ڕاپۆرتی جیهانی

04:42 - 23/06/2020

دەرمانەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چۆن کاردەکەن؟‌

پەیسەر

د. تۆفیق حەمید
لە چەندین وڵاتی دنیادا پسپۆڕ و شارەزایان جۆری جیاوازی دەرمان و پێکوتە بۆ تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەکاردەهێنن و ئەمەش وایکردووە چەندین کەس گومان لە چارەسەرەکان بکەن و پرسیاریان لەلا دروست ببێت کە چۆن و لەسەر چ بنەمایەک بەکاردەهێندرێن تا ببنە هۆی چارەسەر و کۆتاییهێنان بە ڤایرۆسەکە.

چارەسەری مەلاریا ناسراو بە "هیدرۆکسی کلۆرۆکین"
هیدرۆکسی کلۆرۆکین دەرمانێکە ڕاستەوخۆ دژ بە ڤایرۆس کاردەکات، کاریگەری ڤایرۆسەکە کەمدەکاتەوە و توانای دروستکردنی نەخۆشیی لەلایەن ڤایرۆسەکەوە دەکوژێت، ڕێگریدەکات لەوەی ڤایرۆسەکە بە خانەکانەوە بنووسێت، هەروەها چالاکی ڤایرۆسەکە لە بەرگی دەرەوەی خانەکەدا  کە پێی دەوترێ ئیندسۆم، کەمدەکاتەوە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەو ئەنزیمانەی ناو خانەکە تێکدەشکێنێت کە یارمەتیدەرن لە گەشەکردنی ڤایرۆسەکەدا بەتایبەتی ئەنزیمی "ئار ئێن ئەی بۆلیمیرز". ئەم چارەسەرە ڕەنگە کاەریگەرییەکی زۆر باشی هەبێت ئەگەر بێت و لە قۆناغەکانی سەرەتایی نەخۆشییەکەدا بەکاربهێنرێت، لە بەرامبەریشدا ئەگەر درەنگوەخت بۆ نەخۆشەکە بەکاربهێنرێت یاخود خەلەلێک لە دیواری هەوایی سییەکاندا هەبێت ئەوە کاریگەرییەکەی کەمدەکاتەوە و لەوکاتەدا ئەگەری هەیە نەخۆشەکە پێویستی بە ئەلیکترۆکاردیۆگرام بێتر.

چارەسەری ئیزیپرۆمایسین azithromycin
چارەسەری ئیزیپرۆمایسین لە بنەڕەتدا دژە بەکتریایە نەک دژە ڤایرۆس، بە وردی تیشک دەخاتە سەر سییەکان، ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە بەکارهێنانی ئەم چارەسەرە کار لەسەر خودی ڤایرۆسەکە ناکات، بەڵکو بۆ ئەوە بەکاردەهێندرێت کە کاریگەری لەسەر سیستمی بەرگری هەیە و وادەکات کاردانەوەی سیستمی بەرگری زیادبکات بەرامبەر بە ڕوودانی نەخۆشییەکە و لێکەوتە خراپەکانی.

دژە-جەڵتە
ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لە خانەکانی جەڵتە لەناو جەستەدا دەکات کە ئەمەش ڕێژەی تووشبوون بە جەڵتە زیاددەکات، بەتایبەتی جەڵتەی سییەکان. لە دەرئەنجامی ئەوەشدا چەند تاقیکردنەوەیەک کراون بۆ بەکارهێنانی ڕێژەیەکی کەمی دژە جەڵتەکان لەپێناو کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. هەروەها دەرئەنجامە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە ئەم جۆری چارەسەرە ئەگەری هەیە ڕێژەی تووشبوون بە مردن کەمتر بکاتەوە بەتایبەت لەو کەسانەدا کە دۆخیان زۆر خراپە.

ئەسپرین
هەندیک لە دکتۆرەکان ئەسپرین بۆ چارەسەری نەخۆشانی کۆرۆنا بەکاردەهێنن بەوپێیەی تووشبوون بە هەڵئاوسانی خانەکانی خوێنی ئیندۆسیۆم لەو کەسەدا کە هەڵگری نەخۆشییە کەمدەکاتەوە، هەروەها کەمکردنەوەی ئەوجۆرەی هەڵئاوسانیش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی خوێن کەمدەکاتەوە.

ئەسپرین بۆ مەبەستێکی دیکەش بەکاردەهێندرێت، ئەویش ئەوەیە کە ڕێژەیەکی کەمی ئەسپرین دەبێتە هۆی دابەزاندنی ڕێژەی  ئەنزیمی پرۆمبۆکسان ئی ٢و لەدەرئەنجامدا ڕێگری لە کۆبونەوەی پەڵەکانی خوێن دەکات و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە کەمدەکاتەوە.

جێی تێڕامانیشە کە بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆر لە ئەسپرین کاریگەری خۆی لەدەستدەدات لە ڕێگریکردنی کۆبوونەوەی پەڵەکانی خوێن، چونکە ئەو ڕێژە زۆرە دەبێتە دەبێتە هۆی دابەزاندنی ئەنزیمێکی دیکە بەناوی  پرۆستاسایکلین. بۆیە دەبێت ڕێژەی بەکارهێنراوی چارەسەرەکە کەم بێت تاکو کاریگەرییەکی باشی هەبێت.

پاراسیتامۆڵ (پانادۆڵ)
پاراسیتامۆڵ پلەی گەرمی لەشی نەخۆش دادەبەزێنێت، هەروەها هەندێک ئازاری پەیوەندیدار بە نەخۆشەکەشەوە کەمدەکاتەوە. پاراسیتامۆڵ چارەسەری ڤایرۆسەکا ناکات بەڵام یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی هەندێکدەرکەوتەکانی نەخۆشییەکە وەک پلەی گەرمی و ئازارەکانی جەستە.

ڤیتامین سی
ڤیتامین سی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی سیستمی بەرگری نەخۆشانی تووشبوو کە کەمی ئەم ڤیتامینەیان هەیە لە جەستەدا ڤیتامین سی لەو ڤیتامینانەیە کە زۆر کەسێک بەڕێژەیەکی زۆرکەم لە جەستەیاند اهەیە بەهۆی فشار و سترێس بەتایبەت لە کەسانی جگەرەکێشدا. بۆیە ڕەنگە بەکارهێنانی کاریگەری هەبێت لە باشترکردنی هەندێک نەخۆشدا.

ڤیتامین دی
هەندێک توێژینەوەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان کە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆری مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنایان هەیە، دەریانخستووە کە بەشێکی زۆری دانیشتوانیان بەهۆی کەمی ڤیتامین دییەوە دەناڵێنن بە بەراورد بەو وڵاتانی باشتر ڕووبەرووی ڤایرۆسەکە بونەتەوە. هەربۆیە پێشنیاردەکرێت دکتۆرەکان و یەکە تەندروستییەکان بەشێوەیەکی ڕێکخرا و ڕێژەیەکی گونجاو ڤیتامین دی بۆ ڕووبەرووبونەوەی ڤایرۆسەکە بەکاربهێنن. هەروەها ڤیتامین دی سیستمی بەرگری مرۆڤ چالاک دەکات بەهۆی هەندێک ڕێکارەوە کە لە خڕۆکە سپییەکاندا ئەنجامیدەدات.

زینک
زینک لە زۆرینەی خواردنە دەریاییەکاندا هەیە و ئەگەری هەیە نەخۆشییەکانی شەکرە وجگەر و گورچیلە لە نەخۆشدا کەمبکاتەوە، هەروەها کاریگەری هەیە لە تێکشکاندن و لاوازکردنی هەندێک لە ڤایرۆسە گواستراوەکان و ئەگەری چونە ناو جەستەی ڤایرۆسەکە کەمدەکاتەوە و ڕێگری لە زۆربوونی دەکات. هەربۆیە بەشێک لە دکتۆرەکان زینک وەک بەشێک لە چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردەهێنن و بەتایبەتیش چونکە کاریگەری "هایدرۆکسی کلۆرۆکین" زیاد دەکات.

دیکسامیتازۆن Dexamethasone
ئەم چارەسەرە کۆنە و یەکێکە لە موشتەقاتەکانی کورتیزۆن. ئەم چارەسەرە کار لەسەر هەڵئاوسانی دیواری خانە هەواییەکان دەکات کە وادەکات ئۆکسجینی زیاتر بگات بە جەستە، هەروەها کرداری سوانی دیوارەکانی ئەو خانانە کەمدەکاتەوە کە دەبنە ڕێگەر لە گەیاندنی ئۆکسجین لە سییەکانەوە بۆ خوێن.
هەروەها ئەم چارەسەرە ئەگەری هەیە یارمەتی کەمکردنەوەی تەوژمی هەڵئاوسانی سیتۆکین کە وەک تەوژمێکی لاوازی  تووشی نەخۆشانی کۆرۆنا دەبێت.

چارەسەری "ئەفیفافیر"
وەزارەتی تەندروستی ڕووسیا ڕایگەیاند کە دانی بە چارەسەری "ئەفیفافیر"دا ناوە وەک یەکەم دەرمانی ڕوسی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. چارەسەرەکە کار لەسەر نەهێشتنی ئەنزیمی سەرەکی ڤایرۆسەکە دەکات کە ئار ئێن ئەی بۆلیمەرزە و یارمەتیدەرە لە زیادکردنی ڤایرۆسەکە لە خانەکان و جەستەدا.

هەموو ئەو چارەسەرانەی باسکران پشتبەستوون بە توێژینەوە و تاقیکردنەوەی پێشوەخت پاشان بڕیاری بەکارهێنانیان لەلایەن پزیشکانەوە دراوە. بەڵام هێشتا نەتوانراوە چارەسەرێکی ڕاستەوخۆ بۆ ڤایرۆسەکە بدۆزرێتەوە و ئەم چارەسەرانە دەکرێت پێیانبوترێ کۆمەڵێک چارەسەری جێگرەوە کە یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی کاریگەری ڤایرۆسەکە نەک چارەسەرکردنی یەکجاری