ڕاپۆرتی جیهانی

01:39 - 19/06/2020

كه‌س وه‌ك مێیینه‌ لەدایک نابێت، دواتر شوناسی ژنی پێده‌درێت‌

ساڤان عەبدولڕەحمان

بەبڕوای ئەو کەسانەی لەسەر ڕێبازی بونگەرایی دەڕۆن. هیچ کەسێک بە چییەتییەکی دیاریکراو یاخود شوناسێکی دیاریکراوەوە لەدایک نابێت، بەو مانایەی مرۆڤ وەک "هیچ" دێتە بوون و دواتر دەبێت بە "شت" تا ئەو شوێنەی دەبێت بە "خۆی". ئێمە دەرئەنجامی بڕیارەکانمانین. لەڕێی سەرچاوەکانی خۆمان و ژینگەی کۆمەڵایەتییەوەدروستدەبین. ئێمە تەنها بەهای کەسی و تایبەتی دروستناکەین، بەڵکو خۆشمان دروستدەکەین.

 نووسەر و بیرمەندی بونگەرای فەرەنسیسیمۆن دو بۆڤوار، سنوورێک بۆ بیرۆکەی بونگەرایی پەیوەند بە خۆ دروستکردن و پێکهێنانی شوناسەوە دادەنێت، کە بەرامبەر بە بیرۆکەی ئازادی رەهای مرۆڤە لە تێڕوانینی ژان پۆل سارتەرەوە. دو بۆڤوار وێنەیەکی ناڕوونی ئازادی مرۆڤ پێشنیار دەکاتکە تێیدا ژنان لەدژی دیاردە کەموکوڕەکانی جەستەی مێنەی خۆیان دەجەنگن.

لە کتێبی "ڕەگەزی دووەم"دا کە یەکێکە لە گرنگترین و ناودارترین کارەکانی، دو بۆڤوار وێنەی جۆرێک لە مێژووی بونگەرایی ژیانی ژنان دەکات، تێیدا باس لە چۆنیەتی گۆڕانی تێڕوانینی ژنان دەکات لەبارەی جەستەی خۆیانەوە و ئەرکی جەستەیان بەپێی تێپەڕبوونی کات، هەروەها چۆن کۆمەڵگە کاریگەری لەسەر ئەو دۆخە دەبێت.

لێرەدا دو بۆڤوار پرسیارێکی سەرەکی و گرنگ دەوروژێنێت: ئایا کەموکوڕییە گریمانەکراوەکانی جەستەی مێینە بەڕاستی کەموکوڕین لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا، یاخود تەنها لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە کەموکوڕی هەژماردەکرێن؟ لەڕێی لێکۆڵینەوەی قۆناغە جیاوازەکانی جەستەی مێینەوە وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە.

دو بۆڤوار ڕوونیدەکاتەوە جەستەی مێینە لە یەک کاتدابە وێنەیەکی ئەرێنی و نەرێنیش پێشکەشدەکرێت. ژن لە هەمانکاتدا ئازادە و چەوسێندراوەتەوە و جەستەی ژنیش بنەڕەتی ئەم لێکدژییەیە، تێیدا ژن دیوە ئاژەڵییەکەی جەستەی خۆی دەشارێتەوە و مەڵاس دەدات بەهۆکاری ئەوەی لە چاوی پیاوانەوە پەسەند نەکراوە. هەروەها ژن لە منداڵییەوە فێردەکرێت کە چۆن قسە بکات، چۆن کاربکات و چۆن کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان تێپەڕێنێت. لەڕێی ئەم تێڕوانینانەوە پێناسەی مێ بوون دادەڕێژرێت و نابێت هیچ شتێک بکەن پێچەوانەی ئەو پێوەرانە بێت کە مێبوون دەیخوازێت.

ئەمەش دەکەوێتەوە سەر ئەوەی ژنەکە تاکو چەند خۆی وەک بکەرێکی ئازاد دەبینێت نەک بابەتی تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە. ڕزگاری ژنان پەیوەستە بە توانای گۆڕینی ئەو وێنەیەی پیاوان ژنان و تایبەتمەندییە جەستەیی و دەروونییەکانی ئەوانی پێدەبینن.

سارتەر تێبینی ئەوەی کردووە کە ئێمە پێناسەی شتەکان و پێناسەی بەرامبەرەکەشمان بەپێی تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆمان دادەڕێژین. دو بۆڤوار ئەم بیرۆکەیە وەردەگرێت و لەسەر تێگەیشطنی پیاوان بۆ ژنان پراکتیزەی دەکاتەوە. پێناسەی مێبوون یان "ژن" پێناسەیەکی نێرینەیە. ژن هەمیشە "ئەویترە" ئەوەیە کە پیاوان دەیانەوێت ئەوە بێت. بەو مانایەی پیاوان سەرچاوەی سەرەکی هاوکێشە و پێناسەی خودی ژنانن.

ناتوانین جیاوازی لەنێوان ژنان و پیاواندا بکەین تەنها گۆشەنیگای مرۆییەوە نەبێت. هەروەها مرۆڤ بەوە پێناسەدەکرێت کە بونەوەرێکی دروستکراو نییە، بەڵکو خۆی خۆی دروستدەکات و بڕیار دەدات چی بێت. هەروەک مێرلۆ بۆنتی دەڵێت " مرۆڤ سروشتی نییە بەڵکو بیرۆکەیەیکی مێژووییە، هەروەها ژنبوون واقعێکی سەپێندراو نییە بەڵکو پرۆسەیەکە. بۆیە دەبێت بە پیاوێکی هەمان پرۆسەی خۆی بەراورد بکرێت و تواناکانی دیاریبکرێت. کێشەی زۆرینەی تێڕوانینەکان لەوەدایە دەیانەوێت  ژنان کورتبکەنەوە بۆ ئەوەی جاران چی بووە و ئێستا چییە."

بەبڕوای دو بۆڤوار بایۆلۆژی بەربەستێکی ئەوتۆ نییە بۆ ژنان، بەڵکو چۆنییەتی شیکردنەوەی ژنان بۆ بایۆلۆژیا وادەکات ئەرێنی و نەرێنی بکەوێتەوە. بۆ نمونە دۆخگەلی وەک سکپڕی و وەستانی سوڕی مانگانە  خودی خۆیان مانایەکیان نییە بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی چەوسێنەر و دڕندەدا دەتوانن وەک خەلەلێک یان عەیبەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. ژنانیش خۆیان ڕادەستی ڕازیبوون بەو مانایانە دەکەن کە کۆمەلگەی باوکایەتی دەیانداتێ. بەبڕوای دو بۆڤوار "مرۆڤ بە ژنی لەدایک نابێت، بەڵکو دەکرێت بە ژن." لەژێر کاریگەری کۆمەڵایەتیدا. بەو مانایەی ئەو ژنەی ئەمڕؤ هەیە دروستکراوێکی کۆمەڵایەتییەو لەلایەن بیری نێرینەوە دروستکراوە نەک بەهۆی چارەنووسی بایۆلۆژییەوە.

نووسەر و بیرمەندێکی فەرەنسی سیمۆن دو بۆڤوار ساڵی ١٩٠٨ لە شاری پاریس لە دایک بووە.دو بۆڤوار یەکێک بووە لە ناودارترین ئەو کەسانەیلەڕێگەی نووسینی چەندین کتێبی زانستی، ڕۆمان، بابەت و وتاری جۆراوجۆرەوە، رۆڵی گرنگی لە دۆزی ژناندا هەبووە. دو بۆڤوار لە زۆربەی بەوە ناسراوە کە خاوەن ئایدیا و تێڕوانینێکی فێمێنیستی بووە و قسەی زۆری لەسەر ڕۆڵ و پێگەی ژنان کردووە و لەڕێی کتێبەکانییەوە توانیویەتی پێناسەیەی نەرییتی بۆ ژنان هەڵبوەشێنێتەوە و دەرگا بۆ ئەگەرێک یاخود پێناسەیەکی نوێی ژنان بکاتەوە