڵاتەكەیان جێگیر بكرێت.
هاری ئێس ترومان سەرۆكی پێشووتری ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا داواكاریەكی خستە بەردەم جوزیف ستالین بۆ ئەوەی سۆڤیەت رێگە بە واشنتۆن بدات بنكەی سەربازی لە دوورگەكانی كوریل دابمەزرێنێت، بەڵام دەست بەجێ سۆڤیەت ئەو داواكاریەی رەتكردەوە.

میلفین لیفر مێژوونوسی دەڵێت "ئامانجی هەنگاوەكەی ئەمریكا بۆ دژایەتی سۆڤیەت نەبوو بەڵكو بەپێچەوانەوە زۆر بەسادەیی بۆ فراوانكردنی ئامانجە ئەمنیەكانی ئەمریكا بوو كە خۆی لەدروستكردنی بنكەی سەربازی دەرەكی دەبیندەوە دوای كۆتایی هاتنی شەڕ"

ئەم تێگەیشتنە فراوانە بۆ ئاسایشی ئەمریكی تا ئەمرۆش بەردەوامە، بەجۆرێك دەیان هەزار سەربازی ئەمریكی لە 80 وڵات لەسەرتاسەری جیهان جێگیركراون، تێپەڕبوون بەخاكی وڵاتان و مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ئەو مافانەن كە پلاندارێژەرانی ئەمریكا لە چلەكانی سەدەی رابردوو بەدەستیان هێناون و بەشێكن لە بڵاوەپێكردنی هێزی ئەمریكا لەدەرەوەی وڵاتەكەی خۆی، لەو چوارچێوەیەدا بوونی هێزی ئەمریكی لە ئەڵمانیا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە.

بنكەی سەربازی رامشتاینی ئاسمانی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا
بنكەی سەربازی رامشتاینی ئاسمانی كە ناوەندی سەرەكی پێداویستیە لۆجستیەكانی هەموو پرۆسە سەربازیەكانی ئەمریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكوری ئەفریقیا و باشوری ئاسیا، هەروەك ئەو بنكە سەربازیە بە وێستگەی بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان فرۆكە بێ فرۆكەوانەكانی ئەمریكایە كە ئیشپێكەرەكانی لە ناوچەی نیڤاداوە كاریان پێدەكرێت، ئەمەش جێگەی نیگەرانیە بۆ دەستەبژێری ئەڵمانی، و حكومەتەكەی ئەنگێلا مێركڵ كەوتۆتە قەیرانێكەوە بەهۆی ئەو رێگەدان و بەكارهێنانە، بارەگای سەركردایەتی ئەمریكی ئەفریقی و سەركردایەتی ئەوروپی لە شتوتگاردی ئەڵمانیایە، هەروەها لەوەش گرنگتر بنكەی لاندستول ی پزیشكی هەرێمیە كە شوێنی هەزاران سەربازی برینداری جەنگەكانی عێراق و ئەفغانستانە.

جگە لەوانەش ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستی كردووە بەدروستكردنی  نەخۆشخانەیەكی سەربازی نوێی لە شارۆچكەی فیلرباخ كە 5 هەزار ژوور و 42 بەشی تێدایە و نۆ هۆڵی نەشتەرگەری لەخۆگرتووە و كۆی خەرجی دروستكردنی ئەو نەخۆشخانە سەربازیە 990 ملیۆن دۆلارە، ئەو نەخۆشخانەیە تایبەتە بە هێزەسەربازیەكانی ئەمریكا نەك هێزی ئەڵمانیا.

لەگەڵ ئەوەی بەرژەوەندی نیشتمانی ئاشكرا و پێویستیەكی یەكلاییكەرەوەیە جێگیركردنی هێزی ئەمریكا لەئەڵمانیا، ئیدارەی ترەمپ باسی خەرجی هێزەكانی دەكات لە ئەڵمانیا لەبەرامبەردا سودە ڕوونەكانی مانەوەی هێزی ئەمریكا لەو وڵاتە پشتگوێ دەخەن، جگە لەوەی یەكێك لە بانگەشەكانیان بەلای ئەڵمانیەكانەوە ئاساییە، بەوپێیەی باسی هەرەشەی روسیا دەكەن لەدژی ئەڵمانیا لەكاتێكدا زۆرینەی ئەڵمانیەكان روسیا وەك هەرەشەیەكی سەربازی لەدژی وڵاتەكەیان نابینن.

ئەڵمانیا رۆڵی سەری ڕم دەبینێت
مێركڵ رابەرایەتی سەپاندنی سزای وڵاتانی یەكێتی ئەوروپای كرد دژی روسیا، ئەمەش بووە هۆی نارەزایەتی كۆمەڵەی كاری ئەڵمانی- كە بەهۆی پرسی بازرگانیەوە هاوسۆزیەكی گەورەیان لەگەڵ روسیا هەیە، لەوەش زیاتر ئەڵمانیا هێزی سەربازی لە لیتوانیا بڵاوكردەوە، ئەوەش هەنگاوێك بوو بەئاراستەی پابەند بوونی بەهێز بە بەرگری هاوبەش.

هەروەك هێزی دەریایی ئەڵمانیا جارێكی تر لە دەریای بەلتیك جێگیركرا بۆ پاڵپشتی باڵی باكوری هاوپەیمانیەتی ناتۆ، هەروەها زۆر پێش تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ كە رەخنەی لە هاوپەیمانە ئەوروپیەكانی گرتبوو كە بەشی پێویستی خەرجیەكان لەبواری ناتۆ لە ئەستۆ ناگرن، بەرلین لەساڵی 2014 و لە لوتكەی ناتۆ كە لەوێلز بەسترا رایگەیاند پابەند بەزیادكردنی خەرجی لەبواری بەرگری، لەساڵی 2019 دا ئەڵمانیا خەرجی سەربازی خۆی بەرێژەی 5،6 ملیار دۆلار زیادكرد، ئەوەش گەورەترین بڕی زیادكردنی خەرجی سەربازیە لە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە.

ئەم بابەتە لەماڵًپەری ساسەپۆست بەزمانی عەرەبی بڵاوكراوەتەوە و پەیسەر كردویەتی بەكوردی