ڕاپۆرتی جیهانی

02:34 - 25/06/2020

چیرۆکی ئەو پیاوەی بە فرۆشتنی دوو بەرد بوو بە ملیۆنێر‌

پەیسەر

هەرکەس بەجۆرێک دەگات بە سەروەت و سامانێکی زۆر و دەوڵەمەند دەبێت، هەندێک کەس دەیان ساڵ بازرگانی و کاری قورس دەیکات بە کەسێکی دەوڵەمەند و هەندیک کەسیش لە ناکاوێک و بە شەو و رۆژێک دەوڵەمەند دەبێت، سانینو لایزەر ئەو پیاوە تەنزانییەیە بە شەو و رۆژێک بوو بە ملیۆنێر.

لە هەژارییەوە بۆ ملیۆنێری
سانینو لایزەر خەڵکی تەنزانیایە، باوکی زیاتر لە ٣٠ منداڵە. هەفتەی رابردوو دوو بەردی دەگمەنی لە جۆری (تانزانیت) دۆزییەوە کە کێشەکانیان بریتی بوون لە ٩.٢ کیلۆگرام و ٥.٨ کیلۆگرام، رۆژی چوارشەممە لە ناوچەی مانیارای وڵاتەکەی فرۆشتی.

لایزەر کرێکاری ماددەکانە، بەڵام ئەم دوو بەردە ئەویان کرد بە ملیۆنێر، ئەوەش دوای ئەوەی هەردوو بەردەکەی بە ٣.٤ ملیۆن دۆلار فرۆشت و پارەکەشی لە وەزارەتی ماددە و کانزاکان وەرگرت.

بەردی دەوڵەمەندیی
ئەم بەردە ناوی (تانزانیت)ە و زۆر دەگمەنە، لە دروستکردنی خشڵ و ماددە گرانبەهاکاندا بەکاردەهێنرێت و تەنهاش لە باکوری تەنزانیادا هەیە و دەدۆزرێتەوە.

بەردەکە لە بەردە هەرە دەگمەنەکانی سەر زەوییە، لەبارەی بەردەوکەوە یەکێک لە پسپۆرانی جیۆلۆجی تەنزانیا دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا هەموو بەردەکانی دیکەی لەم جۆرە بدۆزرێتەوە و کۆتایی بێت.

رەنگە جۆراوجۆرەکانی وایکردووە بەردەکە سەرنجڕاکێش دەربکەون کە رەنگی سەوز، سور، مۆر و ش،ینی هەیە، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی گرانی ئەم بەردە جگە لە دەگمەنییەکەی رەنگە کراوە و دیارەکەیەتی و وای لێکردووە نرخەکەی زۆر بەرز ببێتەوە.

پێشتر قورسترین جۆری ئەم بەردە دۆزرابێتەوە تەنها ٣.٣ کیلۆگرام بووە.

پیرۆزبایی سەرۆک
دوای ئەوەی لایزەر بەردەکانی فرۆشت و ژیانی گۆڕا، جۆن ماغوفولی سەرۆکی تەنزانیا پەیوەندی پێوەکرد و پیرۆزبایی لێکرد.  ماغوفولی وتی، ئەمە سودی کارکردنە لە ماددەکاندا و دەرخەری دەوڵەمەندیی تەنزانیایە.

ماغوفولی کە لە ساڵی ٢٠١٥وە بووە بە سەرۆکی وڵات، بەڵێنی دابوو کە پارێزگاری لە بەرژەوەندی وڵات بکات و داهاتی حکومەت لە بواری ماددەکاندا زیاد بکات.

دوای بوون بە ملیۆنێر
دوای وەرگرتنی پارەکەی و دەوڵەمەندبوونی، لایزەر بە تۆڕی هەواڵی بی بی سی وت، "سبەینێ ئاهەنگێکی گەورە رێکدەخەین."

لایزەر تەمەنی ٥٢ ساڵە و چوار هاوسەری هەیە، رایگەیاند، بۆ ئاهەنگەکە یەکێک لە مانگاکانی سەردەبرێت و بە میوانەکانی دەدات. پلانیشی داناوە دەست بە وەبەرهێنان بکات لە ناوچەی (سیمانجیروی مانیارا).

لایزەر دەڵێت، "دەمەوێت سوپەرمارکێتێک و قوتابخانەیەک دروستبکەم، دەشمەوێت قوتابخانەکە لە نزیک ماڵەکەم دروستبکەم، چونکە ژمارەیەک خێزان لێرە دەژین و بەهۆی هەژارییەوە ناتوانن منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندن."

وتیشی، ئەم ناوچەیە ئارامیی و ئاسایشی تێدایە، هیچ کێشەیەکیان نییە و بە شەو و رۆژ و بەبێ هیچ کێشەیەک دەتوانن بچنە دەرەوە.

کاریی ماددە دەرهێنان
تەنزانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ماددەی بەنرخ و گرانبەهای تێدایە، رێگەش بە کرێکارانی ئاسایی دەدرێت کە ماددە بەنرخەکان بدۆزنەوە و بە شێوەیەکی ئاشکرا و یاسایی بیانفرۆشنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە خەڵک لە تەنیشت، کۆمپانیا گەورەکانەوە بە نایاسیی ئەم کارە دەکەن.

لە ساڵی ٢٠١٧ سەرۆکی وڵاتەکە فەرمانی کرد بە سوپا کە دیوارێک بە درێژی ٢٤ کیلۆمەتر بە دەوری ناوچەی میریلانی لە مانیارا دروستبکەن، کە بڕوا وایە تاکە سەرچاوەی بوونی بەردی (تانزانیت) بێت لەو وڵاتە و جیهانیشدا.

بەپێی زانیارییەکانی بی بی سی لە تەنزانیا، حکومەت رایگەیاندووە کە داهاتیی ئەم بەردە و ماددەکانی دیکە بۆ حکومەت زیادیان کردووە و ئەم زیادبوونەوەش بەستراوەتەوە بە دروستکردنی ئەو دیوارەوە، کە ئیتر رێگە نادرێت بە نایاسیی ئەم بەردە دەربهێنرێت و بفرۆشرێتەوە.