ڕاپۆرتی جیهانی

06:06 - 24/06/2020

پەیکەرەکانیان تێکدەشکێندرێت بەڵام ئایا تارمایی دیکتاتۆرەکانیش تێکدەشکێت؟‌

پەیسەر

هەڵواسینی وێنەو دروستكردنی پەیكەری دیكتاتۆرەكان هەر لە دونیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیە، بەڵكو لە رۆژئاواش هەمان دۆخ درێژەی هەیە، پەیكەرو وێنەكان لە سەردەمێكدا دروست دەكرێن كە لە ترۆپكی دەسەڵاتدان و یاری بە چارەنووسی خەڵك و خاك دەكەن، بەڵام كاتێك گۆڕانكاریی بەسەر دۆخەكەدا دێت ئیتر دەبێت ئەو دۆخەش گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، شكاندنی پەیكەرەكان و داگرتنی وێنەكانی ئەو كەسانە لە كوێوە دەست پێدەكەن و كەی كۆتاییان پێدێت؟ 

لەماوەی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی سەرتاسەری جیهان دژ بە ڕەگەزپەرستی بەشێک لە ناڕەزایانی شاری بریستۆڵ لە باشووری ئینگلتەرا پەیکەری ئێدوارد کولستۆنیان خستە خوارەوە، کە بازرگانێکی ناوخۆبوو لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەیەمدا و بەشێکی زۆری سەروەتەکەی لەڕێی بازرگانیکردن بە کۆیلەکانەوە بەدەستهێنابوو. پەیکەرەکە لە ساڵی ١٩٨٥ەوە لە شاری بریستۆڵ دروستکراوە و تا ئێستا مابوەوە، لە بریستۆڵ کە چەندین ئاستی ڕۆشنبیریی جیاوازی تێدا دەژی هەبوونی ئەو پەیکەرە بێزارکەر بوو، هەربۆیە لە گەرمەی ناڕەزایەتییەکاندا پەیکەرەکە داگیراو فڕێدرایە ناو دەریاوە.

ڕەنگە ئەم دیمەنە بمانگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ ی شاری بەغدا کە کازم جەبوری بە چەکوشێک کێشای بە پەیکەرەکەی سەدام حسێندا و بووە هۆی هاندانی خەڵکی تا پەیکەرەکە بخەنە خوارەوە و بیشکێنن، ئەمەش وەک هێمایەک بۆ هیوا و سەرکەوتنی عێراقییەکان. 

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەو هەموو ڕقە چییە بەرامبەر بە پەیکەرێک دەردەبڕدرێت؟

ئایا بە شکاندن و ڕووخاندنی پەیکەرێک کەسایەتییەکە و مێژووەکە کۆتاییپێدێت؟

ئەی چی لەبارەی ئەو وێنانەی کەسایەتییەکە کە لەهزری خەڵکیدا ماونەتەوە و هێشتاش بە درێژایی شەقامە عەرەبییەکان لە خۆپەخشکردنەوەدان؟

ئایا بە نەمانی پەیکەرەکە ڕێکخراوەکەش دەڕوخێت؟
بۆ ماوەی چەندین سەدە ڕێکخراوە دیکتاتۆرییەکان و سەربازییەکان ناوچە عەرەبییەکانیان بەڕێوەبردووە  و سەرکردەکانیان لە گشت گۆشەیەکی وڵآتەکەدا یادەوەری خۆیان بە وێنەو پەیکەر جێهێشتووە. ڕۆڵی ئەم مۆنۆمێنتانە پاراستنی چەمکی پاڵەوانێتییەو چەسپاندنییەتی لە یادەوەری خەڵکیدا.

هەربۆیە لە ناوچە عەرەبییەکاندا هەڵمەتێکی بەرفراوان دەبینین بەتایبەت لەدوای بەهاری عەرەبییەوە لە لێکردنەوە و دڕاندنی وێنەی سەرشەقامەکان و مەیدانە گشتییەکان لەپێناو پوچەڵکردنەوەی ئەو چەمکانە.

ساڵی ٢٠١١ ناڕەزایان وێنەی حوسنی موبارەک سەرۆکی ئەوکاتەی میصریان لە باکووری شاری ئەسکەندەرییە دڕاند و بووە هاندەرێک بۆ گەرمبوونی شۆڕشی دوای چەند هەفتەیەک حوسنی موبارەک دەستی لەکارکێشایەوە و دیکتاتۆرێکی دیکە جێگەی گرتەوە.

دوای چەند مانگێک و لە هەمان ساڵدا لە ئابی ساڵی ٢٠١١ لە لیبیا ڕووداوێکی هاوشێوە ڕوویدا کاتێک ناڕەزایانی لیبی دایان بەسەر بارەگای موعەمەر قەزافیدا لە تەرابلس، سەری یەکێک لەو پەیکەرانەیان لێکردەوە کە هاوشێوەی قەزافی بوو و پەیکەرێکی دیاری دیکەیان ڕووخاند کە مشتەکۆڵەیەکی ئاڵتونی بوو و فڕۆکەیەکی جەنگیی دەگوشی. بە دوو مانگ دوای ئەوە قەزافی کوژرا و لیبیا کەوتە گێژاوی  ململانێ و ئاژاوە سیاسییەکان.

هەروەها لە ساڵی ٢٠١٣ ناڕەزایانی سوریا لە شاری رەقە پەیکەری سەرۆکی پێشوی سوریا حافز ئەسەدیان ڕووخاند، کە باوکی سەرۆکی ئێستای سوریا بەشار ئەسەدە. بەڵام سەربازانی دەوڵەتی ئیسلامی هەر زوو شارەکەیان کۆنتڕۆڵکردوو سەرۆک ئەسەد لە پێگەکەی خۆی مایەوە. بۆیە دووبارە دەپرسینەوە، ئایا تێکشکاندنی پەیکەری سەردکردە دیکتاتۆرەکان توانیویەتی ببێتە هۆی تێکشکاندن و  کۆتایی پێهێنانی ئایدۆلۆژیا و سیستمەکەی؟

بەشێکی زۆری ویلایەتەکانی ئەمریکا ڕێکاری یاسایی و ڕێگریان داناوە بەرامبەر بە شکاندن و تێکدانی یادەوەرییە کۆنفیدراڵییەکانی لەوماوەیەدا ڕوویانداوە بەهۆکاری ئەوەی "ئەم کردارانە مێژووی نەتەوەیەک دەسڕنەوە" لە دەرئەنجامی تەقەکردن لە کەنیسەی چارلستۆن لە ساڵی ٢٠١٥دا، بەشێکی زۆریشارەکانی ئەمریکا شوێنپێ و یادەوەرییەکانی موڵکی گشی تایبەت بە دەوڵەتی کۆنفیدراڵی ئەمریکیان سڕییەوە.

هەڵمەتەکانی لابردنی یادەوەرییەکان لەو باوەڕەوە سەرچاوەی گرتبوو کە یادەورییەکان بەرێوبەرایەتی سپی پێستەکان بەپیرۆز دەکەن و نمایندەی دەوڵەتێکی خیانەتکار دەکەن کە بنەمای سەرەکی کارکردنی بەردەوامیدان و بەرفراوانکردنی ڕق و کینە بوو.

رەنگە ئەم بیروباوەرە لەوەوە سەرچاوە بگرێ کە بەشێکی زۆر سەرکردەکانی لەم شوێنپێ کۆنفیدراڵیانە لە سەردەمی یاساکانی جیم کرو ١٨٧٧ بۆ ١٩٦٤ بونیادنراون نەک وەک یادەوەرییەک بەڵکو لەپێناو ترساندنی ئەو ئەمریکیانەی بە بنەڕەت ئەفریقین و لەپێناو سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەگەزی سپیپێستدا. لەبەرامبەردا بەپێچەوانەی شەپۆلی ڕەخنەگرتنی شکاندنی پەیکەرەکان، بەبڕوای ئەنجومەنی مێژوویی ئەمریکا خستنەخوارەوەی یەکێک لە پەیکەرە دێرینەکان سڕینەوەی مێژوو نییە بەڵکو گۆڕینی ئاڕاستەی ئەو مێژووەیە.

ڕوخاندنی هێما مێژووییەکان دەبنە هۆی دروستکردنی یان ڕووخاندنی ئایدۆلۆژیا و فیکری مێژوو؟

یەکێک لە بازرگانەکانی ئاسەوارە کۆنەکان پارچەیەکی لە پەیکەرەکەی سەدام حسێن کڕیەوە کە تەمەنی ١٤ ساڵ بوو و پارچەکە قاچی چەپی سەدام حسێن بوو. لەوڕۆژەدا کە پەیکەرەکە شکێندرا زۆرکەس چوون پارچەپارچەیانکرد تا بۆ سوودی ماددی بەکاریبێنن. هەر ئەوکاتە بینراوە کەسێک سەرە لێکراوەکەی سەدام حسێن دەکات بە عەرەبانەکەیەوە و لەگەڵ خۆیدا دەیبات.

لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا کە پەیکەرەکان شوێنەوارێکی مێژوویین، دەبێت بیرمانبێت بەدەر نین لە هێما و کۆدی ئایدۆلۆژی کە دەتوانن کاریگەری لەسەر بینەران و نەوەکان دابنێن. کاتێک سەرکردەیەکی دیکتاتۆر شار بە وێنە و پەیکەری خۆی پڕ دەکاتەوە، مانای بە پیرۆزکردنی کەسایەتی خۆیەتی و هەوڵدەدات لەڕێگەی وێنەوە وجودی خۆی لە هزر و بیری تاکەکانی کۆمەڵگەدا قایمتر بکات. هەربۆیە لێرەدا ئەو پەیکەرە هیچ نییە جگە لە پڕۆژەیەکی سیساسی دیکتاتۆری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چاوی هاوڵاتیان. لە هەمان کاتیشدا شکاندنی پەیکەرێک بە دەستکەوتێکی گەورەی شۆڕش هەژمارناکرێت و تەنها بەشێکە لە ئامرازەکانی بەرەنگاری و هاندان بۆ بەردەوامی شۆڕش. ئەوەی دەبێتە دەستکەوت بەدەستهێنانی ئەو داخوازییە ڕیشەییانەیە کە هاوڵاتیان هەیانە.