ڕاپۆرتی جیهانی

05:23 - 24/06/2020

ژیانی ئەو سەدان ملیۆن منداڵەی ناتوانن بچنە قوتابخانە‌

پشدەر بابەكر

لە جیهاندا سەدان ملیۆن منداڵ بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ناتوانن بچنە قوتابخانە و فێری نووسین و خوێندنەوە ببن، بەشێکی زۆری ئەو منداڵانەی لە وڵاتانی جیهاندا ناتوانن بچنە قوتابخانە هۆکارەکەی هەژارییە، سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناش مەترسیی لەسەر هەزاران منداڵی دیکە دروستکردووە و بە یەکجاریی لە خوێندن دایبڕیون.

٢٥٨ ملیۆن منداڵ بەبێ قوتابخانە
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی کەلتوری و زانستی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)، لە سەرتاسەری جیهاندا، ٢٥٨ ملیۆن منداڵ ناتوانن بچنە قوتابخانە، ڤایرۆسی کۆرناش مەترسییەکەی زیادکردووە، بەتایبەت لەسەر منداڵە هەژارەکان.

بەپێی راپۆرتەکەی یونسکۆ، ئەم منداڵانە توانایان نییە روو لە قوتابخانە بکەن و لەو مافە سەرەتایی و بنەڕەتییەی خۆیان بێبەشدەبن، بەشێکی زۆری ئەم منداڵانەش لە وڵاتە تازە هەژار و تازە گەشەکردووەکانن.

هەژاری و قوتابخانە
بەشێکی زۆری ئەوانەی ناتوان بچنە قوتابخانە یان واز لە خوێندن دەهێنن بەهۆی هەژارییەوەیە، ئەوەش وا دەکات رێژەی نەخوێندەواری لە وڵاتە هەژار و تازە پێگەیشتووەکاندا بە رێژەیەکی ترسناک بەرزببێتەوە.

راپۆرتەکەی یونسکۆ ئاماژە بەوە دەدات، هۆکاری سەرەکی نەچوونی منداڵان بۆ قوتابخانە هەژارییە، بەشێکی دیاری ئەو منداڵانەشی لە خێزانی هەژارەوە هاتوون، تاکو ماوەیەک لە خوێندن بەردەوام دەبن و دواتر بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکانیان قوتابخانە بەجێدەهێڵن.

لە ٣٥٠ ملیۆنەوە بۆ ٢٥٨
راپۆرتەکەی یونسکۆ باس لەوە دەکات، لە چاو ساڵانی رابردوودا رێژەی ئەو منداڵانەی کە ناتوانن بچنە قوتابخانە بەرەو کەمبوونەوە چووە، بەڵام هێشتا ژمارەکە زۆر و مەترسیدارە.

لە ساڵی ٢٠٠٠دا ژمارەی ئەو منداڵانەی کە نەیاندەتوانی بچنە قوتابخانە ٣٥٠ ملیۆن بوون، بەڵام ئێستا ٩٢ ملیۆن کەمی کردووە و بۆ ٢٥٨ ملیۆن منداڵ دابەزیوە، بەڵام هێشتا رێژەکە بەرزە و مایەی نیگەرانییە.

کیشوەری هەژارەکان
ئاسیا و ئەفریقا ئەو دوو کیشوەرەن کە ملیۆنان منداڵ یان بێبەشدەبن لە مافی خوێندن و ناتوانن بچنە قوتابخانە، یان دەچنە قوتابخانە و دواتر، بەهۆی هەژارییەوە ناتوانن بەردەوام بن لە خویندن.

بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر پێنج منداڵێک یەکێکیان بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن و لە ئەفریقاش لە هەر دوو منداڵێک دانەیەکیان بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایکردووە رێژەی نەچوونی منداڵ لەم دوو کیشوەرەدا بەرزببێتەوە.

هۆکارەکانی دیکەی بێبەشبوون لە خوێندن
بەپێی راپۆرتەکەی یونسکۆ، جگە لە هەژاری، ملیۆنان منداڵ بەهۆی رەگەز، بوون بە خاوەن پێداویستی تایبەت، نەتەوە و ناسنامەکانیان بێبەشدەبن لە مافی خوێندن و ناتوانن بچنە قوتابخانە. لە بەشێک لە وڵاتانیش ئەو منداڵانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، ناتوانن لە هەمان ئەو قوتابخانەدا بخوێنن کە منداڵی تەندروست تێیدا دەخوێنن.

منداڵی ئاوارەکان و کەمە نەتەوەکانیش رێژەیەکی زۆری ئەو منداڵانە پێکدەهێنن کە ناتوانن بچنە قوتابخانە، بەتایبەت ئەو ئاوارانەی کە لە وڵاتانی دیکەدان و لە وڵاتەکانی خۆیان هەڵهاتوون.

منداڵی سنورەکان
بەشێکی زۆر لەو منداڵانەی کە لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستاندان، بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و تورکیا و ئێران و بۆردوومانی هەردوو وڵاتەوە ناتوانن بچنە خوێندن، یان ناچارن واز لە خوێندن بهێنن.

بەشێک لە خێزانی ناوچە سنورییەکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، ناچارن ناوچەکانیان بەجێبهێڵن و روو لە شارەکان و ئەو ناوچانە بکەن کە دوورن لە بۆردومانەکانەوە.

تەنانەت بەشێک لەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانی تورکیا و ئێرانەوە شەهید دەبن، خوێندکاری ناوچە سنورییەکانن.