ڕاپۆرتی جیهانی

12:21 - 26/06/2020

فۆتۆگرافەری جەنگ؛ بەهێزتر لە بۆمبەکان‌

پەیسەر

فورکان تەمیر یەکێکە لە فۆتۆگرافەرانی هەرێمە جەنگییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کار و داهێنانەکانی لەوێ دەکات. تەمیر نەیدەتوانی بێدەنگ دابنیشێت و تەماشای ئەو هێرشانە بکات کە دەکرانە سەریان بۆیە دەستیکرد بە فۆتۆگرتنی وێرانکاری، تراژیدیا و چەخماخەی ئەو هیوایەی بە چواردەوریدا ڕژاوە. 

تەمیر لە زنجیرە فۆتۆییەکەیدا بە ناوی"لە بۆمبەکان بەهێزتر"، ئەوەمان بیر دەخاتەوە، کە جەنگ شتێک نییە براوە و دۆڕاوی هەبێت.

فورکان تەمیر دەڵێت:"تەمەنم حەڤدەساڵان بوو کاتێک بۆ یەکەمین جار کامێرام گرت بە دەستمەوە. ئاژاوەگێڕەکانی تورکیا دەهاتنە سنووری ماڵەکەم و منیش بڕیارم دا بچم بۆ شاری سیریا و وێنەی ئەوانە بگرم کە ڕوو دەدەن".

بەردەوام دەبێت و دەڵێت:"چۆن دەمتوانی دەستبەتاڵ بووەستم لە کاتێکدا ئەو ڕووداوانە ڕوویان دەدا؟ ئێمە هەقیقەتەکان لەدەست دەدەین. لەکاتێکدا ئێمەی هونەرمەند، لە دەستی خۆماندایە کە بیانپارێزین. ئێمەین کە هەڵگری هەقیقەتەکانی ئەم جیهانەین و هەر بە تەنها ئێمەشین کە دەتوانین ئاوێنەیەک بۆ کۆمەڵگە بەرز بکەینەوە و بەرەو گۆڕانکاری هانیان بدەین. ئاگایی گۆڕانکاری دەهێنێتە کایەوە و قبووڵکردن، پێشکەوتن دەهێنێتە کایەوە".

تەمیر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە دایک بووە، بە ڕادەیەکی زۆر لەو دۆخەوە نزیکبووە کە لە سەر خاکەکەی ڕووی داوەو دەڵێت:"دەمەوێت ئەوەی کە ڕوو دەدات پیشانی خەڵکی بدەم. دەمەوێت خەڵکی تێبگەن. دەمەوێت هەست و سۆزەکانیان بچرکێنم، دەمەوێت پیشانی بدەم کە هەستمان چۆن دەبێت کاتێک بەم شێوەیە گیر دەخۆین". 

ئه‌و پێى وایه‌، زۆرینەی خەڵکی لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی کێشەدا بێباکن و بێکاردانەوە دەوەستن، چونکە لەوە دەترسن وەک کەسانی سیاسی دەربکەون، ئەمە ئازایەتی نییە کە زۆرینەمان تێماندایە. من ئەم وێنانەم بۆ ئەوە چرکاندووە کە پیشانی بدەم هەستەکانم چۆنن، تا پیشانی بدەم هەستەکانی هەموومان چۆنن.

هەروەها لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت:"من خۆم وەک فۆتۆ جۆرناڵیستێک، یاخود فۆتۆگرافەرێکی هونەری ناو نابەم، من گێڕەرەوەی چیرۆکم. زۆرکات چیرۆکێکی ڕوون و دیاریکراو بوونی نییە بۆ گێڕانەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە لە چواردەوری خۆتدایە، دەبێت بە دۆزینەوەی کێشەکە، بڕوابوون بە چارەسەر و هێنانەکایەی گفتوگۆ دروستی بکەیت. خەڵکی پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا دەبەستن. ئەوەیان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵام پێویست ناکات هاوسۆزی لەگەڵ جەنگدا بنوێنین، پێویستە خوازیاری دوورکەوتنەوەی جەنگەکان بین. دەمەوێت خەڵکی هەست بە هەقیقەتەکان، هەستەکان، تراژیدیاکان و ئەوە بکەن کە تێگەیشتن نزیکمان دەکاتەوە لە بەرپابوونی ئاشتی".