ڕاپۆرتی جیهانی

05:00 - 15/06/2020

"٦ مانگى دیكه‌ ئێران پێكهاته‌كانى بۆمبى ئه‌تۆمى دروستده‌كات"‌

پەیسەر

دواى پشتگوێخستنى رێككه‌وتنامه‌ى ئه‌تۆمیى ساڵى ٢٠١٥، ئێران به‌ گه‌رمى سه‌ریكردووه‌ته‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى، ئیسرائیلیش به‌ وردى چاودێرى جموجوڵى ئێران ده‌كات، ئه‌مریكا سه‌رقاڵه‌ به‌ كۆرۆنا و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ شه‌ڕێكى هه‌واڵگرى چڕوپڕ به‌ڕێوه‌ده‌چێت بۆ راگرتنى ئێران، به‌رپرسانى ئیسرائیلى ده‌ڵێن، ناتوانن رێگه‌ بده‌ن ئێران ببێته‌ خاوه‌نى بۆمبى ئه‌تۆمیى.

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل پێیان وانییە، کە ئێران لەم چەند مانگەی دوایی هەنگاوی خێرای نابێت بۆ دەوڵەمەندکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. بەڵام بڕوایان وایە کە تاران دووساڵی دیکە بۆمبى ئەتۆمیی به‌رهه‌مدێنێت، به‌ڵام له‌ شه‌ش مانگى داهاتوو هه‌موو پێكهاته‌كانى ئه‌و بۆمبه‌ ئاماده‌ ده‌كات.

پێگەی(ولا)ی هەواڵیی بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل هەڵسەنگاندنیان بەو جۆرەیە، کە ئێران بە رێژەی سەدا چوار بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەوڵەمەند دەکات.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی راپۆرتێکی پێگەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، وەزیری بەرگری تورکیا بینی غانتس هەڵسەنگاندنەکانی بۆ دۆخەکە وەرگرتووە، بە جۆرێک تاران لە شەش مانگی داهاتوودا هەموو پێکهاتەکانی بۆمبی ئەتۆمیی دروست دەکات وە لە دووساڵی داهاتوودا بۆمبی ئەتۆمی دروستدەکات.

راپۆرتەکە لە سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر ئێران بڕیاری دابێت بە خێرایی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەوڵەمەند بکات، ئیسرائیل ناچار دەبێت پێداچوونەوە بکات بە رێگاکانی وەڵامدانەوەی بۆ ئەم گەشەپێدانە. بەرپرسەكە دەڵیت:"هەموو بژاردەکان لەسەر مێز دەبن".

کشانەوەو پابەند نەبوون بە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ و دارووخانی بنەماکانی رێککەوتنەکە، ئیسرائیلی زیاتر دوودڵ کردەوە، چونکە ئێران دەڵێت لە کاردانەوەی کشانەوەی ئەمریکا، کۆتوبەندەکانی سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی لابردووەو دەستی کردووەتەوە بە گەشەپێدانی.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئیدارەی ئەمریکا لەم کاتەدا ئەم بابەتەی بەتوندی نەگرتووەو گرنگی تەواوی پێنەداوە، لەبەرئەوەی سەرقاڵە بە هەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی. 

هەرچەندە بەرپرسانی ئیسرائیل جەخت لەوەدەکەنەوە، لە ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ-دا، هەنگاوی ئیجابی نراوە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی ئیسرائیل، وە هەماهەنگییەکی ئەمنی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە هەبوو کە لەم دەیەیدا وێنەی نەبووە. 

راپۆرتەکە باسیلەوەشکردووە، کە بەرپرسانی ئیسرائیلی دوودڵی ئەوەن، کە ئەگەر گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا رووبدات لە ئەمریکا، ئەوە دەبێتە هۆی پاشەکشەی وڵاتەکەیان لە ململانێی دژی ئێراندا. 

ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم سەرەتای ئەم مانگە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئێران کۆتایی هێناوە بە رێککەوتنامەی ئەتۆمی، ماوە مانگێکیشە رێگەی نەداوە بە پشکنەرەکان بچنە نێو دوو پێگەوە، دیپلۆماتکارەکان دەڵێن، ئەو دوو پێگەیە پەیوەستە بە بەرنامەی ئەتۆمیی سەربازیی پێشووی تارانەوە، ئێستا چالاک نییە.

رافایل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەکە رایگەیاندووە، هەندێک پرسیاری پێشنیارکردووە پەیوەست بە هەندێک ماددەی هاوشێوەی ئەتۆم لە سێ پێگە، کە ئێران تا ئێستا راینەگەیاندووە. 

ئێران پێنجشەمەی رابردوو ئامادەیی خۆی راگەیاند، بۆ لابردنی هەر کێشەیەک لەبەردەم ئاژانسی نێوەدەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم کە سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ناڕازیی بوونی خۆشی لە راپۆرتی ئاژانسەکە راگەیاند.

ئێران دەڵێت، داواکارییەکانی پشکنین لەسەر بنەمای زانیاری هەڵبەستراون، ئەمریکا و ئیسرائیلیشی تۆمەتبارکرد بە هەوڵدان بۆ فشارخستنە سەر ئاژانسەکە. 

ئیسرائیل دەڵێت، لە دەزگای هەوڵگرییەوە زانیاری نوێی پێ گەیشتووە دەربارەی بەرنامەی پێشووی ئەتۆمیی ئێران بۆ چەکی ئەتۆمیی.
ئێران لە قەیرانێکی ئابووری خنکێنەردا دەژی، بەهۆی سزاکانی ئەمریکا، هەروەک وڵاتەکە گرفتی گەورەی رووبەڕوو بووەتەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.