ڕاپۆرتی جیهانی

03:53 - 16/06/2020

بایدن ٥٠ ساڵ ئەزموونی سیاسیی بە سەرۆکایەتی تەواو دەکات؟‌

پەیسەر

جۆ بایدن ئەو پیاوە رەوانبێژەی دەیەوێت دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی دوور بخاتەوە و خۆی ببێت بە سەرۆکی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رەنگە گۆڕانکارییەکانی چەند مانگی رابردووی ئەمریکا هاوکاری بایدن بن بۆ سەرکەوتن، بەڵام چوار ساڵ ئەزموون لە کۆشکی سپی وەها لە ترەمپ دەکات بە ئاسانی نەکەوێت و هەوڵی مانەوە بدات.

جۆ بایدن
بایدن لە شاری (Scranton)ی سەر بە ویلایەتی پەنسلڤانیا لەدایکبووە و لە ئێستادا تەمەنی ٧٧ ساڵە.بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ بە بەردەوامی و بەبێ پچڕان سیناتۆر بووە لە ویلایەتی (Delaware)وە، ئەندامی لیژنەکانی داد و پەیوەندییە دەرەکییەکان بووە و دواتریش بووە بە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکان، بۆیە کەسێکی زۆر بە ئەزموونە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە.

ساڵی ١٩٦١ بەشی زانستی سیاسیی لە زانکۆی (Delaware)ی تەواوکردووە. لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٧ جێگری باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بووە.

لای لایەنگرەکانیشی بە کەسێکی بە ئەزموون لە سیاسەتی دەرەکی ناسراوە، خاوەن توانایەکی باشی وتاردان و رەوانبێژییە و بە ئاسانی دەتوانێت کەسانی ئاسایی قایل بکات.

یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی وەهای لێدەکات بڕوای بە خۆی هەبێت دەتوانێت بەسەر ترەمپدا سەربکەوێت، توانای وتاردان و رەوانبێژییە، ئەمەش وەهای لێدەکات بتوانێت بە ئاسانی بۆچوونەکانی بە هەموو هاوڵاتییەکی ئەمریکی بگەیەنێت و سەرنجیان رابکێشێت.

هەڵەی وتاردان
لەگەڵ ئەوەی کەسێکی رەوانبێژە بەڵام هەندێک جار تووشی هەڵە دەبێت و دەکەوێتە بەر رەخنە. بۆ نموونە ئەو کاتەی لە ساڵی ٢٠١٢ لەبەردەم جەماوەرێکی زۆردا وتی "هەشت سەرۆکم ناسیوە، سیانیشیانم بە گەرمیی ناسیوە" وشەی "گەرمی" وەها لێکدرایەوە کە پەیوەندی سێکسی هەبووە لەگەڵیان.

لە چەند کۆبوونەوەیەکی جەماوەریشدا باسی لەوە کردووە، "باپیرانم لە کانی خەڵوزدا کاریان کردووە، لەبەرئەوەشی کە مافەکانیان خوراوە توڕە و بێزارم." دواتر بەشێک لە ئاژانسەکان بڵاویان کردەوە باپیرانی بایدن لە کانی بەردیندا کاریان نەکردووە و ئەم قسەیە و چەند قسەیەکی دیکەشی لە نیک کینۆک سیاسیی چەپی بەریتانییەوە وەرگرتووە، کە لە راستیدا کەسە نزیکەکانی کرێکاری کانی خەڵوز بوون.

رەش پێستەکان؛ هیوای بایدن
مردنی جۆرج فلۆید و چەند رەپێستێکی دیکە بە دەستی پۆلیس، کاردانەوەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئەم رووداوانە و خۆپیشاندەرانی ئەمریکا رەنگە هەلێکی باش بن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی جەماوەریی بایدن لەنێو رەش پێستەکاندا.

جۆ بایدن کە هەشت ساڵ جێگری یەکەم سەرۆکی رەشپێستی ئەمریکا بووە و بە "یەکەم سەرۆکی ئەمریکی رەوانبێژ و پاک" وەسفی کردووە، هەلێکی دیکەی پێدەدات ببێت بە کاندیدی دڵخوازی رەشپێستەکان.

ئەگەر ناڕەزایەتیی رەسپێستەکان بەردەوام بێت و ترەمپیش نەتوانێت دڵیان بەدەستبهێنێتەوە، ئەگەر زۆرە زۆرینەیان دەنگ بە بایدن بدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا پێناچێت بەشێک لە رەشپێستەکان ئەو بەرنامەیان لەیادبچێت کە تێیدا بایدن بە پێشکەشکارە رەشپێستەکەی وت" ئەگەر نەزانیت لەنێوان من و ترەمپدا دەنگ بە کاممان بدەیت ئەوا تۆ رەشپێست نیت."

نزیکبوون لە جەماوەر
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی بایدن نزیکبوونیەتی لە جەماوەر و لایەنگرەکانی، لە کۆبوونەوەکاندا و دوای وتاردان دەچێتە ناو جەماوەرەکە، قسەیان لەگەڵ دەکات، وێنەیان لەگەڵ دەگرێت و تەوقەیان لەگەڵ دەکات.

جۆن کیری کاندیدی پێشووی سەرکایەتی و وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی بایدنەوە بە گۆڤاری نیویۆرکەر دەڵێت، جەستەیی و واتایی لە جەماوەرەوە نزیکدەبێتەوە، لەئامێزیان دەگرێت و سەرنجیان رادەکێشێت. سیاسییەکە لە دڵەوە نزیکە و نواندنیش ناکات، بەڵکو لە راستیدا وایە.

عاشقی بۆنی قژی ژنان
یەکیک لەو تایبەتمەندییانەی دەدرێتە پاڵ جۆ بایدن ئەوەیە کە حەز لە بۆنی قژی ژنان دەکات، میدیاکانی ئەمریکاش گرنگییان بەم بابەتە دا و بایدنیش پەیمانی ئاگاداربوونی زیاتری دا.

ساڵانی پێشوو هەشت ژن بایدنیان بەوە تۆمەتبارکرد کە دەستلێدان، لەباوەشگرتن و ماچکردنی ئاسایی و گونجاو نەبووە لەگەڵیان، دواتریش بەشێک لە تەلەفیزیۆنەکانی ئەمریکا چەند ڤیدیۆیەکی بایدنیان بڵاوکردەوە کە لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا بە گەرمییەوە پێشوازی لە ژنان دەکات و وەها دەردەکەوێت بۆنی قژیان دەکات.

دوای ئەم تۆمەتبارکردنانە، جۆ بایدن بەڵێنی دا ئیتر زیاتر ئاگاداری هەڵسوکەوتەکانی دەبێت لەگەڵ دەورووبەرەکەیدا.

لە مانگی ئازاری رابردووش (تارا رید) وتی، ٣٠ ساڵ پێش ئێستا کاتێک لە نووسینگەکەی کاری کردووە، بایدن دەستدرێژی کردووەتە سەر، جۆ بایدنیش تۆمەتەکەی رەتکردەوە و وتی هەرگیز شتی وا رووینەداوە.

کوڕی سیستم
زۆربەی کاندیدی سەرۆکایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش بەڵێنی گۆڕانکاریی و هاتنە سەر دەسەڵاتی کەسانی گەنج دەدەن، بەڵام جۆ بایدن ناتوانێت باس لەمانە بکات، لەبەرئەوەی خۆی کەسی ناو دەسەڵاتی ئەمریکایە و نزیکەی ٥٠ ساڵە لەناو دەسەڵات و سیستمی سیاسیی و ئیداریی وڵاتەکەیدا بووە.

بەشێکی دەنگدەرانی ئەمریکا بەتایبەت ناڕازی و گەنجەکان دەیانەوێت کەسێک بێتە سەر دەسەڵات و سەرۆکیان کە نوێ بێت و لە ناو سیستمەکەوە نەهاتبێ، بۆیە رەنگە ئەمە زیان لە دەنگەکانی جۆ بایدن بدات.

کێ سەرۆکایەتیی دەباتەوە؟
بەپێی ئەنجامی بەشێک لە راپرسییەکان، جۆ بایدن پێنج تاکو ١٠ خال لەپێش دۆناڵد ترەمپەوەیە، بەڵام ئەم ئەنجامە تا ئاستێکی کەم گرنگە، چونکە هەڵبژاردن تا ئاستێک دوورە و هەر گۆڕانکارییەک دەکرێت ئەنجامی راپرسییەکان بگۆرێت.

بایدن و ترەمپیش هەوڵی رازیکردنی خۆپیشاندەرانی ئێستای ئەمریکا دەدەن، بەڵام رەنگە بایدن هەلی زیاتر بێت بۆ بەدەستهێنانی دڵی خۆپیشاندەر و رەش پێستەکان.

ئەم چەند مانگە هەستیار و گرنگ دەبن بۆ بایدن و ترەمپیش، چونکە هەر هەڵوێستێکی بچوکیان گەورە دەردەکەوێت، تەنانەت پۆشین و نەپۆشینی ماسک بووە بە بابەتێکی گرنگ، وەک دەردەکەوێت بایدن زیاتر گرنگی بە پۆشینی ماسک دەدات بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا، ئەمەش وەک پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، بەڵام ترەمپ گرنگی بە بەکارهێنانی ماسک نادات.

هەموان چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکان، ئایا جۆ بایدن مێژووی پەنجا ساڵەی سیاسیی خۆی وەک سەرۆکێک کۆتایی پێدەهێنێت یان سەرۆکایەتیی بەو کەسە دەدۆڕێنێت کە پێی وایە شیاو نییە بە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا.