ڕاپۆرتی جیهانی

03:12 - 24/06/2020

ئەمریکا چۆن لیستی تیرۆر دروستدەکات؟‌

پەیسەر

بەشێکی زۆری ئەو جەنگانەی لە مێژووی ئەمریکا بەرامبەر ئەوانی دیکە روویانداوە، لەژێر ناوی "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر"دا بووە، ئەمریکا بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی لایەنێک دەخاتە لیستی تیرۆر و لایەنێکی دیکەش لە لیستی تیرۆر هەڵدەگرێت. ئەو گروپ و دەوڵەتەی تاکو دوێنێ لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بووە، دەکرێت ئەمڕۆ لەو لیستەدا بێتە دەرەوە، ئەوەش بە نزیکبوونەوە لە ئەمریکا.

ریگان و تیرۆر
تیرۆر وەک چەمک و مانا زۆر نوێ نییە، بەڵام هەرگیز بەم قورسییەی ئێستا ئامادەیی نەبووە، لە مێژووی ئەمریکاشدا رۆناڵد ریگان یەکەم سەرۆک بوو جەنگی دژی "تیرۆری نێودەوڵەتی" دەستپێکرد. لە وتارەکانیدا وشەی "تیرۆر"ی بەکاردەهێنا، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو گروپانەی هێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی و تەنانەت سەربازیش، جەختیشی لەسەر ئەو هێرش و توندوتیژیانە دەکردەوە کە دژی وڵاتەکەی ئەنجامدەدرێن.
واتە هەر هێرشێک دژی وڵاتەکەی ئەنجامبدرایە پێی دەوت کاری تیرۆریستی، لە کاتێکدا هەمان هێرش ئەمریکا یان یەکێک لە هاوپەیمانەکانی بیانکردایە، بەرگریکردن بوو لە گەل و وڵاتەکەیان.

ریگان ئەو هێرشەی بۆ کوشتنی سەرۆکی کۆریای باشور لە ساڵی ١٩٨٣ لە بۆرما ئەنجامدرا، بە "هێرشێکی تیرۆریستی" ناوبرد و رایگەیاند، "توندترین هێرشی تیرۆریستی بووە لە کیشوەری ئاسیا لە ١٩٨٣". لێرەوە ئەمریکا دەستی بە پۆلێنکردنی رووداوەکان بە تیرۆریستی و ناتیرۆریستی کرد، ئەوەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن.

کۆنفیدراڵیەتی دەوڵەتە تیرۆریستەکان
رۆناڵد ریگان لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆاکیەتییەکەیدا دەستی بە بەکارهێنانی چەمکێکی نوێ کرد، کە "کۆنفیدراڵیەتی دەوڵەتە تیرۆریستەکان" بوو، مەبەستی وڵاتانی (ئێران، نیکاراگوا، کۆریای باکور و لیبیا) بوو، کە پێی وابوو هاوکارن لە تیرۆر و کوشتنە نێودەوڵەتییەکاندا لە جیهاندا.

ریگان بەردەوام لە وتارەکانیدا ئەم وڵاتانەی وەک دوژمن و نەیاری ئەمریکا و خەڵکەکەی پیشاندەدا و دەیویست لە بەرچاوی خەڵکی وڵاتەکەی ناشیرینیان بکات، بەم جۆرەش رەوایەتی بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەم دەوڵەتانە دەدا.

کەمبوون ئەو کەسانەی لە ریگان بپرسن "تیرۆر" چییە و پێناسەی بکە، ئەمەش وایکردبوو بە ئاسانی هێرش و وڵاتیک بە تیرۆر و تیرۆسریست ناوببات و هێرش و وڵاتێکی دیکە بە بەرگریکار لە بەرژەوەندیی و گەلەکەی ناوببات.

بچوکەکان تیرۆریستن
ئەو هێز و گروپە بچوکانەی دژی وڵاتە زلهێزەکان شەڕیان دەکرد، بە تیرۆریست ناو دەبران و بە ئاسانی دەخرانە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام ئەو گروپانەی دروستکراوی زلهێزەکان بوون لە لیستەکەدا دانەدەنران.

بۆ نموونە ئەو کاتەی ئەمریکا چەند گروپێکی بۆ دژایەتیکردنی یەکێتی سۆڤیەت دروستکرد، هەمان ئەو کارانەیان دەکرد کە ئەمریکا بە تیرۆری دادەنان، بەڵام پێی نەدەوتن تیرۆریست و لە لیستی تیرۆر دانەدەنران.

ئەو گروپانەی ئەمریکا پشتیوانی دەکردن لە نیکاراگوا، ئەفغانستان و کوبا و دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە کاری تیرۆریستیان ئەنجام دەدا، بە تیرۆریست ناو نەدەبران.

راگەیاندن و تیرۆر
یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد ئەمریکا بە ئاسانی پێناسەی تیرۆر دابەشبکات، راگەیاندنەکان بوون، رۆژنامەکانی ئەمریکا تەنها لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە باسیان لە رووداوەکان دەکرد و بە تیرۆر و ناتیرۆر  پۆلێنیان دەکرد.

بۆ نموونە رۆژنامەکان بەردەوام باسیان لەو تیرۆرە دەکرد ئەمریکا باسی دەکات، بەڵام باسیان لەوە نەدەکرد، کە ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها دەیەویست باس لە تیرۆری گروپە بچوکەکان بکرێت و هیچ بڕیارێک دەرنەچێت لەسەر تیرۆری دەوڵەت، چونکە ئەمریکا خۆی ئەنجامی دەدا.

پێناسەی تیرۆر
ئەوەی لە ئەمریکا پێناسەی تیرۆری دەکرد و پۆلێنبەندی گروپەکانی دەکرد، سیاسیی و دەزگا هەواڵگرییەکان بوون نەک پسپۆڕانی ئەو بوارە، بۆیە ناساندنی گروپەکان بوون بە پڕۆسەیەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆجی نەک زانستیی.

لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە، بەشێک لە نووسەر و رەخنەگران دەرکەوتن و هەوڵیان دا پێناسەی تیرۆر و کاری تیرۆریستی بکەن، پێناسەیەک جیاواز لەوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی دەیکات، بەڵام ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی ناوەندە ئەکادیمییەکاندا مانەوە و کاریگەرییان نەبوو لەسەر سیاسەتی دەروەی ئەمریکا، ئەوەشی تاکو ئێستا ئەمریکا زاڵە بەسەر ئەوەدا کە کێ تیرۆریستە و کێ ترۆریست نییە، پەیوەندی بە کەمی ئەم هەوڵانە و رێگرتن لێیان هەبووە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە.

بە درێژایی مێژوو بەردەوام ئەوانە خراونەتە بازنەی تیرۆرەوە یان لاواز بوون، یان دژی زلهێزەکان شەڕیان کردووە، تەنانەت بەرگری و سۆشسی گەلە چەوساوەکان بۆ رزگاری لەدەستی وڵاتە داگیرکەرەکان بە تیرۆر ناوبراوە.

لە ئێستادا سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ناساندنەوەی چەمکی تیرۆر و پۆلینکردنەوەی، بەڵام بەهۆی زاڵبوونی ئەمریکا و دەوڵەتە گەورەکان بەسەر میدیادا، تەنها ئەوانە بە تیرۆر و تیرۆریست ناودەبرێن کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بن.