ڕاپۆرتی جیهانی

03:23 - 22/06/2020

كورد لە كتێبە نوێیەكەی جۆن بۆڵتن دا و هەڵوێستە شەرم هێنەرەكانی ترامپ‌

پەیسەر

لە ماوەی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپ دا كتێبی زۆر چاپكراون و بڵاوكراونەتەوە، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی كتێبەكەی جۆن بۆڵتن–ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا- دەنگدانەوەی نەبووە، نووسەر لەو كتێبەدا تیشگ دەخاتە سەر هەندێك لایەنی كاركردن و زانیاریی و هەڵس و كەوتەكانی سەرۆكی ئێستا ئەمەریكا كە شایانی هەڵوێستە لەسەر كردنن، بۆ نموونە بەردەوام لە میدیاكان و تویتەكانی خۆیدا هێرش دەكاتە سەر چین، بەڵام لە دانیشتنە تایبەتەكەی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە داوای پشتیوانی لێكردووە بۆ ئەوەی وەك سەرۆكی ئەمەریكا دەربچێتەوە.

  لەلایەكی دیكەشەوە ئەوەندە بێئاگابووە نەیزانیوە كە بەریتانیا لە پەنجاكانی سەدەی ڕابوردووەوە خاوەنی چەكی ئەتۆمییە ، ئەمە جگە لەوەی لەڕوواڵەتدا باسی ئازایەتی كورد و هاوپیمانێتی و ستایشییان دەكات كە هاوبەش و شەریكیان بوون لە تێكشكانی داعش دا بەڵام كاتێك دێتە سەر ئەوەی بەجێیان بهێڵێت لەبەردەم هێرشی توركیادا زۆر بێباكانە ڕەفتار دەكات.

جۆن بۆڵتن لە میانەی ئەو كتێبەیدا وێنایەكی گشتی سەرۆكی ئەمەریكای كورتكردووەتەوە لە یەك دەستەواژەو یەك ئامانجدا ئەویش سەركەوتنەوەیەتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئەو پێی وایە هەموو ئامانجەكەی بۆ ئەو كارەیەو هیچی تر، شوون ئەو بە كەسێكی بێتواناو بێزاركەر ناو دەهێنێـت. لە میانەی كتێبەكەدا جان بۆڵتۆن تیشكی خستۆتە سەر چەند خاڵێكی گرنگ لە پەیوەندی و شێوازی مامەڵەكانی ترامپ و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی سەرنجی زۆرینەی خەڵك بچێتە سەر ئەو كتێبە.

1-بۆڵتنلە بارەی پەیوەندییەكانی ئەمەریكاو چین باس لەوە دەكان كە چاوی بە سەرۆكی چین كەوتووە لە پەراوێزیی دانیشتنەكانی گروپی 20 دا نوسیویەتی: ترامپ بە شێوەیەك قسەی دەكرد كە مرۆڤ عەقڵی لەدەست دەدا، ئەو زۆر بە شان وباڵی ئابووری چین دا هەڵیدەدا، بەجۆرێك دەیگووت هیوادارم ئابووری چین پشتیوانی لەسەركەوتنەوەی من بكات.

2-لە شوێنێكی دیكەی كتێبەكەدا باس لەوەش دەكات كە ترامپ پشتیوانی لە كردنەوەی زیندانەكانلا چین و چۆنیەتی هەڵسوكەوتیانی كردووە لەبەرامبەر موسڵمانانی ئیگۆر كە هەموو جیهان لۆمەو سەركۆنە و ئیدانەیانكرد، ترامپ بەسەركی چینی گوتووە: داوات لێدەكەم زیندان و ئۆردگاكان پەرەپێبدە و چیت پێدەكرێت لەبەرامبەریاندا بیكە.

3-بۆڵتن نوسیویەتی: بەریتانیا لە ساڵی 1952 ەوە خاوەنی چەكی ئەتۆمییە، بەڵام ترامپ ئاگای لەوە نیە، جارێك لێیان پرسیوە لەو بارەیەوە ئەویش گوتوویەتی : بۆ بەریتانیاش چەكی ئەتۆمی هەیە؟ وەك بۆڵتۆن دەڵێت قسەكەی ئەوەندە بەجدی كردووە كە گومان لەوە نەكرێـت بەشێوەی تەنز یان بۆ خۆشی وای گوتبێت.

4-بە پێی زانیارییەكانی نێو ئەو كتێبە كاتێك ترامپ لە هلنسكی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین یەكیان بینیوە، لە پۆتینی پرسبوە فنلەندا بەیەكێك لە ویلایەتەكانی روسیا حساب دەكرێت یان نە؟

5-بۆڵتن نوسیویەتی ئەم جۆرە وتە و ڕەفتارە سەیرانەی ترامپ بووەتە هۆی ئەوەی كە لەلایەن ژمارەیەك بەرپرسانی كۆشكی سپییەوە ببێتە شوێنی ڕابواردن و قسە لەسەر كردن، مایك پۆمپیۆ لەسەر یەك پارچە كاغەزی بچووك نوسیبووی: سەرۆك قسەی هیچ و بێ مانا دەكات.

6-یەکەم ناوی “کورد” لە کتێبەکەی جۆن بۆڵتن‌دا لە لاپەڕە 41ـدا دێت کاتێک لە جەژنی ئیستەری ساڵی 2018، کە دەکاتە مانگی نیسان، ترەمپ باسی لەوە کردووە کە ڕاوێژارەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، ئەوانەی دەیانەوێت “بۆ هەمیشە” بمێننەوە، ئەوانەشی دەیانەوێت “بۆ ماوەیەکی دیکە” بمێننەوە. بەڵام ترەمپ پێچەوانەی هەردوو بەرەکە بووە و وتوویەتی: “بەهیچ شێوەیەک نامەوێت بمێنینەوە. حەز بە چارەی کوردەکان ناکەم، ئەوان لەدەست عێراقییەکان ڕایانکرد، لەدەست تورکەکان ڕایانکرد. تاکە جارێک کە ڕایان نەکرد ئەو جارەبوو کە ئێمە هەموو دەوروبەریانمان بۆردومان کرد بە فڕۆکەی F-18.” .

7-بۆڵتن باس لەوەش دەکات کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی داعش و فراوانبوونی هەژموونی ئێران لەناوچەکەدا،(سوریا) ئەمەریکا ژمارەیەکی کەمی هاوپەیمانی بۆ مابووەوە، “ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی درێژ پاڵپشتی هەوڵەکانی کوردی کردبوو بۆ ئۆتۆنۆمییەکی فراوانتر، تەنانەت سەربەخۆییش لە عێراق، دەوڵەتێکی کوردی پێویستی بە گونجاندنێکی زیاتری دەوڵەتانی ئێستای ناوچەکە هەیە. ئەوە ئاڵۆزبوو، بەڵام ئەوەی ئاڵۆز نەبوو هەستێکی بەهێزی وەفاداریی بوو بۆ کوردەکان، ئەوانەی لەگەڵ ئێمەدا شەڕی داعشیان کرد، ترسیشمان هەبوو کە فەرامۆشکردنیان نەک تەنها بێوەفایی بوو، بەڵکو دەشێت دەرەنجامێکی قورسیشی هەبێت لە جیهاندا کە لەداهاتوودا هەوڵی بەستنی هاوپەیمانی بدەین لەگەڵ هەر لایەنێکدا و دواتر بە ئاسانی فەرامۆش بکرێن.”

8-ئەردۆگان گلەیی هەبووە لەوەی ناتەبایی هەیە لەنێوان ویستی سیاسیی ترەمپ و چالاکییەکانی سوپای ئەمەریکا لەسەر زەوی، ئەردۆگان وتویەتی کە دەیەوێت کۆتایی بهێنێت بە داعش و پەکەکە. بۆڵتن دەڵێت مەبەستی ئەردۆگان لەپەکەکە بە گشتی چەکدارە کوردەکان بووە. دواتر ترەمپ وتوویەتی کە ئامادەیە سوریا بەجێبهێڵێت ئەگەر تورکیا ڕووبەڕووی ئەو داعشدانە بێتەوە کە ماون، ئەردۆگانیش بەڵێنی ئەنجامدانی ئەو کارەی داوە و داوای پشتیوانی لۆجستی کردووە. ترەمپیش ڕاستەوخۆ ڕایگەیاندووە کە دەستبەجێ کاردەکەن بۆ دانانی پلانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا. جۆن بۆڵتن نیگەرانی خۆی لەو بڕیارە دەردەبڕێت و دەڵێت کاتێک قسەی لەگەڵ جەمیس ماتیس‌-ی وەزیری بەرگریی ئەوکاتی ئەمەریکاش کردووە، بەهەمان شێوە دژی بڕیارەکە بووە. بۆڵتن لەوبارەیەوە دەنووسێت: ئەوە قەیرانێکی شەخسی بوو بۆ من. هەستم کرد کشانەوە لە سوریا هەڵەیەکی گەورەیە، لەبەر هۆکاری بەردەوامیی هەڕەشەی جیهانیی داعش و ئەو ڕاستیەی کە بە دڵنیاییەوە هەژموونی حەقیقیی ئێران زیاد دەکات. من لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووترەوە بە پۆمپیۆ و ماتیسم وت کە پێویستە سیاسەتی هەنگاو-بە-هەنگاو لە سوریا کۆتایی پێ بهێنین، واتە تەنها تەماشای یەک پارێزگا یاخود ناوچە بکەین لە یەک کاتدا (بۆ نموونە مەنبەج، ئیدلیب، زۆنی پارێزراوی باشووری ڕۆژهەڵات و هتد)، بەڵکو پێویستە تیشکۆ بخەینە سەر وێنە گەورەکە. بۆڵتن لەوبارەیەوە لە کتێبەکەیدا نووسیوویەتی: ئەو پاشنیوەڕۆیە لە کۆشکی سپی بووم کە ماکرۆن پەیوەندیی کرد و دڵخۆش نەبوو. ترەمپ وەڵامی دایەوە و وتی کە کۆتاییان بە داعش هێناوە و تورکیا و سوریا ئاگاداری پاشماوەکانیان دەبن. ماکرۆن وەڵامی دایەوە کە تەرکیزی تورکیا لەسەر هێرشکردنە سەر کوردەکانە و سازش لەسەر داعش دەکات. داوای لە ترەمپ کرد کە نەکشێتەوە و پێی وت کە ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا سەردەکەوین و دەبێت کارەکە تەواو بکەین. ترەمپ ڕازی بوو کە دیسان ڕاوێژ لەگەڵ ڕاوێژکارەکانیدا بکاتەوە. بە منی وت کە قسە لەگەڵ کەسەکانی ماکرۆندا بکەم (کە پێشتر قسەم لەگەڵ کردبوون) هەروەها ماتیس و دەنفۆردیش قسە لەگەڵ هاوتاکانیاندا بکەن. دەستبەجێ، ماتیس پەیوەندی کرد تا بڵێ وەزیری بەرگریی فەڕەنسا فلۆرێنس پارلی بەهیچ شێوەیەک دڵخۆش نییە بە بڕیارەکەی ترەمپ. باڵیۆزی ئیسرائیلیش ڕۆن دێرمیر پێی وتم کە ئەوە خراپترین ڕۆژی بووە لە ئیدارەکەی ترەمپدا.”

9-لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا، جۆن بۆڵتن باس لەوە دەکات کە لەگەڵ دەنفۆرد باسیان لە هێرشی چاوەڕوانکراوی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا کردووە و دەڵێت بەو پێیەی وا دەردەکەوێت کە ئەردۆگان باوەڕی وابێت کە “تەنها کوردی باش ئەو کوردەیە کە مردووە”، دەنفۆرد پێی وایە ئامانجی ‌سەربازیی دەستبەجێی تورکیا لە سوریا بۆ دەکردنی کوردەکان دەبێت بە درێژایی سنووری تورکیا-سوریا، دواتریش سەدان هەزار ئاوارەی سوریی لە تورکیاوە بگەڕێنێتەوە ئەو ناوچانە.

10-بۆڵتن نوسیویەتی : پۆمپیۆ خۆی دوو رۆژ پێش کریسمس پێیگوتبوم کە جیم جێفری، باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا لەتورکیا “هیچ خۆشەویستییەکی بۆ کوردەکان نییە و هێشتاش تورکیا وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ناتۆ دەبینێت.

ئەو زانیارییە سەرنج ڕاكێشانەی كە لەكتێبەكەی جۆن بۆڵتن دا هاتووە، كەسایەتی و جۆری بیركردنەوەی دۆناڵد ترامپ نشان دەدات، بەجۆرێك لەپێش هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكاوە كە وا بڕیارە لە  3/11/2020 ئەنجام بدرێت كاریگەریی دەبێت و هەموو هەوڵەكانی ترامپیش دووبارە دانیشتنەوەیە لەسەر كورسی سەرۆكایەتی ئەمەریكا.