ڕاپۆرتی جیهانی

04:14 - 27/06/2020

یو ئێن لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدانی سێکس لە ناو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانیدا دەکات‌

پەیسەر

چەند رۆژێک پێش ئێستا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، کە ژن و پیاوێک لە ناو ئۆتۆمبێلێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری سێکسی دەکەن، نەتەوە یەکگرتووەکان بێزاریی خۆی دەردەبرێت و لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەو کەسانەوە دەستپێکردووە.

رووداوەکە چییە؟
گرتە ڤیدیۆیەکە چەند رۆژێک پێش ئێستا بڵاوکرایەوە، ڤیدیۆکە لەلایەن کەسێکەوە تۆمارکراوە ئەوەش کاتێک ئۆتۆمبێلەکە لە ترافیکێکدا وەستاوە و دواتر دەڕوات، لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بینەرێکی زۆری هەبووە و لەنێو بەکارهێنەراندا دەستاودەستی زۆری پێکراوە.

لە گەرتە ڤیدیۆکەدا ئۆتۆمبێلێک دەردەکەوێت کە لۆگۆی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)ی پێوەیە. ژنێک کە پۆشاکی سوری لەبەردایە لە کۆشی پیاوێکدایە و "کاری سێکسی" دەکەن. بەپێی گرتە ڤیدیۆکە ئۆتۆمبێلەکە شۆفێرێک، کەسێک لە تەنیشتی و ژن و پیاوەکەی تێدایە.

شوێنی روووداوەکە
سەرەتا بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەییەکان نەیاندەزانی شوێنەکە کوێیە و تەنانەت هەندێک لە بەکارهێنەران وەها بڵاویان کردەوە کە شوێنەکە بەغدای پایتەختی عێراقە.

پاش لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە ئەو شوێنە شەقامێکی سەرەکی نزیک کەنار ئاوی شاری تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیلە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامیی هەیە.

ئەوەی تا ئێستا دەرکەوتووە، ئەگەر زۆرە ئەو کەسانە فەرمانبەری لیژنەی پاراستنی ئاشتی بن.

لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکرد
ستیڤان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بێزاری رێکخراوەکەی لەو کارە دەربڕیوە کە لە ڤیدیۆەکدا دەکرێت، کە ماوەی ١٨ چرکەیە و بە "شورەیی" ناوی برد.

لەو بارەیەوە دوجاریک لە لێدوانێکیدا بە بی بی سی وتووە، ئەم جۆرە لە هەڵسوکەوت پێچەوانەیە لەگەڵ هەموو ئەو بنەمایانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکانی لەسەر بونیادنراوە، دەستیشیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ نەهێشتنی ئەو زیادەڕەویی و کارە نابەجێیانەی کە لەلایەن فەرمانبەرانی رێکخراوەکەیانەوە دەکرێن.

باسی لەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکان وردن و کار لەسەر ئەوەش کراوە ئایا ئەم کارە بەرامبەر پارە ئەنجامدراوە یان نا. لێکۆڵینەوەکانیش نزیک بوونەتەوە لە ناسینەوەی ئەو کەسانەی لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتوون.

لێکۆڵینەوەکان بە سەرپەرشتی نووسینگەی خزمەتگوزاریی چاودێری ناوخۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچن.

سزا
بەپێی بنەمای کارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەرکاتێک فەرمانبەرێک کارێکی لەم جۆرە ئەنجامدەدات، یان دەردەکرێن یان کارەکانیان هەڵدەسپێردرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار ئەو دەوڵەتانەی کە کارەکەیان تێدا ئەنجامدراوە لێکۆڵینەوە دەکەن و رێکارەکان دژی ئەو کەسانە دەگەرنەبەر.

لێبوردەیی نییە
وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەو ەیەکگرتووەکان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە "هیچ لێبوردنێکیان" بەرامبەر بە خراپی کاری سێکسی نییە لەناو رێزەکانی فەرمانبەرانی رێکخراوەکەیان.

وتیشی، "بە قورسییەوە بێزارن و لە حاڵەتی سەرسوڕماندان لەسەر ئەو کارەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت."

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ: تووشی سەرسوڕمان نەبووین
هیسەر بار هاوبەڕێوەبەری بەشی مافەکانی ژنان لە رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، "تووشی سەرسوڕمانی نەکردووین."

بار کە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەریەک لە ئەفغانستان و بوروندی کاری کردووە دەڵێت، کارێکی باشە لیکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕووی ئەم جۆرە کارانەوە کە لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتووە کێشەی زۆری هەیە.

جەختیشدەکاتەوە، کە بابەتەکە پەیوەندی بە ئیستیغلالکردنی سێکسی و خراپ هاڵسوکەوتکردن لەلایەن فەرمانبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ئەنتۆنیۆ گۆتێرس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵینی دابوو، کە کار بۆ نەهێشتنی رووداوی لەم جۆرە بکەن لە ناو فەرمانبەرانی رێکخراوەکەدا.

 

مێژووی ئەم رووداوانە
ئەمە یەکەم جار نییە رووداوی لەم جۆرە لەناو فەرمانبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆماربکرێن. ساڵانەش چەندین دۆسییە لەبارەی خراپ مامەڵەکردنەوە تۆماردەکرێن.

 تەنها لە ساڵی ٢٠١٩، ١٧٥ دۆسییە لەبارەی ئیستیغلالکردنی سێکسیی و خراپ ماماڵەکردن بەرامبەر    فەرمانبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراون.

لەنێو ئەو دۆسیانەدا ١٦ دانەیان راستییان یەکلاکراونەتەوە، ١٥ دۆسییەیان بنەمای راستییان نەبووە و لێکۆڵینەوەش لەبارەی دۆسییەکانی دیکەوە بەردەوامن.