ڕاپۆرتی جیهانی

05:43 - 30/06/2020

پلانی چین بۆ کەمکردنەوەی مسوڵمانانی وڵاتەکەی‌

پەیسەر

ماوەی چەند ساڵێکە چین پلانی راگرتنی زۆربوونی رێژەی دانیشتوانی وڵاتەکەی داناوە و پەیڕەوی دەکات، بەڵام بەپێی راپۆرتێک کە حکومەتی پەکین ناوەڕۆکەکەی رەتکردووەتەوە، چین پلانی بۆ رێگرتن لە زیادبوونی ژمارەی مسوڵمانەکانی وڵاتەکەی داناوە و رێگە بە ژنانی مسوڵمان نادات منداڵی زۆر بخەنەوە، ئەمەش بە دژایەتیکردنی کەمینەی مسو،ڵمان لەو وڵاتە دادەنرێت.

رێگرتنی ناچاری
ئەدریان زینز کە توێژەرێکی چینییە لە راپۆرتێکدا باسی ئەوە دەکا،  کە چین ژنانی ناوچەی شینگیانگ ناچار دەکات رێگری لە سکپڕبوون بکەن، ئامانجی ئەم پلانەش بۆ کەمکردنەوەی دانیشتوانی مسوڵمانی ئیگۆرە.

ژنانی ئەم ناوچەیە ناچار دەکرێن کە نەشتەرگەری بکەن یان نەزۆک بکرێن، تاکو ئیتر منداڵیان نەبێت.

راپۆرتەکە پشتی بە تۆمارە رەسمییەکان، بەڵگەنامە سیاسییەکان و ئەو چاوپێکەوتنانە بەستووە کە لەگەڵ ژنانی مسوڵماندا کراون.

توێژەرەکە لە راپۆرتەکەیدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکەن، چینیش لە ستەمکردن لە مسوڵمانانی ئیگۆر رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە.

حکومەتی چین لەلای خۆیەوە ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "بنەمای راستیی تێدا نییە."

ئیگۆر؛ ستەمێکی بەردەوام
بەپێی چەند راپۆرتێکی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی چین نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتووی ئیگۆر و کەمینە مسوڵمانەکانی دیکەی وڵاتەکەیان لە کەمپە سەربازییەکاندا داناوە و وەک دەستبەسەر مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، کە ئەمەش بووەتە مایەی رەخنەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

لەگەڵ ئەوەی چین پێشتر بوونی ئەم سەربازگانەی رەتکردبووەوە، بەڵام دواتر دانی بە بوونیاندا نا و رایگەیاند، ئەم سەربازگانە رێکاریی ناچاریی بوون بۆ بنەبڕکردنی "تیرۆر"، ئەوەش دوای توندوتیژییەکان هات لەم ناوچەیە بەمەستی جیابوونەوە.

ژنانی ئیگۆر بەهۆی رەتکردنەوەی لەباربردنی کۆرپەکانیان هەڕەشەی دەستگیرکردن و گواستنەوەیان لێدەکرێت بۆ سەربازگەکان.

کەمبوونەوەی مسوڵمانەکان
بەپێی راپۆرتەکەی زینز، لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەی دانیشتوانی شینگیانگ بەرەو کەمبوونەوە چووە، تێکڕای گەشەکردنی دانیشتوان لە ناوچەکانی ئیگۆر لەنێوان ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٨ ٨٤٪ کەمیکردووە و لە ساڵی ٢٠١٩ ئەم رێژەیە زیاتر کەمبووەتەوە.

توێژەرەکە بە ئاژانسی ئاسیۆشەیتد پرێسی راگەیاندووە، ئەم کەمبوونەوەی دانیشتوان پێشینەی نەبووە و بە زۆر ئەنجامدەدرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی فشارەکانە بۆ کەمکردنەوەی دانیشتوانی ئیگۆر.

ئەم کەمبوونەوەی دانیشتوان لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی ٢٠١٦ دەست بە سەرکوتکردنی دانیشتوانی شینگیانگ کرا و ناوچەکە کرا بە ویلایەتێکی سەربازیی.

ژنانی کەمپەکان
لەگەڵ ئەوەی چین ئەو راپۆرتانە رەتدەکاتەوە کە باس لە ستەمکردن لە ژنانی ناو سەربازگەکان دەکات، بەڵام ئەو ژنانەی پێشتر لەم سەربازگانەدا دەستگیرکرابوون چیرۆکی پڕ لە ئازاری خۆیان دەگێڕنەوە.

بەشێک لەو ژنانەی پێشتر لەم سەربازگانەدا دەستگیرکرابوون باس لەوە دەکەن، کە ناچارکراون دەرزییەک بدەن کە وایان لێدەکات سوڕی مانگانەیان دوابکەوێت و دەشبێتە هۆی خوێنبەربوونێکی نائاسایی کە وایان لێدەکات دەرمانی رێگریکردن بە ئاسانیی کاریگەرییان لێبکات.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دەسەڵاتدارانی شینگیانگ پڕۆسەی نەزۆکی بەکۆمەڵ لەسەر ئەو ژنانە ئەنجامدەدەن کە سێ منداڵ یان زیاتریان هەیە.

رەخنەیەکی زۆر لە چین دەگیرێت لەسەر مامەڵەی خراپیان لەگەڵ ئیگگۆرەکان لەم ساڵانەی کۆتاییدا، (بی بی سی)ش راپۆرتێک دەستکەوتووە لە ساڵی ٢٠١٩ کە باس لە جیاکردنەوەی منداڵانی خێزانە مسوڵمانەکان دەکات، تاکو داببڕێن لە کۆمەڵگای ئیسلامی.

بەپێی راپۆرتێکی ئاسیۆشەیتد پرێسیش کە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بڵاویکردەوە، ژنانی شینگیانگ رووبەڕووی سزادانی دارایی قورس و هەڕەشەکردنی دەستگیرکردنیان دەبنەوە بەهۆی تێپەڕاندنی ڕێژەی رێگەپێدراوی منداڵبوون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، گوڵنار ئەمیرزاخ کە ژنێکی کازاخییە و لە چین لەدایکبووە، دوای بوونی سێیەم منداڵی، هاوسەرەکەی ناچارکراوە دوو هەزار جونەیهی ئیستەرلینی وەک سزا بدات بە دەوڵەت، ئاگاداریش کراوە ئەگەر سزاکەی نەدات ئەوا هاوسەرەکەی دەبرێت بۆ سەربازگەکان.

ئەمیرزاخ دەڵێت، منداڵ دیارییە لەلایەن خوداوە، رێگریکردن لە منداڵبوون هەڵەیە، ئەوان دەیانەوێت گەلی ئێمە وێران بکەن،"

چین رەتیدەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی چین دوا بە دوای بڵاوبوونەوەی، ناوەرۆکی راپۆرتەکەی ئاسیۆشەیتد پرێسی رەتکردەوە و رایگەیاند، "هیچ بنەمایەکی نییە" و "هەندانی شاراوەی لە پشتە."

چاو لی جیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین میدیاکانی تۆمەتبار کرد کە "لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە شینگیانگەوە زانیاری درۆ دروستدەکەن و بڵاویدەکەنەوە."

کۆمەڵکوژیی
دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە سیاسەت و فشارەکانی حکومەتی پەکین لە شینگیانگ دەیسەلمێنن کە بەپێی پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، مسوڵمانانی ئیگۆر رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە.

راپۆرتەکەی زینز ئاشکرایکردووە کە رێگرتن لە سکپڕبوون لە شینگیانگ بەشێکە لە پڕۆسەی کۆمەڵکوژی دانیشتوانی ئیگۆر.

جوان سمیس فینلی پسپۆڕی بورای کاروباری چین لە زانکۆی نیوکاسڵ لە بەریتانیا دەڵێت، ئەو بەرنامەیەی ئێستا لە چین بەڕێوەدەچێت "کۆمەڵکوژییە، کۆمەڵکوژییەکی بەپەلە و خێرا نا، بەڵکو بە ئازار و خاو، ئەمە ئامرازێکی راستەوخۆیە بۆ رێگرتن لە زیادبوونی دانیشتوانی ئیگۆر لە رووی بۆماوەییەوە."

بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی کۆمەڵکوژی گەلی ئیگۆر کلیک لێرە بکە