ڕاپۆرتی جیهانی

06:22 - 23/06/2020

هودا شەعراوی: کۆڵەکەی سەرەکی بزووتنەوەی فێمینیستی لە میسر‌

ساڤان عەبدولڕەحمان

ئەمڕۆ وێنەی سەرەكی گۆگڵ بریتی بوو لە وێنەی ژنێكی میسریی، ژنێك لە پێناوی مافی ژنان و لابردنی جیاوازیی نێوان هەردوو ڕەگەزەكە خەباتی كرد، ئەو لە سەردەمێكدا ڕەخنەی لە سەعد زەغلوولی سەرۆكی حیزب و وڵاتی میسر دەگرت كە هەموو پیاوێك نەیدەوێرا قسە بكات، كاتێكیش ئەو لە دژی چەوسانەوەی ژنانی میسر هاتە دەنگ كە خودی ژنان گومانیان هەبوو لە هاوتاییان بەرامبەر پیاوان، هودا شەعراوی ناوێكی دیاری دونیای فیمینستی و سەرەتایەك بۆ ڕچەشكێنی ژیانكردنی ژنان لە میسرەوە بەرەو جیهان..

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا شەپۆلێکی چاوەڕواننەکراوی فێمینیستی جیهانی گرتەوە و لە میسر لەلایەن ژنێکی مەزنەوە ڕابەرایەتیکرا. بێگومان لەهەر وڵاتێکدا ژنێکی ڕابەری ناوداری هەیەو میسریش هودا شەعراوی هەیە.

هودا چالاکوانێکی دژە داگیرکاریی و فێمینیستێکی ناودارە، لەڕێی کارەکانییەوە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئاستی وڵاتەکەیدا لەسەر پرسی ژنان بەدەستهێناوە.

ئەمەش لەکاتێکدا کە بیروڕاکانی گوێیان لێنەدەگیراو خەڵکی لەدژی دەوەستانەوە، بەڵام هودا بەردەوام بوو و لەپێناو ئەو ئایدیایانەدا جەنگا کە بڕوای پێیان هەبوو. بەبڕوای هودا میسر دەیتوانی لەوە باشتربێت کە هەیە.

هودا ١٤ ساڵ بەر لە ئێستا لەخێزانێکی دەوڵەمەند لە ٢٣ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٧٩ و لە شاری ئەل مینایە پێشداگیرکردنی یصر لەلایەن بەریتانییەکانەوە هاتوەتە دنیاوە. هودا لە قاهیرە گەورەبووە وەک ژنێکی بۆرژوا دەبوو لە شوقەیەکی گۆشەگیردا  دوور لە چاوی پیاوان بژی و لە کاتی چوونەدەرەوە پەچە ببەستێت.

هودا لە حەرەمی میسردا خوێندوویەتی بەڵام کاتێک درکی بەوەکرد کە بێبەش بووە لەو خوێندنەی براکەی وەریدەگرێت تووشی بێهیوایی دەبێت و لە یاداشتی ژیاننامەکەیدا بەناوی "ساڵانی ژیانکردن لە حەرەم: یاداشتەکانی فێمینیستێکی میسری" هودا دەنووسێت "ڕقم لە مێینەبوونم دەبوەوە، چونکە مێینەبوونم ڕێگربوو لەوەی ئەو خوێندنە بەدەستبهێنم کە ئارەزووم دەکرد و نەمدەتوانی ئەو ئازادییەم هەبێت کە تامەزرۆی بووم."

هودا لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا بەبێ خواستی خۆی لە کوڕی مامەکەی بەناوی شەعراوی مارەکرا کە تەمەنی ٤٠ ساڵ بوو و ژنیشی هەبوو.

هودا دەیگێڕێتەوە کە هەستیدەکرد بەوەی ناچارە ڕازیبێت بەو هاوسەرگیرییە تاکو نەبێتە مایەی شەرمەزاریی بۆ خێزانەکەی. هاوسەرەکەی بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەگەڵ هاوسەری یەکەمیدا مایەو لەو ماوەیەدا هودا خەریکی خۆپەروەردەکردن بوو. تاکوو لە ساڵی ١٩٠٠ لەگەڵ هاوسەرەکەی بەیەک گەیشتنەوە و کچ و کوڕێکیان بوو.

لە ساڵانی دواییدا هودا کە چالاکوان بوو لەگەل عەلی کە دامەزرێنەری پارتی وەفد بوو (پارتێکی ناسیۆنالیستی میسری بوو) بوون بە دوو فیگەری کۆمەڵایەتی و سیاسی دیاری سەرەتاکانی سەدەی بیستەم.

لە ناسیۆنالیزمەوە بۆ فێمینیزم
ژیانی چالاکوانی هودا ساڵی ١٩٠٨ دەستیپێکرد ئەویش  کاتێک بەشداربوو لە پێکهێنانی ڕێکخراوی مرۆیی سێکۆلار کە لەلایەن ژنانی میسرییەوە بەڕێوەدەبرا، کە پێداویستی تەندروستییان بۆ ژنان و منداڵان دابیندەکرد. دوای چەندین ساڵ و لە ساڵی ١٩١٤ دا یەکەی پەروەردەیی ژنانی میسری دامەزراند و لە هەمان ساڵدا بۆ یەکەمجار سەردانی ئەوروپای کرد.

لەسەرەتادا هودا پشتی بە ئایینی ئیسلام دەبەست بۆ دابینکردنی مافی زیاتری ژنان، هەربۆیە پەیڕەوی فێمینیستی ئیسلامی دەکرد، بەڵام بەپێی تێپەڕبوونی کات هودا چاونەترستر بوو ، لە ساڵی ١٩١٩دا یارمەتیدەربوو لە سەرپێخستنی یەکەمین و بەرفراوانترین ناڕەزایەتی ژنان  دژ بە داگیرکاری کە پێی دەوترا "یەکگرتنی ژنانی پەچەبەسەر" لە شەقامەکانی قاهیرە. ساڵیک دواتر  کۆمیتەی ژنانی وەفدی دامەزراند و خۆی وەک سەرکرەی کۆمیتەکە خزمەتیدەکرد.

لەدوای ساڵانێک لە ناڕەزایەتی لە ساڵی ١٩٢٢ بەریتانیا سەربەخۆیی ژنانی میسری ڕاگەیاند، سەرەرای بەشداریی بەرفراوانی ژنان لە ململانێکانی سەربەخۆییدا، هێشتا ژنانی میسر بۆیان نەبوو لەسەر هەمان مێزی کۆبوونەوە لەگەل پیاوان دابنیشن  لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی بەریتانیادا.

هودا لە نامەیەکدا بۆ سەعد زەغلول سەرۆکی پارتی وەفد و سەرۆکوەزیرانی میسر دەنووسێت "هەڵوێستێکی زۆر نا دادپەروەرانەیە وەفدی میسری کە ساڵانێکە بۆ سەربەخۆیی و مافەکانی هاوڵاتیانی میسر کاردەکات، نیوەی دانیشتوانی شارەکەی ژنانن بێبەش بکات لە بەدەستهێنانی ئەم سەربەخۆییە"

لەکاتێکدا هودا و پیاوان لەسەر هەمان مێزی گفتوگۆ دانەنیشتن، پەیوەندییە کراوەکانیان لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی میسریدا خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی وڵاتەکەدا. لەدوای مردنی هاوسەرەکی لە ساڵی ١٩٢٣دا چالاکییەکانی هودا ئاراستەیەکی جیاوازیان وەرگرت ئەویش لە چالاکوانێکی دژە داگیرکاەرییەوە بۆ چالاکوانی مافەکانی یەکسانی ژنان.

لابردنی پەچە
هودا دامەزرێنەر و سەرکردەی یەکەم یەکەی فێمینیستی میسری بوو لە ساڵی ١٩٢٣دا، ڕێکخراوەکە کاری بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان دەکرد لەڕێی کارکردن لەسەر کێشە سەرەکییەکانی ژنان و لەڕێی چاکسازی لە یاسا کەسییەکانی میسردا هەروەها فراوانکردنی بواری خوێندن و بەخشینی هەل بە ژنان تاکو بخوێنن.

لە هەمانساڵدا، یەکێک لە هەرە دیارترین ناڕەزایەتییەکانی ژیانی ئەنجامدا، لەدوای گەڕانەوەی لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی ململانێکانی ژنان لە ڕۆما، لە دەرەوەی شەمەندەفەرێک لە وێستگەیەکی قاهیرە وەستا و پەچەکەی لابرد و هانی ژنانی دیکەی دا هەمان شت بکەن.

(سێساناباراوی) هاوڕێیەکی هودا لەکاتی گێڕانەوەی کارەکەی هودادا دەنووسێت "ناکرێت لە ڕۆما بڵێیت من ئازادم و کاتێک دەگەڕێیتەوە میسر پەچە ببەستیت."

لە ساڵانی دوایی ژیانیاندا هودا و هاوڕێکانی چەندین شەپۆلی ناڕەزایەتییان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان ئەنجامدا. ناباراوی لەوبارەیەوە دەنووسێت "لە کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٣دا ئێمە تەمەنی ١٦ ساڵیمان وەک تەمەنێکی گونجاو بۆ هاوسەرگیری کچان دەستنیشانکرد، ساڵی ١٩٢٤ یەکەم خوێندنگەی ئامادەییمان بۆ ژنان بونیادنا. لە ساڵی ١٩٣٣دا مەراسیمی یەکەمین خولی ژنانی دەرچووی زانکۆمان ئەنجامدا. "

هودا ساڵی ١٩٤٧ و لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی کۆلێراوە گیانی لەدەستدا. لەدوای مردنی  جەمال عەبدولناسر سەرۆکی میسر، ئەو بزووتنەوەی ژنانەی کۆتاییپێهێنا کە هودا سەرپێیخستبوو. بەداخەوە ئەو دەستکەوتانەی هودا بۆ یەکسانی جێندەری لە ساڵی بیستەکان و سییەکان  بەدەستیهێنابوون قۆناغ بە قۆناغ بەرەودوا دەکشانەوە بەهۆی دەسەڵاتی ئۆتۆکراتی چەندساڵەی میسر و بەم دواییەش سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی.


ئەمڕۆش دەزگای گوگڵ کە یادی ١٤١ ساڵەی لەدایکبوونی شەعراوییە لۆگۆی سەرەکی خۆی بۆ ئەو خانمە شۆڕشگێڕە تەرخانکردووە و دەیەوێت بیری جیهانی بخاتەوە کە هودا لەمێژوودا هەبووە وسەرهەڵدانەوەی هوداکانی دیکە و هەڵگرتنەوەی شوێنپێکانی ئەو خانمە ئەستەم نییە.