ڕاپۆرتی جیهانی

01:52 - 28/06/2020

خۆپەسەندی چییە؟ بۆچی خەریکە بە دنیادا بڵاودەبێتەوە؟‌

پەیسەر

ئەگەر چاوێکی خێرا بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بخشێنیت دەبینیت دیاردەی خۆپەسەندی تەواوی جیهانی تەنیوە، لانیکەم لە جیهانی تەکنەلۆژیادا. شارەزایانی بواری تەندروستی باس لەوە دەکەن کە خۆپەسەندی لە ژیانی ڕۆژانەی ئێستادا زۆر بەربڵاوە و هیچ جێگەی سەرسوڕمانیش نییە و بگرە بوەتە شتێکی ئاساییش لەلایەن گەنجانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. 
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ بۆچی ڕێژەی ئەو کەسانەی خووی خۆپەسەندییان تێدایە لە ئێستادا زۆر لە جاران زیادیکردووە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەوە دەبێت سەرەتا وەڵامی پرسیارێکی دیکە بدەینەوە.

دیاردەی خۆپەسەندی چییە؟
فەرهەنگی کۆلێنزی ئینگلیزی خۆپەسەندی پێناسە دەکات بە "گرنگیپێدانێکی ئێجگار زۆرە بە خود و سەرسامبوونی کەسێکە بە خۆی بەتایبەت بە ڕووکەشی جەستەیی و ڕوخساری خۆی." خۆپەسەندی زێدەڕۆییکردنە لە خۆشویستنی خۆتدا و گەورەکردنی خۆتە زۆر زیاتر لە ئاستی خۆت. 

کەسایەتی خۆپەسەندی چەند تایبەتمەندێتییەکی تێدایە کە ڕەنگە هەریەک لە ئێمە بەشێک لەو تایبەتمەندێتییەمان تێدابێت، بەڵام ڕێژەکەی جیاوازی هەیە.

چۆن دەتوانیت بزانیت کەسێک خۆپەسەندە؟
تینسیۆن لی ڕاوێژکاری دەروونی بەریتانی دەڵێت کە نۆ پێوەر هەن بۆ دیاریکردنی نەخۆشی خۆپەسەندی و لە نووسراوە ئامارییەکانی تەواوی جیهاندا ئاماژەی پێدراوە. نەخۆش دەبێت کلانیکەم پێنج لەم تایبەتمەندێتییانەی تێدابێت تاکو بە کەسێکی خۆپەسەند لەقەڵەمبدرێت:
1-هەستێکی زیادەڕەوی لە گرنگیدان بەخۆی هەبێت.
2-وەهمی سەرکەوتن و دەسەڵاتی لەسەردابێت.
3-سەرسامبوونێکی ئێجگار زۆر بەخۆی، بەجۆرێک هەستبکات کە تاکە لە جیهاندا.
4-هەستکردن بەوەی سەنتەری هەمووشتێکە.
5-بەکارهێةەربێت و حەسوودی بە کەسانی دیکە ببات و هاوسۆز نەبێت لەگەڵیاندا.
6-لەکاتی رووداوەکاندا خۆبەزلزان بێت.

ئایا خۆپەسەندی وەک نەخۆشییەکی درمی لێهاتووە؟ 
بەپێی توێژینەوەیەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە %٦ی هاوڵاتیانی ئەمریکی خووی خۆپەسەندییان هەیە. دکتۆر لی دەڵێت "دۆخەکە لەوە باوتر و ئاساییتر بووە کە بتوانرێت لێی ورد ببینەوە و لێی تێبگەین."

ئۆنشکا مارسین، کاتێک هاوبەشی ژیانی نیشانەی خۆپەسەندی تێدا دەردەکەوێت، بڕیاردەدات لێی جیابێتەوە. خۆپەسەندی وەک جۆرێکی لە نەخۆشی لێهاتووە و کەسانێکی زۆر لە چواردەورمان تووشبوی ئەو نەخۆشییەن.

چارەسەری ئەو نەخۆشییە چییە؟
دکتۆر لی دەڵێت بەشێکی زۆری ئەوکەسانەی نەخۆشی خۆپەسەندییان هەیە دێن بۆلای و دەڵێن کە تووشی خەمۆکی بوون. بەڵام لەراستیدا چارەسەرەکانی خەمۆکی کاریگەری لە خۆپەسەندی ناکەن و دەشڵێت چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییە بەهیچ شێوەیەک ئاسان نییە.

جۆرێکە لە نەخۆشی دەروونی قورس، چونکە تەنانەت قایل کردنی نەخۆش بەوەی کە ئەو نەخۆشێەی هەیە قورسە. بەشێکیان باوەرناکەن، درەنگ دێن بۆ دانیشتنە دەروونیەکان یاخود هەر نایەن. چوونکە پێیان وایە ئەوکەسەی چارەسەریان دەکات گرنگ نییە.

نەخۆشێ خۆپەسەندی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا کەمدەکات. برنت رۆبەرتس مامۆستای دەرونزانی لە زانکۆی ئیلینوەی دەڵێت "خۆپەسەندی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا دادەبەزێت، ئەمەش بەپێی چەند توێژینەوەیەک سەلمێنراوە."

کەسێکی خۆپەسەند کە ددان بە خۆپەسەندی خۆیدا دەنێت
تیۆدۆر یەکێکە لە بەناوبانگرترین ئەوکەسانەی خۆی زۆر لا پەسەندە و دەڵێت 'لە تەمەنێکی زوەوە چێژم لە بەکارهێنانی کەسانی دیکە دەبینی بۆ گەیشتن بە خواستەکانم. کاتێک زانکۆم تەواوکرد هاوڕێیەکم ئەو دۆخەی بۆ ڕوونکردمەوە و پێی وابو من بەدەست نەخۆشێ خۆپەسەندییەوە دەناڵم." هەروەها دەشڵێت "من ئاگاداری دۆخی دەرونی خۆمم و دەزانم چۆنم و چۆن ئازاری خەڵکی دەدەم، بەڵام بۆم گرنگ نییە چونکە دەگەم بەوەی دەمەوێت."

لە ئێستادا نەخۆشییەکەی هۆکارە بۆئەوەی کە سامانێکی زۆری پێبەدەستهێناوە و چەندین کتێبی لەبارەی خۆپەسەندییەوە نووسیوە. هەروەها ڕێنوێنی خەڵکی دەکات لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە  تاکو وەک ئەو بژین.

ئەو دەڵێت کە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو کاردەکات و هۆکارەکەشێ ئەو خۆپەسەندییەیە و ساڵ بە ساڵ بەرەو زیادبوون دەچێت لە دنیادا. بەڵام پرۆفیسۆر رۆبەرت پێچيوانەی ئەو پێیوایە "توێژینەوەیەک لە سێ زانکۆی جیاواز دەریدەخەن کە خوێندکاران بەراورد بە سی ساڵ پێش ئێستا پاشەکەشەی کردووە."

سەرەرای ئەوەی خۆپەسەندی بە ئاسانی پێناسە دەکرێت، بەڵام بە قورسی پێوانە دەکرێت. بەدڵنیاییشەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆپەسەندی لە مرۆڤەکاندا زیاددەکەن ، هەروەها کەسێکیشمان هەیە کە لەڕێی کتێبەکانی و تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکی هاندەدات و خۆشی لە ماڵەوە دانیشتووە، ئەمە کاریگەرییەکەی لە درێژمەودادا دەردەکەوێ.