ڕاپۆرتی جیهانی

04:58 - 29/06/2020

ئەمساڵ لەبری ڤاکسین دەیان ملیار دۆلار بە چەک دراون‌

پەیسەر

زیاتر لە دە ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لە ژمارەیەش زیاتر لە نیو ملیۆن گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا دەبوایە جیهان سەرقاڵی لەناوبردنی ئەم ڤایرۆسە بوایە و پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان بکردایە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتانی جیهانەوە دەیان ملیار دۆلار بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی خەرجکراوە.

کۆرۆنا چەکی رانەگرت
بەپێ،ی راپۆرتێکی رۆژنامەی (The Globe and Mail)ی کەنەدی،  لەم کاتەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو جیهانی گرتووەتەوە، زۆربەی کۆمپانیاکان داخراون، بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک بەردەوامن لە کارەکانیان و وەک پێش کۆرۆنا کاردەکەن.

وەک لە زانیارییەکانی راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە، لە ئازاری ئەمساڵەوە تاکو ئێستا، ئیدارەی سەرۆک ترەمپ واژۆی لەسەر ١٥ گرێبەستی فرۆشتنی چەک کردووە کە بەهاکەیان دەگاتە نۆ ملیار دۆلار، بەشێک لەو چەکانەش بە وڵاتە "داپڵۆسێنەرەکان"ی وەک فلیپین و سعودییە فرۆشراون.

حکومەتی کەنەداش رایگەیاندووە، پێداچوونەوە بە بڕیاری راگرتنی فرۆشتنی چەک لە کاتی کۆرۆنادا دەکەن کە یەکێکیان فرۆشتنی چەک بوو بە سعودییە بە بڕی ملیاران دۆلار. بەم جۆرەش سەرەڕای بانگەوازەکان بۆ راگرتنی شەڕ لە ناوچەکانی جەنگدا، ویستی فرۆشتنی چەک بەردەوام بەرزدەبێتەوە.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ تێرنەخۆرەکەی چەک
بەشێک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەی ١٠ ساڵە شەڕ و جەنگی تێدایە، ئەم جەنگانەش بەردەوام پێویستیان بە چەک و کەلوپەلی سەربازییە، بەتایبەت سوریا و لیبیا کە چەد ساڵێکە لەو دوو وڵاتە شەڕ و پێکدادانە سەربازییەکان نەوەستاون.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامە کەنەدییەکە، لە کاتێکدا بەشێک لە دەوڵەتەکان بڕێکی زۆر پارە بۆ چەک و کەلوپەلە سەربازییەکان تەرخان دەکەن، زەحمەتە بتوانن بە شێوەیەکی جددی و بەهێز رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە.

یەمەن نموونەی ئەو دەوڵەتانەیە کە شەڕ تەندروستی خەڵکەکەی خستە مەترسییەوە، لەم وڵاتەدا کە پێنج ساڵ شەڕ وێرانی کرد، رووبەڕووی دوو شەپۆلی فراوانی کۆلێرا بووە و کاریگەری کردە سەر ژیانی ملیۆنان کەس.

گرێبەستەکان بەردەوامن
ئەمساڵ ئەڵمانیا فرۆشتنی چەکی زیادکردووە، لەوانەش گرێبەستێکی گەورەیە لەگەڵ میسر، ئەمەش میسری کردە گەورەترین کڕیاری چەکی ئەڵمانی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا.

هندستانیش گرێبەستێکی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کرد بۆ کڕینی چەک بە بەهای ١١٦ ملیۆن دۆلار، ئەمە لە کاتێکدا ژمارەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هندستان بەردەوام روو لە هەڵکشانە.

لەم کاتەدا کە ئەمریکا بە دەست ڤایرۆسی کۆرناوە گیرۆدە بووە، دۆناڵد ترەمپ پشکنەرێکی گشتی لە وەزارەتی دەرەوە دەرکرد، تەنها لەبەرئەوەی لێکۆڵینەوەی لەبارەی یاساییبوون یان یاسایینەبوونی گرێبەستەکانی فرۆشتنی چەک کردبوو بە سعودییە و ئیمارات لە ساڵی رابردوودا.

دەوڵەمەند لە دونیایەک و قوربانی لە دونیایەکی دیکە
لە کاتێکدا رۆژانە سەدان کەس بەهۆی چەکەوە دەبنە قوربانی و چەند وڵاتێک وێران دەبن، دەوڵەمەند و بازرگانانی چەک بەردەوامن لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی چەک.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، ناکرێت ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنەر و فرۆشیاری چەکن باس لە راگرتنی شەڕ بکەن و داوای ئاگربەست لە لایەنە شەڕکەرەکان بکەن. کارەساتی گەورەش ئەوەیە بەشێک لەم کۆمپانیایانە باس لەوە دەکەن لەم سەردەمەی کۆرۆنادا ئەوان بەشدارن لە پێدانی هەلی کار و ناهێڵن رێژەی بێکاری بەرزببێتەوە.

ولیام هارتونج بەڕێوەبەری ناوەندی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەوەی دۆناڵد ترەمپ باسی دەکات کە ئەم کۆمپانیایانە هەلی کار دابین دەکەن دوورە لە راستییەوە، چونکە تەنها لە 0.1٪ی هەلی کاریان بۆ ئەمریکییەکان دابین کردووە.

کەم کەس راستەوخۆ کاریگەریی فرۆشتنی ئەم چەکە رۆژئاواییانە بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینن، بەڵام دوای چەند ساڵێک ئەو دەیان هەزار قوربانییە دەبینن کە لە جەنگەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەونەوە.

شکستی تەندروستی
لەگەڵ ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە دەوڵەتانی جیهان شانازییان بە سیستمی تەندروستی خۆیانەوە دەکرد، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی کارەساتی بێوێنەی کردن، هەر بۆیە بەشێک لە سەرۆکی دەوڵەتانی جیهان لە ناچاریدا و لەم ماوەیەدا گرنگی زیاتریان بە سیستمی تەندروستی وڵاتەکانیان دا، لەگەڵ ئەوەشدا پیشەسازی چەک لەم وڵاتانەدا بە گەورەیی خۆی بەردەوامە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە و رۆژانە هەزاران قوربانی لێدەکەوێتەوە، سیستمی تەندوستی بەشێک لە وڵاتان رووبەڕووی شکستی گەورە بوونەتەوە، هەژاریی و شەڕ بەردەوامیی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پیشەسازی جەنگ دەنگی دێت و رۆژانە هەزاران تۆن چەک دەخرێتە بازاڕەوە. مێژوو ئەم ساڵانە تۆماردەکات کە مرۆڤ لەبری رزگارکردنی زەوییەکەی لە پیس بوون و رزگارکردنی خۆی لە ڤایرۆسێکی کوشندەی وەک کۆرۆنا، خەمی بەرهەمهێنانی زۆرترین چەکی هەڵگرتووە و لەو پێناوەدا ململانێ دەکەن.