ڕاپۆرتی جیهانی

05:15 - 17/06/2020

مەترسییەکانی پاکژکردنەوە و دووبارە بەکارهێنانەوەی ماسک‌

پەیسەر

دیاردەی پاکژکردنەوەی ماسکی خۆپارێزی لەڕێی کهول و ماددەی پاکژکەرەوە و دووبارە بەکارهێنانەوەی لە ئێستادا لەنێوان زۆرینەی خەڵکیدا بڵاوبوەتەوە، ئەویش لەکاتێکدا کە دوبارە لە ماڵ دەچنەوە دەرەوە بۆ شتکڕین یاخود بۆسەر کارەکانیان بەڵام زانست هۆشداری دەدات کە ئەم مامەڵەکردنە بە ماسکەکانەوە مەترسیدارە و بەجۆرێک کە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زیاد دەکات و هەندێکجاریش بکوژە.

 
بەپێی ماڵپەڕی کۆنسولتوی پزیشکی پرشاندنی کهول یاخود ماددەی پاکژکەرەوە بەسەر ماسکەکەدا دەبێتە هۆی لابردنی توێژی سەرەوە و خوارەوەی ماسکەکە و تێکیدەدات، ئەمەش وادەکات ماسکەکە کاریگەری نەمێنێت لە پارێزگاریکردنی کەسی بەکاربەردا.

هەروەها ئەو ماسکە پاکژکراوانە خۆڵ و پیسی سەر ماسکەکە دەشارنەوە و ئەمەش وادەکات بەكارهێنەر هەست بکات کە پاکە و بەردەوام بەکاریبهێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا پیسە و بۆ پارێزگاریکردن بە کەڵک نەماوە و بگرە زیاتریش ڤایرۆس و نەخۆشی وەردەگرێت.

هەر بۆیە پزیشکان هۆشداری دەدەن کە لەدوای کڕینی ماسکی خۆپارێزی دەبێت پەیڕەوی لە چەند ڕێکارێک بکرێت ئەوانیش بریتین لەوەی کە نابێت کهول ماددەی پاکژکەرەوەی لێبدرێت و هەروەها ئەو ماسکانەی بۆ یەکجار بەکاردێن نابێت دووبارە بەکاربهێنرێنەوە. ئەگەریش ماسکێک تێکچوو یاخود پیس بوو دەبێت فڕێبدرێت و پێش پۆشینی ماسکەکانیش دەبێت دەستەکان جوان بشۆرێن.

سەبارەت بە ڕێگای دروستی پۆشینی ماسکەکانیش دەڵێن کە دەبێت لەڕێی شوێندەستەکانی تەنیشتەوە دەستیلێبدرێت و نابێت دەست لە دیوی دەرەوە و ناوەوەی ماسکەکە بدرێت و لەدوای لابردنیشی دەبێت ڕاستەوخۆ فڕێ بدرێت و دەستەکان جوان بشۆرێت.

هەروەها هۆشداری لەو بارەیەوە دەدەن کە نابێت ماسکی کەسێکی دیکە بەکاربهێنرێت و هەر ماسکێک تایبەتە بە یەک کەس.  سەبارەت بە دەستنەدان لە ماسکەکەش دەڵێن هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڤایرۆس دەتوانرێت لەڕێگەی دەستەکانەوە بۆ ماسکەکە بگوازرێتەوە.