ڕاپۆرتی جیهانی

07:22 - 28/06/2020

ئەو ناکۆکییانەی ئەمریکا و تورکیا لەیەک دووردەخەنەوە‌

پەیسەر

ئەمریکا و تورکیا دوو وڵاتن نە دۆستن و نە دوژمن، سەرەڕای بوونی دەیان بەرژەوەندی هاوبەش و پێکەوە گرێدراو، پەیوەندییەکانیان بەردەوام ناسەقامگیرە، لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو وڵات پێویستیان بە یەکترە، بەڵام ئەوەی زۆر ناچاری پەیوەندییەکەیە تورکیایە، پێگە جیۆسیاسییەکەی تورکیاش وای کردووە هەندێک جار ئەمریکا هەوڵی زیاتر نزیکبوونەوە بدات.

لەگەڵ هەموو بەرژەوەندییە هاوبەش و خاڵە نزیکەکانی نێوانیان، چەند ناکۆکییەک هەن کە وا دەکەن پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە بەردەوام لە ناسەقامگیریدا بن، خالد بەشیری نووسەر باس لەم ناکۆکییانە دەکات.

پشتگیری کوردەکان
دوای ئەوەی سوریا دووچاری شەڕی ناوخۆ و ململانێی چەکداری بوو، زۆربەی وڵاتەکان چوونە ناو سوریا، ئەمریکاش دەیەویست لە سوریا هەژموون و دەسەڵاتی هەبێت، لە ناو هەموو هێزەکاندا کوردەکانی رۆژئاوا نزیکترین هێز بوون لە ئەمریکییەکانەوە، ئەمریکا هاوکاری کوردستانی رۆژئاوای کرد و چەک و پێداویستی جەنگی و یارمەتی داراییشی پێشکەشکردن، ئەمە سەرەتای دروستبوونی ناکۆکییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە بوو.

ئەو کاتەشی لە ساڵی ٢٠١٥ هێزەکانی سوریای دیموکرات پێکهێنرا، ئەمریکا لە نزیکەوە سەرپەرشتی دەکرد، راهێنانی پێدەکردن و هاوکاری ماددی و سەربازیی پێشکەش کردن، ئەمەش یارمەتی ئەم هێزانەی دا بەسەر رێکخراوی داعشدا سەربکەون.

هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دوای شەڕی داعشیش بەردەوام بوو، ئەمەش هێندەی دیکە تورکیا و ئەمریکای بە گژ یەکدا دا.

تورکیا کە یەکینەکانی پاراستنی گەلی بە "تیرۆریست" ناو دەبرد، هەمیشە بە ئاشکرا دژایەتیی ئەم هاوکارییەی ئەمریکای بۆ رۆژئاوا کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هاوکارییەی ئەمریکا بۆ کوردەکان، رۆژئاوای کوردستانی لە هێرشەکانی تورکیا نەپاراست، کاتێک تورکیا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ هێرشی کردە سەر بەشێ ک لە رۆژئاوای کوردستان، تەنها کاردانەوەی واشنتۆن سزادانی هەر سێ وەزیری وزە، بەرگری و ناوخۆی تورکیا بوو.

گویلەن، کودەتا و برۆسن
تورکیا فەتحوڵا گویلەنی بە داڕێژەری هەوڵی کودەتاکەی تەموزی ٢٠١٥ تۆمەتبارکرد، گویلەنیش کە لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمریکا دەژی، تورکیا چەندین جار داوای رادەستکردنەوەی کردووە، بەڵام هەموو جارەکان ئەمریکا ئەم داوایەی رەتکردووەتەوە.

تورکیا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و بەشداریکردن لە داڕشتنی هەوڵی کودەتاکەی ٢٠١٦، قەشە ئەندرۆ برۆنسنی لە ئابی ٢٠١٨ دەستگیرکرد، ئەمریکا داوای ئازادکردنی برۆنسنی کرد، بەڵام تورکیا ئازادکردنی بەستەوە بە رادەستکردنەوەی گویلەن.

دواتر ئەمریکا دەستی بە سزادانی بەرپرسانی تورکیا کرد و هەریەک لە وەزیرانی داد و ناوخۆی تورکیای سزادا و سزای داراییشی بەسەر تورکیادا سەپاند، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.

دۆستی دوژمنە بچوکەکە
لە ساڵانی رابردوودا تورکیا لەگەڵ ئێراندا نزیکبوونەوەیەکی زۆری هەبووە، ئەنقەرە و تاران بەشدارییان لە چەندین کۆنگرە و رێککەوتنی هاوبەشدا کردووە، کە تاران دوژمنی ئاشکرای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، ئەمەش ئاڵۆزی زیاتری خستووەتە ناو پەیوەندییەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە، بەتایبەت سەبارەت بەو بابەتانەی کە تایبەتن بە دۆسییەی سوریا.

کاتێک تورکیا رایگەیاند، پابەند نابێت بە سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ساڵی ٢٠١٨، هێندەی دیکە واشنتۆن و ئەنقەرە لەیەکتر دوورکەتنەوە، بەتایبەت کاتێک ئەردۆغان وتی، ئەم سزایانە هاوسەنگی جیهانی دەشێوێنن، دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران لە کۆتایی ٢٠١٨، ئەردۆغان باسی لەوە کرد، تورکیا و ئێران بەردەوام دەبن لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان و سزاکانی ئەمریکاش بۆ سەر تاران نایاسایین.

لەگەڵ ئەوەی تورکیا نەیتوانی بە تەواوی لە دەرەوەی سزاکانی ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات بەتایبەت لە بواری نەوتدا، بەڵام ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان بەردەوامیی هەبوو.

دۆستی دوژمنە گەورەکە
یەکێک لەو هەنگاوانەی کە بە قورسیی تورکیای لە ئەمریکا دوورخستەوە و تووشی دەردەسەری کرد، نزیکبوونەوەی بوو لە رووسیا، ئەو دوژمنە مێژووییە گەورە و دەسەڵاتخوازەی هەمیشە رێگرێکی گەورەی بەردەم هەنگاوەکانی واشنتۆن بووە.

ئەو کاتەی تورکیا لە مانگی تەموزی ٢٠١٩ سیستمی موشەکی (S-400)ی لە رووسیا وەرگرت کە پێشتر کڕیبووی، دوو پێشهاتی گرنگی بە دوای خۆیدا هێنا، تورکیای کرد بە خاوەن سیستمێکی بەرگری بەهێز و تورکیا و ئەمریکای بۆ ئاستێکی مەترسیدار دوورخستەوە، بەتایبەت کە تورکیا پێشتر پشتی بە چەکی ئەمریکی بەستبوو.

ئەمریکا کە دڵنیابوو لە سوربوونی تورکیا لە وەرگرتنی سیستمە رووسییەکە، مانگێک پێش ئەم بەروارە و لە حوزەیرانی ٢٠١٩، پنتاگۆن تورکیا لە راهێنانکردن لەسەر فڕۆکەی جۆری (F-35) دوورخستەوە، دواتریش و لە کانونی یەکەمی ٢٠١٩، لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسای سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی بەسەر تورکیادا پەسەندکرد.

ئەمریکا بەردەوام بوو لە سزادانی تورکیا، ئەوەش بەوەی کە قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی لەسەر بەشە یۆنانانییەکی قوبرس هەڵگرت، کە ئەمە هەڕەشەیەکی دیاربوو لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، بۆیە ئەنقەرە هەڕەشەی داخستنی هەردوو بنکەی ئینجیرلیک و کوریجیکی کرد لە وڵاتەکەی.

ئەرمەنەکان
ئەو کاتەی لە ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی تورکیا رەتیکردەوە رێگە بە ئەمریکا بدات خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر سوپای عێراق بەکاربهێنێت، گورزێکی کوشندە بوو لە پەیوەندییەکانی نێوانیان، ئەمریکا درەنگ و لە ساڵی ٢٠٠٧ وەڵامی ئەم رەتککردنەوەی دایەوە، ئەوەش کاتێک لیژنەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوینەرانی ئەمریکا پڕۆژە بڕیارێکی پەسەندکرد کە باس لەوە دەکات، ئەمەرمەنییەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، ئەوە بوو لە وەڵامدا تورکیا باڵیۆزی خۆی لە واشنتۆن کشاندەوە و رایگەیاند، هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئەمریکا رادەگرێت.

ئەمریکا بەردەوام دۆسییەی ئەرمەنەکانی لە دژی تورکیا بەکارهێناوە، دوا جاریش لە کانونی یەکەمی ٢٠١٩، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بڕیارێکی پەسەند کرد کە باس لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەکات لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، دوای بڕیارەکە ئەردۆغان رایگەیاند، پەرلەمانی وڵاتەکەی بڕیار لەبارەی کۆمەڵکوژی هندییە سورەکان لەلایەن داگیرکەریی ئەمریکییەوە دەردەکات.

لەگەڵ ئەوەی فراوانخوازییەکانی تورکیا لە دەرەوەی سنور و نزیکبوونەوەی لە ئێران و روسیا ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەی زیادکردووە، بەڵام بوونی پەیوەندیی و هاریکاری لەنێوانیاندا بۆ هەردوولا پێویستن، بەتایبەت کە هەم لە رێکخراوی ناتۆ پێکەوەن وهەم ئەمریکا نایەوێت دەستبەرداری تورکیا ببێت و بەو جۆرەش ئەنقەرە روو لە مۆسکۆ بکات، بوونی هێزەکانی ئەمریکاش لە ناو خاکی تورکیا و بنکەی ئینجیرلیک، هێندەی دیکە ئەم دوو وڵاتەی ناچاری یەکتر کردووە.